Wednesday, August 29, 2012

چارەنووسی بیری گۆڕینی ڕێنووسی فارسی





                                                                                 


میرزا فه‌تح عه‌لی ئاخوندزاده‌

   چارەنووسی بیری گۆڕینی ڕێنووسی فارسی

یه‌حیا ئاریه‌ن پوور ( گۆواری "روشنفکر" ژماره‌ی ٦٣٠ ، ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٤٤/ ٤-ی نۆڤامبری ١٩٦٥)

وەرگێڕان لە فارسییەوە : حەسەنی قازی

[ تێبینی وەرگێڕانی ئەم بابەتە بە مانای لە دوودانی هەموو بۆچوونەکانی نووسەر نییە، بەڵکوو بە مەبەستی ئاگاداری زیاترە لە سەر بار ودۆخی گەنگەشە لە مەڕ ئەلفوبێی زمانێکی دراوسێ، کە لەوانەیە هیچ " گرۆ" یەکی تێدا پەیدا نەبووبێ بۆ دانانی هێڵی سوور تەنانەت بۆ بیرکردنەوە ش]
دەبێ یەکەم کەسی لە کەمایەسییەکانی ئەلفوبیی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات گەیشتبێ و لە سەر ئەو بابەتە هێندێک شتی نووسیبێ و نموونەی خەتی نوێی هێنابێتە گۆڕێ و لە پێناو بەرەو پێشچوونی دا حەوڵی زۆری دابێ، میرزا فەتح عەلی ئاخوند زادە نووسەری بەنێوبانگی ئازەربایجان بێ .
ئاخوند زادە کە ئاشنایی لە گەڵ زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان هەبوو و زۆر لە کولتووری دنیا شارەزا بوو، بە جیدی باوەڕی وا بوو ئەو ئەلفوىێیە عەڕەبییەی کە برەوی هەیە و دەکار دەکرێ، لە بەر دژواری، کەمایەسی و خەوشەکانی ، یەكێک لە گەورەترین هۆیەکانی نەزانی و وەدواکەوتوویی نەتەوە موسوڵمانەکانە و، بە پێی ئەو باوەرییە توند و پتەوە بوو تەمای گرت چاکسازی و ئاڵوگۆڕ لە ئەلفوبێی عەڕەبی دا بکا و بۆ پێداویسیتتەکانی خەڵکی تورکی زمان و فارسی زمان هەمواری بکا.
ئاخوندزادە لە ساڵی ١٢٣٦ هەتاوی ( ١٨٥٧ی زایینی) گەڵاڵە ی یەکەم ئەلفوبێی خۆی کە دایهێنابوو تەواو کرد و ئەوە بریتی بوو لە ئەلفوبێیەکی بێ نوختە (خاڵ) کە تیپەکەکانی بەیەکەوە دەنووسان و ریسالەیەکێشی بۆ پێشنیاز کردنی ئەو ئەلفوبێیە لە جیات ئەلفوبێی عەڕەبی ئامادە کرد.
لەو ڕیساڵەیەدا کە بە زمانی فارسی نووسرابوو ، نووسەر دوای باسی دەوری گرینگی ئەلفوبێ لە پێشەکەوتن و بەرەوپێشچوونی کولتوور و ژیاری نەتەوە و قەومان دا، بە دوور و درێژی باسی خەتەکان و خەوشەکانی نەتەوە موسوڵمانەکان و پێداویستی گۆڕینی خەتی عەڕەبی و قازانجەکانی ئەلفوبێی پێشنیازکراوی خۆی ‌هێنا گٶڕێ و ڕێگای ڕەواندنەوەی ئەو خەوشانەشی نیشان دا بوو.
ئاخوند زادە لە ساڵی ١٢٤٢ی هەتاوی (١٨٦٤ی زایینی) لە سەر ئیزن و بە یارمەتیی ماڵی شازادە میخاییل نیکاڵایۆویچ، کوڕی ئیمپڕاتۆری ڕووس کە ئەو دەمی لە قەوقاس حکوومەتی دەکرد ، بۆ پێشکێش کردنی گەڵاڵەی ئەلفوبێی تازە و بەرگری لە ڕیسالەکەی خۆی چووە ئەستەنبووڵ. ئەو گەڵاڵەکەی خۆی کە لە ٢٠ لاپەڕە دا ئامادەی کرد بوو ، بەڕێگای وەرگێرێ سەفاڕەتی ڕووس دا ناردی بۆ سەدری ئەعزەمی عوسمانی، فوئاد پاشا، سەدری ئەعزەمی عوسمانی ش شەخسی خۆی ئەوی بە ئەنجومەنی زانست یان " کۆمەڵەی عیلمییەی عوسمانییە" ناساند و ئاخوند زادە گەڵاڵەی ئەلفوبێیەکەی خۆی پێشکێشی ئەو ئەنجومەنە کرد، بەڵام میوانداری پاشاکان و پیاوە ئایینییە تورکەکان کەلەو کۆمەڵەیە دا کۆ ببوونەوە لە ڕادەی ڕێوڕەسمی بەخێر هێنانی تێ نەپەڕاند و ئەگەرچی ئەوان هەموو ئەو گەڵاڵەیان لا پەسند بوو ، بەڵام بە ڕواڵەت لە بەر ئەوەی ڕێنووسی نێوبراویش هەر وەک پێشوو لە تیپی بەیەکەوە نووساو و تێکئاڵاو پێک هاتبوو و ئەوە دەبووە هۆی چەت تێخستن لە ڕیزی ووشان دا ئەو گەڵاڵەیەیان وەدوایە داوە و لە جیاتیان بە دانی نیشانی مەجیدییە و فەرمانی سوڵتان دڵنەواییان لێ کرد.
لە ئاست ڕەخنەی پلەداران و زانایانی تورک، ووڵامی ئاخوندزادە ئەوە بوو ئەگەر وابێ ئەو ئەلفوبێیەی هەیە دەبێ لە ڕەگ وڕیشەوە دەربهاوێژرێ و لە جیاتیان بنچینەکانی خەتی لاتین وەخۆ بکرێ. واتە لە چەپەوە بۆ لای ڕاست بنووسرێ و ڤاڤێل بە تەنیشت کۆنسۆنانتەوە بنووسرێ و نوختە (خاڵ) ش بە تەواوی فت بکرێ.
ئاشکرایە پێشنیازی شۆڕشێکی بنەڕەتی لە مەڕ خەتی نەتەوە ئیسلامییەکان لەو ڕۆژگاری دا بە هاسانی نەدەسەلمێندرا. بۆیە ئاخوندزادە بە بێ ئەوەی بە ئاکامێک بگا لە ئەستەنبووڵەوە گەڕاوە قەفقاز و هێندەی پێ نەچوو دیسان دەست بەکار بووە و هێندێک گەڵاڵەی تازەی ئامادە کرد. ئەو ئەوجارەیان ئەو ڕێنووسەی دای هێنابوو لە گەڵ دوو رێسالەی دیکە بە دەستخەت و ئیمزای خۆی لە ساڵی ١٢٤٧ ی هەتاوی دا (١٨٦٩ی زایینی) نارد بۆ وەزیری زانستی ناسرەدین شا. ( ڕۆژنامەی کشکول، ژمارەی ٤٣ تا ٤٥ باکۆ ١٩٦٣) ووڵامی کاربەدەستانی دەوڵەتی ئێران بۆ ئاخوندزادە ئاوا بوو:
" پەسند و باش ئەوەیە کە میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە سەبارەت بە گۆڕینی ئەلفوبێی ئیسلام خەیاڵاتی خۆی پێشکێشی کاربەدەستانی دەوڵەتی عوسمانییە بکا، چونکە لە سەرەتاوە خەیاڵێکی ئاوا لە سەلتەنەتی وێندەرێ لەبەرچاو گیراوە.
ئێمە نەتەوەی ئێران لە جێدا پێداویستیمان بە گۆڕینی ئەلفوبێی خۆمان نییە، لە بەر ئەوەی ئێمە سێ شێواز خەتمان هەیە : نەستەعلیق، شکستە و نوسەخ کە لە جوانی و قنجی دا باڵاترن لە خەتی گشت نەتەوەکانی رووی زەوی و ئێمە قەت دەست لە خەتی خۆمان هەڵناگرین و خەتی نوێی میرزا فەتح عەلی ئاخوندزادە و یان مەلکولم خان وەباو ناخەین و قەت کاری ئاوا ناکەین".
ئاخوندزادە لە دوای ئەوەی دیسان دەستی بە سینگییەوە نرا و نامرادی دی بەڵام کۆڵی نەدا و ناهومید نەبوو و ڕیسالەی سێهەمی خۆی نووسی و ناردی بۆ عالی پاشا سەدری ئەعزەمی دەوڵەتی عوسمانی و وتارێکیشی کردە پەیوەستی ریسالەکەی خۆی کە " سەعاوی پاشا"ی عوسمانی سەبارەت بە ڕەخنە لە ئەلفوبێی عەڕەبی نووسیبووی. بەڵام دیسان ئەوجاریش تێکۆشانەکانی هیچی لێ شین نەبوو.
ئاخوند زاده‌ له‌ دوای ئه‌و تاقیکردنه‌وانه‌ و شکانانه‌ی په‌یتا په‌یتا، دوا جار ده‌ستی له‌ چاکسازی له‌ ئه‌لفوبێی عه‌ڕه‌بی هه‌ڵگرت و چواره‌مین خه‌تی نه‌ته‌وه‌ ئیسلامییه‌کانی گه‌ڵاڵه‌ کرد. ئه‌و گه‌ڵاڵه‌یه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ئه‌لفوبێی ڕووسی هه‌ڵنرابوو و له‌ ٢٤ کۆنسۆنانت و ١٠ ڤاڤێل پێک هاتبوو و ٨ تیپێش بۆ دەربڕینی دەنگ و مەخرەجی تایبەتی عەڕەبی لە بەرچاو گیرا بوو کە بەو ٤٢ تیپە هەموو نەتەوەی ئیسلامی لە عەڕەب و عەجەم و تورک و تاجیک بتوانن بێ زەحمەت و دژواری مەبەستگەلی خۆیان دەرببڕن. (گۆواری کولتوور و خەتی شەر‌ق، دەفتەری دووەم، بەرگی ٥٩، بە ڕووسی، باکۆ ١٩٢٨)
ئاخوندزادە ئیمانی بە دروستی ئەو ڕێبازە هەبوو کە وەبەری گرتبوو ولەو ڕێگایە دا تووشی سەختی و دژواری زۆر هات، بەڵام قەت هەدای نەدا، ئەو لە سەدان نامە و ڕیسالەی دا کە بۆ کاربەدەستانی دەوڵەتانی ئێران و عوسمانی و ڕووس و بۆ دۆستانی خۆی نارد ( وەک میرزا مەلکوم خان، عەلی خان، ئێعتیزادوسەلتەنە، جەلالەدین میرزا، مانکجی نووسەری هیندی و پرۆفێسۆر کازم بەگ)، باسی خەوشی ئەلفوبێی عەڕەبی بۆ کردن و ئەو چەتانەی ئەو خەتە لە دەرس دادان و خوێندنی زانستەکانی دەخا و بە هینانەوەی میناک و شاهیدی پێداویستی گۆڕینی ئەو خەتەی دەربڕی.
ئەو لە نامەیەک دا لە ساڵی ١٢٥٣ی هەتاوی ( ١٨٧٥ی زایینی) بۆ شازادە ئیعتیزادوسەلتەنە وەزیری زانستەکانی نووسی:
" دیسان دەنووسم و هەتا زیندوو بم هەر دەنووسم بۆ ئەوەی فکری تازەکردنەوەی ئەلفوبێ لە نێو هەموو میللەت دا بڵاو بێتەوە. هەر وەک چۆن ئەوە نیزیک پازدە ساڵە تۆوی ئەو خەیاڵە لە خاکی ئێران و ڕۆم دا دەوەشێنم، بێ گومان ئەو تۆوە لە سەردەمی ئەوانەی بە دووی ئێمە دا دێن شین دەبێ" ( کۆ کراوەی ئەلفوبێی نوێ و مەکتووبات، بەرگی ٣١٧، باکۆ ١٩٦٣)
گرینگی کاری ئاخوندزادە ( و بە دوای ئەوە دا مەلکولم خان) لەوە دا بوو کە بۆ جاری یەکەم زانستکارانی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامی سەرنجیان ڕاکێشرا بۆ سەر ئەو کارە گرینگە و گشت ئەو کەسانەی کە دواتر سەبارەت بە ئەلفوبێی ئێستا و خەوشەکانی قسەیان کردووە لە بیر وبۆچوونی ئەو دوانە کەلکیان وەرگرتووە.

میرزا مەلکوم خانی نازمودەولە

لە دوای ئاخوندزادە، دەستەیەک لە ڕۆژهەڵاتییەکان لەو پێناوە دا تێکۆشان و لەمەڕ کەمایەسی خەتی ئێستای نەتەوەی ئیسلامی هێندێک شتیان گوت و ووتاریان نووسی و هێندێکانیش ئەلفوبێی لەمەر خۆیان داهێنا.
بەلام نە دەوروبەری ئەو ڕۆژگارە بۆ پەژراندنی ئەو جۆرە بیر وبۆچوونانە ئامادەیی هەبوو و نە ئەو ڕێنووسانەی پێشنیاز دەکران دەیانتوانی خەوشەکانی خەتی هەنووکەیی وەلابەرن. لەوەش زیاتر، هیچ کام لەو خەتانە لە گەڵ دژوارییەکانی فێرکردن و بار هێنان و سەنعەتی چاپی ئەو سەروبەندی نە دەگونجان. بەنێوبانگترینی ئەو کەسانەی لەو ڕێگایە دا کاریان کرد میرازا مەلکوم خانی نازمودەولە بوو.
مەلکوم خانیش وەکوو ئاخوند زادە باوەری وا بوو کە " وەزعی خەتەکانی نەتەوەکانی ئیسلامی زیاتر لەوەی کە دەبێ خەوشدارە و بە ڕێنووسێکی ئاوا محاڵە نەتەوەی ئیسلام بتوانن تا پلەی هەنووکەیی فەڕەنگستان پێش کەون". ( لە سەرەتای کتێبی روشنایی ، لەندەن ١٣٠٣ مانگی)
مەلکوم پێشنیازی گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی و وەرگرتنی ئەلفوبێی ئوڕووپایی نەدەکرد، بەڵکوو لە ئاوێتە کردنی تیپەکانی فارسی، خەتێکی دیکەی دروست کرد بوو کە پێی وا بوو هاسانتر و بەکەلکتر دەبێ.
ئەو شەرحی خەتی داهێندراوی خۆی لە ڕیسالەیەک دا بە نێوی " نموونەی خەتی ئادەمییەت" لە ساڵی ١٣٠٣ی مانگی بە پەیوەستی کتێبی روشنایی، لە لەندەن بڵاو کردەوە و لە سەر ئەو بابەتە دوو شتی دیکەشی نووسی بە نێوی " سەرچاوەی پێشکەوتن" و " شێخ و وەزیر" و بە هاوکاری میرزا محەمەد عەلی خانی فەریدولمولکی هەمەدانی ، مونشی سەفاڕەتی ئێران لە لەندەن، چەند حیکایەتی لە گولستانی سەعدی و هەر وەها قسە کورتەکانی حەزرەتی عەلی ئەمیرولموئمینینی بە ڕێنووسی مەشهوور بە " مەلکومی" نووسییەوە و لە ساڵی ١٣٠٢ی مانگی لە لەندەن چاپی کرد.
مەلکولم هەر بەو جۆرەی خۆی لە سەرەتای گولستان دا ئاماژەی پێ کردووە، بیست و پێنج ساڵ لەو ڕێگایە دا زەحمەتی کێشا ، بەڵام ئەلفوبێیە نوێیەکەی ویش هەر لە بەر هەمان چەت و بەرهەڵستی کە دەهاتنە سەر ڕێی ئاخوندزادە و هەر وەها لە بەر ئەو کەمایەسییانەی تێیدا بوو ، برەوی پەیدا نەکرد و نەشی دەتوانی برەو پەیدا کا.

میرزا یۆسف خانی موستەشارودەولە

میرزا یۆسف خانی موسته‌شاروده‌وله‌ی ته‌ورێزیش له‌ پێڕۆیانی جیدی گۆڕێنی خه‌ت بوو و له‌و ڕێبازه‌ دا زۆری زه‌حمه‌ت کێشا. له‌و کارانه‌ی که‌ کردی ئه‌وه‌ بوو له‌ ساڵی ١٢٩٧ی مانگی که‌ له‌ مه‌شه‌د ده‌ژیا، سه‌باره‌ت به‌ گۆڕینی ئه‌لفوبێ پرسی به‌ موجته‌هیده‌ به‌نێوبانگه‌کانی ئه‌و شاره‌ کرد و ئه‌و فه‌توایه‌ی له‌ میرزا نه‌سروڵای موجته‌هید وه‌رگرت:
" گۆڕینی خه‌تی کتێبان یان داهێنانی خه‌تی تازه‌ لێبڕاوانه‌ ڕه‌وایه‌ و هیچ قۆرتێک نییه‌، به‌ڵکوو ئه‌گه‌ر ببێته‌ هۆی هاسانکاری فێر کردن و فیر بوون و دروست خوێندنه‌وه‌ ئه‌و په‌ڕی باشیشه‌. ئه‌گه‌ر که‌سێک پێی وا بێ‌ ئه‌و گۆڕانه‌ لاسا کردنه‌وه‌ی خه‌ڵکی بێگانه‌یه‌ و ڕه‌وا نییه‌. ئه‌وه‌ نیگه‌رانییه‌کی لاوازه‌ چونکه‌ ئه‌و جۆره‌ وه‌یه‌کچوونانه‌ حه‌رام نییه‌ ئه‌گه‌ر وا با ده‌بوو به‌کارهێنانی سه‌ماوه‌ریش ڕه‌وا نه‌بووبا" ( شه‌رحی ئه‌و قسانه‌ و بۆچوونی عالمه‌کان له‌ ژماره‌ی ٢٢ی ڕۆژنامه‌ی ئه‌خته‌ر، له‌ ساڵی ١٢٩٧ ی مانگی دا هاتووه‌). موسته‌شاروده‌وله‌ له‌ ساڵی ١٣٠٣ی مانگی ش ریساله‌یه‌کی زۆر به‌که‌لکی به‌ نێوی " چاککردنی ڕێنووسی ئیسلام" نووسی و له‌ تاران چاپی کرد."
ئەوە دروستە کە گشت ئەو خەتانە کەمتا زۆر کەمایەسییان هەبوو و هیچیان نەدەکرا بخرێنە بواری جێ بە جێ کردنەوە، بەڵام قسە لە سەر ئەوەیە بەرپرسانی دەوڵەتەکان هیچ لایان لێ نەدەکردنەوە و هەموویان تووڕ هەڵدەدان.
جگە لەو کەسانەی کە ڕاستەوخۆ و بە تێرو تەسەلی سەبارەت بە ئەلفوبێ بیروڕایان دەربڕیوە، زیاتر ئەو زانا و نووسەرانەی کە نووسینەکانیان لە پەیدا بوونی بیری ئازادی و بزووتنەوەی مەشڕووتییەت ( دەستووری) دا کاریگەر بووە ئاماژەیان بە خەوشییەکان و خراپەی خەتی فارسی کردووە و پشتیوانیان کردووە لە فکری چاک کردنی.
لەوانە عەبدولڕەحیم تالبۆف نووسەری بەنێوبانگی ئەو سەروبەندی لە نووسینەکانی خۆی دا لە چەند جێگا باسی تووش بوونی میللەتی ئێرانی بە دەست " ئەو ئەلفوبێیە کۆن و بێ کەلکە"ی کردووە و هیوای دەربڕیوە " خەوشییەکانی دیکەی دەرس گوتنەوە بە منداڵان لەوانەیە کاتێک کە ئەلفوبێی ئێمەیان گۆڕی، چاک بن". ( کتێبی ئەحمەد، بەرگی ١٠، ١١ و ٣٢ و مسالک المحسنین، بەرگی ٢٤٨)
لە دوای شەڕی نێوەنەتەوەیی یەکەم و شۆڕشی مەزنی ئۆکتۆبر، مەسەلەی گۆڕینی ئەلفوبێ و ساز کردنی ڕێنووسێک کە بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی زانست و زانیاری لە نێو کۆمەڵانی هەراوی خەڵک دا هاسان بکا، لە ووڵاتانی ڕۆژهەڵات ( واتە لەو ووڵاتانەی کە لە ژێر ئاڵا ی کولتوور و خەتی ئیسلامی دا بوون) هاتە گۆڕێ و لە زۆربەی ئەو ووڵاتانە بەوە زاندرا کە ئەلفوبێی عەڕەبی یەکێک لە گرینگرینی ئەو هۆکارانەیە کە پێشی بڵاو بوونەوە و پەرەسەندنی زانست و کولتوور دەگرێ.

حەولی دیکە سەبارەت بە گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی

لە دوای شەڕی جیهانی هەوڵێ، دیسان لە ئێران هێندێک کەس تێکۆشان و هێندێک ووتاریان نووسی کە لە نێو ئەوانە دا دەکرێ نێوی میرزا عەلی ئەسغەرخانی تالەقانی
( باوکی موهەندیس خەلیلی تالەقانی، کە لە ئەندامانی حیزبی دێمۆکڕات بوو و لە ڕۆژنامەی " زبان آزاد " ئۆرگانی ئەو حیزبە دا ووتاری دەنووسی)، سەعیدی نەفیسی، ڕەشیدی یاسەمی، سەید حەسەنی تەقی زادە و میرزا ئەبولقاسمی ئازادی مەراغەیی بهێندرێ.

گشت ئەو کەسانە و کەسانی دوای ئەوان کە سەبارەت بەو بابەتە دواون، جگە لە ژمارەیەکی کەم نەبێ وەکوو کازمی ئیرانشەهر و ئەحمەدی کەسڕەوی، چاک کردنی خەتی هەنووکەییان بە حەولێکی بێ فایدە و نادروست دەزانی و هەموویان باوەڕیان وا بوو ئەلفوبێی داهاتووی زمانی فارسی جگە لە ئەلفوبێی لاتینی ناتوانێ ئەلفوبێیەکی دیکە بێ، چونکە حەڕفە لاتینییەکان کە ئێستا لە زمانە ئوڕووپاییەکان دا دەکار دەکرێن جوانترین و لەبارترین شێوەی ڕێنووسە. لە ڕووی خوێندنەوە و نووسین خەتی هەرە تەواو و هەرە دەوڵەمەندە. ئەو ئەلفوبێیە کە لە تیپی نەلکاو پێک هاتووە و زۆربەی خەڵکی خوێندەواری دنیا دەیزانن و ، هەر ئەو ڕێنووسەیە کە لە نێوەندەکانی دنیای ژیاری دا برەوی هەیە.
دوکتور سەعیدی نەفیسی لە لایەنگرانی بە باوەڕ و سەرسەختی گۆڕینی ئەلفوبێ بوو. ئەو زۆر زوو لە خەوشییەکانی خەتی هەنووکەیی تێ گەیشت و تا کۆتایی تەمەنی بە بۆچوونی خۆی وەفادار بوو. پرۆفێسۆر ژیرکۆف ی ڕووسی کە لە ساڵی ١٩٢٨ی زایینی لە تاران چاوی بە نەفیسی کەوت ، لە ووتارێک دا بە نێوی "ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی فارسی" لە گۆواری : کولتوور و خەتی ڕۆژهەڵاتی" ( ژمارەی ١، مەسکەو ١٩٢٨) نووسیویە دەڵێ:
" نەفیسی لە دوای قسە کردن لە گەڵ من و زانینی ئەو هەنگاوانەی کە ئێمە بۆ ئەلفوبێی زمانە ڕۆژهەڵاتییەکان لە یەکێتیی شووڕەوی هەڵمانهێناونەوە، تەمای گرت ئەلفوبێیەکی کردەیی لە سەر بنەمای حەڕفە لاتینییەکان ساز بکا. ئەو دەیزانی گۆڕینی ئەلفوبێی فارسی و کردنی بە لاتین بەو زووانە مەیسەر نابێ و تێكۆشانەکانی لەو بوارە دا ئاکامی دەستبەجێی نابێ و باوەڕی وا بوو جارێ دەبێ ڕێنوێنێک بۆ فێر کردنی لەهجە محەلییەکانی ئێرانی بە بێگانان ئامادە بکرێ. نەفیسی ئەوەی دەزانی ئەو حەڕفانەی کە بۆ ئەلفوبێی فارسی وەخۆ دەکرێن دەبێ لە نێو ئەو حەرفە لاتینیانەی وا لە چاپخانەکانی دنیا دا هەن و برەویان هەیە هەڵبژێردرێ و حەڕفی لێکدراو و نیشانەدار، تا ئەوجێیەی بکرێ تێیدا نەبێ و هەر وەها گشت ئەو حەڕفانەی کە دەنگیان وەک یەک وایە تەنیا بە حەڕفێک نیشان بدرێن".
ڕەشیدی یاسەمی، شاعیر، ئەدیب، لێکۆلەرەوە و ئەندامی فەرهەنگستانی ئێران، جگە لە لایەنگریی جیدی لە باوەڕی گۆڕینی خەت ، هێندێک شێعری هەیە کە تێیاندا یەک بە یەک خەوشییەکانی خەتی فارسی دەستنیشان کردووە.
ئەبولقاسمی ئازاد لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاوی ( ١٩٤٥ی زایینی) بیری لە ئاڵوگۆرکردنی ئەلفوبێ کردەوە و لە مانگی ڕەزبەر (ئۆکتۆبر) ی ئەو ساڵە دا " الفبای آسان" ی چاپ کرد و هەر ئەوی ساڵێ ئەنجومەنێکی بە نێوی " گرۆی لایەنگرانی ئەلفوبێی هاسان" دامەزراند و خۆی بوو بە سکرتێری ئەو کۆمەڵەیە و تەمای گرت بە پێشکێش کردنی گەڵاڵەیەکی قانوونی بە مەخلیسی شووڕای میللی لە خولی پازدەهەم دا شێوەیەکی ڕەسمی پێ بدا و ئەوە لە سەرانسەری وولات دا برەو پەیدا کا، بەڵام تەمەنی وەفای نەکرد و بەر لەوەی خولی تازەی مەجلیس بکرێتەوە لە بەرواری پێنجەمی مانگی جۆزەردانی ١٣٢٥ی هەتاوی (٢٦ی مەی ١٩٤٦) کۆچی دوایی کرد.
بەڵام ئەحمەدی کەسڕەوی، ئەگەرچی گۆڕینی ئەلفوبێی بە پێویست دەزانی، بەڵام وا وێدەچێ بۆچوونی ئەوە نەبووە ئەلفوبێی نوێ لە نێو حەڕفە لاتینییەکان دا هەڵبژێردرێ، بەڵکوو بە تەما بووە ئەلفوبێیەک ساز بکا کە بە قسەی خۆی دروست و دەربڕ بێ و لە جێگای ئەلفوبێی هەنووکەیی دانێ.
لە ساڵی ١٣٣٨ی هەتاوی ( ١٩٥٩ی زایینی) ئەنجومەنێک بە نێوی " ئەنجومەنی چاکسازی خەت" کە لە کۆمەڵێک لە زانستکاران ( لەوانە دوکتور نەسروڵای شیفتە، مەسعوودی ڕەجەب نیا، ئیبراهیمی گرانفەر، مەنووچێهری ئەمیری، یەدوڵای ڕۆئیایی، یەحیا زەکا، سوهەیلی ئازەری و چەند کەسی دیکە ) بە سەرۆکایەتی مامۆستا سەعیدی نەفیسی لە تاران پێک هات و ئەلفوبێیەکی پێشنیاز کرد و لە ڕۆژنامەکان و لە ڕادیۆ دا هێندێک شیکردنەوەی کرد سەبارەت بە نوقوستانی ئەلفوبێی هەنووکەیی فارسی و پێدوایستی گۆرێنی. ئەو ئەنجومەنە چاکسازی خەتی فارسی بە گرینگترین چاکسازیی کۆمەڵایەتی لە ئێران دا دەزانی، بەڵام لەو باوەڕە دا بوو ئەو جۆرە چاکسازییە گرینگ و هەتاهەتاییانە نابێ بە داری زۆرێ و بە تۆبزی بکرێ، چونکە ئەگەر وا بێ ئەو دەمی کاردانەوەی خەڵک توندتر دەبێ و ئەو ئاکامەی دڵ دەیەوێ وەدەست نایە، بەڵکوو دەبێ فکری خەڵک بە مەنتیقی بەهێز و هۆی پتەو ئامادە بکرێ و هەموو ڕۆژێ لە ژمارەی لایەنگرانی زیاد بکرێ تا ئەوەی کە هەموو تاک و تەرای میللەت ببنە پشتیوانی.
لە ساڵی ١٣٤٣ش (١٩٦٤) ئەنجومەنێک بە نێوی : ئەنجومەنی برەوپێدانی زمانی فارسی" لە تاران دامەزرا و گۆوارێکی بە نێوی " بنیاد فرهنگ" بڵاو کردەوە و ئەلفوبێیەکی بە نێوی " ئەلفوبێی فارسی بە خەتی جیهانی" پێشنیاز کرد و داوای لە خوێنەرەوان کرد هەر جۆرە بۆچوونێکیان لە سەر ئەو ئەلفوبێیە هەیە بۆ ئەنجومەنی بنووسن.
لە ساڵی ١٣٤٤ ( ١٩٦٥) بابەتی گۆڕینی خەتی فارسی لە دوو گۆواری پێتەخت دا ، واتە " روشنفکر" و " سپید و سیاە" هاتە گۆڕێ و کێشایە گۆوارەکانی دیکەش و هەموو کەس لە دەگەڵ و دژ قسەیان لێوە کرد. لەو بارەیەوە ووتارەکانی دوکتور ڕەحمەتی موستەفەوی، بەڕێوەبەری گۆواری روشنفکر، بە تایبەتی چاوڕاکێش بوون. ئەو نێوی ئەلفوبێی هەنووکەیی نا " مندارەوەبوو" و گوتی:
" ئەو خەتە وەک مۆتە کەوتووەتە سەر زمانی ئێمە، روح و فکری قوتابیانی ئێمە و ڕوح و فکری گشت ئەو کەسانەی کە پیشەیان نووسەرێتی یان ئەدەبییات نییە و خەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی پێداویستییەکانی ڕۆژانە و پیشەیی دەوێ" و لە کۆتایی ووتارەکەی دا لێی زیاد کرد کە:
" ئەگەر عەڕەب زمانەکەی بەشێوەیەکی تایبەتی لە زاری دا دەسووڕێنێ و دەنگێک وەک ص یا ض دەردەدا و ئێمە ناتوانین ئەو دەنگە دەرببڕین، نابێ پێ بچەقێنن و ئەو حەرفەی کە نیشانەی ئەو دەنگەیە لە ڕێنووسی خۆمان دا بپارێزین. ئەو داوەرییە وەک شێتێتی وایە.( ڕوشنفکر، ژمارەکانی ٦٢٨ و ٦٢٩ لە ٢٩ی ڕەزبەر و ٦ی خەزەڵوەری ١٣٤٤ /١٩٦٥)
ئەو لە ژمارەی دواتری ئەو گۆوارە دا درێژەی پێدا و نووسێ:
" لە تورکییە، تیراژی ڕۆژنامەکانی دەرەجە یەک لە ٢٠٠ هەزار زیاترە. لە ئێران تیراژی گەورەترین ڕۆژنامەکان ناگاتە یەک لەسێی ئەو ڕەقەمەش، بۆچی؟ لە بەر ئەوەی تورکێک بە خوێندەواریی ئاسایی، لە پلەی پۆلی شەشی بنەڕەتی ئێمە دا، کە ڕۆژنامەی تورکی بە دەستەوە دەگرێ، ڕاڕایی لەوە نییە کە دەتوانێ ڕۆژنامەکە بخوێنێتەوە، ناوی نائاشنا، چ ئی نێو خۆ بن و چ بێگانە، دەتوانێ بە دروستی تەلەفوز بکا و دەتوانێ بە دەنگی بڵیند بۆ خەڵکی دیکەی بخووێنێتەوە. لە سەدا چەندی خوێندەواری ئێرانی دەتوانن ڕۆژنامەیەک بە دەنگی بڵیند بخوێننەوە و دە جار و بیست جار لە سەر تەلەفوز کردنی ووشەیەک، چ ئێرانی و چ بێگانە، گیر نەکەن؟ "
( روشنفکر، ژمارەی ٦٣٠، ١٣ی خەزەڵوەری ١٣٤٤ /١٩٦٥)

Wednesday, August 1, 2012


عه‌لیی  ته‌ره‌ماخی و به‌کارهێنانی زمانی قسه‌ پێکردنی  ڕه‌سه‌نی خۆجێی له‌ خوێندنی مه‌دره‌سان له‌ کوردستان

مکاییل لیزنبێرگ
زانکۆی ئامستردام
وه‌رگێڕان له‌ ئینگلیسییه‌وه‌: حه‌سه‌نی قازی

هه‌ڵێنجاوی باس
سه‌رفا کورمانجی عه‌لیی ته‌ره‌ماخی هێشتا ئه‌و ئاوڕه‌ ڕه‌خنه‌گرانه‌یه‌ی لێ نه‌دراوه‌ته‌وه‌ که‌ لێی ده‌وشێته‌وه‌. ئه‌و شوێنه‌واره‌ له‌ لایه‌ن ئاگوست ژاباوه‌ وه‌ک ده‌قێکی که‌ " نرخێکی که‌م" ی هه‌یه‌ به‌رپه‌رچ دراوه‌؛ به‌ڵام له‌ ڕاستیدا، گرینگییه‌کی هه‌ره‌ زۆری هه‌یه‌ هه‌م بۆ لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مه‌ڕ زمانی کوردی و هه‌م بۆ خوێندنی کوردی. ئه‌و شوێنه‌واره‌ نه‌ک ده‌ستنوسی هه‌ره‌ کۆنه‌ سه‌باره‌ت به‌ ڕێزمانی کوردی ، واته‌ ته‌نانه‌ت به‌ر له‌ گڕاماتیکای گارزۆنی له‌ ساڵی 1787،به‌ڵکوو بریتیشه‌ له‌ یه‌که‌م نموونه‌کانی نووسینی په‌خشان به‌ زمانی کوردی.سه‌رهه‌ڵێنانی ده‌قی په‌خشانی بۆ خوێندنی کوردی له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌مدا لایه‌نێکی ڕه‌وتی " ڤێرناکیولاریزه‌یشن" ه‌، واته‌، به‌کارهێنانی زمانێکی ڕه‌سه‌نی خۆجێی بۆ مه‌به‌سته‌گه‌لی نوێ بۆ پێ نووسینی ئه‌ده‌بییات و بۆخوێندن. فێرناکیولاریزه‌یش، وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ باسی ده‌که‌م، به‌ بۆچوونی من سه‌ره‌تایه‌کی گرینگه‌ بۆ په‌یدا بوونی ووشیاریی نه‌ته‌وه‌یی.له‌م نووسینه‌ دا ئه‌من به‌ کورتی باسی ڕچه‌ی پێشوه‌چوونی هاوشێوه‌ی هێندێک له‌ هاوچاخه‌کانی  نیزیکی ته‌ره‌ماخی ش ده‌که‌م.

پێشه‌کی 1
میسیۆنێری ئیتالیایی ماوریتسیۆ گارزۆنی زۆر جار به‌ " باوکی کوردزانی" نێو زه‌د ده‌کرێ و به‌ڵگه‌ی باشێش بۆ ئه‌م قسه‌یه‌ هه‌یه‌: چونکه‌، ئه‌و یه‌که‌م که‌س بوو  ڕێزمانێکی هه‌موولایه‌نه‌ی له‌هجه‌یه‌کی کوردی، واته‌ له‌هجه‌ی شاری عیمادییه‌‌ گرده‌وه‌کۆیی بکا.2 له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، زۆر که‌م پێی زاندراوه‌، کتێبه‌که‌ی گارزۆنی، که‌ له‌ ساڵی 1787 دا بڵاو بووه‌وه‌، له‌ ڕاستیدا یه‌که‌م شێکردنه‌وه‌ی ڕێزمانی کوردی نییه‌، به‌ڵکوو به‌ر له‌ کتێبه‌که‌ی گارزۆنی کتێبێکی ڕێزمان له‌ لایه‌ن زانایه‌کی خۆجێی یه‌وه‌ نووسراوه‌ که‌ له‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م یان سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا ژیاوه‌؛ له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و ڕێزمانه‌ نه‌ک هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردییه‌، به‌ڵکوو به‌ زمانی کوردیش نووسراوه‌. ئه‌وه‌ کارێکی عه‌لیی ته‌ره‌ماخی یه‌ که‌ به‌ سه‌رفا کورمانجی ، یان ته‌سریفا کورمانجی و یان هه‌ر به‌  ته‌سریف به‌نێوبانگه‌.ته‌سریف خۆی له‌ خۆی دا ده‌قێکی به‌نرخه‌: نه‌ک هه‌ر کۆنترین حه‌وله‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ی ڕێزمانی ئه‌و زمانه‌ کوردییه‌ی له‌ گۆڕێ دا بووه‌، به‌ڵکوو یه‌که‌م نموونه‌ی په‌خشانی‌ کوردی شه‌‌ ( هه‌ر وه‌ک فندی ش له‌ ساڵی 1985 ئاماژه‌ی پێ کردووه‌). ته‌نێ هه‌ر له‌ به‌ر ئه‌و هۆیانه‌، ئه‌وه‌ کاره‌ گرینگییه‌کی سه‌ره‌کی هه‌یه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ ئه‌و ئاوڕدانه‌وه‌ زانستییانه‌ی که‌ لێی ده‌وه‌شێته‌وه‌ لێی نه‌دراوه‌ته‌وه‌، ته‌نانه‌ت  ئه‌گه‌رچی له‌ نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌مه‌وه‌ له‌ نێو کۆڕوکۆمه‌ڵی زانایان دا به‌ هه‌بوونی شوێنه‌وارێکی ئاوا زاندراوه‌، یان ده‌بوو بزاندرێ. مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی ( یان بازیدی) له‌ ساڵی 1858/1857 به‌ پێی داوخوازی کۆنسوولی ڕووسییه‌ ئاگوست ژابا نووسخه‌یه‌کی له‌به‌ر نووسییه‌وه‌، که‌ دوا جار گه‌یشته‌ سه‌نت پێترزبوورگ، له‌ گه‌ڵ شوێنه‌واری دیکه‌ی ، وه‌کوو کورته‌یه‌ک له‌ مه‌م و زین ی ئه‌حمه‌دی خانی ( که‌ له‌ ڕاستییدا مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی نووسیویه‌): ووشه‌نامه‌یه‌کی شێوه‌زاره‌کانی حه‌کاری و ڕاوه‌ندی کورمانجی؛ ڕێزمانی عه‌لیی ته‌ره‌ماخی، که‌ به‌ کوردیی کورمانجی نووسراوه‌ و ؛ یاذداشتێکی کورتی سه‌ره‌تایی  له‌ لایه‌ن بایه‌زیدییه‌وه‌ " سه‌باره‌ت به‌ زانستی ڕێزمان  و هێندێک له‌و بنچینانه‌ی که‌ بۆ خوێندنی پێویستن"، ئه‌وه‌ش هه‌ر به‌ کورمانجی.3 لە گەڵ ئەوەشدا، ئه‌و کۆمیسیۆنه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ئاکادێمی زانسته‌کانی شایانه‌ی ڕووسییه‌وه‌  له‌ به‌ر کار نرا بۆ بڵاو کردنه‌وه‌ی ئه‌و ماده‌ و که‌ره‌ستانه‌ی که‌ له‌لایه‌ن ژاباوه‌ کۆ کرابوونه‌وه‌، بڕیاری دا ئەو دەقەی تەرەماخی بڵاو نەکاتەوە. لە ڕۆژەڤی کۆبوونەوەی 18ی مه‌ی 1859ی  ئه‌و کۆمیته‌یه‌ دا هاتووه‌"

      به‌ بۆچوونی ئه‌م کۆمیته‌یه‌، ووشه‌نامه‌ی کوردی و ڕێزمانی عه‌لیی ته‌ره‌ماخی بایه‌خێکی ئه‌وتۆیان نییه‌؛له‌وه‌ش ده‌رچێ، ئه‌و نووسینانه‌ ڕه‌نگه‌ ده‌وری خۆیان بگێڕن له‌ پێداهاتنه‌وه‌ی قامووسی ته‌واو و ڕێزمانی زمانی کوردی دا که‌ ئێستا له‌لایه‌ن ئاغای ژاباوه‌ ئاماده‌ ده‌کرێن. (1860:vii)

ئه‌و کورته‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ وه‌لانانی ئه‌م شوێنه‌واره‌ ڕه‌نگه‌ نیشانده‌ری پێشداوه‌رییه‌کی ئۆریانتالیستی بێ، که‌ زانیاریده‌رانی خۆجێیی وه‌ک سه‌رچاوه‌ی که‌ره‌سته‌ی خاو ده‌بێنێ له‌ جیات ئه‌وه‌ی که‌  به‌ سه‌رچاوه‌یه‌کی جیدی زانستکارانه‌یان دابنێ.4 له‌ ئاکامی بڕیاری ئه‌و کۆمیته‌یه‌ دا، ئه‌و ده‌قه‌ تا ساڵی 1971 بڵاو نه‌کرایه‌وه‌،له‌ چاپێکدا ، که‌ له‌ لایه‌ن مارف خه‌زنه‌داره‌وه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای ده‌ستنووسی بایه‌زیدیی پێترزبورگ ئاماده‌ کرابوو،5 به‌ نێوی ده‌ستورا عه‌ڕه‌بی ب زمانێ کوردی؛ به‌ڵام وه‌ده‌ست خستنی ئه‌و چاپه‌ زۆر زه‌حمه‌ته‌.6 له‌ ساڵی 1997، ئه‌و چاپه‌ی خه‌زنه‌دار له‌ ستۆکهۆڵم له‌ لایه‌ن زه‌ینه‌لعابیدین زناره‌وه‌، چاپ کرایه‌وه‌ و تێیدا ده‌قه‌که‌ی خه‌زنه‌داری هێنایه‌ سه‌ر ڕێنووسی لاتینیی کوردی و کوردیی مۆدێڕن. له‌ ساڵی 1985، ڕه‌شید فندی به‌شێک له‌و ده‌قه‌ی له‌ به‌غدا بڵاو کرده‌وه‌؛ و له‌ ساڵی 2005، مامۆستا قه‌دری هێندێک بڕگه‌ی سه‌رفا کورمانجی که‌ له‌مه‌ڕ زمانی کوردییه‌ له‌ گۆواری بیر دا بڵاو کرده‌وه‌، به‌ ڕواڵه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مای چاپه‌که‌ی زنار.7 ئه‌من به‌ هیچ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌وورده‌ڕیشاڵ نازانم که‌ له‌ سه‌ر کاره‌که‌ی ته‌ره‌ماخی کرابێ. به‌ڕواڵه‌ت، وه‌کوو به‌شێک له‌ میراتی ئه‌ده‌بی زمانی کوردی چاوی لێ ناکرێ ته‌نانه‌ت له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی کوردیشه‌وه‌. بۆ وێنه‌، ئه‌میری حه‌سه‌نپوور  کاره‌کانی ته‌ره‌ماخی ( که‌ ئه‌و به‌ ئی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌می داده‌نێ) و  مه‌لا یوونس ئی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م به‌ " په‌خشانی نائه‌ده‌بی" ده‌ناسێنێ، به‌ڵام ئه‌و په‌خشانه‌ ڕۆژنامه‌ییانه‌ی که‌ له‌ بڵاوکراوه‌کانی کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا ده‌رکه‌وتن به‌ زه‌حمه‌ت ده‌کرێ بگوترێ شێوه‌یه‌کی به‌رزتری ئه‌ده‌بییان له‌و شوێنه‌وارانه‌ هه‌بووبێ. هه‌ر به‌وشێوه‌یه‌، محه‌مه‌د ئوزوون یش له‌ سه‌ره‌تایه‌ک دا که‌ بۆ کتێبه‌که‌ی خۆی له‌ مه‌ڕ ئه‌ده‌بییاتی کوردی نووسیوه‌ له‌ سه‌ر کاره‌کانی ته‌ره‌ماخی و مه‌لا یوونس بێده‌نگه‌ی لێ ڕاکردووه‌ و، بنه‌چه‌کی ئه‌ده‌بی په‌خشانی کوردی ده‌باته‌وه‌ سه‌ر دوایین ساڵه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م.8 به‌ ئاشکرایی ، ئه‌و کاره‌ په‌خشانیانه‌ی که‌ قسه‌یان لێوه‌ ده‌که‌ین چ شێوازێکی ئه‌ده‌بی یان نییه‌، به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێ، هیچ بابه‌تێکی مۆدێڕنی گشتی له‌ مه‌ڕ ئه‌ده‌بییات  که‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا هه‌م په‌خشان و هه‌م هۆنراوه‌ وه‌به‌ر بگرێ هێشتا نه‌دۆزراه‌ته‌وه‌.
جا بۆیه‌، سه‌رفا کورمانجی ئه‌وه‌ ده‌هێنێ ئێمه‌ سه‌رنجی بده‌ینه‌ سه‌ری، هه‌م له‌ به‌ر نرخی زاتی خۆی که‌ ڕه‌نگه‌ کۆنترین ده‌قی په‌خشان بێ له‌ زمانی کوردی دا که‌ باسی بابه‌تێکی زانستییانه‌ ده‌کا و، هه‌م دواجار له‌ به‌ر ئه‌و کارلێکه‌رییه‌ی که‌ له‌ سه‌ر کولتووری کوردی بوویه‌تی. چ وه‌ک یه‌که‌م کاری په‌خشانی ئامووزشتی که‌ به‌ کوردی نووسراوه‌ و وه‌کوو یه‌که‌م حه‌ول بۆ شیکردنه‌وه‌ی ڕێزمانی کوردی، ئه‌من  له‌ خواره‌وه‌ ده‌ڵێم، ته‌سریفی ته‌ره‌ماخی پێواژۆیه‌کی به‌ربڵاوتری ڤێرناکیولاریزه‌یشن ده‌سه‌لمێنێ، واته‌ به‌کارهێنانی نۆێی زمانی قسه‌ پێکردن بۆ  به‌کارهێنانی ئه‌ده‌بی و خوێندن و بۆ ئه‌ده‌بییاتی به‌رز؛ له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌وه‌ هه‌ر وه‌ها ئاوێنه‌یه‌که‌ له‌ گۆڕانی ئیدێئۆلۆژی زمانی که‌ ئه‌و زمانه‌ ڕه‌سه‌نه‌ خۆجێیانه‌ی که‌ پێشینه‌یه‌کی درێژی ئه‌ده‌بییان نییه‌، وه‌ک کوردی ، به‌رز ده‌کاته‌وه‌، له‌ پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ زمانه‌ نووسینه‌ به‌ڕێزه‌کانی وه‌ک عه‌ڕه‌بی و فارسی دا. جا بۆیه‌، دوای شیکردنه‌وه‌یه‌کی کورتی نێوه‌رۆکی ته‌سریف و ئه‌و ئیدێئۆلۆژییه‌ زمانییه‌ی لێی ده‌خوێندرێته‌وه‌ له‌ به‌شی یه‌که‌م دا ، له‌ به‌شی دووهه‌م و سێهه‌م دا باسی جیگه‌ی کاره‌که‌ی ته‌ره‌ماخی ده‌که‌م له‌ دیمه‌نێکی به‌ربڵاوتری خوێندنی مه‌دره‌سه‌ له‌ به‌راییه‌کانی کوردستانی مۆدێڕن دا، دواجار باسی گرینگی خۆڕاگری ئه‌و پێواژۆیه‌ی فێرناکیولاریزه‌یشنه‌‌ ده‌که‌م، به‌ جه‌خت کردن له‌ سه‌ر دامه‌زران ( یان  شێوه‌ی تازه‌ی ) به‌رنامه‌ی خوێندنی کوردی له‌ مه‌دره‌سه‌ و حوجره‌یان به‌ دوای ئه‌و پڕۆسه‌یه‌دا. ئه‌م نووسینه‌ هه‌ر وه‌ها پرسی زۆر گشتی تری له‌ مه‌ڕ ده‌وری شێوه‌ به‌راییه‌ مۆدێڕنه‌کانی زانست که‌ له‌ ڕووی ناوچه‌ییه‌وه‌ پێشکه‌وتن له شکڵ پێدانی ناسێنه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ مۆدێڕنه‌کان دا ده‌ورووژێنێ.9

1. سه‌رفی ته‌ره‌ماخی: پێشینه‌ و نێوه‌رۆک
ئێمه‌ زۆر که‌م سه‌باره‌ت به‌ ژیانی ته‌ره‌ماخی ده‌زانین و، ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌ش به‌ دڵنییایه‌کی که‌مه‌وه‌. سه‌رچاوه‌ی هه‌ره‌ به‌رایی و هه‌ره‌ گرینگ کورته‌ باسه‌که‌ی بایه‌زیدی یه‌.10 له‌ کۆکراوه‌ی ژابا له‌ ساڵی 1860 دا، به‌ر له‌ " یادداشته‌ به‌راییه‌کانی بایه‌زیدی" ده‌ربرینێکی دیکه‌ هه‌یه‌ که‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گرینگه‌ سه‌باره‌ت به‌و نووسه‌رانه‌ی که‌ یه‌که‌م جار به‌ کوردییان نووسیوه‌، له‌وانه‌ عه‌لی حه‌ریری، مه‌لایێ جه‌زیری و ئه‌حمه‌دی خانی. ئه‌و دوو ده‌قانه‌ هه‌ر دووکیان – که‌ به‌داخێکی زۆره‌وه‌ کورتن -  ده‌بن به‌ کۆنترین سه‌رچاوه‌ بۆ مێژووی به‌ ڕیز، زانستکاری سه‌باره‌ت به‌ زمانی کوردی  و ئه‌ده‌بی کوردی. به‌ پێی گێڕانه‌وه‌ی بایه‌زیدی، عه‌لی ته‌ره‌ماخی له‌ گوندی ته‌ره‌ماخ ( ئێستا پێی ده‌گوترێ تاراماک یان یایلاکۆناک) له‌ قه‌زای مکس یان باهچه‌سه‌رای ئێستا له‌ ویلایه‌تی وان له‌ دایک بووه‌، دێیه‌ک که‌، به‌ پێی قسه‌ی زانیاریده‌رانی خۆجێیی، تا ئه‌و دواییانه‌ش دانیشتووی هه‌رمه‌نی هه‌بووه‌. ته‌ره‌ماخی له‌ به‌غدا، مووسڵ و، له‌ هه‌رێمی بادینان و سۆرانی کوردستان درێژه‌ی به‌ خوێندن دا. ئه‌و زوو نێوبانگی به‌ هه‌موو  کوردستان دا بڵاو بووه‌وه، به‌ڵام دوا جار گه‌ڕاوه‌ دێیه‌که‌ی خۆی و له‌وێ مزگه‌وتێک و مه‌دره‌سه‌یه‌کی دامه‌زراند و ، هه‌ر له‌وێش نێژرا.
بایه‌زیدی ده‌نووسێ‌ ته‌ره‌ماخی له‌ ده‌ورو به‌ری ساڵی 1000ی کۆچی دا ژیاوه‌ (1591ی زایینی)، به‌ڵام وێده‌چێ ئه‌وه‌ به‌روارێکی که‌متر ئاسایی بێ: ئه‌و هه‌ر هه‌مان ساڵ بۆ ساڵی له‌ دایکبوونی خانی ده‌نووسێ و ، بۆ دانی ئه‌و به‌رواره‌ باسی هیچ سه‌رچاوه‌یه‌ک ناکا، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ده‌بێ له‌ گه‌ڵ مه‌م و زین ی خانی ئاشنایی هه‌بووبێ ، هه‌ر وه‌ک چۆن گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکه‌ له‌ لایه‌ن وییه‌وه‌ به‌ ئاشکرایی نیشانی ده‌دا له‌ سه‌ر بنه‌مای ڕیوایه‌تی خانی گه‌ڵاڵه‌ کراوه‌. له‌ دواییه‌کانی مه‌م و زین دا، خانی بۆ خۆی به‌ ئاشکرا ساڵی ١٦٥٠/١٠٦١ به‌ ساڵی له‌ دایک بوونی داده‌نێ و، لێی زیاد ده‌کا له‌ کاتی ته‌واو کردنی شێعره‌که‌ی دا ته‌مه‌نی 44 ساڵ بووه‌ ، که‌ ئه‌وه‌ش ته‌ئریخێکی وورد 1105/1695 سه‌باره‌ت به‌ پشکووتنی به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا ( به‌یتی ٢٥٥٣-٢٦٥٢). ئه‌و ساڵه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن بایه‌زیدییه‌وه‌ به‌ ساڵی مردنی خانی داندراوه‌ ، واته‌ 1063/1652، ته‌نانه‌ت به‌ پێی پێوانه‌کانی خۆشی ڕێک نییه‌، چونکه‌ ئه‌و به‌ر ده‌وام ده‌بێ و ئاماژه‌ی پێ ده‌کا سمایلی بایه‌زیدی، که‌ ئه‌و وه‌ک شاگردی خانی باسی ده‌کا  له‌ ساڵی 1063/1652 له‌ دایک بووه‌. که‌ وابوو ساڵی 1000/1591 له‌ هه‌ژمارێکی له‌ گۆتره‌ نه‌بێ زیاتر نییه‌.
وا وێناچێ زانستکارانی مۆدێڕن له‌ قسه‌کانی بایه‌زیدی تێپه‌ڕێنن، بۆیه‌ش مارگارێت ڕۆدێنکۆ، له‌و شیکردنه‌وه‌یه‌ دا که‌ له‌ سه‌ر ده‌ستنووسه‌که‌ی ساڵی 1858ی کردووه‌، عه‌لی ته‌ره‌ماخی ده‌باته‌وه‌ " نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی یازده‌هه‌می کۆچی" واته‌، نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م.11 ئێمه‌ به‌ پارێزه‌وه‌ ده‌کرێ بڵێین که‌ ئه‌و کاره‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م یان ته‌نانه‌ت سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌میش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ ڕۆنانی له‌ ئاست کارێکی دیکه‌ ( یان به‌ قسه‌یه‌کی ووردتر، ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو شوێنه‌واره‌ به‌ گشتی به‌یه‌که‌وه‌ هه‌ڵبسه‌نگێندرێن) ی که‌ ده‌شێ به‌راوه‌رد بکرێن، واته‌ زرووف و ته‌رکیب ی مه‌لا یوونسی خاڵقاتینی یان هارقاتینی، که‌ ئه‌ویش به‌ کوردی نووسراوه‌ و له‌ سه‌ر سینتاکس یان نه‌حو (ڕسته‌سازی) عه‌ڕه‌بی یه‌. ئه‌و ده‌ستنووسه‌ی له‌و شوێنه‌واره‌ له‌ پێترزبوگ به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ - که‌ تائێستا چاپ نه‌کراوه‌ - ساڵی 1200/1785  به‌ ساڵی مردنی خاڵقاتینی داده‌نێ، له‌ کاتێکدا ئه‌و ده‌ستنووسه‌ی له‌ ماربورگ/بێرلین هه‌یه‌ ئه‌و ته‌ئریخه‌ وه‌ک 1701 باس ده‌کا.12 که‌ وابوو. به‌ تێڕادیوی ده‌کرێ مه‌لا یوونس بگێڕدرێته‌وه‌ سه‌ر سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و، بێ به‌ڵگه‌ش وه‌به‌رچاو نایه‌ ئه‌گه‌ر ته‌ره‌ماخیش هه‌ر به‌ ئی ئه‌و سه‌روبه‌ندی یان ڕه‌نگه‌ کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م بزاندرێ: وه‌ک له‌ خواره‌وه‌ ده‌بیندرێ، کاره‌که‌ی وی  له‌ سه‌ر بنه‌مای سه‌ربه‌خۆ وله‌ چوارچێوه‌یه‌کی به‌ربڵاوتر دا ده‌گونجێ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا بووبێ.
ئێستا ڕێگا بده‌ن با له‌ نیزیکه‌وه‌ چاوێک به‌ ده‌قه‌که‌ی ته‌ره‌ماخی دا بخشێنین.13 وه‌ک له‌ نێوه‌که‌ی ڕا ده‌رده‌که‌وێ، ئه‌و کاره‌ له‌ مه‌ڕ بابه‌تێکی نه‌ریتی سه‌رف یان ته‌سریف ه‌ ( "ووشه‌ ڕۆنان" ، یان زۆر دروستتر "گه‌ردان کردن")؛ ئه‌و زاراوه‌یه‌ هه‌م ئه‌و دیارده‌یه‌ و هه‌م ئه‌و لکه‌ له‌ زانستی زمانناسی که‌ پێیه‌وه‌ خه‌ریک ده‌بێ نیشان ده‌دا. له‌ سه‌ده‌ به‌راییه‌کانی ئیسلامی دا، سه‌رف وه‌ک به‌شێک له‌ زانسته‌کانی زمانناسی  زمانانی عه‌ڕه‌بی پێش که‌وت له‌ شوێنی وه‌ک به‌سڕه‌ و کووفه‌. بابه‌تێکی پێوه‌ گرێدراو یان ژێر به‌شی بریتی یه‌ له‌ نه‌حو (ڕسته‌به‌ندی) یان سینتاکس. ئه‌و دوو بابه‌ته‌ له‌ ڕووی نه‌ریتییه‌وه‌ خه‌سڵه‌تیان به‌ ڕیز ئاوا دیاری کراوه‌، یه‌که‌میان بریتییه‌ له‌و گۆڕانانه‌ی ‌ له‌ نێو ووشان دا ده‌کرێن  و کۆتایی گه‌ردانکراوی ووشان و ئه‌وی دیکه‌یان جێی ووشان ده‌نێو ڕسته‌ دا ( بڕوانه‌ ئۆون 1988:99)14. لێره‌ دا مێژووی به‌رایی سه‌رف جێی باسی ئێمه‌ نییه‌: له‌م نووسینه‌ی ئێستا دا، نوخته‌ی هه‌ره‌ گرینگ ئه‌وه‌یه‌، که‌ به‌و په‌ڕییه‌وه‌ تا سه‌ده‌ی دوازده‌هه‌م ، سه‌رف بوو به‌ به‌شێکی ته‌واو جێ گرتوو له‌ به‌رنامه‌ی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ی نه‌ریتی دا و، ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ ڕووی ژماره‌یه‌کی که‌م له‌ ده‌قی شه‌رعی یه‌وه‌ به‌ ده‌رس داده‌درا، وه‌کوو کتێبی سه‌عده‌ینی  سه‌عدولته‌فته‌زانی. له‌وه‌ش زیاتر، ده‌قی سه‌رف بۆ زمانه‌کانی دیکه‌ش نووسران، له‌ هه‌موان گرینگتر بۆ فارسی و تورکی. ئه‌و کارانه‌ ووشه‌ی تێکنیکی عه‌ڕه‌بیان به‌کار ده‌هێنا بۆ شی کردنه‌وه‌ی سه‌رفی ئه‌و زمانانه‌ی که‌ خزمایه‌تیان له‌ گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی نه‌بوو و، له‌ سه‌ر بنه‌مای زمانی عه‌ڕه‌بی و به‌ پێی ئه‌و زمانه‌ ئه‌و زمانانه‌یان شی ده‌کرده‌وه‌. بۆ زمانی فارسی، یه‌ک له‌ ده‌قه‌ هه‌ره‌ کاریگه‌ره‌کان  بریتی بوو له‌ سه‌رفی میر نووسینی ئیسماعیل بنی حوسێن ئه‌لجورجانی، که‌ وه‌ک میر سه‌یدیش بانگ کراوه‌ ( ساڵی مردن 1137).له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ، ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بکرێ، که‌ مێژووی زانسته‌کانی دواتری زمانناسی عه‌ڕه‌بی و دابه‌زاندنیان له‌ سه‌ر زمانه‌کانی دیکه‌ به‌ڕێژه بابه‌تێکه‌ که‌ لێی نکۆڵدراوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌رچی له‌ نیوه‌ی یه‌که‌می کاره‌که‌یدا  ته‌ره‌ماخی باسی سه‌رفی عه‌ڕه‌بی ده‌کا به‌ڵام ده‌که‌وێته‌ پاڵ نه‌ریتی ئه‌و کارانه‌ی به‌ عه‌ڕه‌بی له‌ سه‌ر سه‌رفی زمانه‌ ناعه‌ڕه‌بییه‌کان کراون. به‌ ئاشکرایی ده‌رده‌که‌وێ مه‌به‌ست له‌و کاره‌ ده‌قێکی ده‌ستپێکردن بێ: ئه‌گه‌رچێ پشت ده‌به‌ستێ به‌ نه‌ریتێکی دوور و درێژی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌رف به‌ عه‌ڕه‌بی ( و ، تا ڕاده‌یه‌ک فارسی )، له‌ کاره‌که‌ دا ته‌نێ باسی کتێبی سه‌عده‌دینی تفته‌زانی کراوه‌ ( خه‌زنه‌دار 44؛ زنار 46). دوای پێشه‌کییه‌کی کورت و باسی گرینگی سه‌رف به‌ گشتی و پێداویستی به‌ هه‌بوونی سه‌رفێکی کوردی به‌ تایبه‌تی (خه‌زنه‌دار 30-29 ؛ ز 15-13) ، ته‌ره‌ماخی له‌ یه‌که‌م به‌شی کتێبه‌که‌یدا  سه‌ره‌تاکانی سه‌رفی عه‌ڕه‌بی شی ده‌کاته‌وه‌ و، دوایه‌ له‌ به‌شی دووهه‌م دا که‌ هێندێک له‌ به‌شی یه‌که‌م کورتتره‌ باسی سه‌رفی فارسی ده‌کا و ئه‌و به‌شه‌ به‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاو تێبینی له‌ سه‌ر زمانی کوردی به‌ کۆتا دینێ ( خ 53-46؛ ز66-49) و قسه‌کانی به‌ ئاماژه‌یه‌کی کورت به‌ دژوار بوونی ئه‌و زانسته‌  و گرینگی زانینی بناخه‌کانی (قه‌واعید)
کۆتایی پێ ده‌دا.
له‌ سه‌ره‌تای کاره‌که‌ی دا ، ته‌ره‌ماخی ناساندنێکی زمانی عه‌ڕه‌بی له‌ مه‌ر سه‌رف به‌کار ده‌هێنێ وه‌کوو تحویل الاصل الوحید الا امثله‌ مختلفه‌ ( وه‌رگێڕانی بنچینه‌یه‌کی تاقانه‌ به‌ بنچینه‌ی وه‌کوو یه‌کی به‌ڵام جوێ)، دوایه‌ ئه‌و ناساندنه‌ وه‌رده‌گێڕێته‌ سه‌ر زمانی کوردی  به‌ بێ شیکردنه‌وه‌ی زیاتری ئه‌و زاراوه‌یه‌ی باسی لێوه‌ کراوه‌ (خ 29؛ ز 14)؛ زۆر گشتی تر بڵێین، زاراوه‌ تێکنیکییه‌کانی زمانی عه‌ڕه‌بی به‌گشتی زۆر به‌ وورده‌ ڕیشاڵ شی نه‌کراونه‌ته‌وه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ی که‌ زمانه‌که‌ بۆ شاگرده‌کان زیاتر ئاشنا بوو بێ و ، ئه‌وانه‌ به‌ نموونه‌ی کۆنکرێت نیشان دراون.  دوای ناساندنی گشتی خۆی، ته‌ره‌ماخی باسی جیاوازی نه‌ریتی نێوان  ناو (ئیسم) ، کردار (فێعل) و، حه‌ڕه‌ف ده‌کا:، به‌ڵام لێره‌ دا به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م باسی جیاوازی مانایی ئه‌وانه‌ ده‌کا تا ئه‌وه‌ی که‌ له‌ ڕووی ڕۆنانه‌وه‌ شییان کاته‌وه‌، به‌ ڕواڵه‌ت به‌ پێی ڕه‌وتێکی نابه‌سڕه‌یی لێکۆڵینه‌وه‌ی سه‌رفی زمانی عه‌ڕه‌بی.15 جا بۆیه‌، ته‌ره‌ماخی خه‌سڵه‌تی ناوان وه‌کوو ده‌ربڕینی تاکانه‌ نیشان ده‌دا که‌ مانایه‌کی تاکانه‌ یان سابیتی له‌ مه‌ڕ خۆیان هه‌یه‌؛ کردار زاراوه‌ی ئه‌وتۆن که‌ ده‌کرێ مانای جیاوازیان لێ ده‌رکه‌وێ ( چه‌ند مه‌عنای جودا جودا ) و حه‌رف یش سه‌ربه‌خۆ مانایان نییه‌. (خ  30؛ ز 15) . له‌ ‌یه‌که‌م به‌شی سه‌رفا کورمانجی دا ،‌ که‌ به‌ته‌واوی ته‌رخان کراوه‌ بۆ زمانی عه‌ڕه‌بی، ته‌ره‌ماخی له‌ باسی شێوه‌ی جیاوازی هه‌ر کام له‌ بابه‌ته‌کانه‌وه‌ ده‌ست پێده‌کا، له‌ پێشدا ئه‌و شی ده‌کاته‌وه‌ که‌ (ئیسم) شه‌ش جۆری هه‌یه‌، دوایه‌ هه‌شت پاڕاگراف ( فوسووڵ) ته‌رخان ده‌کا بۆ ڕۆنانی کردار و له‌و به‌شه‌ دا قسه‌کانی به‌ پاڕاگرافێکی درێژ بۆ لیستی ژماره‌یه‌ک له‌ حه‌ڕفی ته‌عریفی عه‌ڕه‌بی ته‌رخان ده‌کا.
به‌شی دووه‌م ( خ 53-46 ؛ ز 66- 49) زۆربه‌ی ته‌رخان کراوه‌ بۆ سه‌رفی فارسی و کوردی. ته‌نانه‌ت ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی کورت له‌و به‌شه‌  ده‌ستبه‌جێ ده‌ری ده‌خا که‌ لێدوان له‌ سه‌ر ئه‌و دوو زمانانه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی کوێرکوێرانه‌ و مێکانێکی به‌ دووی به‌شی پێشو دا نه‌کراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ پێچه‌وانه‌ی به‌شی له‌ مه‌ڕ زمانی عه‌ڕه‌بی ، ئه‌و به‌شه‌ له‌ لێدوان له‌ (ئیسم) ه‌وه‌ ده‌ست پێناکاو به‌ دوای ئه‌و دا فێعل و حه‌ڕه‌ف؛ به‌ڵکوو، له‌ پێشدا باسی فێعل ده‌کا و به‌ دۆخی  ڕابردوو  ( فعل الماضی) ده‌ست پێده‌کا که‌ ته‌نێ وه‌ک تۆوێکی به‌ستراوه‌ به‌ لێدوان له‌ مه‌ڕ ووشه‌ڕۆنانی کرداری زمانی عه‌ڕه‌بی وه‌به‌رچاو دێ. ئه‌و پاڕاگرافه‌  نۆ پاڕاگرافی به‌ دوو دادێ بۆ باسی لایه‌نه‌ جیاوازه‌کانی گه‌ردانکردنی کردار، وه‌ک له‌ دۆخی ئێستا دا ( فعل المضارع)، ناوی چاوگی تێپه‌ڕ و تێنه‌په‌ڕ، فه‌رمان و نه‌هی، له‌ زمانی فارسی و کوردی دا، و ته‌نێ ناڕاسته‌خۆ له‌ عه‌ڕه‌بی دا: به‌ ئاسایی باسی بابه‌ته‌کانی سه‌رفی کوردی به‌ ته‌نیشت هه‌مان بابه‌ت له‌ فارسی دا شی کراونه‌ته‌وه‌، و به‌ نموونه‌یی به‌ ده‌سته‌ ووشه‌ی وه‌ک لاکین یان ئه‌مما  ( واته‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا)  ده‌ست پێده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی نووسه‌ر بییه‌وێ جیاوازی له‌ گه‌ڵ فارسی نیشان بدا. جا بۆیه‌ ته‌ره‌ماخی به‌ سه‌ر داگیراوی ده‌ڵێ ئه‌و به‌ ته‌واوی ئاگای له‌ جیاوازی سه‌ره‌کی بناخه‌یی له‌ نێوان کوردی و عه‌ڕه‌بی دا هه‌یه‌ و ، هه‌ر وه‌ها له‌ وه‌کوویه‌کی سه‌ره‌کی بناخه‌یی له‌ نێوان کوردی و فارسی دا.
ڵه‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، چاوڕاکێشه‌ ، ته‌ره‌ماخی هه‌ر باسی دۆخی ڕابردووی کرداری تێنه‌په‌ڕی  " ڕه‌فته‌ن" له‌ فارسی دا  ده‌کا و، به‌ ته‌واوی گه‌ردانکردنی دۆخی ڕابردوو له‌ کوردی دا له‌ بیر ده‌باته‌وه‌؛ ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی کردبایه‌ ، ئێمه‌ له‌وکاره‌دا  یه‌که‌م شیکردنه‌وه‌ی له‌مه‌ڕ بناخه‌ی ئێرگاتیڤ مان ده‌دۆزییه‌وه‌ که‌ کورمانجی ده‌نێو زمانناسان دا به‌ هه‌بوونی به‌نێوبانگه‌. ڕه‌نگه‌ هۆیه‌کی ئه‌و ده‌رهاویشتن و باس نه‌کردنه‌ له‌ لایه‌ن ته‌ره‌ماخی یه‌وه‌ له‌ به‌ر ئه‌وه‌ بێ، که‌ له‌ کوردی دا، ئه‌و جۆره‌ لایه‌نانه‌ی گه‌ردانکردنی کردار  وه‌ک سه‌ر به نه‌حو بیندرابن و نه‌ک سه‌رف ( به‌ پێی ناساندنی یه‌که‌می ئۆوێن له‌ مه‌ڕ نه‌حو که‌ پێشتر باس کرا)؛  به‌ڵام له‌ نه‌بوونی کاری بڵاوکراوه‌ له‌ مه‌ڕ نه‌حو  به‌ کوردی ، زه‌حمه‌ته‌ سه‌باره‌ت به‌و بابه‌ته‌ بڕیار بدرێ. هه‌ر وه‌ها لایه‌نێکی دیکه‌ی چاوڕاكێش باس نه‌کردنی  جێناوی که‌سی (زه‌میر) له‌ دۆخی که‌سی سێهه‌می تاک دایه‌ ئه‌و/ وی / وێ، که‌ ئه‌وه‌ ته‌نێ له‌ چوارچێوه‌ی جێناوی ئاماژه‌  (اسماء الاشاره‌) دا  باس کراون تا وه‌ک ئه‌وه‌ی وه‌ک جێناوی که‌سی باس بکرێن ( خ 52-51؛ ز 61). ته‌نانه‌ت زۆر سه‌رنجڕاکێشتر هیچ باس نه‌کردنی سیستمی دۆخه‌ له‌ کوردی دا، ئه‌وه‌ش له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ فارسی ئه‌وه‌ی نییه‌، یان – زۆر زیادتر وێده‌چێ – له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ کۆتایی دۆخان له‌ کوردی دا هه‌ر وه‌ک عه‌ره‌بێ وا داده‌ندرێ که‌ به‌شێک له‌ نه‌حو بێ.
له‌ ئاکام ده‌رخستن دا، ته‌ره‌ماخی جارێکی دیکه‌ گرینگی خوێندنی بنچینه‌کانی سه‌رف داده‌گرێته‌وه‌  و ده‌ڵێ ئه‌و زانسته‌ له‌ هه‌موو زانسته‌کانی دیکه‌ دژوارتر (چه‌تنتر)ه‌. (ز 66؛ خ 54). ئه‌و به‌شی دووهه‌می سه‌رفه‌که‌ی  به‌ به‌یتێک یان دوبه‌یتییه‌ک به‌ تورکی ته‌واو ده‌کا، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ له‌ به‌ر کارلێکه‌ری هێندێک کاری کێشدار له‌ سه‌ر ڕێزمانی زمانی تورکی بووبێ، ئه‌و شێعره‌ باسی گرینگی و دژواری سه‌رف ده‌کا:

سه‌رفن ئیعلالی چۆکدور بیر ده‌میر ده‌ن باش گه‌ره‌ک
ئۆکویان ده‌ڕاک گه‌ره‌ک، یا ئۆکوتان قارداش گه‌ره‌ک ( خ 54؛ ز 67) 16

سه‌رف ئاڵوگۆڕی زۆره‌، حه‌وجێی به‌ سه‌رێکی ئاسنینه‌
پێویستی  به‌ خوێنه‌ره‌وه‌یه‌کی زیره‌که‌، یان حه‌و‌جێت به‌ برایه‌که‌ پێت وه‌خوێنێ

ئه‌و قسه‌گێڕانه‌یه‌وه‌ ده‌ری ده‌خا‌ ته‌ره‌ماخی هه‌ر نه‌بێ سه‌ره‌تاکانی زمانی تورکیشی زانیوه‌ و، هه‌مان چاوه‌ڕوانیشی له‌ خوێنه‌ره‌وانی هه‌بووه‌. شاعیری کورد ئه‌حمه‌دی خانیش  هه‌بوونی زانینێکی وه‌ها له‌ سه‌ر زمانی تورکی له‌ خۆیه‌وه‌ نیشان ده‌دا به‌ پێی ئه‌و شێوه‌ ڕسته‌ تورکیانه‌ی که‌ له‌ کۆتایی به‌ندی 39ی مه‌م و زین ه‌که‌ی دا به‌کاریان ده‌هێنێ: بیلمه‌ز کی نه‌ سوێیلییه‌ زه‌بانم  ( به‌یتی 1577). به‌ هێنانه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ شێوه‌ ڕسته‌ تورکییانه‌، هه‌م خانی و هه‌م ته‌ره‌ماخی وا وه‌به‌رچاو دێ بیانه‌وێ بڵێن یان نیشان بده‌ن که‌ به‌ڵانی که‌مه‌وه‌ چڵ و نیوه‌چڵیش بێ سه‌ر له‌ زمانی تورکی ده‌رده‌که‌ن و هێندێک ئاگادارییان هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ زانستکارانه‌یانه‌ دا که‌ به‌و زمانه‌ نووسراون.
بۆچوونی ته‌ره‌ماخی یان ئیدێئۆلۆژی زمانی وی به‌گشتی  و، له‌ سه‌ر زمانی کوردی به‌تایبه‌تی، زۆر ڕوون و به‌ده‌ره‌وه‌ نییه‌، به‌ڵام له‌ کاره‌که‌ی دا‌ نیشانه‌یه‌ک که‌ گورج له‌ مێشک ده‌نێشێ  ئه‌وه‌یه‌‌ ئه‌و له‌ هیچ کوێیه‌ک ناڵێ ‌ عه‌ڕه‌بی له‌ هه‌ر ڕوویه‌که‌وه‌ ده‌بێ بڵابىێ زمانێکی له‌سه‌رتر یان به‌خاوه‌تره‌ وه‌کوو زمانی وه‌حی یان خوێندنی دینی، ته‌نانه‌ت باسی ئه‌وه‌ش ناکا که‌ زمانانی عه‌ڕه‌بی و فارسی نه‌ڕێتێکی به‌ڕێزی ئه‌ده‌بییاتێکی به‌رزتری نووسراویان هه‌یه‌. به‌ بیرو ڕای ته‌ره‌ماخی، ته‌نیا جیاوازی به‌ کرده‌وه‌ له‌ نێوان عه‌ڕه‌بی له‌ لایه‌که‌وه‌ و فار‌سی و کوردی له‌ لایه‌کی دیکه‌وه‌ ئه‌و ڕاستییه‌یه‌ که‌ زانستی سه‌رف له‌ بناوانه‌وه‌ به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی و بۆ زمانی عه‌ڕه‌بی داڕێژراوه‌ : " له‌ ڕیشه‌ و ده‌ستپێکی خۆی دا، زانستی سه‌رف به‌ عه‌ڕه‌بی بوو  وم ئه‌و زاراوانه‌ی  پێویستن بۆ ئه‌و زانستانه‌ زاراوه‌ی عه‌ڕه‌بینه‌" (خ 29؛ زنار 14). ئه‌و زمانی کوردی  و فارسی به‌ گشتی هه‌ر به‌ پێی یه‌ک بابه‌تی ڕێزمانییه‌وه‌ ده‌نرخێنێ ( که‌ هه‌ر دووکیان له‌و ڕووه‌وه‌ جیاوازی زۆریان له‌ گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی هه‌یه‌)، به‌ڵام به‌شێوه‌ی جیاواز وه‌ڕوویان ده‌خا. ئه‌و نیزیکایه‌تییه‌ک له‌ نێوان فارسی و کوردی داده‌نێ و جیاوازییه‌کی زۆر زیاتری ڕێزمانی ئه‌وان له‌ گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی وه‌ڕوو ده‌خا. ئاشکرایه‌، که‌ خه‌سڵه‌تی ئه‌و نیزیکایه‌تی و جیاوازییانه‌  له‌ ڕووی ژێنێتیکییه‌وه‌ باس ناکرێن، چونکه‌ له‌و سه‌روبه‌ندی دا ده‌زگای لێتێگه‌یشتن له‌ زمانناسیی به‌راوه‌ردکارانه‌- مێژوویی  نه‌ له‌ ئووڕووپا یان له‌ هیچ جێیه‌کی دیکه‌ دا به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بوو و ئه‌و بۆچوونه‌ له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا پشکووت. ئه‌گه‌رچی سه‌رفا کورمانجی به‌ ئاشکرایی مه‌سه‌له‌ی جیهانی بوونی بابه‌ته‌ ڕێزمانییه‌کان ناهێنێته‌ گۆڕێ، به‌و شێوه‌یه‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی ئه‌و بابه‌تانه‌ی گه‌ڵاڵه‌ کردوون ئه‌و پرسیاره‌ ده‌هێنێته‌ گۆڕێ  داخودا  تا چ ڕاده‌یه‌ک ئه‌و په‌یڤانه‌ی بۆ سه‌رفی عه‌ڕه‌بی پێشخران چۆن له‌ مه‌ڕ زمانه‌ کانی دا به‌کار بهێندرێن وه‌کوو زمانی کوردی و فارسی، که‌ جیاوازییه‌کی به‌رچاوی بناخه‌یی له‌ خۆیانه‌وه‌ نیشان ده‌ده‌ن له‌گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی.
وا وه‌به‌رچاو دێ ته‌سریف به‌ شێوه‌یه‌کی ته‌واو وه‌سفی و به‌ پێی زاراوه‌ی زمانناسی باسی ئه‌و سێ زمانانه‌ بکا. ئاشکرایه‌، بۆ ته‌ره‌ماخی، زمانی عه‌ڕه‌بی، وه‌کوو زمانی وه‌حی، ده‌بێته‌ بابه‌تی یه‌که‌می شیکردنه‌وه‌ی.هه‌ر ئاواش، ئه‌و په‌یڤه‌ زانستییانه‌ی ده‌کاریان ده‌کا زۆربه‌یان ڕیشه‌ی عه‌ڕه‌بییان هه‌یه‌ و ، ئه‌و عه‌ڕه‌بی نه‌ک هه‌ر وه‌ک بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ی ڕێزمانی، به‌ڵکوو وه‌کوو مۆدێلێک بۆ شیکردنه‌وه‌ی فارسی و کوردی به‌کار ده‌هێنێ ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، جگه‌ له‌و لایه‌نه‌، سه‌رفا کوردی له‌ هیچ کوێ دا به‌هیچ جۆر ناڵێ عه‌ڕه‌بی سه‌رتر بێ، پرێستیژی زیاتر بێ یان پیرۆز بێ له‌ چاو کوردی یان فارسی؛ له‌وه‌ش ده‌رچێ ، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی که‌ وێده‌چێ ئه‌و ته‌واو ئاگای له‌ پێوه‌ندی نیزیکی نێوان کوردی و فارسی دا هه‌بێ، به‌ڵام له‌ هیچ جێیه‌ک نیشان نادا که‌ ئه‌و کوردی ته‌نێ به‌ له‌هجه‌یه‌کی فارسی بزانێ،هه‌ر وه‌ها ئه‌و کوردی وه‌کوو شێوه‌یه‌کی فارسی نابینێ که‌ به‌ تێکه‌ڵاوی به‌رچاو له‌گه‌ڵ عه‌ڕه‌بی و/یان زمانانی دیکه‌ شێوابێ، به‌ پێچه‌وانه‌ی  ئه‌وه‌ی بایه‌زیدی ‌ له‌ نووسینه‌که‌ی دا عادات و ڕوسوومه‌تنامه‌ 17 دا  ده‌ڵێ، ته‌ره‌ماخی هه‌ر سێک زمانه‌کان یه‌کسان چاو لێده‌کا و وه‌ک لۆغه‌ت، لیسان، یان زمان ئاماژه‌ به‌ هه‌ر سێکیان ده‌کا.

2. به‌کارهێنانی کوردی وه‌کوو شێوه‌زمانی ناڕه‌سمی بۆ خوێندن له‌ مه‌دره‌سه‌ ئایینییه‌کان
گرینگی کولتووری ته‌سریفی ته‌ره‌ماخی یه‌کجار زۆر له‌وه‌ زیاتره‌ که‌ له‌ لێ ڕوانینی یه‌که‌م  دا هه‌ر به‌ ده‌قێکی سه‌ره‌تایی دابندرێ به‌ قه‌واره‌ و نێوه‌رۆكێکی که‌مه‌وه‌. ئه‌و شوێنه‌واره‌ وه‌کوو یه‌که‌م په‌خشانی ئامووزشتی که‌ به‌ کوردی نووسرابێ و وه‌کوو یه‌که‌م حه‌ولدان بۆ شیکردنه‌وه‌ی ڕێزمانی کوردی ده‌سه‌لمێنێ و به‌کارهێنانی کوردی له‌ شێوه‌زمانێکی نا ڕه‌سمییه‌وه‌ به‌ره‌و بوون به‌ زمانی خوێندن واته‌ پێواژۆی ڤێرناکیولاریزه‌یشن ی نیشان ده‌دا. ڤێڕناکیولاریزه‌یشن واته‌ دیارکه‌وتنی به‌کارهێنانێکی نوێی ئه‌ده‌بی زمانێک به‌ مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌ و ئه‌ده‌بییاتی به‌رز؛ ئه‌و پێواژۆیه‌، ئه‌من پێم خۆشه‌ لێره‌ دا لێی زیاد بکه‌م، نیشانه‌ی قۆناخی سه‌ره‌تاییه‌ له‌ په‌یدا بوونی ووشیاریی مۆدێڕنی کوردی له‌ سه‌ر بنه‌مای زمان. ئه‌گه‌ر ئه‌و گریمانه‌یه‌ دروست بێ،ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد نه‌ک هه‌ر ده‌گاته‌وه‌ زه‌مانی زۆر دوورتری که‌ هه‌تا ئێستا وا داندراوه‌، به‌ڵکوو ده‌شکرێ بگوترێ ‌ ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ده‌گاته‌وه‌ گۆڕانی ئاکاری زمانی ناوچه‌یی تا ئه‌وه‌ی له‌ ژێر کارتێکه‌ری ئیدێئۆلۆژیی هاورده‌ی نوێ دا په‌یدا بووبێ.
هه‌ر وه‌ک شێڵدۆن پۆڵاک ده‌ڵێ، ڤێرناکیولاریزه‌شن دیارده‌یه‌کی تاقانه‌ی مۆدێڕن یان ئوڕووپایی نییه‌ 18. بۆ زۆربه‌ی خوێنه‌ره‌وانی ئه‌م ووتاره‌، ڕه‌نگه‌ نموونه‌ی هه‌ره‌ ئاشنای فێرناکیولاریزه‌یشن بێ گومان په‌یدا بوونی زمانه‌ ڕۆمانسه‌کان بێ وه‌کوو ئامرازی ئه‌ده‌بییاتی به‌رز له‌ سه‌ده‌ی 10/11ی زایینی دا؛ به‌ڵام پۆڵاک ده‌ڵێ، پێواژۆیه‌کی به‌ گشتی شیاوی به‌راورد کردن هه‌ر له‌هه‌مان سه‌ر و به‌ندان دا له‌ شێوه‌ ویشکاڕۆ (شێوه‌ قاڕه‌)ی هێندووستان دا  ڕوویدا، که‌ له‌وێ زمانه‌ ناوچه‌ییه‌کانی وه‌کوو کاننادا، تامیل و تێلوگۆ  به‌ ته‌نیشت ، یان له‌ جیات سانسکریت ی کلاسیکی که‌ زمانی خوێندن و ئه‌ده‌بییات بوو  به‌کار هێندران. که‌ وابێ، ڤێرناکیولاریزه‌یشن زۆر جار – به‌ڵام نه‌ک هه‌میشه‌- بریتی بووه‌ له‌ جێگرتنه‌وه‌ی ڕاسته‌وڕاستی زمانه‌ دنیا گره‌وه‌ و ئه‌وپه‌ڕ هه‌ریمییه‌کانی وه‌کوو لاتین یان سانسکریت له‌ لایه‌ن زمانێکی قسه‌پێکردنه‌وه‌. له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م، ده‌کرێ پله‌یه‌کی نوێ له‌ ڤێڕناکیولاریزه‌یشن ببیندرێ، نه‌ک هه‌ر له‌ ئیمپراتۆری عوسمانی دا، به‌ڵکوو ته‌قریبه‌ن له‌ سه‌ر هه‌موو گۆی زه‌وی.له‌ خاک و که‌وشه‌نی عوسمانی دا ، شێوه‌زاره‌ نووسراوه‌کانی یۆنانی و تورکی سه‌ره‌یان هه‌ڵێنا که‌ زۆر له‌و زمانه‌ ڕه‌سه‌نانه‌ی که‌ خه‌ڵک پێیان ده‌دوان نیزیکتر بوون،واته‌ له‌ یۆنانیی کۆینه‌ که‌ کلیسای ئۆرتۆدۆکس به‌کاری ده‌هێنا و له‌ تورکیی عوسمانی قورس و هه‌تا بڵیی پێچه‌ڵپێچ که‌ له‌ چوارچێوه‌ی بوروکڕاسی ده‌وڵه‌تی دا به‌کار ده‌هات.
ڕه‌هه‌ندێکی گرینگی ئه‌و پێواژۆی ڤێڕناکیولاریزه‌یشنه‌ که‌ پۆلاک له‌ کتێبه‌که‌ی دا زۆری لێوه‌ نه‌دواوه‌ بریتییه‌ له‌ ئیذێئۆلۆژییه‌ زمانییه‌کان، واته‌ تیۆری جه‌ماوه‌ری سه‌باره‌ت به‌ زمان و چۆنێتی کارکردی له‌ دنیای (کۆمه‌ڵایه‌تی) دا. له‌ماوه‌ی چه‌ند ده‌ساڵی ڕابردوو دا ، ئیدێئۆلۆژییه‌ زمانییه‌کان له‌ زمانناسی مه‌ردمناسانه‌ دا بوون به‌ ئامرازی به‌هێزی شیکردنه‌وه‌. ئه‌گه‌ر چه‌ند نموونه‌یه‌ک باس بکه‌ین: بۆ وێنه‌ ده‌گوترێ ‌ جیاوازی نێوان ئه‌تۆ و ئێوه‌ له‌ زمانی فه‌ڕانسه‌یی دا و جێگرتنه‌وه‌ی شێوه‌ی به‌ ئه‌ده‌بانه‌ی  (ئێوه‌) وه‌ک جێناوی که‌سی دوویه‌می تاک له‌ ئاکامی ئیدێئۆلۆژیی‌ ئاکاری به‌ئه‌ده‌بانه‌ی زمانی دا هاتووه‌ته‌ کایه‌وه‌.19 بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ی ئێمه‌ لێی ده‌کۆڵینه‌وه‌ ئه‌و پرسیاره‌ سه‌ره‌کییه‌ی  که‌ ده‌بێ ووڵام بدرێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌‌ پێواژۆی ڤێرناکیولاریزه‌ێشن ی کوردی  داخوادا هاوڕێ بوو له‌ گه‌ڵ  گۆڕانی گرینگ له‌ ئیدێئۆلۆژی زمانی دا یان نا و ئه‌وه‌ به‌ چ شێوه‌یه‌ک ڕوویدا، به‌ تایبه‌تی له‌مه‌ڕ خه‌سڵه‌ت و پله‌ی زمانی کوردی. ئه‌و گۆڕانانه‌ی به‌ کرده‌وه‌ به‌ به‌کارهێنانی کوردی بۆ بابه‌تی ئه‌ده‌بی نوێ هاتنه‌ گۆڕێ و ئه‌و گۆڕانه‌ بناخه‌ییانه‌ی له‌و ڕه‌وته‌ تازه‌یه‌ دا ده‌رکه‌وتن  به‌ره‌و ئاسایی کردن ( و، ڕه‌نگه‌، یه‌کگرتن)ی زمان له‌ گه‌ڵ چ جۆره‌ ئیدێئۆلۆژی زمان ده‌گونجان، به‌ تایبه‌تی له‌ مه‌ڕ پێوه‌ندیی زمانی کوردی به‌ عه‌ڕه‌بی و فارسی یه‌وه‌،  واته‌ دوو زمانی به‌ پرێستیژی دنیاگره‌وه‌ی که‌ بۆ په‌روه‌رده‌ی دینی و ئه‌ده‌بییاتی به‌رز به‌کار ده‌هاتن له‌ نێوان ده‌سته‌ موسوڵمانه‌کانی نێو ئیمپڕاتۆری دا؟ یه‌کێک له‌ قسه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی که‌ له‌ خواره‌وه‌ پارێزگاری لێده‌که‌م ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیدێئۆلۆژژه‌ تازه‌ زمانییه‌کان  که‌ زمانه‌ قسه‌پێکردنه‌ خۆجێییه‌کانیان به‌ڕز کرده‌وه‌ له‌ ئاست زمانه‌ نووسراوه‌ دنیاگره‌وه‌کان بریتین له‌ یه‌کێک له‌ تازه‌کارییه‌کانی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م  و به‌م پێیه‌ یه‌ک له‌ پێشمه‌رجه‌ نێوه‌ندییه‌کانی ناسیۆنالیزم ن له‌ سه‌ر بنه‌مای زمان. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، لێره‌،ئه‌من هه‌ر ته‌نێ ده‌توانم به‌ گشتی له‌و ئیدیعایه‌ بدوێم به‌ باس کردنی کاری چه‌ند نووسه‌ری کورد که‌ به‌ شێوه‌زارێکی تاقانه‌ی کوردییان نووسیوه‌، به‌ له‌ به‌رچاو گرتنی ئه‌و پرسیاره‌ گشتییانه‌،با ئێستا چاوێک بخشێنن به‌ پله‌ی په‌روه‌رده‌ی کوردی له‌ مه‌دره‌سان  [ له‌م نووسراوه‌یه‌ دا  خوێندنی مه‌دره‌سه‌، له‌ هه‌موو شوێنێک مه‌به‌ست له‌ خوێندنی ئایینییه‌ له‌ مزگه‌وتان. وه‌رگێڕ‌] له‌ کوردستان له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م دا. ئه‌و ده‌می عه‌ڕه‌بی و فارسی به ‌به‌ربڵاوی ده‌کار ده‌کران و حورمه‌تیان ده‌گیرا،یه‌که‌میان بۆ خوێندنی دینی و ئه‌وی دییان بۆ شێعر. ئاشکرایه‌‌ زمانی عه‌ڕه‌بی یه‌ک له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بوو که‌ له‌ مه‌دره‌سان دا ده‌خوێندرا؛ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، فارسی سه‌ره‌ڕای پڕێستیژه‌که‌ی نه‌یده‌توانی شان له‌ شانی عه‌ڕه‌بی بدا و ئه‌و ڕه‌سمییه‌ته‌ی نه‌بوو: ئه‌و جۆره‌ی خه‌لیل ئینالجیک باس ده‌کا عوله‌مای عوسمانی خوێندنی فارسییان له‌ مه‌دره‌سان دا قه‌ده‌غه‌ کرد بوو و ته‌نێ،‌ ته‌کیه‌ و کونجی سۆفیان بوون به‌ نێوه‌ندی فێربوونی ئه‌و زمانه‌.21 به‌پێچه‌وانه‌، تورکیی نووسراو، وێده‌چێ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ زمانی بوروکڕاسی ده‌وڵه‌ت بووبێ به‌ڵکوو له‌ چه‌ند بواری دیکه‌ش دا له‌ ئوستانه‌ کوردییه‌کانی ئیمپڕاتۆری دا بره‌وی هه‌بووبێ. (و، هه‌ر وه‌ها، ده‌بێ ئاماژه‌ی پێ بکرێ ، ته‌نانه‌ت جێگرتنه‌وه‌ی فارسی به‌ تورکی وه‌ک زمانی ده‌رباری عوسمانی  ئه‌و ده‌می به‌ڕێژه‌ تازه‌ دستی پێکرد بوو). تورکی له‌وانه‌یه‌ وه‌ک زمانی نووسینی حکوومه‌ت و، وه‌ک زمانی قسه‌ پێ کردنی هێندێک له‌ کۆنفێدراسیۆنه‌ عه‌شیره‌تییه‌کانی هه‌رێم گرینگ بووبێ، به‌ڵام وه‌کوو ئامرازی خوێندن و له‌ بواری ئه‌ده‌بی دا  شانی له‌ شانی عه‌ڕه‌بی و فارسی نه‌ده‌دا. سه‌رنجڕاکێشه‌، چه‌ندین سه‌رچاوه‌ باس ده‌که‌ن زۆر باو بوو ‌ ته‌له‌به‌ کورده‌کانی مه‌دره‌سه‌ درێژه‌ به‌ خوێندنی عه‌ڕه‌بی بده‌ن ( به‌ گشتی له‌و شوێنانه‌ی له‌به‌ر ده‌ست سونییان دا بوون) له‌ شارانی وه‌ک مووسڵ، به‌غدا، به‌سڕه‌، دیمیشق و، هه‌ڵبه‌ت مه‌ککه‌ و مه‌دینه‌، تا ئه‌وه‌ی که‌ بچنه‌ ئه‌و شوێنانه‌ی ‌له‌ نێوه‌نده‌ تورکی و تورک زمانه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی نیزیکتر بوون.
نووسه‌ره‌ به‌راییه‌کان ئاماژه‌ به‌ خه‌سڵه‌تی جیاوازی خوێندن و په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی کوردی ده‌که‌ن؛ وه‌ک کاتیبی چه‌ڵه‌بی که‌ له‌ کتێبه‌که‌ی دا؛ میزانولحوقووق ده‌ڵێ‌ زانستی مه‌نتیق له‌ هه‌موو جێیه‌کی ئیمپڕاتۆری دا له‌ کورتێی دابوو جگه‌ له‌ کوردستان نه‌بێ22. زۆر له‌ سه‌رده‌مێکی تازه‌تر دا، خاڵید ئه‌لڕوعه‌یحه‌ب نووسیویه‌ که‌ زانسته‌ عه‌قڵییه‌کان، له‌ هه‌موان گرنگتر مه‌نتیق، له‌ نێو ئیمپراتۆری عوسمانی دا زۆر به‌ سوێوه‌ ده‌خوێندرا و، به‌ تایبه‌تی له‌ ئوستانه‌ کورد نشینه‌کان دا و، له‌واندا زۆر زیاتر له‌وه‌ درێژه‌ی کێشاوه‌ که‌ هه‌تا ئێستا پێی زاندراوه‌. ئه‌و، له‌ ئاست ئه‌و بۆچوونه‌ به‌ربڵاوانه‌ی که‌ پێیان وایه‌ له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م دا ده‌مارگرژی و فاناتیزمی دینی به‌ سه‌ر په‌روه‌رده‌ی فه‌لسه‌فی دا زاڵ بووه‌، به‌ڵگه‌ی جێی باوه‌ڕ و پته‌و به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا که‌ ده‌یسه‌لمێنێ له‌ ڕاستیدا خوێندنی زانسته‌ مه‌عقووله‌کان له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م دا زیادی کردووه‌23 ئه‌و هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌ ده‌کا به‌ ژماره‌یه‌کی گرینگ له‌ زانای کورد که‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا له‌ سه‌ر مه‌نتیق کاریان کردوه‌، هه‌م له‌ ناوچه‌ کورد نشینه‌کان و هه‌م له‌ شوێنه‌کانی دیکه‌ی ئیمپراتۆری و، پێی وایه‌ ئه‌و باڵاده‌ستییه‌ی کوردان له‌ به‌ر هاتنی زانای کوردی سوننی بووه‌ بۆ نێو خاکی عوسمانی که‌ وه‌ک په‌نابه‌ر خۆیان له‌ ده‌ست سه‌فه‌وییه‌کانی ئێران ڕزگار ده‌کرد که‌ حه‌ولی ده‌دا به‌ زۆری سوننییه‌کان له‌ مه‌زه‌بی خۆیان وه‌رگه‌ڕێنێ ( ff2008:210).
جگه‌ له‌و گوڵکردنی به‌ ڕواڵه‌تی په‌روه‌رده‌ له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌می کوردستان دا، به‌ڵگه‌ی دیکه‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشوه‌چوونێکی دیکه‌ی سه‌ره‌تای خوێندنی مۆدێڕن و کولتوری مه‌دره‌سه‌ی کوردی به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌، که‌ نه‌ ئینالجیک و نه‌ ئه‌لڕوعه‌یحه‌ب باسیان لێوه‌ نه‌کردووه‌،که‌ له‌وانه‌یه‌ به‌ هه‌مان گرینگی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ بێ که‌ ئه‌وان باسیان ده‌که‌ن ئه‌گه‌ر له‌وان گرینگتر نه‌بێ: ئه‌ویش بریتییه‌ له‌ گۆڕانێکی به‌ربڵاوتر به‌ره‌و به‌کارهێنانی کوردی  وه‌کوو ئامرازێک هه‌م بۆ خوێندنی زاره‌کی و هه‌م به‌ نووسراوی مه‌دره‌سه‌کان. ئه‌وه‌نده‌ به‌ڵگه‌ که‌مه‌ی که‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ده‌یسه‌لمێنێ  هه‌تا کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م، زمانی کوردی ده‌کار ده‌کرا، زیاتر بۆ شه‌رحی زاره‌کی ئه‌و ده‌قانه‌ی به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی نووسرا بوون. حه‌سه‌نپوور (1992:73) ده‌ڵێ کوردی هه‌میشه‌ له‌ ڕووی زاره‌کییه‌وه‌ به‌ کار ده‌هات بۆ شه‌رحی ده‌قی ئه‌و کتێبانه‌ی به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی بوون و، داهێنانی کتێبی ده‌قی کوردی به‌  " ووڵامێک بۆ  به‌جێهێنانی پێداویستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌" هه‌ڵده‌سه‌نگێنێ؛ به‌ڵام به‌ ووردی ڕوون نییه‌  ئه‌و قسه‌ " به‌ڕواڵه‌ت به‌جێ یه‌" پشت به‌ چ سه‌رچاوه‌یه‌ک ده‌به‌ستێ. له‌ ڕاستیدا، به‌ڵگه‌ی ئه‌تۆ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ ، که‌ به‌ لانی که‌مه‌وه‌ له‌ زۆربه‌ی مه‌دره‌سه‌ گرینگتره‌کانی شاره‌کان و مه‌دره‌سه‌کانی سه‌ر به‌ ده‌ربار، عه‌ڕه‌بی و فارسی  زمانانی سه‌ره‌کی بوون بۆ خوێندن ( و، ڕه‌نگه‌ زمانی سه‌ره‌کی ده‌رس دادانیش بووبن) له‌ سه‌روبه‌ندی کۆنتره‌وه‌. بۆ وێنه‌، ئه‌ولیای چاڵه‌بی له‌ شوێنێکی دیکه‌ی سه‌فه‌رنامه‌که‌ی دا بۆ ئوستانه‌ کوردنشینه‌کان له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م دا ئاماژه‌ ده‌کا به‌ ئه‌وه‌ی که‌ عوله‌مای ناوچه‌یی به‌ کوردی شێعر ده‌نووسن، به‌ڵام له‌ هیچ کوێی نووسینه‌که‌ی دا ئه‌و نه‌ باسی کاری په‌خشانی کوردی ده‌کا و نه‌ له‌سه‌ر ڕۆیشتنی زیاتر سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهێنانی کوردی بۆ کاری ئه‌ده‌بی  له‌و شوێنانه‌ی ئه‌و سه‌ری لێداون."24
له‌ جیاتیان، له‌ باسکردنی شاری بیتلیس دا ، که‌ ئه‌و ده‌می میرێکی ناوچه‌یی کورد‌، به‌ نێوی عه‌بداڵ خان فه‌رمانڕه‌وایی به‌سه‌رد دا کردووه‌، چه‌ڵه‌بی مه‌هاره‌ت و لێزانی که‌سانیی سه‌رده‌ستی ناوچه‌یی له‌ زمانی عه‌ڕه‌بی و فارسی داده‌گرێته‌وه‌ و له‌ سه‌ر عه‌بداڵ خانی فه‌رمانڕه‌وا ده‌نووسێ:

     " وه‌کوو شاعیرێک بۆ زه‌مانی خۆی بێ وێنه‌یه‌ و ڕقه‌ به‌ری له‌ گه‌ڵ عه‌زمیزاده‌ی حاڵه‌تی و جامی و حافیز و سائیب ده‌کا له‌ نووسینی قه‌سیده‌ و چوارینه‌ دا... ئه‌گه‌ر ئه‌و کتێبێکی عه‌ڕه‌بی به‌ ده‌سته‌وه‌ بگرێ، ڕاسته‌و ڕاست ده‌توانێ وه‌ریگێڕێته‌ سه‌ر فارسی و بێ هه‌ڵه‌ و به‌ جوانی بیخوێنێته‌وه‌؛ و ئه‌و هه‌ر وه‌ها ده‌توانێ به‌ عه‌ڕه‌بی یان فارسییه‌کی ڕه‌وان مێژووه‌ تورکییه‌کان بگێڕێته‌وه‌" ( 18-14 a 228)؛ وه‌رگێڕانی ئینگلیسی دانکۆف (1990:97).

به‌ڵام چه‌ڵه‌بی ته‌نێ هه‌ر له‌ سه‌ر توانایی و به‌هره‌ی میر بۆ زانینی فارسی و عه‌ڕه‌بی پێ داناگرێ به‌ڵکوو له‌مه‌ڕ مه‌دره‌سه‌ ناوچه‌یه‌کانیش، چاودێرییه‌کانی خۆی ئاوا ده‌گێڕێته‌وه‌:

   " شاگرد مه‌دره‌سه‌کان [ له‌ بیتلیس] ژیر و ووشیارن، نه‌جیوزاده‌ن و له‌چاو ته‌مه‌نیان چاک پێ گه‌یشتوون، به‌ له‌ به‌ر کردنی دیوانی حافز و گوڵستان و بۆستانی  (سه‌عدی) و دیوانی فوزوولی و سائیب؛ دیاره‌ هه‌ڵبه‌ت ئه‌وان به‌ پێشکه‌وتوویی منداڵان نین له‌ ووڵاتانی عه‌ره‌بی له‌ بابه‌تی وه‌کوو ئه‌ده‌بی عه‌ڕه‌بی دا ( کیتابی عه‌ڕه‌بییات ده‌) و له‌ به‌ر کردنی قورئان دا". ( 16-3a235 وه‌رگێڕانی ئینگلیسی دانکۆف (1990:153).

وا وێده‌چێ ئه‌ولیای چه‌ڵه‌بی بییه‌وێ بڵێ که‌، ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌و شاگردانه‌ی له‌ قۆناخه‌کانی هه‌ره‌ سه‌ره‌تای خوێندنی دیننیه‌وه‌ ده‌ستیان پێکردووه‌ ، له‌ مه‌دره‌سه‌کانی بیتلیس دا خوێندنی عه‌ڕه‌بی و فارسی هه‌م وه‌ک بابه‌تی خوێندن و هه‌م وه‌ک زمانی خوێندن ده‌کار کراون. کوردی له‌وانه‌ و له‌وانه‌ش نییه‌ که‌ وه‌ک زمانی شه‌ڕح کردن و لێکدانه‌وه‌ی ده‌قه‌ نووسراوه‌کان به‌کار هاتبێ؛ به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌کی کۆنکرێت به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بیسه‌لمێنێ له‌و سه‌رده‌مه‌ له‌ ڕاستییدا چ وه‌ک زمانی زاره‌کی یان له‌ شێوه‌ی نووسراو دا به‌کار هاتبێ. هه‌ر ئاواش، کاره‌ مێژووییه‌ هه‌ره‌ به‌راییه‌کانی که‌ له‌ سه‌ر کوردان نووسراون، وه‌کوو شه‌ڕه‌فنامه‌ی شه‌ڕه‌ف خان و هه‌شت به‌هه‌شت ی ئیدریسی چه‌ڵه‌بی، به‌ زمانی فارسی نووسراون و نه‌ک به‌ زمانی کوردی. ئه‌گه‌رچی ده‌قی کورمانجی به‌ شێوازی هۆنراوه‌ و به‌ نێوه‌رۆکی دینییه‌وه‌ له‌ سه‌ده‌ به‌راییه‌کان دا نووسرا بوون له‌ لایه‌ن نووسه‌رانی وه‌ک عه‌لی حه‌ریری، فه‌قێیێ ته‌یران و مه‌ڵایێ جزیری و – زۆر پێوه‌ندیدارتر به‌ باسه‌که‌وه‌ - مه‌ولوودا کورمانجی مه‌لای باته‌یی ، که‌ ده‌گاته‌وه‌ سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م، به‌ڵام هیچ نیشانه‌یه‌ک به‌ده‌سته‌وه‌ نییه‌ نیشان بدا که‌ ئه‌و کارانه‌ به‌تایبه‌تی  ڕوویان له‌ ته‌له‌به‌ی مه‌دره‌سه‌کان بووبێ. 25 ده‌قی مه‌ولوودنامه‌ی شێعری و، تا ڕاده‌یه‌کی که‌متر " عه‌قیده‌کان" یان " ده‌ربڕینه‌ باوه‌ڕییه‌کان" به‌ زۆر له‌ زمانه‌ ڕه‌سه‌نه‌ خۆجێیه‌کان هه‌بوون، به‌ ڕێژه‌ له‌ زه‌مانی پێشووتر دا،وه‌کوو، ئی هه‌ره‌ به‌نێوبانگیان مه‌ولوود [نامه‌]ی سوله‌یمانی چه‌ڵه‌بی که‌ له‌ سه‌ده‌ی چارده‌هه‌م  دا به‌ زمانی تورکی نووسراوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وێناچێ، ئه‌و ده‌قانه‌ به‌ تایبه‌تی ته‌رخان کرا بن بۆ به‌رده‌نگی خوێنده‌وار له‌ مه‌دره‌سه‌کان دا. به‌ له‌ به‌رچاوگرتنی ئه‌و به‌رته‌نگییانه‌ی وا عوله‌ما له‌ مه‌دره‌سه‌کان دا بۆ زمانی فارسییان دانابوو که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دا ئاماژه‌ی پێ کرا، له‌ ڕاستییدا زۆر وێده‌چێ که‌ کاره‌ فارسی و تورکییه‌کان  له‌ ته‌کیه‌ و کونجی سۆفیان دا خوێندرابن و هه‌ر وه‌ها له‌ مه‌دره‌سان؛ ئه‌وه‌ ئه‌و کارانه‌ش که‌ به‌ زمانی کوردی بوون وه‌به‌ر ده‌گرێ که‌ هه‌م ئاموزشتی بوون و هه‌م خه‌سڵه‌تی شێعرییان هه‌بووه‌، وه‌کوو مه‌لوودی باته‌یی و دیوانی جزیری. به‌ کورتی، ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن ده‌یسه‌لمێنن فارسی زمانی زاڵ بووه‌ بۆ کارکردی ئه‌ده‌بی ناوچه‌یی  و، عه‌ڕه‌بیش  زمانی زاڵ بووه‌ بۆ خوێندن و په‌روه‌رده‌ی دینی.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌ره‌و کۆتایی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م ده‌بوو ئه‌و بار و دۆخه‌ بگۆڕدرێ؛ به‌ڵام وا وێده‌چێ ئه‌و گۆڕانه‌ به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م له‌ مه‌دره‌سه‌کانی ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران ڕووی دابێ تا له‌ نێوه‌نده‌ گه‌وره‌تره‌ شارییه‌کان.‌  مه‌ده‌ره‌سه‌کانی شار زۆر له‌ نیزیکه‌وه‌ به‌ کاربه‌ده‌ستانی ئیداره‌ی عوسمانی به‌سترابوونه‌وه‌ و، ئه‌و مه‌دره‌سانه‌ی له‌ فه‌رمانڕه‌وایانی خۆجێیی نیزیک بوون ئه‌وان پشتیوانیان لێ ده‌کردن، له‌ ناوچه‌کانی ده‌ره‌وه‌ی شاران مه‌دره‌سه‌ی  جۆر به‌جۆر و له‌ هه‌رێمی کوردستان حوجره‌ی پچووکتر هه‌بوون، که‌ به‌شێک بوون له‌ مزگه‌وتی گونده‌کان ، که‌ له‌و حوجرانه‌ دا ته‌له‌به‌ به‌ ده‌رجه‌ی یه‌که‌م بۆ ئه‌وه‌یان ده‌خوێند ببنه‌ مه‌لای دێیه‌کان. به‌پێی نووسینی ڤان بڕاونێسن (1998:24)، ئه‌و مه‌دره‌سانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی شاران  ده‌ورێکی سه‌ره‌کییان گێڕا  له‌ په‌یدا بوونی ووشیاریی نه‌ته‌وه‌یی کورد دا. ڤان بڕاونێسن ده‌ڵێ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شاگردی ئه‌و مه‌دره‌سانه‌ پێشینه‌ی جۆر به‌جۆری بنه‌ماڵه‌ییان هه‌بوو، ڕه‌وتێکی ئاوایان ده‌ نێو دا به‌دی ده‌کرا که‌ جیاوازه‌ شیاوه‌کانی هه‌رێمی، کۆمه‌ڵایه‌تی و پێشینه‌ی عه‌شیره‌تی خۆیان زه‌ق نه‌که‌نه‌وه‌ و ده‌وڕێکی کاریگه‌ریان هه‌بوو بۆ  پێک هێنانی زمانێکی هاوبه‌شی کوردی، خانی، ته‌ره‌ماخی و، خاڵقاتینی گشتیان وا وه‌به‌رچاو دێ  که‌ هه‌م خۆیان ڕیشه‌یان له‌و جۆره‌ مه‌دره‌سه‌ چکۆڵانه‌ی لادێ ئاوی خواردبێته‌وه‌ و هه‌میش یارمه‌تی گرینگیان کرد بێ به‌ بره‌و پێدانی ئه‌وان. جا چ به‌ ساز کردنی مه‌دره‌سه‌ له‌ گونده‌کانی بوومی خۆیان یان به‌ ڕێگای نووسینی کاری ئاوای که‌ به‌ به‌ربڵاوی له‌ مه‌دره‌سه‌ی گونده‌کان دا که‌لکیان لێ وه‌رگێرا.
جا، ئه‌وه‌ له‌و سه‌روبه‌نده‌ دا بوو که‌ ده‌قی هه‌ره‌ کۆن به‌ زمانی کوردی که‌ به‌تایبه‌تی به‌ مه‌به‌ستی به‌کار هێنانی له‌ لایه‌ن ته‌له‌به‌ی مه‌دره‌سه‌کان گه‌ڵاڵه‌ کرا بوو نووسرا : قامووسی به‌ قافییه‌ی عه‌ڕه‌بی – کوردی  ئه‌حمه‌دی خانی ، نووبهارا پچووکان. ماوه‌یه‌کی کورت دوای ئه‌وه‌ و بۆ قۆناخی سه‌ره‌تایی په‌روه‌رده‌ی مه‌دره‌سه‌، خانی عه‌قیده‌یا ئێمانێ ی نووسی، ده‌قێکی به‌قافیه‌ی عه‌قیده‌ که‌ ته‌نێ هه‌ر بریتی نه‌بوو له‌ ده‌ربڕینێکی شه‌خسی  له‌ مه‌ڕ باوه‌ڕی به‌ڵکوو ده‌قێکی هاسان بوو بۆ ده‌رسدادانی خه‌ڵک سه‌باره‌ت به‌ نه‌ریتی دینی. وه‌کوو نووبه‌هار، ئه‌و ده‌قه‌ش به‌ قافییه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌ر کردنی هاسان بێ؛ به‌شێکی به‌رچاو له‌و کاره‌، هه‌ر نه‌بێ ئه‌و به‌یتانه‌ی  ده‌نگیان وه‌یه‌ک ده‌چێ ، له‌ کاره‌که‌ی دواتری شێعری مه‌سنه‌وی خانی ، واته‌ له‌ مه‌ه‌م و زین یش دا  ده‌رده‌که‌وێ ( به‌تایبه‌تی له‌ به‌نده‌کانی 2 تا 4 دا).26 ئه‌و کاره‌ پێشه‌کییانه‌  ده‌قێکی به‌ڕێژه‌ کورتی به‌قافییه‌یان به‌ دوا داهات  ، به‌ناوی  نهج الانعام  به‌ قه‌ڵه‌می مه‌لا خه‌لیلی سێرتی ( 1843- 1754)، که‌ ئه‌ویش سه‌باره‌ت به‌ سه‌ره‌تاکانی ئیمان (عه‌قیده‌) ه‌.27 به‌ ڕواڵه‌ت، هیچ نووسینێکی دیکه‌ی سێرتی نه‌گه‌یشتووه‌ته‌ ده‌ست ئێمه‌؛ به‌ڵام به‌ پێی نووسینی زنار ( 1993:79)، سێرتی به‌ گشتی 25 کتێبی نووسیوه‌، که‌ 8ی ئه‌وان به‌ کوردی بوون، زۆر به‌ تایبه‌تی تر زنار ده‌ڵێ سێرتی نووسه‌ری کارێک بووه‌ به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی سه‌باره‌ت به‌ مه‌نتیق ، به‌ ناوی عیساقووژی؛ دروستتر ئه‌وه‌یه‌ بڵێین ئه‌وه‌ لێکدانه‌وه‌یه‌کی کورته‌ سه‌باره‌ت به‌ کارێکی ئه‌لئه‌نباری هه‌ر به‌ هه‌مان نێو که‌ له‌ ئیمپراتۆری عوسمانی دا به‌ به‌ربڵاوی به‌ کار ده‌هات.28
جگه‌ له‌و کتێبی خوێندنه‌ به‌قافییانه‌، چه‌ندین کاری کورتی په‌خشانیش  له‌ مه‌ڕ ڕێزمانی  عه‌ڕه‌بی – و تا ڕاده‌یه‌کی که‌متریش کوردی، به‌ تایبه‌تی بۆ به‌کارهێنان و که‌لک لێوه‌رگرتن له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا نووسران  له‌ نێو ئه‌وانه‌ دا ئی هه‌ره‌ گرینگیان، جگه‌ له‌ ته‌سریفی ته‌ره‌ماخی، دوو ده‌قی کورتن ، به‌ نێوی ، ظروف و ترکیب ‌ نووسینی مه‌لا یوونسی خالقه‌تینی ( له‌ ساڵی 1791 کۆچی دوایی کردووه‌)، که‌ هه‌ر دووی ئه‌وانه‌ له‌مه‌ڕ نه‌حو (سینتاکس)ی عه‌ڕه‌بی ن و ئه‌وانه‌ به‌ کارێکی تاقانه‌ داده‌ندرێن. کاره‌که‌ی خالقه‌تینی ، ئه‌گه‌رچی به‌ شێوه‌ی ده‌ستنووس له‌ دوو کتێبخانه‌ی ئوڕووپا دا پارێزراوه‌ ( ڕۆدێنکۆ 103- 102 : 1961 ؛ فوئاد  115 – 114 : 1970)، به‌ڵام هه‌تا ئێستا نه‌ چاپ و بڵاو کراوه‌ته‌وه‌ و نه‌ لێی کۆڵدراوه‌ته‌وه‌؛ به‌ ڕواڵه‌ت، به‌ پێچه‌وانه‌ی ته‌سریفی ته‌ره‌ماخی، ترکیب و ظروف ته‌نێ هه‌ر له‌ سه‌ر رێزمانی عه‌ڕه‌بی یه‌.29 زۆربه‌ی کاره‌ هه‌موولایه‌نه‌کان هه‌م له‌ سه‌ر زمانی عه‌ڕه‌بی و هه‌م سه‌باره‌ت به‌ په‌روه‌ردی دینی به‌ گشتی به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی بوون.
هێندێک به‌ڵگه‌ هه‌ن‌ ده‌یسه‌لمێنن که‌ نووسه‌رانی ناوچه‌یی ئه‌و گۆڕانه‌یان واته‌‌ زمانی کوردی به‌کارهێنان بۆ نووسینی بابه‌تی زانستی (جوێ له‌ بابه‌تی شێعری) به‌ به‌ره‌وپێشوه‌چوونێکی گرینگ داناوه‌. بۆ وێنه‌ مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی . که‌ له‌ نێوه‌ڕاست سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م دا نووسیویه‌، به‌روونی نووسرانی ده‌قه‌ کتێبییه‌کانی کوردی سه‌باره‌ت به‌ ڕێزمان به‌ تازه‌کاری داده‌نێ و مێژوویه‌که‌ی ده‌باته‌وه‌ ده‌ور و به‌ری ساڵی 1000ی کۆچی / 1591ی زایینی: ئه‌و ده‌نووسێ: " تا ساڵی 1000ی کۆچی [ واته‌ 1591ی زایینی ] شاگرد و مامۆستایانی کورد بابه‌تی سه‌رف له‌ ڕووی کتێبی ده‌قی عه‌ره‌بییه‌وه‌ فێر ده‌بوون وه‌کوو کتێبی سه‌عدودین، به‌ نێوی سه‌عدینی و، له‌ ڕووی  چارپه‌رده‌ و سه‌عدوڵا گه‌وره‌"، ئه‌رکێک که‌ ئه‌و " زۆر به‌ دژوار" ی ده‌زانێ بۆ شاگردان. چا ته‌ره‌ماخی به‌ تێگه‌یشتنی ئه‌وه‌  عیباره‌ت یان ته‌سریفێکی به‌ زمانی کورده‌کان نووسی  که‌ : "گرینگ و پیویست " ( ئه‌هم و لازم) بوو وه‌کوو سه‌ره‌تایه‌ک بۆ فێربووبی زمانی عه‌ره‌بی و زانسته‌کانی دیکه‌ ( ژابا 13 – 12 : 1860؛ خ 10Z؛ 26).
ئه‌گه‌رچی ( هه‌ر وه‌ک له‌ پاڕاگرافی1 له‌ سه‌ره‌وه‌ دا ده‌بیندرێ) به‌ڵگه‌ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بۆ گومان کردن له‌ هێندێک له‌و مێژووه‌ تایبه‌تیانه‌ی وا بایه‌زیدی به‌ده‌سته‌وه‌یان ده‌دا، به‌ڵام نووسه‌رانی دیکه‌ی هه‌مان سه‌روبه‌ندیش  که‌ باسی لێوه‌ ده‌کرێ  شاهیدی ده‌ده‌ن سه‌باره‌ت به‌ به‌کارهاتنی زمانی کوردی بۆ نووسین به‌ مه‌به‌ستی په‌روه‌رده‌ و خوێندن. له‌ ڕاستیدا، نووسه‌رانی کورد به‌جوانی له‌وه‌ ئاگادارن که‌ به‌کارهێنانی زمانی دایکی له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ئه‌ده‌بییاتی به‌رز شتێکی تازه‌یه‌. جا بۆیه‌، ئی له‌ هه‌موان به‌ نێوبانگتریان، ئه‌حمه‌دی خانی، له‌ به‌ندی 6ی مه‌م و زین که‌یدا ده‌نووسێ که‌ ئه‌و شێعری به‌ نێوه‌رۆکی خۆی به‌ کوردی نووسیوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی کۆمه‌ڵانی نه‌خوێنده‌واریش  ( ژ بۆیێ عامه‌) لێی تێبگه‌ن و، به‌ ڕاشکاوی  به‌کارهێنانی زمانه‌که‌ی خۆی له‌ بواری ئه‌ده‌بی دا به‌ تازه‌گه‌ریی یان بیدعه‌ت نێو زه‌د ده‌کا ( به‌یتی 239- 237). هه‌ر ئاواش، ته‌ره‌ماخی سه‌رفه‌ کوردییه‌که‌ی خۆی به‌ تازه‌کارییه‌ک داده‌نێ، که‌ ئه‌و پێی وایه‌ پێداویستییه‌کی ده‌ستبه‌جێی پێ هه‌یه‌: ئه‌و به‌ ڕوونی ده‌ڵێ، ئه‌گه‌رچی فێر بوونی ڕێزمان ڕیشه‌ی له‌ زمانی عه‌ڕه‌بی ئاو ده‌خواته‌وه‌ و ئه‌و به‌ ده‌ره‌جه‌ی یه‌که‌م عه‌ڕه‌بی به‌لاوه‌ گرینگه‌، به‌ڵام پێداویستییه‌کی ده‌ستبه‌جێی دیکه‌ش له‌ گۆڕێ دایه‌ که‌ ئه‌و ڕێزمانه‌ به‌ کوردیش گه‌ڵاڵه‌ بکرێ:

           " تو بزانن! ئه‌ی موفڕه‌دێ موزه‌که‌رێ موخاته‌ب کو ژ بۆیی تایفا ئه‌کڕادان را ژی لازم ه‌ کو ب
             زمانێ کورمانجی ئه‌و ژی عیلمێ سه‌رفێ بزانن. له‌وڕا بینا و ئه‌ساسا حه‌موو عیلمان  ل
             سه‌ر عیلمێ سه‌ر‌فێ یه‌... ئه‌ڤ عیلمێ سه‌رفێ ل حه‌موو کافییێد لیسانان دا هه‌یه‌  و
             ئیجرا دبه‌. ئه‌مما ئێ کو نها ژ بۆ مه‌ لازم ه‌ زمانێ کورمانجی یه‌" ( خه‌زنه‌دار 28؛ زنار 14)

ئه‌وه‌ واته، ئه‌و نه‌ک هه‌ر ده‌یه‌وێ  که‌ " گه‌لی کورد" ( تایێفا ئه‌كڕادان) خوێنده‌واری فێر بێ؛ به‌ڵکوو پێکێشیش ده‌کا  که‌ زمانی کوردی و نه‌ک عه‌ڕه‌بی ده‌بێ ئه‌و زمانه‌ی بێ که‌ زانستی پێ گه‌ڵاڵه‌ ده‌کرێ. ئه‌گه‌رچی وێناچێ ته‌ره‌ماخی، له‌ خانی تێپه‌ڕاندبێ و زاراوه‌ی تاییفه‌ به‌کار دێنێ بۆ ئاماژه‌ به‌ چه‌مکی مۆدێڕنی نه‌ته‌وه‌ یان ده‌سته‌ی ئێتنیکی که‌ خزمایه‌تییه‌کی دووریان له‌گه‌ڵ ئه‌و چه‌مکه‌ واته‌‌ تاییفه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و ده‌ربرێنه‌ چاوڕاکێشه‌، به‌وه‌دا که‌ سه‌رفا کورمانجی ، هه‌ر ئه‌و جۆره‌ی له‌ دیباچه‌ی مه‌م و زین دا هاتووه‌ هه‌م بانگه‌وازی ڤێرناکیولاریزه‌یشنی زمانی کورد ده‌کا و هه‌م ئه‌وه‌ ده‌خاته‌ قالبێکه‌وه‌. هه‌ر دووکی ئه‌و ده‌قانه‌ پێداده‌گرن له‌ سه‌ر گرینگی بوونی ئه‌ده‌بییات و کولتووری به‌رز و گه‌ڵاڵه‌ کرانی به‌ زمانی کوردی و، له‌ هه‌مان کات دا، ئه‌و ده‌قانه‌ یه‌که‌م کرده‌وه‌ن له‌ کولتووڕێکی خوێنده‌واریی ڤێرناکیولار دا. یه‌كێک له‌ لایه‌نه‌ گرینگه‌کانی ئه‌و ڤێرناکیولاریزه‌یشه‌ن ه‌ ڕه‌هه‌ندی گرینگی پێوانه‌یی بوونێتی به‌ کارکردی سه‌رف خۆی. ته‌ره‌ماخی ده‌ڵێ گه‌لی (تاییفه‌) کورد  ده‌بێ زانستی سه‌رف بزانێ" چونکه‌ زانستی سه‌رف به‌ردی بناغه‌ی هه‌موو زانسته‌کانه‌ ( بیناء و ئه‌ساسا حه‌موو عیلمان)" ( خ 29؛ زنار 13).
ئه‌و درێژه‌ی پێده‌دا و ده‌ڵێ ، سه‌رف ته‌رازووی (مێزین) کێشان و داوه‌ری کردنه‌ سه‌باره‌ت به‌، زانسته‌کانی دیکه‌، که‌ ده‌کرێ یارمه‌تیمان بدا بۆ دلنیایی له‌وه‌ی ده‌ربڕینه‌کانیان دروستن یان نا؛ ته‌ره‌ماخی ته‌نانه‌ت سه‌رف بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ به‌ پێویستییه‌کی خۆ لێ نه‌بوێر داده‌نێ: " به‌ بێ ئه‌و زانسته‌، هیچ قسه‌یه‌ک  (که‌لام) به‌ دروستی ده‌رنابڕدرێ" ( هه‌ر سه‌رچاوه‌ی پێشوو). هه‌ر ئاواش، بایه‌زیدی ده‌ڵێ: زانستی سه‌رف  هه‌ڵسه‌نگێنه‌ر (مێزین) ه‌؛ به‌ دڵنیاییه‌وه‌ هه‌موو شتێک پێویستییان به‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگێندرێن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ی دروسته‌ و ئه‌وه‌ی نادروسته‌ بکرێ ده‌رکه‌وێ ( کفێش ببه‌) " (خ 27؛ ز 10؛ بڕوانه‌ ژابا 1860:12)/ که‌وابوو، به‌ ڕوونی سه‌رف به‌ زانستێکی پێوانه‌یی داندراوه‌ که‌، که‌ به‌ ته‌نیشت مه‌نتیقه‌وه‌ ، ده‌توانێ یارمه‌تیمان بکا بۆ ئه‌وه‌ی به‌کارهاتنی دروست و نادروستی زمان لێک بکه‌ینه‌وه‌. واته‌، زۆر به‌تایبه‌تی تر، سه‌رف له‌ دروستیی ڕێزمانی، قسه‌ده‌ربڕین وورد ده‌بێته‌وه‌، جا له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌کرێ ببێ به‌ ئامرازێکی پێوانه‌یی بۆ  هه‌ڵسه‌نگاندنی زمانی کوردی ئه‌و ده‌قانه‌ی له‌ به‌ستێنی خوێنده‌واری دا به‌کارده‌هێندرێن وه‌ک مه‌دره‌سه‌کان، به‌ گوتنێکی دی، خوێندنی سه‌رفی کوردی ده‌کرێ بگوترێ یارمه‌تی کرد بێ به‌ دروست بوونی هه‌ستێک بۆ ستانداردی نموونه‌یی و به‌کار هێنانی ئاسایی کراوی کوردی که‌ ئه‌و ده‌یه‌وێ شی کاته‌وه‌.
که‌ وابوو؛ سه‌رفی ته‌ره‌ماخی ئاماژه‌یه‌ به‌ به‌ره‌وپێشچوونێکی به‌ربڵاوتری ڤێرناکیولاریزه‌شن: به‌ ڕواڵه‌ت، له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا، کوردی بوو به‌ هه‌م زمانی نووسین و هه‌م زمانی ده‌رس دادانی زاره‌کی، به‌ڵانی که‌مه‌وه‌ له‌ قۆناخه‌ به‌راییه‌کانی په‌روه‌رده‌ ، له‌ نێو مه‌دره‌سه‌کانی باکووری کوردستان دا. هه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که‌ سه‌ره‌ف ڕێزمانی تایبه‌تی خۆی له‌ ڕووی پێوانه‌ییه‌وه‌ به‌ دروست ده‌زانێ له‌وانه‌یه‌ هه‌ستێک سه‌باره‌ت به‌ ستانداردێکی زمانی بۆ زمانی کوردی بجووڵێنێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، گرینگه‌ بزاندرێ، که‌ نه‌ ته‌رماخی و نه‌ خانی هێجکامیان  زمانی کوردی  وه‌ک " زمانی نه‌ته‌وه‌یی"  دانانێن به‌ مانای ناسیۆنالیزمی ڕۆمانتیکی ئه‌و ووشه‌یه‌؛ به‌ڵکوو، له‌جیاتیان، ئه‌وان به‌ زمانی خه‌ڵکی هه‌ڕه‌مه‌ی نه‌خوێنده‌واری ده‌زانن که‌ هیچ نه‌ریتێکی خوێنده‌واری له‌ مه‌ڕ خۆی نییه‌.

3. بابه‌تی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ی کوردی له‌ سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و سه‌ده‌ی بیسته‌م
ئه‌وه‌ ده‌مانگه‌یێنێته‌ مه‌سه‌له‌ی کارلێکه‌ری سه‌رفا کورمانجی. هه‌م مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی و هه‌م زه‌ینه‌لعابدین زنار ده‌ڵێن ئه‌و کاره‌ له‌ نێو یه‌که‌م ئه‌و ده‌قانه‌ی دا بووه‌ که‌ ده‌بوو شاگردانی مه‌دره‌سه‌ بیخوێنن و، له‌ ڕاستیدا، له‌ به‌ری که‌ن. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، ناکرێ چ ته‌خمێنێکی جێی باوه‌ر به‌ ده‌سته‌وه‌ بدرێ سه‌باره‌ت به‌ ئه‌وه‌ی ‌ سه‌رفی ته‌ره‌ماخی ( یان کاری خانی ش) چه‌نده‌ له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا به‌کارهاتوون و، داخودا جیاوازییه‌کی گرینگ هه‌بووه‌ له‌ نێوان مه‌دره‌سه‌کانی شاران و ئی ده‌ره‌وه‌ی شاران دا له‌و ڕووه‌وه‌؛ به‌ڵام نیشانه‌ی ئه‌وتۆ به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ بیسه‌لمێنێ که‌ ئه‌و ده‌قه‌ زۆر به‌ بره‌و بووه‌، ڕه‌نگه‌ ئێستاش وا بێ. لێکۆڵینه‌وه‌ی وه‌ک ئی زنار ده‌ڵێن که‌ کاره‌کانی وه‌ک ئی ئه‌حمه‌دی خانی و ته‌ره‌ماخی وێده‌چێ شوێنی به‌رزی خۆیان له‌و ده‌مییه‌وه‌ له‌ بابه‌ته‌کانی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا پاراستبێ.ئه‌من ئه‌و قسه‌یه‌م له‌ خه‌ڵکی دیکه‌ش بیستووه‌ که‌ پێشتر له‌ مه‌دره‌سه‌ ئایینیه‌کاندا خوێندوویانه‌، که‌ سه‌ربه‌خۆ و به‌ پێداگرییه‌وه‌ بۆیان باس کردووم ته‌سریف ، به‌ ته‌نیشت کاره‌کانی دیکه‌وه‌ به‌ زمانی کوردی سه‌باره‌ت به‌ ڕێزمانی عه‌ڕه‌بی  وه‌کوو ته‌رکیب و زورووف ی خا‌ڵقه‌تینی  به‌ شیوه‌ی ده‌ستنووس ده‌ستاو ده‌ستیان پێ کراوه ( و ڕه‌نگه‌ له‌و ساڵانه‌ی دواییش دا به‌ شێوه‌ی پۆلی کۆپی کراویش)له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کانی باکوور و، به‌وشێوه‌یه‌ نه‌‌ک هه‌ر یه‌که‌م ئامرازی ناسیاوی په‌یدا کردن له‌ گه‌ڵ ڕێزمانی عه‌ڕه‌بییان له‌ به‌ر ده‌ست شاگردان ناوه‌ به‌ڵکوو جۆره‌ پێوانه‌یه‌کیشیان بۆ شێوه‌ی که‌متا زۆر ستاندارد کراوی  نووسینی کورمانجی هێناوه‌ته‌ گۆڕێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، وێده‌چێ،  ئه‌و پێشوه‌چوونه‌، ته‌نێ  له‌ باکووری کوردستان ڕووی دابێ.3   زانیاریده‌رانی ناوچه‌یی پێیان گوتم ئیدی زیاتر به‌ره‌وه‌ باشوور، په‌روه‌رده‌ی مه‌دره‌سه‌ یان حوجره‌ هه‌میشه‌ به‌ به‌رده‌وامی به‌ عه‌ڕه‌بی بووه‌ وه‌کوو یه‌ک له‌ زمانه‌ یه‌که‌مه‌کانی ده‌رسدادان.ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌ش سه‌یر نه‌بێ، که‌ زۆر له‌ نووسه‌رانی بابه‌ته‌کانی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان سه‌ر به‌ ڕاڕه‌وی شافیعی بوون،یان هه‌ر نه‌بێ وا ده‌زاندرا که‌ سه‌ر به‌و ڕاڕه‌وه‌ بووبن.31 لێره‌ دا، ئه‌من به‌ کورتی چاوێک له‌ ده‌قه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی بابه‌تی خوێندن ده‌که‌م، به‌ تایبه‌تی ئه‌و کارانه‌ی به‌ کوردی نووسراون یان له‌مه‌ڕ زمانی کوردین. ئه‌و به‌شه‌ له‌ بابه‌تی خوێندن که‌ سه‌باره‌ت به‌ فیقهو شه‌رعه‌ لێره‌ دا جێی باسی ئێمه‌ نین، چونکه‌ ئه‌گه‌ر هه‌مووی ده‌قه‌کانی خوێندنیش نه‌بێ زۆربه‌یان به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی نووسرا بوون.32 وا وه‌به‌رچاو دێ  کاره‌که‌ی ته‌ره‌ماخی شوێنێکی تایبه‌تی هه‌بووبێ له‌ نێو ئه‌و بابه‌تانه‌ی خوێندن دا و به‌هه‌موو ڕواڵه‌تێک هه‌تا ئێستاش درێژه‌ی داوه‌ به گێڕانی ئه‌و ئه‌رکه‌.
په‌روه‌رده‌ی مه‌دره‌سه‌ کوردی، وه‌کوو په‌روه‌رده‌ی مه‌دره‌سه‌ ئایینییه‌کان به‌ گشتی به‌ قانوونی ته‌وحیدی ته‌دریسات که‌ له‌ مانگی مارسی 1924 بۆ یه‌کگرتوو کردنی په‌روه‌رده‌ ڕاگه‌یێندرا گورزێکی سه‌خت ، به‌ڵام نه‌یه‌کجاری وێ که‌وت. ئه‌و قانوونه‌ نه‌ک هه‌ر به‌ مانای نامه‌زه‌بی کردنی سیستمی خوێندن بوو ، به‌ڵکوو به‌ مانای داخستنی هه‌موو مه‌دره‌سه‌کانیش بوو؛ ئه‌و قانوونه‌ قه‌ده‌غه‌ کرانی ته‌واوی زمانی کوردیشی ڕه‌خساند. له‌ ئاکامی ئه‌وه‌ دا، زۆر له‌ مه‌دره‌سه‌کان ( و هه‌ر وه‌ها کتێبخانه‌کانیان) ،له‌ نێوبردران.؛ له‌ هه‌رێمی کوردی ، هه‌ر وه‌ک جێگه‌ی دیکه‌، زۆر له‌ مه‌دره‌سه‌کان به‌ نهێنی درێژه‌یان دا به‌ ده‌رس دادان به‌ پێی هێندێک له‌ نووسه‌ران تا ساڵی 1960کان، به‌ڵام زانیاریده‌ری دیکه‌ ده‌ڵێن ئه‌و جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ هه‌تا ئه‌مڕۆش هه‌ر به‌رده‌وامه‌، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ ئاستێکی به‌رته‌نگیش دا بێ. ڕاستی ئه‌و قسه‌ی دوایی هه‌رچییه‌کی بێ ، چالاکی نهێنی مه‌دره‌سان  خوێندنی ڤێرناکیولاری کوردی ده‌سته‌به‌ر کرد و، به‌ڕێگای ئه‌و دا ووشیارییه‌ک سه‌باره‌ت به‌ شێوه‌زاری نووسراوی ڕۆنیشتوو یان ستانداردکراوی زمانه‌که‌ش په‌یدا بوو.به‌رده‌وامی چالاکییه‌کانی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان له‌‌ دوو کتێبی تازه‌ دا ده‌سه‌لمێ و ده‌رده‌که‌وێ، کتێبه‌که‌ی زه‌ینه‌لعابدین زنار ئی ساڵی 1993 "خوێندنا مه‌دره‌سێ"  و کتێبی سه‌دره‌دین ئوێزتۆپراک " شارک مه‌دره‌سه‌له‌رینده‌ بیر ئوێمیور" ( عومرێک له‌ مه‌دره‌سه‌کانی ڕۆژهه‌ڵات دا) که‌ له‌ ساڵی 2003 دا بڵاو بووه‌وه‌.33 هه‌ر دوو نووسه‌ر که‌ یه‌که‌میان له‌ ساڵی 1953 و ئه‌وی دووه‌میان له‌ ساڵی ١٩٢٠/١٩١٩ له‌ دایک بووه‌ باسی ته‌جروبه‌ی خۆیان ده‌که‌ن له‌ مه‌دره‌سه‌ ناوچه‌ییه‌کاندا دوای جێ به‌ جێ کرانی قانوونی 1924. ئه‌وان له‌ کتێبه‌کانیاندا زانیاری گرینگ باس ده‌که‌ن سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی خوێندنی مه‌دره‌سان له‌و سه‌روبه‌ندی دا؛ ئه‌وه‌ش وێده‌چێ درێژه‌دانێکی گرینگ بسه‌لمێنی سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی تازه‌ی خوێندن‌ که‌ مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی باسی کردوون. له‌وه‌ش زیاتر، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی بایه‌زیدی، زنار و ئوێزتۆپراک خه‌ڵکی شوێنی جیاوازی باکووری کوردستانن ( به‌ ڕیز، دۆغوبایه‌زیت، باتمان و ماردین)، چاودێرییه‌کانی ئه‌وان نه‌ک هه‌ر سه‌روبه‌ندێکی 150 ساڵه‌ وه‌به‌ر ده‌گرێ ، به‌ڵکوو له‌ ڕووی جوگرافیاییشه‌وه‌ به‌شێکی هه‌روا له‌ باکووری کوردستان ده‌گرێته‌وه‌.
سه‌رچاوی هه‌ره‌ کۆن،جارێکی دیکه‌ش بڵێین، بایه‌زیدییه‌. ده‌قه‌ کورته‌که‌ی وی لیستێکی ته‌واو له‌و ده‌قانه‌ی له‌ مه‌دره‌سه‌کانی کوردی دا به‌کارهاتوون به‌ده‌سته‌وه‌ نادا، به‌ڵام ئه‌و لیستێکی به‌ وورده‌ ڕیشاڵی ئه‌و کارانه‌ی له‌ مه‌ڕ زمان باس ده‌کا که‌ ده‌بوو ته‌له‌به‌ی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان بیانخوێنن، لێره‌ دا ده‌شێ هه‌مووی بگێڕینه‌وه‌:

" له‌ پێشدا، قوتابیانی کورد فێری خوێندنه‌وه‌ و خوێندنی قورئان ده‌کران؛ دوای ئه‌وه‌ مه‌ولوودا کورمانجی یان ده‌خوێند و، پاشان نووبهار و په‌ندی عه‌تتاری [ به‌ پێی قسه‌ی خه‌زنه‌دار n27، ئه‌وه‌ به‌شێک بووه‌ له‌ دیوانی فه‌ریده‌دینی عه‌تتار ] ، دوایه‌ سه‌باره‌ت به‌ شه‌ریعه‌ت، ئه‌وان ئیعجاز [ی ئیمام محه‌مه‌د]، موحه‌ڕیر [ ی ئه‌لنه‌واوی] و ئه‌نوار [ی  یوسف ئه‌رده‌بیلی ] یان ده‌خووێند به‌ دوای ئه‌وه‌ دا ده‌قی کتێبه‌کانی مه‌لا یونسی خه‌لقه‌تینی ته‌سریف، زرووف و ته‌رکیب یان ده‌خوێند ، که‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر سێکیان به‌ زمانی کوردین.34 دوای ‌ ئه‌وه‌ له‌مه‌ڕ سه‌رف ، قوتابیان سه‌عدوڵا کوچوک ی سه‌عدینی یان ده‌خوێند به‌ ته‌نیشت حیسام قه‌تعی [ واته‌، کتێبی شرحولعیساکوژی حوسامه‌دین حسن  ئه‌لقه‌تعی، قه‌ولی ئه‌حمه‌د و، شه‌رحی شه‌مسییه‌ [ که‌ به‌ نووسینی سه‌عده‌دین ئه‌لته‌فته‌زانی داده‌ندرێ]. به‌ کورتی ئه‌وان ده‌بێ دوازده‌ عیلم بخوێنن به‌رله‌وه‌ی بتوانن ببنه‌ مه‌لا و ده‌رسیان ته‌واو که‌ن". [ ژابا 14- 13 : 1860 ؛ خ 27- 26 ؛ زنار 11] 35.

جێی سه‌رنجه‌ ، چارپه‌رده‌، که‌ خه‌زنه‌دار ( خ n2 25) به‌ شه‌رحێکی شافیعییه‌ی ئیبنولحاجیب ( ساڵی 1248 کۆچی دوایی کردووه‌) داده‌نێ ، به‌ فارسی یه‌؛ سه‌عدوڵا گه‌وره‌ وه‌رگێڕاوی کوردیی خوارووی کارێکی دیکه‌یه‌ که‌ به‌ به‌ربڵاوی به‌کار هاتووه‌ سه‌باره‌ت به‌ نه‌حو که‌ به‌ سه‌عدوڵا که‌بیر به‌ نێوبانگه‌ و سه‌عدوڵا سه‌غیرێکی کورتتر که‌ ئه‌ویش هه‌ر له‌ سه‌ر نه‌حو ه‌ و به‌ نێوه‌ تورکییه‌که‌ی ، سه‌عدوڵا کوچوک ئاماژه‌ی پێ کراوه‌.؛ ئه‌وه‌ ده‌کرێ نیشان بدا که‌ به‌شێک له‌و بابه‌تانه‌ی خوێندن له‌ سه‌رده‌می بایه‌زیدی دا بریتی بوون له‌ ده‌قی ئه‌وتۆی که‌ هه‌ر کوردی نه‌بوون ، به‌ڵکوو ده‌قی فارسی و تورکیشیان تێدا بووه‌؛ به‌ڵام هه‌ڵبه‌ت، ته‌نێ به‌ ئاماژه‌ کردن به‌ نێوی ئه‌و کتێبانه‌، به‌ڵگه‌ی  ناته‌واو و چلونیوه‌چڵن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆ بگه‌یێننه‌ ئاکامی پته‌و  سه‌باره‌ت به‌و کاروبارانه‌. هه‌ر چۆنێک بێ، شیکردنه‌وه‌ی بایه‌زیدی له‌ عادات و ڕسووماتنامه36که‌یدا، جێی داخه‌ که‌ به‌ ناته‌واوی ماوه‌ته‌وه‌ و، هیچ په‌یوه‌ستێکی به‌ وورده‌ ڕیشاڵ یان ئاماژه‌ی ووردی  له‌ مه‌ڕ ژیانی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا تێدا نییه‌.
لیستێکی زۆر به‌ وورده‌ ڕیشاڵتر سه‌باره‌ت به‌ خوێندنی مه‌دره‌سان  له‌ لایه‌ن زه‌ینه‌لعابدین زناره‌وه‌  ئاماده‌  کراوه‌
(100- 63 : 1993) . زنار به‌ گشتی باسی 89 عینوان ده‌کا؛ له‌وانه‌، به‌ لانی که‌مه‌وه‌ 9یان به‌ کوردین؛ 22 یان له‌مه‌ر رێزمانی عه‌ڕه‌بین ( له‌ نێویان دا، ئی هه‌ره‌ گرینگ ، ته‌سریف و نه‌حو). زنار ده‌ڵێ، 36 عینوانی یه‌که‌می نێو لیسته‌که‌ی بابه‌تی سه‌ره‌کی ( خوێندنا ڕێزێ) ی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کانیان پێک ده‌هێنا، له‌وانه‌، 7یان به‌ کوردین؛ زیاتر  له‌ سه‌ر زێزمانن ، به‌ڵام بابه‌تی مه‌نتیق یشیان تێدایه‌ ( موغه‌نیولتولاب ی سێرتی ( که‌ بریتی یه‌ له‌ شه‌رحی عیساقوژی ئه‌لئه‌نباری)، قه‌ولی ئه‌حمه‌د  و، شه‌رحی شه‌مسییه‌ی ته‌فته‌زانی) و ته‌نانه‌ت فه‌لسه‌فه‌ش ( بۆ نموونه‌ شه‌رحی تووسی  سه‌باره‌ت به‌ ئیشاڕات و موختارات ی ته‌فته‌زانی).37 ئه‌و لێی زیاد ده‌کا  که‌ 27 کتێب له‌ بابه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خوێندن ده‌بوو له‌ به‌ر بکرێن.
ئوێزتۆپراک ( 189- 185: 2003) وه‌ک زنار به‌ وورده‌ ڕیشاڵ باسی بانه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ی نه‌کردووه‌و هیچ به‌وورده‌رێشاڵیش ئه‌وه‌ی ڕوون نه‌کردووه‌ته‌وه‌ که‌ کامه‌یه‌ک له‌ زمانه‌کان به‌کار ده‌هاتن و ده‌خوێندران له‌ په‌روه‌ده‌ی ویدا؛ به‌ڵام له‌ قسه‌کانی ڕا ڕوون ده‌بێته‌وه‌ که‌ به‌شێکی زۆر له‌و کارانه‌ی به‌ زمانی کوردی بوون و بایه‌زیدی و زنار باسیان لێوه‌ کردوون، هه‌ر له‌نێو ئه‌و کتێبانه‌ دا بوون که‌ ئه‌و خوێندوونی یان له‌به‌ری کردوون. بۆ وێنه‌، ئه‌و باسی نووبهاری خانی ده‌کا له‌ نێو یه‌که‌م ئه‌و کتێبانه‌ی دا که‌ له‌ به‌ری کردووه‌.38 له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌ویش  ئاماژه‌ به‌ ته‌سریف ێک ده‌کا " کارێک سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی سه‌رف که‌ به‌ کوردی نووسراوه‌"، له‌ گه‌ڵ زرووف و ته‌رکیب ی مه‌ڵا یوونسی ئه‌رکاتینی [ واتر، خا‌لقه‌تینی] ، نه‌حو و " ڕێزمانی عه‌ڕه‌بی" 186 – 185 : 2003)؛ ڕه‌نگه‌، سه‌رفه‌که‌ کاره‌که‌ی عه‌لی ته‌ره‌ماخی بووبێ.39  وه‌کوو نووبهاری خانی، ئه‌و چوار کتێبه‌ ده‌بوو به‌ له‌ به‌ر کراوی فێر بووبان. له‌و 35 کاره‌ی که‌ ئوێزتۆپراک باسیان ده‌کا، پێنجیان به‌ کوردین؛ نیزیکه‌ی هه‌ژده‌یان له‌ مه‌ڕ ڕێزمانی ( عه‌ڕه‌بین)، له‌وانه‌ هه‌شتیان له‌ سه‌ر نه‌حو؛ له‌وه‌ش زیاتر ئه‌وان چوار کاریان تێدایه‌ سه‌باره‌ت به‌ مه‌نتیق و دوو کتێب سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری به‌یان. ئه‌و کارانه‌ی له‌ مه‌ڕ مه‌نتیقن بریتین له‌ شه‌رحی شه‌مسییه‌ی ئه‌لقه‌زوینی، هه‌ر وه‌ها کارێک له‌سه‌ر فه‌لسه‌فه‌ زۆر به‌ گشتی تر، واته‌ کتێبی ناسره‌دینی تووسی به‌ ناوی حل مشکلات الاشارات ، که‌ شه‌رحێکه‌ سه‌باره‌ت به‌  کتاب الاشارات و التنبیهات ی ئیبنی سینا. ئوێزتۆپراک هه‌ر وه‌ها ئاماژه‌ ده‌کا به‌ دوو شه‌رحی دیکه‌ش له‌ مه‌ڕ ئیشاڕات،  کشف التنویحات ی محمد ئه‌لعه‌میدی  و کتێبی لوباب الاشارات ی فه‌خره‌دینی ڕازی، به‌ڵام ئه‌و هیچ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ناڵێ داخودا ئه‌و کتێبانه‌ خوێندراون یان نا. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا،  باسی کردنی کاری تووسی له‌ لایه‌ن وی ڕا  به‌تایبه‌تی گرینگه‌، چونکه‌ وه‌کوو دیکه‌ هیچ به‌ڵگه‌یه‌ک به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ بیسه‌لمێنێ که‌  اشارات ی ئیبنی سینا  له‌ مه‌دره‌سه‌کانی دوای عوسمانی دا به‌ ڕێکوپێکی خوێندرابێ.40
له‌ نێوان  ئه‌و لیستانه‌ دا جیاوازییه‌کی که‌م هه‌یه‌، ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ له‌به‌ر چاو لێ هه‌ڵبواردن بێ.بۆ وێنه‌  زنار و بایه‌زیدی باسی ژماره‌یه‌ک کاری کوردی ده‌که‌ن که‌ ئوێزتۆپراک ئاماژه‌ی پێ نه‌کردوون، به‌ تایبه‌تی مه‌ولوودا کورمانجی مه‌لایێ باته‌یی و عه‌قیده‌یا ئیمانێ ئی خانی. ڕه‌نگه‌ ڕاستی هه‌ره‌ چاوڕاکێش ئه‌وه‌ بێ، به‌ له‌به‌ر چاوگرتنی کاری ئه‌و سێ نووسه‌رانه‌، نه‌ ده‌قه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی فارسی، وه‌ک دیوانی حافز و گوڵستان و بۆستانی سه‌عدی و نه‌ دقی کتێبی خوێندن سه‌باره‌ت به‌ ڕێزمانی فارسی، وه‌ک، سه‌رفی ئه‌میر، ویناچێ‌ به‌شێک له‌ بابه‌ته‌کانی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ی کوردییان پێک هێنابێ، ڕه‌نگه‌ به‌ ڕێزپه‌ڕی کتێبه‌که‌ی فه‌ریده‌دینی عه‌تتار نه‌بێ، گشت ئه‌وه‌ بابه‌تی باسه‌که‌مان ئه‌وه‌نده‌ی تر سه‌رنجڕاکێشتر ده‌کا، چونکه‌ هه‌تا سه‌ده‌ی بیسته‌میش ، زانینی ئه‌دبییاتی کلاسیکی زمانی فارسی به‌ڕێژه‌ له‌ کوردستان دا به‌ربڵاو بوو له‌ نێو زانایانی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا. داخودا ئه‌و زانینه‌ی فارسی نیشانه‌یه‌کی خوڕاگری خوێندن و په‌روه‌رده‌ی کوردی بووه‌، یان ئه‌وه‌ تازه‌کارییه‌کی مۆدێڕنی به‌راییه‌ و وه‌ک ڕوعه‌یحه‌ب ( ff210: 2008) ده‌ڵێ له‌ ئاکامی هاتنی زانایانی سوننی فارس  بووه‌ که‌ له‌ ده‌ست سه‌فه‌ییه‌کان هه‌ڵاتوون که‌ ویستوویانه‌ له‌ دینیان وه‌رگه‌ڕێنن و بیانکه‌نه‌ شیعه‌؟ له‌وانه‌نییه‌ بکرێ  ووڵامی ئه‌و پرسیاره‌ بدرێته‌وه‌، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی هیچ سه‌باره‌ت به‌ ژیانی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان به‌ر له‌ سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م نازاندرێ که‌ بکرێ به‌ ده‌ره‌جه‌یه‌ک له‌ دڵنیاییه‌وه‌ پشتی پێ ببه‌سترێ.
ئه‌و نموونه‌یه‌ی له‌و سه‌رچاوه‌ جیاوازانه‌ ڕا ده‌رده‌که‌وێ به‌ ڕێژه‌ ڕوون و شێلگیره‌. ئه‌و عینوانانه‌ی بایه‌زیدی، زنار و، ئوێزتۆپراک باسیان لێوه‌ ده‌که‌ن، دوای ڤێرناکیولاریزه‌یشن ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م ‌، وه‌ک بابه‌ته‌ سه‌ره‌کییه‌کانی خوێندن له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کانی باکوور تا سه‌ده‌ی بیسته‌م به‌ شێوه‌ی سه‌رنجڕاکێش درێژه‌یان دا به‌ مانی خۆیان. که‌ وابوو، ژماره‌یه‌کی باش له‌ ده‌قی کوردی به‌ به‌ربڵاوی خوێندران، له‌وه‌ش زیاتر ، هه‌ر سێک نووسه‌ره‌کان  ئاماژه‌ی پێ ده‌که‌ن  که‌ چه‌ندین کاری له‌مه‌ڕ مه‌نتیق به‌شێک بوون له‌ بابه‌تی خوێندنی سه‌ره‌کی، له‌کاتێکدا دوانه‌که‌ی دواتر واته‌ زنار و ئوێزتۆپراک ئاماژه‌ به‌ هه‌بوونی بابه‌تی دره‌سی فه‌لسه‌فه‌ش ده‌که‌ن. له‌وه‌ش زیاتر، مسته‌فای دێهقان  ئاماژه‌ ده‌کا به‌ ژماره‌یه‌کی زۆرو زه‌وه‌ندی ده‌ستنووس به‌ زمانی کوردی سه‌باره‌ت به‌ مه‌نتیق که‌ ڕیشه‌یان ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م، که‌ ئه‌و ده‌ستنووسانه‌‌ ووشه‌ی به‌ وورده‌ ڕیشاڵیان تێدایه‌ به‌ کوردی سه‌باره‌ت به‌ په‌یڤی تێکنیکی مه‌نتیق به‌ عه‌ڕه‌بی.41 ئه‌و ده‌ڵێ ئه‌گه‌رچی مه‌نتیقی ئه‌ڕه‌ستوویی  له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا له‌ سه‌ده‌ی پازده‌هه‌م به‌دواوه‌‌  خوێندراوه‌، به‌ڵام خوێندنی مه‌نتیق له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م و سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌نم دا بره‌وێکی تازه‌ی په‌یدا کرد (694: 2009). دوایه‌ ئه‌و باسی ئه‌و جووره‌ ده‌ستنووسه‌ عه‌ڕه‌بییانه‌ له‌مه‌ڕ مه‌نتیق ده‌کا  که‌ شه‌رحی کوردییان هه‌یه‌، به‌شێکی به‌ پاڵپشتی دۆزینه‌وه‌کانی ئه‌حمه‌دی سه‌رداری، که‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وتۆ بۆ سه‌ل‌ماندی ئه‌و قسه‌یه‌ به‌ده‌سته‌وه‌ ده‌دا که‌ ته‌له‌به‌کانی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان چالاکانه‌ خه‌ریکی به‌دوا داچوون و خوێندنی  مه‌نتیقی ئه‌ره‌ستوویی بوون له‌و سه‌ه‌ وبه‌نده‌ دا. به‌و پێیه‌، به‌ پشتیوانی قسه‌ی ئه‌لروعه‌یحه‌ب ، که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌دا باس کرا، هه‌م به‌ پێی ئه‌و ده‌ستنووسانه‌ی  پارێزراون و هه‌م له‌به‌ر بوونی ئه‌و بابه‌تانه‌ی خوێندن که ‌سێ نووسه‌ره‌کان باسیان لێوه‌ کردوون ده‌رده‌که‌وێ‌ مرخ و چالاکییه‌کی نه‌پساوه‌ هه‌بووه‌ بۆ خوێندنی مه‌نتیق ( و، تا ڕاده‌یه‌کی که‌متر، فه‌لسه‌فه‌) له‌ مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌کانی نۆزده‌هه‌م و بیسته‌م دا.
‌هه‌م سه‌رچاوه‌ی نووسراو و هه‌م  چاوه‌دیرییه‌کانی زانیاریده‌ره‌کانی خه‌ڵکی به‌شه‌ جیاوازه‌کانی باکووری کوردستان ده‌ری ده‌خا که‌‌ سه‌رف ی ته‌ره‌ماخی زۆر به‌ به‌ربڵاوی، ئه‌گه‌ر چی نه‌ک  له‌ هه‌موو جێیه‌ک ، پێی ده‌زاندرا و له‌ نێو مه‌دره‌سه‌کانی کوردیی باکوور دا به‌کار ده‌هات. هه‌ر بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و کاره‌ به‌ به‌ربڵاوی بۆخۆی ده‌یسه‌لمێنێ که‌ پێداویستییه‌کی ڕاسته‌قینه‌ی پێ هه‌بووه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، باو بوون و شوێنی دیاری وی له‌ بابه‌ته‌کانی خوێندنی  مه‌دره‌سه‌ی کوردی دا، ئه‌و پرسیاره‌ له‌ به‌ر ده‌م مرۆ قوت ده‌کاته‌وه‌ بۆچی هیچ کارێکی دی به‌ زمانی کوردی له‌ سه‌ر سه‌رف و نه‌حو  نه‌نووسرا، یان ئاوا به‌ به‌ربڵاوی به‌کار نه‌هێندرا ، جگه‌ له‌ ته‌رکیب و زرووفی مه‌لا یوونس نه‌بێ که‌ له‌ سه‌ره‌وه‌ دا ئاماژه‌ی پێ کرا. هه‌رئاواش ئه‌و ڕاستییه‌ جێی واق وڕمانه‌ که ‌ هیچ ئه‌ده‌بباتێکی هه‌موولایه‌نه‌ به‌ ده‌وری ئه‌و ده‌قانه‌وه‌ په‌یدا نه‌بووه‌  و چ ته‌فسیر و لێکدانه‌وه‌یان له‌ سه‌ر نه‌کراوه‌. داخودا نه‌بوونی ئه‌ده‌بییاتی دیکه‌ی ڕێزمانی  له‌ کوردی دا نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌قی کتێبه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی ته‌ره‌ماخی و مه‌لا یوونس  به‌ کرده‌وه‌ به‌ پێویست زاندراون به‌ڵام له‌ ڕوی تیۆرییه‌وه‌ وه‌کوو لاساکردنه‌وه‌ چاویان لێ کراوه‌؟ ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن وێده‌چێ ووڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی دوایی به‌ ئه‌رێیی بده‌نه‌وه‌: هه‌ر چۆنێک بێ، کاره‌کانی ته‌ره‌ماخی و خا‌لقه‌تینی ته‌نێ بۆ پۆلی یه‌که‌می خوێندنی فیقه که‌لکیان لێ وه‌رده‌گیرا و ته‌نێ وه‌کوو که‌ره‌سته‌ی خۆ ئاماده‌ کردن بۆ خوێندنی کاری زۆر گرینگیر بوون که‌ ئه‌وانه‌ به‌ ده‌رجه‌ی یه‌که‌م به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی و له‌ سه‌ر عه‌ڕه‌بی نووسرابوون.
کورتی که‌ینه‌وه‌: ئه‌و به‌ڵگانه‌ی به‌ده‌سته‌وه‌ن ئاماژه‌ ده‌که‌ن به‌ پێواژۆی فێرناکیولاریزه‌یشن ی خوێندنی کوردی  له‌ سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا، که‌ کاردانه‌وه‌ به‌ ده‌زگایی کراوه‌کانی تا نێو سه‌ده‌ی بیسته‌م درێژ بووه‌وه‌. له‌وه‌ش زیاتر، ئه‌و گۆڕانه‌ واته‌ ڕوو کردن له‌  ده‌قی کتێب به‌ زمانی کوردی له‌ لایه‌ن نووسه‌ره‌ به‌راییه‌  مۆدێڕنه‌کانه‌وه‌ که‌ باسی ئه‌و پێشوه‌چوونه‌یان کردووه‌ له‌ ڕووی کولتورییه‌وه‌ زۆر به‌ گرینگ بیندراوه‌. بۆیه‌، هه‌م ته‌ره‌ماخی و هه‌م بایه‌زیدی ئاماژه‌ ده‌که‌ن به‌ دژواری سه‌رف و گرینگ بوونی هاوکاتی خوێندنی به‌ زمانی خۆجێیی خۆیی وه‌کوو پێشمه‌رجێک هه‌م بۆ خوێندنی سه‌رفی عه‌ڕه‌بی و هه‌م بۆ به‌کار هێنانی دروستی زمان به‌ گشتی. له‌وه‌ش زیاتر، نیشانه‌ی ئه‌وتۆ هه‌یه‌ که‌ سه‌رف وه‌کوو بابه‌تێکی پێوانه‌دانه‌ر کارلێکه‌ریی ئه‌وه‌ی هه‌بوو به‌کارهێنانی زمانی کوردی ڕۆنیشێ له‌ چوارچێوه‌ی مه‌دره‌سه‌کان دا و، زۆر له‌وانه‌یه‌ له‌ که‌شوهه‌وای دیکه‌ش دا.

ئاکام
نووسینه‌کانی ئه‌حمه‌دی خانی، عه‌لی ته‌ره‌ماخی و، ئه‌وانه‌ی دیکه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ باسیان کرا دوو شت به‌ ئاشکرا ڕوون ده‌که‌نه‌وه‌: یه‌که‌م ، کۆتایی سه‌ده‌ی حه‌ڤده‌هه‌م و به‌رایی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م  شاهیدی ڤێرناکیولاریزه‌یشن ی کوردی بوون: ئه‌گه‌ر چی له‌ زه‌مانی پێشووتر دا به‌ کورمانجی شێعر نووسرابوو، به‌ڵام له‌و سه‌روبه‌نده‌ دایه‌ که‌ زمانی کوردی بۆ یه‌که‌م جار به‌کار ده‌هێندرێ بۆ نووسینی مه‌به‌ستگه‌لی زانستیانه‌ و، به‌تایبه‌تی بۆ به‌کارهاتن  له‌  مه‌دره‌سه‌ دا به‌ ده‌قی ئه‌وتۆی که‌ هه‌م به‌ شێوه‌ی په‌خشان و هه‌م به‌ شێوه‌ی شێعر نووسرابوون. له‌ به‌ر ئه‌وه‌ لێره‌ دا ئه‌من ئه‌م گریمانه‌یه‌  ده‌هێنمه‌ گۆڕێ و ده‌ڵێم ئه‌و ده‌قه‌ نووسراوانه‌  یارمه‌تی گرینگیان کردووه‌ به‌ هه‌ستی ناسێنه‌ی کوردی له‌ سه‌ر بنه‌مای زمان و هه‌م نۆڕمێکی ڕێزمانییان پاراستووه‌  بۆ کوردیی باکووری چ بۆ پێ نووسین ( و چ بۆ  قسه‌ پێکردن).
دووهه‌م. نووسه‌ره‌ مۆدێڕنه‌ به‌راییه‌کانی کورد ئیدێئۆلۆژی زمانی ئه‌وتۆ ده‌رده‌بڕن یان به‌سه‌ر داگیراوییه‌وه‌ باسی ده‌که‌ن، که‌ له‌لایه‌که‌وه‌، به‌ ڕێژه‌ نوێن له‌ چوارچێوه‌ی نه‌رێتێکی ئیسلامی په‌روه‌رده‌ دا له‌به‌ر پێداگرییان له‌ سه‌ر پێویستی نووسین به‌ کوردی ، واته‌ زمانی عاممه‌ ( هه‌ڕه‌مه‌)ی نه‌خوێنده‌وار؛ و له‌ سه‌رێکی دیکه‌وه‌ ئیدێئۆلۆژی زمانی ئه‌وان به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌رنجڕاکێش جوێیه‌له‌ ئیدێئۆلۆژییه‌ ڕۆمانتیکه‌ ناسیۆنالیستییه‌کان که‌ له‌ یه‌که‌م تێڕوانین دا  وێده‌چێ شیاوی به‌راوه‌رد کردن بن.  له‌به‌ر ئه‌وه‌، مرۆ ده‌توانێ ئه‌و ئه‌نجامه‌ ده‌رخا که‌ ڕیشه‌ی ناسیۆنالیزمی کورد ناگاته‌وه‌ سه‌ده‌ی نۆوده‌هه‌م، و له‌ به‌ر ئه‌و ئیدێئۆلۆژییه‌ بێگانانه‌ش  که‌ پێیه‌وه‌ لکاون  واته‌ ڕۆمانتیسیزمی ئه‌ڵمانی یان ئیمپریالیزمی بریتانیا سه‌ری هه‌ڵنه‌هێناوه‌. به‌ڵکوو ڕیشه‌ی له‌ به‌کار هێنانی نوێی زمانێکی زانستی و پێ نووسینی کوردی دایه‌  و له‌ ئیدێئۆلۆژییه‌ نوێیه‌ کوردییه‌کان له‌ سه‌ر زمانی کوردی  وه‌کوو زمانێکی که‌ ئه‌وه‌ ده‌هێنێ به‌کار بهێندرێ بۆ مه‌به‌ستگه‌لی زانستی، که‌ له‌ باکووری کوردستان سه‌ری هه‌ڵێنا له‌ ئاکامی به‌ ده‌رجه‌ی یه‌که‌م پێواژۆیه‌ ناوچه‌ییه‌کان له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م دا. نێوبانگی ده‌قه‌که‌ی ته‌ره‌ماخی له‌ نێو ناسیۆنالیسته‌ کورده‌ لاییکه‌کان دا له‌ کاره‌که‌ی خانی که‌متره‌، به‌ڵام قسه‌کانی بایه‌زیدی، زنار و ئوێزتۆپراک  و چاوه‌دێری زانیاریده‌ره‌ ناوچه‌ییه‌کان وه‌کوو یه‌ک ده‌ڵێن ئه‌و کتێبه‌ له‌ وه‌چه‌یه‌که‌وه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ وه‌چه‌یه‌کی دی له‌ نێو  کورده‌ خوێنده‌واره‌کان دا و، له‌ مه‌دره‌سه‌کانی باکووری کورد دا تا ئه‌مڕۆش خوێندراوه‌. ئه‌وه‌ به‌جێیه‌ لێی بکۆڵدرێته‌وه‌  که‌ ئه‌و کارانه‌ ده‌وریان تا چه‌نده‌ بووه‌ نه‌ک هه‌ر بۆ مانه‌وه‌ی زمانی کوردی، به‌ڵکوو بۆ ستاندار کردن و هه‌ر وه‌ها ده‌کار کرانی وه‌کوو زمانێک بۆ ده‌ربڕینی کولتووری به‌رزی ئه‌ده‌بی. له‌م قسانه‌ی له‌ سه‌ره‌وه‌ دا کران ده‌کرێ دوو ئاکامی گشتی دیکه‌ش وه‌ربگیرن. یه‌که‌م له‌ به‌رانبه‌ر فه‌رزییه‌کانی ئۆریانتالیستی و مۆدێرنیستی، وا وێده‌چێ که‌ نه‌ریته‌کانی خوێندنی پێش مۆدێڕن یان به‌رایی مۆذێڕنی نا ڕۆژئاوایی  نه‌ک هه‌ر له‌به‌ر بوونی خۆیان جێگه‌ی ئاوڕ لێدانه‌وه‌ و سه‌رنج دانن ، به‌ڵکوو یارمه‌تیشیان  کردووه‌ به‌ شکڵپێدانی ته‌جروبه‌ی مۆدێڕن. دووهه‌م، ئه‌م نموونه‌ی کوردییه‌ ده‌کرێ نیشانه‌ی نمونه‌یه‌کی به‌ربڵاوتری  ڤێرناکیولاریزه‌یشن بێ  که‌ ده‌کرێ له‌ نێو گه‌له‌کانی دیکه‌ی ته‌به‌عه‌ی ئیمپراتۆری عوسمانی دا، چ عیسایی و چ موسوڵمان دا ببیندرێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، به‌یانێکی به‌ وورده‌ڕیشاڵ و پارێزگاریکردن له‌و ئیدیعا به‌ربڵاوتره‌ ، ده‌کرێ چاوه‌ڕانی ده‌رفه‌رتێکی دیکه‌ بێ.



ژێر نووسه‌کان
1- توێژینه‌وه‌ی سه‌ره‌تایی له‌ مه‌ر ئه‌م نووسینه‌  ئه‌و ده‌می به‌ڕێوه‌چوو که‌ ئه‌من لێکۆله‌ره‌وه‌ بووم له‌ ئه‌نیستیتووی هۆله‌ند بۆ لێکۆلینه‌وه‌ی پێشکه‌توو (NIAS) له‌ واسێنار، هۆله‌ند، هه‌ر وه‌ها بۆ ئه‌و توێژینه‌وه‌ [ که‌لکم وه‌رگرت له‌ پشتیوانی مادی ڕێکخراوه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌ی زانستی هۆله‌ند (NWO) وه‌کوو به‌شێک له‌ پڕۆژه‌ی پیرۆز و سیکولار: ڕه‌چه‌ڵه‌کناسی خۆ، ده‌وڵه‌ت و کۆمه‌ڵ له‌ دنیای مۆدێرن بووی موسوڵمان. پشتیوانی هه‌ر دوو ئه‌و دامه‌زراوانه‌  زۆر جێگه‌ی سپاس و پێزانییه‌. ئه‌من بۆ ئه‌و لێکۆڵینه‌وه‌ قه‌رزداری که‌سی جۆر به‌جۆریشم، به‌ تایبه‌تی زه‌ینه‌لعابدین زنار، که‌ مێهره‌وانانه‌ نوسخه‌یه‌کی له‌ کتێبکه‌ی پێ دام، هه‌ر وه‌ها محه‌مه‌د عه‌لیی قه‌ره‌داخی، که‌ کۆپێکی زیراکس کراوی ده‌ستنووسێکی پێشان دام که‌له‌ عێڕاق پارێزراوه‌. ئه‌من هه‌ر وه‌ها به‌ قووڵی سپاسی ئیسماعیل سه‌عید، قه‌دری یلدرم، سه‌لیم ته‌مۆ، خالید ئه‌لروعه‌یحه‌ب ، خودالێخۆشبوو مارف خه‌زنه‌دار و ژماره‌یه‌ک له‌ زانیاریده‌رانی ناوچه‌یی کورد ده‌که‌م که‌ ڕه‌نگه‌ پێیان خۆش بێ  به‌ نه‌ناسراوی بمنێننه‌وه،به‌ڵام زانیاری له‌ قیمه‌ت نه‌هاتوویان پێدام  سه‌باره‌ت به‌ ژیانی مه‌دره‌سه‌ له‌ باکووری کوردستان.
  2- Maurizio Garzoni, Grammatica e vocabulario della lingua kurda ( Rome 1787).
                                                    3- Alexandre Jaba, Receuil de notices et de récits Kourdes ( St. Petersburg 1860),pp.VI-VII.
4- به‌ هه‌ڵکه‌وت، کۆمیسیۆن به‌ دژی بڵاوبوونه‌وه‌ی کورته‌ی داستانی مه‌م و زین ش که‌ مه‌لا مه‌حموودی بایه‌زیدی ئاماده‌ی کرد بوو بڕیاری دا. ئه‌و کورته‌یه‌ی مه‌لامه‌حموود دواتر به‌ خه‌تی لاتینی بڵاو بووه‌وه‌. مه‌ڵا مه‌حموودی بایه‌زیدی، مه‌م و زین، (دیار به‌کر 2007)؛ ئه‌گه‌رچی به‌ ڕوونی ده‌رده‌که‌وێ که‌ ئه‌و ده‌قه‌ له‌ سه‌ر بنه‌مای نووسخه‌ی نووسراو ئاماده‌ کراوه‌ تا شێوه‌ زاره‌کییه‌ زۆر و زه‌وه‌نده‌کانی که‌ له‌ نێو به‌یت بێژانی کورد دا باون، به‌ڵام له‌و نوسخه‌یه‌ دا لایه‌نی عیرفانی ده‌قه‌که‌ی خانی به‌ ته‌واوی ده‌رهاوێژراوه‌.
5- Cat.nr.C 1958, Petersburg Oriental Institute.
6- مارف خه‌زنه‌دار (بژارکار.)، ده‌ستوورا عه‌ڕه‌بی ب زمانێ کوردی. به‌غدا: دار الزمان، 1971 ؛ به‌ هێنانه‌ سه‌ر ڕێنووسی لاتینی  به‌ نێوی عه‌لی ته‌ره‌ماخی ، صه‌رفا کورمانجی (بژارکاران مارف خه‌زنه‌دار/ زه‌ینه‌لعابدین زنار) ستۆکهۆڵم،په‌مجینار، 1997 چاپ کراوه‌ته‌وه‌.
7- ڕه‌شید فندی، عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه‌که‌مین ڕێزماننڤیسێ کورده‌ ( به‌غدا 1985). مامۆستا قه‌دری، "عه‌لیێ ته‌ره‌ماخی و دیتنێن ویێن ل سه‌ر ڕێچکێن ڕێزمانا کوردی ل گۆر پڕتووکا ه‌ی یا ب ناڤێ ده‌ستوورا زمانێ عه‌ڕه‌بی ب کوردی دگه‌ل هند نموونه‌یێد فارسی و کوردی"بیر، هه‌ژمار 1 (بهار 2005)، لاپه‌ره‌ی 198- 192.
8- Amir Hassanpour, Nationalism and Language in Kurdistan, ١٩١٨-1٩٨٥  San Francisco: Edwin Mellen 1992
به‌ تایبه‌تی لاپه‌ڕه‌ی 81
 Mehmed Uzun , Despéka edebiyeta Kurdi ( AnkaraM Beybùn, 1992),
به‌تایبه‌تی لاپه‌ڕه‌ی 16-15
9- له‌ خواره‌وه‌ ئه‌من ئه‌و قسانه‌ی له‌ چاپه‌کانی ته‌سریف ی خه‌زنه‌دار و زنار ده‌یان گێڕمه‌وه‌ به‌ "خ" و  "ز" و به‌ دووی دا به‌ ژماره‌ی لاپه‌ڕه‌ دیاری ده‌که‌م.
10- ئه‌و کورته‌یه‌ی که‌ ساگنیچ له‌ سه‌ر ژیانی ته‌ره‌ماخی و کاره‌کانی نووسیوێتی له‌م  کتێبه‌ دایه‌: فه‌قێ حوسێن ساگنیچ، دیرۆکا وێژه‌یا کوردی (ئه‌سته‌نبووڵ 2002)، لاپه‌ڕه‌ی 390-387، وێده‌جێ زیاتر له‌ سه‌ر بنه‌مای  گێڕانه‌وه‌که‌ی بایه‌زیدی بێ.
11- M.B. Rudenko, Opisanie kurdskikh rykopisei leningradskikh sobranii ( Moscow 1961),pp.101-102
12- Cat no.Kurd 18, State library, Petersburg; Ms.Or.Quart. 1057, SB Marburg/Berlin.Cf.Rudenko
(1961: 102-103);cf.K.Fuad, Kurdische Handschriften ( Berlin 1970),pp.114-115.
13- ئه‌و ده‌ستخه‌ته‌ بێ به‌رواره‌ی ته‌سریف محه‌مه‌د عه‌لی قه‌ره‌داغی به‌ منی نیشان دا، که‌ به‌ ته‌واوی به‌ سه‌ر و بۆر نووسراوه‌ته‌وه‌ و له‌ په‌راوێزی لاپه‌ڕه‌کانی دا شه‌رحێکی زۆر نووسراوه‌. وێده‌چێ ئه‌م نوسخه‌یه‌ ژماره‌یه‌ک جیاوازی گرینگی هه‌بێ له‌ گه‌ڵ ئه‌و ده‌قه‌ی دا که‌ خه‌زنه‌دار بژاری کردووه‌ و زنار هێناویه‌ته‌ سه‌ر ڕێنووسی لاتینی؛ به‌ڵام له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌من هیچ کۆپی ده‌ستنووسه‌که‌م  به‌ ته‌واوی له‌ به‌ر ده‌ست دا نییه‌، لێره‌ دا ناتوانم زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌و باسه‌ بڕۆم.
14- بۆ ئاگاداری گشتی له‌ سه‌ر مانای "نه‌حو"، "سه‌رف"، "ته‌سریف"  و له‌ سه‌ر ڕیشه‌ و په‌یڤه‌ سه‌ره‌تاییه‌کانی
زمانناسیی عه‌ڕه‌بی به‌ زمانی ئینگلیسی بڕواننه‌ ئه‌م سه‌رچاوانه‌ی خواره‌وه‌:
For brief introductory remarks, see the lemmata ‘Nahw’, ‘Sarf’ and ‘Tasrif’ , all by C. Versteegh, in the Encyclopedia of Islam (2nd ed.). For more on the origins  and basic vocabulary of the Arabic linguistic sciences including sarf ot tasrif, see Jonathan Owens 1988 The Foundations of Grammar: An introduction  to Medieval Arabic Grammatical Theory ( Studies in the History of the Language Sciences, no.45). Amsterdam:John Benjamins. See also Michael Carter 1973 Sarf et Khalif : Contribution à la grammaire aeabe. Arabica 20: 292-304; Michael Carter 1985 When did the Arabic word nahw first come to denote grammar? Language and Communication 5: 265-272.                
ئه‌و انه‌ و سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ به‌ گشتی جه‌خت ده‌که‌ن له‌سه‌ر قۆناخی به‌رایی لێکۆڵینه‌وه‌ له‌ مه‌ڕ زمانی عه‌ڕه‌بی تا کاتی دامه‌زرانی "نه‌ریت"ێکی ڕێزمانی به‌ نێوی قوتابخانه‌ی به‌سڕه‌.
15- Cf. Bernard Weiss, ‘ A theory of the parts of speech in Arabic ( noun, verb, particle): A study of ‘ ilm al- wad’. Arabica XXXII ( 1976): pp. 23 – 36
16- ئه‌من توانیم شوێنگێڕی ئه‌و قسه‌یه‌ بکه‌م، زۆر وێده‌چێ له‌ ده‌قێک ی به‌قافیه‌ی سه‌رفی زمانی تورکییه‌وه‌ داکه‌وتبێ .ئه‌منیش وه‌ک خه‌زنه‌دار  ریزی دووه‌م وه‌ک ئۆکویان ده‌رراک گه‌ره‌ک ده‌خوێنمه‌وه‌  نه‌ک ئه‌وه‌ی زنار ده‌ڵێ
ئوکویان دیر ئونو گوێره‌ن.
17- Mulla Mahmùdé Bayazidi, Adat ù Rusùmetnameé Ekradiye. MS 1858/1274,cat.nr.Kurd 34,
Gosydarstvennaya pyblitsnaya biblioteka, Leningrad (Petersburg), edited by Jan Dost, Adat ù Rusùmetnameé Ekradiye ( Istanbul 2010), pp. 36-38
18- بۆ ده‌ربڕیـنێکی کورتی به‌راوه‌ردکارانه‌ ، بڕوانه‌:
S.Pollock,’Cosmopomitan and vernacular in history.’ Public Culture 12(2000):591-625;
بۆ شیکردنه‌وه‌یه‌کی زۆر به‌وورده‌ ڕیشاڵتر بڕوانه‌، کتێبه‌ زۆر به‌ قیمه‌ته‌که‌ی پۆڵاک:
The Language of the Gods in the World of Men ( Berkeley 2006).
19- به‌ تایبه‌تی ته‌ماشای ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌ بکه‌،
M.Silverstein, Language Structure and linguistic ideology, in P.Cline a.o.(eds.) The Elements
(Chicago 1979),pp. 193-247.
بۆ له‌ سه‌ر دوانێکی زیاتر پێوه‌ندی ڕاسته‌وخۆی هه‌بێ به‌م نووسینه‌ی به‌رده‌ست، بڕوانه‌:
R.Bauman & Ch. Briggs, Voices of Modernity (Cambridge 2003).
ئه‌م نووسینه‌ به‌شێکه‌ له‌ کارێکی گه‌وره‌تر که‌ ئێستا لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌ سه‌ر ده‌که‌م،- 20
From Coffee House to Nation State: The Emergence of New Public Languages in the Modernizing Ottoman Empire.
ده‌ربڕینێکی به‌رایی قسه‌ گشتییه‌که‌ی ئه‌و بابه‌ته‌، که‌ جه‌خت ده‌کا له‌ سه‌ر ڕه‌هه‌ندیی دینی و مانا سه‌ر داگیراوه‌ فه‌لسه‌فییه‌کانی تا ئه‌وه‌ی له‌ سه‌رتایبه‌تمه‌ندییه‌ زمانییه‌کان ئیست بگرێ،له‌م نووسینه‌ی خواره‌وه‌ی من دا هاتووه‌
‘The structural transformation of the coffeehoude: Language, religion, and the public sphere in the modernizing Muslim world’ئه‌و بابه‌ته‌ که‌م کتێبه‌ دا چاپ ده‌بێ،
D.Houtman and B. Meyer ( eds.), Things: Religion and the Question of Materiality.
21- Halil Inalcik, The ottoman Empire: The classical age (1973), p.201
ته‌ره‌ماخی ئاماژه‌ ده‌کا " له‌ هه‌موو زمانێک دا، زانستی سه‌رف هه‌یه‌ و ده‌کار ده‌کرێ" (خ 29؛ ز 14، مه‌به‌ستێتی بڵێ که‌ ئێستا سه‌رفێکی فارسی هه‌یه‌ و ئه‌وه‌ی که‌، ئه‌ویش وه‌ک سه‌رفی عه‌ڕه‌بی ده‌توانێ په‌یف و نموونه‌ بۆ شیکردنه‌وه‌ی کوردی له‌ ڕووی ڕێزمانه‌وه‌ له‌ به‌ر ده‌ست بنێ(هه‌ر له‌وێ). له‌ ده‌قه‌که‌ ڕا به‌ ڕوونی ده‌رناکه‌وێ  داخودا ته‌ره‌ماخی مه‌به‌ستی له‌ هه‌ر شێکردنه‌وه‌یه‌ک به‌ زمانی فارسییه‌ که‌ له‌ به‌ر ده‌ست دا بووه‌ یان نا، چونکه‌ نه‌ ئه‌و بۆ خۆی و نه‌ نووسه‌ره‌کانی دواتر وه‌کوو بایه‌زیدی، زنار یان ئوێزتۆپراک ( که‌ له‌ خواره‌وه‌ قسه‌ی لێوه‌ ده‌که‌ین) له‌ لیسته‌کانیان دا ئاماژه‌ به‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌وتۆ ناکه‌ن که‌ به‌تایبه‌تی له‌ سه‌ر سه‌رفی فارسی بێ.22- Katib Chelebi, The Balance of Truth, Tr.G.Lewis ( London 1957), p.26. In la science chez les turcs ottomans ( Paris 1938), esp.pp.92,106عه‌دنان ئادیوه‌ر، به‌ ڕواڵه‌ت له‌ سه‌ر بنه‌مای قسه‌ی چه‌ڵه‌بی ، هه‌ر هه‌مان شت ده‌ڵێ.
23- Khlid al-Rouaheb, ‘ The myth of the “ triumph of fanaticism” in the seventeenth- ce,tury Ottoman empire. Die Welt des Islams 48 (2008): 196-221.
24- Cf. M. van Bruinessen, “ Les Kurdes et leur langue au XVIIe siècle: notes d’Evlia çelebi sur les dialects kurdes” , Studia Kurdica No. 1-5 ( 1988), 13-34.
25 – مه‌ولوودی باته‌یی له‌م دواییانه‌ دا دیسان چاپ کراوه‌ته‌وه‌. لاپه‌ڕه‌کانی 234 – 173 ی  خالید سه‌عدینی، مه‌لا حوسه‌ینێ باته‌یی" ژیان، به‌رهه‌م و هه‌ڵبه‌ستێن وی ( ئه‌سته‌نبووڵ 2010)؛ چاپێکی به‌ دوو زمان ئی تازه‌ بریتی یه‌ له‌ جزیری، دیوان مه‌ڵایێ جزیری ، به‌ وه‌رگێڕانی تورکییه‌وه‌، عوسمان تونج بژاری کردووه‌ ( ئه‌سته‌نبووڵ 2010).
26- له‌م دواییانه‌ دا، قه‌دری ییلدرم هه‌م نووبهارا پچووکان و هه‌م عه‌قیده‌یا ئێمانێ ی به‌ شێوه‌ی کتێب  چاپ کردووه‌ته‌وه‌، له‌ گه‌ڵ شه‌رحی دوور ودرێژ ( ئه‌حمه‌دێ خانی کولییاتی، به‌رگی 1 و 2، ئه‌سته‌نبووڵ 2008). ده‌قێکی دیکه‌ی عه‌قیده‌ش ،عه‌قیده‌یا ئیسلامی به‌ ئاسایی به‌ ئی خانی داده‌ندرێ ( بۆ وێنه‌ له‌ لایه‌ن حه‌سه‌نپووره‌وه‌ ( 54: 1992)، که‌ له‌ ڕاستییدا پێی وایه‌ ئه‌و ده‌قه‌ هه‌ر هه‌مان عه‌قیده‌یا ئیمانێ یه‌)؛ ئه‌و کاره‌، بۆ وێنه‌  له‌چاپی تازه‌ی کاره‌کانی خانی ش دا هه‌یه‌ (هه‌موو به‌رهه‌م، دیاربه‌کر 2007، لاپه‌ڕه‌ی 365 – 349 ). دیاره‌ هۆی باش به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ ، گومان له‌ ناساندنی ئه‌و کاره‌ وه‌ک ئی خانی بکرێ. یه‌که‌م ، له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێکی به‌ په‌خشان نووسراوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌ر کارێکی دیکه‌ی خانی؛ دووهه‌م، له‌و ده‌قه‌ دا جیاوازیی فکری به‌رچاو هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ عه‌قیده‌یا ئیمانێ،به‌ڵام ده‌کرێ بڵێین له‌ ڕوی نێوه‌رۆکی فکرییه‌وه‌ و جار جاره‌ ته‌نانه‌ت ووشه‌کانیشییه‌وه‌ وه‌کوو دوو ده‌قی عه‌قیده‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌چێ که‌ له‌ نێو کۆر و کۆمه‌ڵی خالیدییه‌ی نه‌خشبه‌ندی باو بوون، واته‌.عه‌قیده‌تنامه‌ کوردی مه‌ولانا خالید  که‌ له‌ بناوانه‌وه‌ له‌ ده‌ور و به‌ری ساڵی 1800 دا به‌ کوردیی سۆرانی نووسراوه‌ و، ده‌قێکی کورتی عه‌قیده‌ به‌ له‌هجه‌ی حه‌کاری  ( بۆ ئه‌وه‌ی یه‌که‌میان ، بڕوانه‌ ئه‌و کتێبه‌ی محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم به‌ نێوی  عه‌قیده‌ی کوردی مه‌ولانا خالیدی نه‌خشبه‌ندی بژاری کردووه‌ و له‌ گۆڤاری کۆڕی زانیاریی عێڕاق – ده‌سته‌ی کورد 8 (1981): لاپه‌ڕه‌ی 222 – 199 دا چاپ بووه‌ و له‌ کتێبی که‌ماڵ ڕه‌ئووف محه‌مه‌د دا چاپ بووه‌ته‌وه‌،عه‌قیده‌ی ئیمان – عه‌قیده‌ی کوردی (هه‌ولێر 2004) ؛ بۆ ئه‌وه‌ی دواییان هه‌ر وه‌ها بڕوانه‌ D.N.Mackenzie, ‘ A Kurdish Creed’ , in W.B.Henning & E. Yarshater (eds.) A Locust’s Leg ( London
1962), pp.162-170
27 – نهج الانعام له‌ لایه‌ن زه‌ینه‌لعابدین زناره‌وه‌ به‌ ڕێنووسی لاتینی  له‌ ستۆکهۆڵم چاپ کرا ؛ چاپێکی دیکه‌ی که‌ هێنراوه‌ته‌ سه‌ر خه‌تی لاتینی ئه‌نیستیتووی مێزۆپۆتامیا له‌ ئه‌سته‌نبووڵ له‌ ساڵی 2002 دا بڵاوی کردووه‌ته‌وه‌.
28- ‌ کوتوپهانه‌ ( کتێبخانه‌)ی میللی له‌ ئانکارا ده‌ستنووسێکی به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی هه‌یه‌ که‌ بریتییه‌ له‌ ده‌قێکی کورتی سه‌ره‌تا ئی سێرتی ( ژماره‌ی کاتالۆگ 9572، پوشه‌ی 37- 25)؛ ئه‌من سپاسی خالید ئه‌لروعه‌‌یحه‌ب  ده‌که‌م بۆ ئه‌و زانیارییه‌. له‌و کتێبخانه‌یه‌ دا کارێکی دیکه‌ی سێرتی ش هه‌یه‌: منظومه‌ عقاید  که‌ ده‌کرێ یان ناکرێ هه‌ر نهج الانعام بێ. ( ژماره‌ی کاتالۆگ 5752) ده‌ستنووسی کاره‌کانی دیکه‌ی سێرتی ره‌نگه‌ له‌ کتێبه‌خانه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان یان کۆکراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌کان دا سه‌ر وه‌ده‌ر نێ.
29- ئه‌و نووسخه‌ له‌ ده‌ستنووسه‌ی  زرووف که‌ له‌ ماربورگ/ بێرلین پارێزراوه‌ به‌ لێدوان له‌ دوو قوتابخانه‌ی جیاوازی ڕێزمانی ( مذاهب) ی به‌سڕه‌ و کووفه‌ ده‌ست پێده‌کا و به‌و شێوه‌یه‌ ئاشنایه‌تییه‌کی سه‌ره‌تایی له‌ گه‌ڵ دمه‌ته‌قه‌ به‌راییه‌ تیۆرییه‌کان سه‌باره‌ت به‌ نه‌حو نیشان ده‌دا.
30- زنار ده‌ڵێ له‌و مه‌دره‌سه‌یه‌ی ئه‌وی چووه‌تێ، ئه‌گه‌رچی ئه‌و کارانه‌ی ده‌خوێندران زۆربه‌یان به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی بوون،به‌ڵام مامۆستاکان ئه‌وانیان وه‌رده‌گێرا سه‌ر کوردی و به‌ کوردی بۆ شاگردانیان لێک ده‌دانه‌وه‌ ( 48: 1993).
31- بۆ زانیاری و ئه‌ده‌بییاتی زیاتر له‌ سه‌ر ئه‌لکاتبی و ئه‌لته‌فته‌زانی ته‌ماشای ئه‌و شیکردنه‌وه‌ کورتانه‌ی بکه‌ن له‌
، ئه‌م که‌سانه‌ نووسیویانه‌،
M.Mohaghefh, W. Madelung ;
هه‌ر وه‌ها بڕوانه‌،
Rockelmann 
 بۆ چاپێکی ده‌قی عه‌ڕه‌بی و وه‌رگێڕانی ئینگلیسی شه‌مسییه‌ بڕوانه‌ ئه‌م سه‌رچاوانه‌:
Shamsiyya, A/Sprengers, First appendix to the “ Dictionary of the technical terms used in the sciences of the Mussulmans”  , Mohammad ‘Ali al Tahanawi,
ئه‌وه‌ باسی مه‌نتیقه‌ عه‌ڕه‌بییه‌کان ده‌کا به‌ زمانی ئه‌سڵی عه‌ره‌بی، له‌ گه‌ڵ وه‌رگێڕانێکی ئینگلیسی که‌ ساڵی 1854 له‌ کالکوتا بڵاو بوه‌ته‌وه‌؛ شه‌مسییه‌ به‌ وورده‌ڕیشاڵی تا ڕاده‌یه‌ک زیاتره‌وه‌ ئه‌م نووسه‌ره‌ی خواره‌وه‌ له‌ سه‌ری دواوه‌:
Tony Street in Peter Adamson (ed.) , The Cambridge Companion to Arabic Philosophy ( Cambridge 2005) pp. 247-265).
32- له‌و دواییانه‌ دا وه‌رگێڕاوێکی کوردی نێوه‌رۆکی سێ کار به‌ زمانی عه‌ڕه‌بی له‌ سه‌ر عه‌قیده‌ و فیقهی شافیعی  چاپ بووه‌ له‌ لایه‌ن بورهان حه‌دیبی یه‌وه‌ به‌ نێوی عه‌قیده‌ و فیقها زه‌لال ( ئه‌سته‌نبووڵ 2011).
33- بۆ لیستێکی ته‌واو له‌ مه‌ڕ ئه‌و کتێبانه‌ی له‌ بابه‌تی خوێندنی مه‌دره‌سه‌ کوردییه‌کان دا بوون بڕوانه‌:
Z. Zinarn, Xwendina medresé ( Stockholm 1993)
 به‌ تایبه‌تی لاپه‌ڕه‌ی 100 – 63. کورته‌یه‌کی ئینگلیسی ئه‌و کتێبه‌  به‌ نێوی :
Z.Zinar, Medrese education in Kurdistan. Les annals de l’autre Islam, no.5: Islam des Kurdes , pp.39- 58
دا چاپ بووه‌.
34- سه‌یره‌ ، سه‌رفی ته‌ره‌ماخی له‌و لیسته‌یه‌ دا نییه‌؛ ده‌کرێ بایه‌زیدی به‌ هه‌ڵکه‌وت  چاوی لێ هه‌ڵبواردبێ، یان به‌ هه‌ڵه‌ به‌ ته‌سریفی مه‌لا یوونسی دانابێ. ئه‌و بۆچوونه‌ی دواتر ده‌کرێ زیاتر وه‌ ڕاستی بچێ، چونکه‌ له‌ سه‌رچاوه‌ی دیکه‌ دا باسی هیچ ده‌قی ته‌سریف به‌ قه‌ڵه‌می مه‌لا یوونس نه‌کراوه‌.
35- وه‌رگێڕانی فه‌ڕانسه‌یی ژابا (14: 1860) به‌ هه‌ڵه‌ حیسامکاتی به‌ کارێک داده‌نێ سه‌باره‌ت به‌ هونه‌ری به‌یان و قه‌ولی ئه‌حمه‌د به‌ قورئان و شه‌رحی شه‌مسییه‌ ش به‌ " شیکردنه‌وه‌یه‌کی قانوونه‌ دینییه‌کان"دا ده‌نێ.
36- بۆ چه‌ند تێبینی زۆر کورت ی گشتی سه‌باره‌ت به‌ ژیانی مه‌دره‌سه‌ی کوردی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م بڕاونه‌: دۆست ( بژارکار) 156: 2010، زۆر چاوڕاکێشه‌ ، بایه‌زیدی که‌ له‌‌ ساڵی 1857، دا نووسیویه‌  هه‌ستی پێکرد هه‌م ژماره‌ی مه‌دره‌سه‌کان له‌ کوردستان و هه‌م به‌کارهاتنی زمانی کوردی له‌ به‌راوه‌رد کردن له‌ گه‌ڵ سه‌رده‌می ته‌رماخی دا زۆر که‌می کردووه‌. ئێمه‌ چ شتێکی وامان به‌ ده‌سته‌وه‌ نییه‌ که‌ بتوانین  ئه‌و ئاماژه‌یه‌ هه‌ڵسه‌نگێنین، که‌ وێده‌چێ درکێنه‌ری باوه‌ڕییه‌ک بووبێ که‌ کۆتایی ڕۆژه‌کان نیزیک بووبێ.
37- ڤان بڕاونێسن (28 ن55 : 1988) له‌ په‌راوێزێک دا  بۆ کورته‌ی کتێبه‌که‌ی زنار به‌ ئینگلیسی  ئاماژه‌ی پێ ده‌کا ‌ ئه‌و ده‌قه‌ فه‌لسه‌فییه‌ی زنار وه‌ک موخته‌سه‌ری سه‌عد ته‌فتازانی باسی کردووه‌ له‌لیسته‌که‌ی برۆکلمان دا نییه‌.
Brockelmann , Geschichte der arabischen literatur
له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، میللی کوتوپهانه‌ له‌ ئانکارا، دوو ده‌ستنووسی ته‌فتازانی هه‌یه‌ که‌ هه‌ر دووکیان ئه‌و ناوه‌یان هه‌یه‌ یه‌کیان به‌رواری ساڵی 989ی کۆچی پێوه‌یه‌. ئه‌و شوێنه‌واره‌ ده‌کرێ هه‌ر هه‌مان ،مختصرالمعانی بێ که‌ ئی ساڵی 988 ه‌، ئه‌ویش له‌ ئانکار و له‌ زانکۆی له‌یده‌ن له‌ هۆله‌ند پارێزراوه‌.
38- له‌ لیسته‌ی ئه‌و کتێبانه‌ی دا  له‌ مه‌دره‌سه‌کان له‌ڕۆژهه‌ڵات  خوێندراون و له‌ کاره‌که‌ی ئوێزتۆپراک دا هاتووه‌، به‌هه‌ڵه‌ وه‌ک فه‌رهه‌نگی عه‌ڕه‌بی – تورکی باسی نووبهار کراوه‌ (١٨٥- ٢٠٠٣)،
39- ڕه‌قمی ژماره‌ 41 له‌ لیسته‌که‌ی زنار دا بریتییه‌ له‌ ته‌فسیری عه‌ڕه‌بی ،که‌ مه‌لا عه‌لی یه‌ک نووسیویه‌؛ دیاره‌ نییه‌ داخودا ئه‌وه‌ هه‌ر هه‌مان شت نییه‌ که‌ له‌ ژماره‌ی 10 دا وه‌ک ته‌فسیرا کورمانجی باس کراوه‌ و ئه‌ویش به‌ ئی مه‌لا عه‌لی یه‌ک داندراوه‌ ( که‌ بێگومان مه‌به‌ست له‌ عه‌لی ته‌ره‌ماخی یه‌).
40- جان یوست ویتکام  ئاگاداری کردم ده‌ستنووسه‌کانی ئیشارات له‌ سه‌رزه‌وییه‌کانی ئیمپراتۆری عوسمانی پێشوو دا زۆر که‌من و باوه‌ڕێکی به‌ربڵاوی وا هه‌یه‌ که‌ به‌ ڕێگای ئه‌و کاره‌وه‌ بوو که‌ فه‌لسه‌فه‌ی ئیننی سینا  مایه‌وه‌ و دواتر له‌ نێو عارفانی ئیسلامی و زانایانی ئیسلامی دا ده‌گه‌ڕا.
41- Mustafa Dehqan, ‘ Kurdish glosses on Aristotelian logical texts’. Philosophical Quarterly 60 (2009):
692- 697.