Thursday, April 30, 2015

١١٥ مین ساڵی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەد

  
١١٥ مین ساڵی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەد
بە بۆنەی ١١٥ مین ساڵی لە دایکبوونی پێشەوا قازیی محەمەد  نامەیەکی دەستخەتی خۆی کە بە زمانی کوردیی بۆ خوارزای " ڕابێعە خانمی ناهید"ی نووسیوە بڵاو دەکەینەوە. ئەم  نامەیە یەکەمین جار لە بەرنامەی " ڕاوێژ "ی تێلێڤیزۆنی ستێرک دا بڵاو کرایەوە و گرینگی لەوە دایە خواستی قازیی محەمەد بۆ پەرەپێدان بە پەرەوەردە و خوێندن بە تایبەتی پەروەردەی ژنان دادەگرێتەوە. هەر بەو بۆنەیەوە چەند کورتە ئاماژەیەکیش  سەبارەت بە کەسایەتی وی بەر لەسەردمی جمهووری و لە زەمانی جمهووری کوردستان دا دەگێڕینەوە.
جێژنی لە دایکبوونت پیرۆز بێ پێشەوا !

بەشێک لە نامەی میسیۆنێری ئەمێریکانی هێنری مولێر کە لە  ٣٠ سێپتامبری ١٩٣٠ لە مەهابادەوە بۆ ئا.ک. بێورگر، یەک لە بەرپرسانی میسیۆنەکەیان لە ئەمێریکای نووسیوە:
" ..... ئه‌من ئه‌و ماوه‌یه‌ زۆر سه‌رقاڵ بووم بۆ جێ به‌ جێ کردنی کاره‌کان و بۆ ئه‌وه‌ی بزانم سه‌باره‌ت به‌ قه‌باڵه‌کان چم له‌ ده‌ست دێ. به‌ ڕێگای قازیی عه‌لی و میرزا محه‌مه‌د،کوڕی قازیی عه‌لی،به‌ گردبڕی دڵنیا کراوم ئه‌وان له‌و بابه‌ته‌‌ ده‌کۆڵنه‌وه‌ و ناهێڵن عه‌زیز ئه‌ڵمانی(که‌ به‌ باوه‌ڕی وان پارێزه‌رێکی " که‌ڵکباز‌"ه‌ ) مامڵه‌کانی ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رێ. میرزا محه‌مه‌د پێی گوتم ئه‌و له‌ سه‌ر ئه‌و خاڵه‌ ته‌ماشای قانوونی نوێ ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی بزانێ ‌ قازییه‌کانی کاروباری شه‌رعی به‌ پێی ڕێژیمی تازه‌ی ئێران هێشتا تا چ ڕاده‌یه‌ک بۆیان هه‌یه‌ له‌ سه‌ر کاروباری سه‌ودای مڵک ده‌ستێوه‌رده‌ن و بڕیار له‌ سه‌ر ئه‌و جۆره‌ کارانه‌ بده‌ن. کاتێک میرزا محه‌مه‌د ئه‌وه‌ی ڕوون کرده‌وه‌ ئاگادارم ده‌کاته‌وه‌ داخودا سه‌رداری موکری
 [ مەبەست  عەلی خانی سەردارە ] ده‌کرێ قه‌باڵه‌یه‌کی تازه‌مان بداتێ یان نا بۆ ئه‌و موڵکه‌ی له‌ سه‌ردار کڕابوو( واته‌ مڵکی نه‌خۆشخانه‌). میرزا محه‌مه‌د هه‌ر وه‌ها ئه‌وه‌ش ڕوون ده‌کاته‌وه‌ داخودا کوڕانی شێخاڵی خان ( شێخ عه‌لی خان) ده‌کرێ قه‌باڵه‌یه‌کی تازه‌مان بده‌نێ بۆ به‌شی باغچه‌که‌مان که‌ خیابانی پێدا کێشرا و له‌تی کرد....."

نامەی پێشەوا قازیی محەمەد بۆ ڕابێعەخانمی ناهید
٢٤/١٢/٢٢
خوشەویستم رابعە خانم.  امیدەوارم هەمیشە سڵامەت و سعادەتمەند بی. ئەگەر مایل بی بی بەوە ایرە وە لە مەدرەسەی کچان ببیە مدیرە زورم پی خوشە و ئەگەر مایلیش نەبی بو خوت دەزانی . بر هەر حاڵ  لە صورتیکدا بو خوت پیت خوش [بی] ئەمن پیم خوشە کە بی یەوە ایرە،
محمد قاضی



بەشێک لە ووتاری میرجەعفەری پیشەوەری سەرۆکوەزیری حکوومەتی نیشتمانی ئازەربایجان لە کاتی چوونی دەستەی نوێنەرایەتی کوردستان و ئازەربایجان بۆ تاران لە فڕۆکەخانەی تەورێز یەکشەمۆ ٨ی بانەمەڕی ١٣٢٥ی هەتاوی/ ٢٨ی ئاوریلی 1946ی زایینی ( سەرچاوە: ڕۆژنامەی آذربایجان، ژمارەی ١٨٥،  ٩ی ئاوریلی ١٩٤٦ )
".... بابه‌تێکی دیکه‌ی گرینگیش هه‌یه‌ که‌ له‌ ڕوانگه‌ی ده‌سته‌به‌ری بناغه‌ی ئازادییه‌که‌مان، ئابووری، بیروڕا و ئیده‌ئاله‌وه‌ و له‌و ڕێبازانه‌‌ دا یه‌کێک له‌ مه‌سه‌له‌ هه‌ره‌ گرینگه‌کانی ئێمه‌یه‌. ئه‌ویش بریتییه‌ له‌و یه‌که‌تی و یه‌کایه‌تییه‌ی وا‌ له‌ نێوان ئێمه‌ و برا کورده‌کانماندا هه‌یه‌. هه‌تاکوو ئێستا سیاسه‌تی کۆنه‌په‌رستانه‌ هه‌وڵیان ده‌دا‌ دووبه‌ره‌کی بخه‌نه‌ ناو ئه‌و دوو میله‌ته‌ نه‌جیبه‌، ئیدی ئه‌و دووبه‌ره‌کییه‌ نه‌ماوه، برایانی کوردمان به‌ سه‌رنێزه‌کانی خۆیان سنووره‌کانی ئێمه‌ ده‌پارێزن و ئێمه‌ش سنووره‌کانی ئه‌وان ده‌پارێزین. ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ده‌یانه‌وێ بژین و بمێننه‌وه‌، ده‌بێ یه‌ک بگرن.بنچینه‌ی سه‌رکه‌وتنی ئێمه‌ به‌ یه‌که‌تی ئه‌و دوو نه‌ته‌وه‌یه‌ به‌ستراوه‌ته‌وه‌.ئاغای محه‌مه‌دی قازی پێشه‌وای گه‌لی کورد ئێستا یه‌ک له‌ بڵیمه‌ته‌کانی ووڵاتانی ڕۆژهه‌ڵاته‌، به‌ڕێزیشیان له‌و ڕاستییه‌ تێگه‌یشتوون.ئێمه‌ له‌ داهاتوو دا ده‌ست له‌ ده‌ستی یه‌کتری دا نه‌ته‌وه‌ی کورد و گه‌لی ئازه‌ربایجان که‌ به‌ساڵان سووکایه‌تیان پێ کراوه‌ و چه‌وسێندراونه‌ته‌وه‌ به‌ ته‌واوی ئازاد ده‌که‌ین . چه‌پڵه‌ لێدان و هوریا کێشان
بژی گه‌لی ئازه‌ربایجان!
بژی ئازادی ! - چه‌پڵه‌ لێدان و به‌شینه‌وه‌ی ده‌سته‌ گوڵ

بەشێک لە بیرەوەرییەکانی میرزا مەنافی کەریمی لە کار بەدەستانی  بەرزی جمهووی کوردستان
(ئەو یادداشتانەی میرزا مەنافی کەریمی وەزیری فەرهەنگی جمهوورییەتی کوردستان، بەڕێز هاشمی سەلیمی ڕێکی خستووە و لە پەراوێزی بیرەوەرییەکانی سەعیدی هومایون دا " پیشوای بیداری" خاطرات سعید همایون، موسسە چاپ و نشر آراس، هولر، ٢٠٠٤ دا بڵاوی کردووەتەوە)
" ... مەئموورییەتێکیشم هەبوو بۆ میاندواو. چەند ڕۆژێک بوو حکوومەتی ئازەربایجان بە دەست ئارامی هەرمەنی میرزا ڕەحمەتی شافیعی گرتبوو و لە تەغی ئاباد زیندانی کرد بوو. دەیانگوت پارەیەکی زۆر لە نێوبراو داوا دەکەن و ئاشکرا بوو دوای ئەوەی پارەیان لێ ئەستاند گیانی خۆشی بۆ ڕزگار ناکرێ، سەعاتی دەی بەیانی بوو کە بانگ کرام بۆ ئیدارەی حیزب. یەک لە پێشخزمەتەکان منی ڕێنوێنی کرد بۆ لای قازیی محەمەد کە بەڕێزیان فەرموویان دەزانی ئەوە ئاغای ڕەحمەتی شافیعی لە میاندواوێ زیندانی کراوە، وەک دەردەکەوێ نییەتێکی خراپیان لە ئاست وی هەیە ، دەستبەجێ لە گەڵ دووسێ کەس لە ئەندامانی حیزب بچنە ئەوێ و لە لایەن منەوە بە نەماز عەلییێڤ بڵێن زیندانی کردنی کوردێک بە دەست ئازەربایجانییەک بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە نیوەی زیاتری خەڵکی میاندواو کوردن لە ڕوانگەی ئێمەوە سووکایەتییەکی گەورەیە. ئەگەر میرزا ڕەحمەت تاوانێکیشی کرد بێ دەبێ لە مەهاباد سزا بدرێ، هەلبەت من بۆچوونم ئەوە نییە و ئازاد بوونیم لە زیندانی کردنی پێ باشترە. لە گەڵ ئاغایان حاجی مستەفای داودی،محەمەدئەمینی شەڕەفی، دڵشادی ڕەسووڵی و هەباس ئاغای عەزیزی زاوای ئاغای ڕەحمەتی شافیعی بە ماشین وەڕێ کەوتین، لە میاندواو لە پێش قاوەخانەیەک بۆ چایی خواردنەوە ڕامان گرت. تەماشامان کرد، سەربازێکی شووڕەوی هاتە پێشێ و گوتی فەرماندە دەیەوێ چاوی بە ئێوە بکەوێ. لە گەڵ سەربازەکە چووم. فەرماندە پرسیاری کرد میرزا مەناف بۆ چ کارێک هاتوون بۆ میاندواو ؟ گوتم بۆ دیتنی ئێوە هاتووم و دەستبەجێ پەیامەکەی قازیی محەمەدم ڕاگەیاند، ئەویش گوتی بەو کەسانەی لە گەڵت هاتوون بڵێ دەستبەجێ میاندواو بە جێ بهێلن و لە یەکەم قاوەخانەی سەر رێیە چاوەڕوانی هاتنەوەی ئێوە بن، قسەکەیم جێ بە جێ کرد و گەڕامەوە لای و پێی گوتم بە ماشێنی من بچۆ بۆ لای ئارام ، ئەو شافیعی ڕادەستی ئێوە دەکا، کە گەیشتینە تەغی ئاباد سەر و سۆراغی ئارامی هەرمەنیم کرد، شوێنی کارەکەیان پێ نیشان دام، بەڵام ئارام بۆ خۆی لەوێ نەبوو،بە ڕواڵەت لە ئاغای شافیعی و هەر وەها من کە پێشتر دەمانناسی ڕوو دەربایستی هەبوو، بەڵام پێشتر فەرمانی دا بوو کە ئاغای شافیعی ڕادەستی من بکەن. دوای نیزیک پێنج دەقیقە ئاغای شافیعییان هێنا بۆ دەفتەر دەستبەجێ سواری ماشین بووین و هاتینەوە میاندواو، لەوێ ماشێنی حیزب ئامادە بوو، بە سپاس لە نەمازعەلییێڤ سواری ماشین بووین و هەموومان بەرەو مەهاباد وەڕێ کەوتین و لە یەکەم قاوەخانەی سەر ڕێیە ئەندامەکانی دیکەش لەگەڵمان کەوتن، سەر و ڕوو ماچ کردن دەستی پێکرد و لەو سەرکەوتنەی وە دەستمان هێنابوو هەموومان شاد و خۆشحاڵ بووین.


 ( پێویستە لێی زیاد بکرێ ئەو قسەیەی نەمر میرزا مەنافی کەریمی لە مەڕ ڕزگار کردنی ژیانی میرزا ڕەحمەتی شافیعی لە وەسییەتنامەی پێشەوا قازیی محەمەد دا وەڕاست دەگەڕێ. پێشەوا لەو بارەیەوە نووسیویە: " میرزا ڕەحمەت یان کەسێکی دی هەرچەند لە کوشتن ڕزگارم کرد، ئەگەر شتێکی لە مەر من دە دڵ گرتبێ، گەردنم ئازاد کا" ح.ق).






Monday, April 27, 2015

بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی کۆچی دوایی فڕێد هاڵیدەی دۆستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست


بە بۆنەی پێنجەمین ساڵی کۆچی دوایی فڕێد هاڵیدەی دۆستی گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست
حەسەن قازی
٢٦ ئاوریلی ٢٠١٥
ڕۆژی ٢٦ی ئاوریلی ٢٠١٠  دڵی گەورەی فڕید  هاڵیدەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بارثێلۆنا لە بەر نەخۆشی شێرپەنجە لە کوتە کەوت. هاڵیدەی لە باوکێکی ئینگلیسی و دایکێکی ئیرلەندی لە فێڤرییەی ١٩٤٦  لە شارێکی پچووکی سنووریی جمهووری ئیرلەند لە دایک بوو. ئەو نەک هەر پسپۆڕێکی کارو باری ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵکوو زمانزانێکی گەورەش بوو و بە دوازدە زمان لەوانە عەڕەبی و فارسی دەیتوانی بخوێنێتەوە و بنووسێ . بیستنی خەبەری مردنیم زۆر پێناخۆش بوو، ئەگەرچی لە مێژ ساڵ بوو نەم دیبوو. هەر بە ئاگادار بوون لەو خەبەرە لە فەیس بووک دا،  سیمای شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری م، هاتەوە بەرچاو. لە ساڵی ١٩٧٣ یان ١٩٧٤ بوو لە لەندەن بەڕێگەی مەنووچێهر دا چاوم پێی کەوت. فڕێد و مەنووچێهر ئەو دەمی کۆمیتەیەکی پشتیوانییان لە گەڵ بزووتنەوەی زوفار ساز کردبوو و زۆر بە ڕێکوپێکی دەنگوباسی دەستێوەردانی ئەڕتەشی حەمە ڕەزاشایان لەو وڵاتەی کەنداو لە قاو دەدا و پشتیوانیان لە تێکۆشەرانی ئازادیخوازی ئەوێ دەکرد
ئەو سەروبەندی فڕێد خەریکی نووسینی کتێبی " عەڕەبستانی بێ سوڵتان " بوو و دۆستایەتی نزیکی لەگەڵ مەنووچێهری شەهید هۆیەک بوو بۆ ئەوەی لە نزیکەوە لە کارو چالاکییەکانی ئەنجومەنی خوێندکارانی ئێرانی ئەندامی کۆنفێدراسیۆنی جێهانی ئاگاداربێ. لە پاییزی ساڵی ١٩٧٦وە ئیدی ئەمن لە ئینگلیستان نەمام. بەر لە ڕووخانی ڕێژیمی شا، وابزانم لە ساڵی ١٩٧٨ دا بوو مەنووچێهری کەڵانتەری سەرێکی لەسوێد دا و ئەوە ئاخر جار بوو کە بیبینم. ساڵێکی پێ نەچوو ڕێژیمی حەمە ڕەزا شا ڕووخا. گۆڤاری مێریپ ڕێپۆرت کە فڕێد بە بەردەوامی تێیدا دەنووسی باسی ئاڵوگۆڕەکانی دوای ڕووخانی ڕێژیمی سەلتەنەتی و شێکردنەوەی بارو دۆخی نوێی بڵاو دەکردەوە. هەر لەو سەروبەندە دا وتارێکی زۆر ووردی فڕێد هاڵیدەی لە گۆواری " نیو لێفت ڕێڤیو" دا بە نێوی " شەڕوشۆڕش لە ئەفغانستان" بڵاو ببووەوە، ئەمن ئەو نووسراوەیەم وەرگێڕا سەر زمانی کوردیی سۆرانی و پێم خۆش بوو هەرچۆنێکە نوسخەیەک بۆ خۆشی بنێرم. دوای ماوەیەک نووسینێکی بێوەی مێژوونووسی ناسراو ئیسحاق دۆیچێرم سەبارەت بە بزووتنەوەی "سۆلیدارنۆچ" لە لەهیستان  وەرگێڕا و، هەر وەها زنجیرەیەک بەڵگەی"کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتكێشانی کوردستانی ئێران " کرانە زمانی ئینگلیسی و گشت ئەوانە لە لایەن ئینتیشاراتی سمایلی شەریفزادە لە سوێد بڵاو کرانەوە، بە خۆشییەوە توانیم بە ڕێگای  ناونیشانی گۆواری " نیو لێفت ریفیو" فڕێد هاڵیدەی ببینمەوە و هەموو ئەو بڵاوکراوانەم بە بەردەوامی بۆ دەنارد
لە ساڵانی  ١٩٨٠ تا ١٩٨٢ لەگەڵ هاڵیدەی زۆر نامەمان ئاڵوگۆڕ کرد. بە خۆشییەوە بەشێک لەو نامە کورتانەی هالیدەی م هەر پاراستووە و لە پێنجەمین ساڵی نەمانی دا وێنەی ئەو نامانە لە گەڵ وەرگێڕانی کوردییان بڵاو دەکەمەوە.نامەی یەکمیان ڕووی لە " انتشاراتی سماییلی شەریفزادە" یە.

١٧ی ئووت ١٩٨٠
دۆستانی خۆشەویست،
گۆواری "نیو لێفت ڕیڤیو" ئەو نامەیەی ئێوە لە ٨ی ژووییەی ئەمساڵ نووسیوتانە لە گەڵ دوو کۆپی لە ووتارەکەی من لە سەر ئەفغانستان کە ئێوە بڵاوتان کردووەتەوە پێ دام. ئەمن ناتوانم کوردی بخوێنمەوە، بەڵام لە بەر ئەوەی فارسی و عەڕەبی دەزانم بەلانی کەمەوە دەتوانم چەند برگەی لێ هەڵکڕێنم و ئەمن دڵنیام  ئەو وەرگێڕانە بە باشی کراوە. ئەوە زۆر جێگەی دڵخۆشییە مرۆڤ بزانێ کە ئێستا دەکرێ هاوڕێیانی کورد ئەو دەقە بخوێننەوە ، و ئەوە زیاتر دەهێنێ کە مرۆڤ بەردەوام بێ لە سەر نووسین کاتێک دەبینێ کارەکانی کەلکێکی ئاوایان هەیە.
لەگەڵ باشترین ئاواتم بۆ خەباتی ئێوە و بۆ دۆزی ڕەوای گەلی گورد،
برای دڵسۆزتان، فڕێد هاڵیدەی، ئیمزا
٢٥ی سێپتامبری ١٩٨١
ئاغای قازی خۆشەویست،
سپاس بۆ ئەوەی ئەو کارانەی ئامادەیان دەکەی بۆ منیان دەنێری، ئەمن هەتا بڵێی ئەوانم بەدڵە و بە سەرنجڕاکێشیان دەزانم. ئەگەر بۆت هەڵدەسووڕێ تکایە لە ناردنیان بەردەوام بە.
ئەمن ئەو کۆپییانەی وەرگێرانەکەی ئێوەم [ لە سەر لەهیستان] دا بە خانمی دۆیچێر کە حەوتووی ڕابردوو بۆ نانی نیوەڕۆ لامان میوان بوو، ئەو بەو کارە زۆر خۆشحاڵ بوو. سەبارەت بە لەهیستان لە ژمارەی ١٣٠ی " نیو لێفت ڕێڤیو"ش  دا بابەت بڵاو دەبێتەوە.
ئەمن دڵنیام  ئێوە دوایین ژمارەی " مێریپ ڕیپۆرت " تان دیوە کە تێیدا  ئەو چاوپێکەوتنەی لەگەڵ قاسملۆ کردوومە بڵاو بووەتەوە، ئەگەر نەت دیوە ، ئەمن دەتوانم بۆت بنێرم.
برای دڵسۆزتان   فڕێد هاڵیدەی ، ئیمزا

٧ی ژووەنی ١٩٨٢
هاوڕێی خۆشەویست قازی،
دۆستێکی کوردم ڕووی لێناوم سەبارەت خزمێکی کە دەیەوێ هەتا زووترە ئێران بە جێ بهێڵێ. ئەو کەسە بیستوویەتی حکوومەتی سوێد  بە عەلاقەوە پەنابەریی سیاسی دەدا بە کوردەکان ، و ئەمن دەمەوێ لێت پرسم داخودا دەتوانی لەو بارەیەوە یارمەتیدەری بی و ئاگادارم کەی. چ هەلومەرجێک پێویستە بۆ ئەوەی دەوڵەتی سوێد پەنا بە کەسێک بدا؟  ئەگەر کەسێک  لە تورکییە بێ ، باشترین ڕێگا بۆ ئەوەی حەول بدا و بتوانێ پەنابەریی لە سوێد وەربگرێ چییە؟ هەر زانیارییەک لەو بارەیەوە زۆر یارمەتیدەر دەبێ. ئەگەر بۆت هەڵبسووڕێ و بتوانی بەر لە ١٣ی ژووەن بۆ ژمارەی  ٠١٨٨٣٩٤٦٤ تەلەفۆنم بۆ بکەی و ئاگادارم کەی ئەوە باشتریشە. ئەگەریش نەکرا، تکایە هەرچی زووتر ووڵامی ئەم نامەیەم بدەوە.
برای دڵسۆزت ، فڕێد هاڵیدەی  ئیمزا،

فڕێد هاڵیدی لە ساڵی ٢٠٠٢ بوو بە ئەندامی ' ئاکادێمی بریتانیا ' و ئەو کاتەی لە مەدرەسەی ئابووریی لەندەن"لاندن سکوول
 ئاف ئێکنامیکس" پڕۆفێسۆر بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ دژایەتی خۆی دەربڕی سەبارەت بەو پڕۆژە هاوبەشانەی کە ئەو زانکۆ هەرە بە پرێستیژەی بریتانیا لەگەڵ بنیاتی قەزافی وەڕێیان خست.هاڵیدەی
بە پرێشتیژەی بریتانیا لەگەڵ بنیاتی موعەمەر قەزافی لەگەڵ کاری  زانستی و لێکۆڵینەوەی بەردەوام  بە زمانێکی ئاشکرا و بێ سڵەمینەوە بۆچوونەکانی خۆی دەهێنا گۆڕێ و ئەوە لە خەسڵەتە بەرچاوەکانی وی ب/
.

دوای خۆ داسەپاندنی ڕێژێمی کۆماری ئیسلامی و کوشتاری بەربڵاوی ئازادیخوازان، مەنووچێهری کەڵانتەری لە کاتێکدا دەیەوێ لە سنووری ئێران و پاکستان بپەڕێتەوە لە تێکهەڵچوونێک دا لە گەڵ هێزی ئێران لە بەلووچستان  دەکووژرێ. بە بۆنەی مەرگی مەنووچێهر، فڕێد هاڵیدەی بیرەوەری هاوکارییەکانی خۆی و مەنووچێهری کەڵانتەری بۆ پشتیوانی لە خەباتکارانی زوفار و بزووتنەوەی دژی ڕێژیمی شا لە مێریپ ریپۆرت دا بڵاو کردەوە و یادی ئەو دۆستەی خۆی بەرز نرخاند

بێگۆمان فێڕید هالیدەی لە دووتوێی زیاتر لەو پەنجا کتێبە زانستیی و  ئەو ووتارەجۆر بەجۆرانەیدا کە بڵاوی کردووەنە تەوە هەر دەمێنێ، هەروەک شەهید مەنووچێهری کەڵانتەری کە یادی لە لای ئەو کەسانەی لە نزیکەوە ناسیویانە قەت لە بیر ناکرێ
















Friday, April 24, 2015

نموونەیەک لە کارتێکەری پێچەوانە لەمەڕ بۆچوون بۆ زمانی دایکی


نموونەیەک لە کارتێکەری پێچەوانە لەمەڕ بۆچوون بۆ زمانی دایکی

حەسەن قازی

جێسیکا باڵ پڕۆفسێوری پەروەردەی منداڵان و جەوانان لە زانکۆی ڤیکتۆریای کانادا ، لە ساڵی ٢٠١٠ لە سەر داوای یونێسکۆ  لێکۆڵینەوەیەکی کردووە  سەبارەت بە پێواژی فێربوونی منداڵانی خاوەن پێشینەی جیاوازی زمانی کە ئەنجامی ئەو توێژینەوەیە کارتێکەری نموونەیەکی پێچەوانەی زۆرداریی زمانی دەسەلمێنێ، ئەو دەنووسێ:
" یەکێک لە نیشانە ئاشکراکانی باشی و قازانجی پەروەردەی بناغەیی بە زمانی دایکی دەکرێ لە سیاسەتی پەروەردەیی و ئاکامەکانی لە زەمانی دەستەڵاتی ڕێژیمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور و لە نامیبیا لە ساڵی ١٩٥٥ تا ساڵی ١٩٧٦ ببیندرێ. ئەوجۆرەی هیو (٢٠٠٩) باس دەکا ، لەو سەو بەندە دا ، زۆربەی ووڵاتانی ئینگلیسی زمانی باشووری ئەفریقا لە جیاتی ئینگلیسی خوێندنی بناخەیی و سەرەتاییان کرد بە تاکە زمانێکی ئەفریقایی و بە دوای ئەو پەروەردە سەرەتاییە دا  تێپەڕبوونی پەروەردەیان بەرەو ئینگلیسی یان هەر تەنێ بە ئینگلیسی وەبەر گرت. لەگەڵ ئەوەشدا، لە ئەفریقای باشوور و لە نامیبیا هۆیەکی سیاسی هەبوو لە سیاسەتی پەروەردە دا کە دەیەویست گەلانی ئەفریقا لە یەکتری هەڵبڕێ و دابڕ دابریان کا و ئەوە دەستەبەر کا کە منداڵەکانیان زمانێکی تاقانە فێر نەبن. هەر بەو مەبەستە هەموو کەرەستەکانی خوێندن و پەروەردەی سەرەتایی لە زمانەکانی " ئافریکانس"و"ئینگلیسی" یەوە وەرگێڕدرانە سەر ٧ زمانی ئەفریقای باشوور و چەندین زمان لە نامیبیا، لەگەڵ ئەوە زمانی دووەمیش فێری منداڵان دەکرا."
ئەو سیاسەتی زمانییە کە بە مەبەستی دابڕانی خەڵک دەکرا، لەوسەوبەندە دا تەواو ئاکامێکی پێچەوانەی هەبوو و بووە هۆی دەستکەوتی زیاتری منداڵانی ئەفریقایی لە خوێندن دا، چونکە ئەوان بە فێر بوونی زمانی یەکەمی جۆر بە جۆر پێشوەچوونیان زۆر زیاتر بوو لە بەراوەرد کردن لە گەڵ ناوچەکانی دیکەی سەحرای ئەفریقا. ئەو سیاسەتە زمانییە  بە شێوەیەکی کاریگەر یارمەتی کرد بە منداڵان کە هەم تواناییەکانی قسە کردن و هەم زەرفییەتی ئاکادێمی خۆیان بە زمانی یەکەم بەرەو پێش بەرن بەر لەوەی کە دەست بکەن بە  فێری زمانی دوویەم. لە سایەی ئەو سیاسەتە پەورەردەییە دا ئەو جۆرەی کە هیو ئاماژەی پێ دەکا تا ساڵی ١٩٧٦ رێژەی ئەو شاگردە ئەفریقاییانەی کە توانییان تاقیکردنەوەکانی پلەی ئامادەیی بە سەرکەوتووییەوە تێپەڕێن گەیشتە ٨٣،٧ لە سەد. لەوەش زیاتر، وەک هیو دەنووسێ (٢٠٠٢) خەرجی تاک بۆ ئەو پەورەدە ئەفریقاییە لە سەر بنەمای زمانی دایکی تەنێ بەشێکی کەم بوو لە خەرج و مەسرەفی پەورەردەیی لە ووڵاتەکانی دیکەی ئەفریقایی لەو سەروبەندی دا. دوای سەرهەڵدانی سیاسی ساڵی ١٩٧٦، دەوڵەت لە بناوانەوە ئەو سیاسەتە پەروەردەییەی وەلانا و ماوەی خوێندنی بە زمانی دایکی لە ٨ ساڵەوە کرد بە ٤ ساڵ لە پلەی سەرەتایی دا، و بە دوای ئەوە دا تێپەڕین بەرەو ئینگلیسی دامەزراوە. تا ساڵی ١٩٩٢، ڕادەی سەرکەوتنی منداڵە ئەفریقاییەکان لە تاقیکردنەوەکان دا تا ٤٤ لە سەد داکشا، هەر وەها لێهاتوویی بۆ فێر بوونی ئینگلیسی ش لە کورتێی دا. (هیو ٢٠٠٢). چاکی و قازانجی پەروەردەی بناغەیی و سەرەتایی لە سەر بنەمای زمانی دایکی لە گشت خوێندنی پلەی سەرەتایی دا  لە مەڕ نێجێرییە (بامبگوسە ٢٠٠٠) و هەر وەها سەبارەت بە ئێتیۆپی ش باس کراوە ( هیو، بێنسۆن، یوگیل و یوهانس ٢٠٠٧). " ئەو زانیاریانە و هەر وەها تیوری، توێژینەوە و ئەزموونی پەروەردە لە سەر بنەمای زمانی دایکی و خوێندنی دوو زمانی لەگەڵ بارو دۆخی هەموو دنیا دەگونجێن ( تۆماس و کولیر ٢٠٠٢) و هەر وەها ئەو لێکۆڵینەوانەش کە لە لایەن یونێسکوە باس کراون.


سەرچاوە: بەرەو ژوور بردنی توانایی فیر بوونی منداڵانی خاوەن پێشینەی جیاوازی زمانی: پەروەردە لە سەر بنەمای زمانی دایکی تا فێر بوونی چەند زمانیی لە پلەی ساوایی را تا ساڵەکانی سەرەتایی خوێندنی سەرەتایی"
لێکۆڵینەوەی جێسیکا باڵ لە سەر داوای یۆنێسکۆ ٢٠١٠

Thursday, April 23, 2015

چاوپێکەوتنێک لە گەڵ زانای بەنێوبانگی نێونەتەوەیی پڕۆفێسۆر دەیڤید هارڤی


چاوپێکەوتنی عەلی گولەر، ئازانسی دەنگو باسی فرات لەگەڵ پڕۆفێسۆر  دەیڤید هارڤی لە پەڕاوێزی  کۆنفڕانسی
" چالنجی مۆدێرنیتەی  کاپیتالیستی" کە لە ڕۆژانی ٣- ٥ ی ئاوریلی  ٢٠١٥  لە زانکۆی هامبورگ بەڕێوە چوو.
وەرگێڕان و ئامادە کردن: حەسەن قازی
دەیڤید و. هارڤی لە ٣١ی ئۆکتۆبری ساڵی ١٩٣٥ لە دایک بووە. پڕۆفێسۆری هەڵکەوتووی مەردمناسی و جوگرافیایە  لە ناوەندی گراجووەیتی سیتی یونێڤێرسیتی لە نیۆ یۆرک.لە ساڵی ١٩٦١ لە زانکۆی کەمبریج لە جوگرافیا دا پلەی دوکتورای وەرگرتووە . هارڤی زۆر کتێب و ووتاری نووسیوە کە دەوری کاریگەریان بووە لە پێشخستنی جوگرافیای مۆدێڕن دا وەکوو بوارێکی زانستی. ئەو لە لایەنگرانی بە گوڕی  مافی شارە.
هارڤی لە ساڵی ٢٠٠٧ یەک لە ١٨ نووسەرەکانی  هەرە بەرچاوی  ئەو ساڵە بووە لە جیهان دا  بۆ  نووسینی کتێب لە بواری زانستە ئینسانی و کۆمەڵایەتییەکان دا کە لە گۆوارە ئاکادێمیکەکاندا ئاماژە بەکارەکانیان کراوە. کارەکانی لە زەمینەی جوگرافیا دا لە چوار ووڵاتی ئینگلیسی زمان  لە نێوان ساڵانی ١٩٨٤ و ١٩٨٨ دا پلەی یەکەمی هەبووە.
لەخوارەوە ووڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە عەلی گولەر لێی کردووە،
بەر لەوەی بێمە ئەو کۆنفڕانسە ئەمن بڕێکم لە سەر بار و دۆخی دانیشتووانی کورد لە ڕۆژئاوا  دەزانی. دیارە ڕاپۆرت و نووسراوەی ڕۆژنامانم دەخوێندەوە سەبارەت بەو شتانەی لە کۆبانێ و لە ڕۆژئاوا دەقەومین . بەڵام، ئەو جۆرەی پێویست دەکا ئاگادار نەبووم لە پێشخانی گشت ئەو بابەتانە. ئەمن بە ووردە ڕیشاڵی بارو دۆخەکەم نەدەزانی. جا بۆیە  بە بەشداری لەو کۆنفڕانسە دا زۆر شت  فێر بووم.  دەمەویست زیاتر تێبگەم لە دەوری ئوێجاڵان بۆ بووژاندنەوەی دۆزی کورد لەو بەشەی کوردستان و جیاوازی ئەوەی لە باکوور دەقەومێ لە گەڵ باشووری کوردستان. بە تایبەتی فێر بوونی زیاتر سەبارەت بە دەوری ژنان کە ڕەنگە بەشی هەرە کارتێکەر و کاریگەر بێ لەو شتانەی من لێرە لەم کۆنفڕانسە دا بیستمن.  جگە لەوە ئەمن هەمیشە مەیل و عەڵاقەم هەبووە سەبارەت بە کێشەی شاران. بەتایبەتی بیروڕاکانی ماوری بووکچین لەمەڕ کۆنفێدڕالیزمی دێمۆکڕاتیک و هەلومەرجێکی ئاوا  کە بکرێ ئەوان لە ئەرزی واقیع دا وەدی بهێندرێن بۆ من زۆر هەیەجان بەخشە. گوێ لێ بوونی زیاتر لەو بارەیەوە ئەزموونێکی گەورەی فێر بوون بووە بۆ من. نەچووم بۆ ڕۆژئاوا هیوا دارم دواتر لەمساڵ دا بتوانم بچم بۆ ئەوەی بە چاوی خۆم ببینم بزانم کار و بار چۆن هەڵدەسووڕێ. بە پێی ئەو شتانەی بیستوومن وا دیارە دانیشتووان لە مەجلیسی جۆر بە جۆر دا خۆیان ڕێک خستووە و هەر کامە لە کانتۆنەکان ژمارەیەک مەجلیسیان هەن و ئەوە ڕیگایەکە بۆ دامەزراندنەوە و دابین کردنی خزمەتە سەرەتاییەکان  لە جەنگەی شەڕێکی ماڵوێرانکەر و لە قۆناخێکی هەتا بڵێی ڕووخێنەرانەی کێشەیەک دا. ئامادە کردنی نان و ئاو بۆ خەڵک، دامەزراندنەوەی پەروەردە و کارو باری دیکەی ئەوتۆ. جا ئەمن باسی ڕێکخراوەی جۆر بە جۆرم بیستووە کە لە هەلومەرجێکی ئاوا ڕووخێنەرانە و پڕ لە کێشە دا هەڵدەسووڕێن و کارەکانیان سەرنجڕاکێشن و کار لە مرٶڤ دەکەن. دەبێ بڵێم لە دڵەوە قەدر و پێزانی خۆمیان لە ئاست دەردەبڕم  بەو کارانەی کە دەیکەن و تا ئەو جێگایەی کە بیستوومە. یەکجار زۆرم پێخۆشە بۆ خۆم بچم و بە چاوی خۆم ئەوانە ببینم.
بۆ نموونە ئەمن یەکجار زۆرم پێ خۆشە دەرەتانی ئەوەم دەست کەوێ بچم و لە یەکێک لەو ئاکادێمییانەی لەوێ ساز کراون قسە بکەم ، بگرە هێندێک دەرس بڵێمەوە.
لەمەڕ ڕۆژئاوا  لایەنێکی دەستبەجێ ئەوەیە کە مرۆڤ چۆن ئابوورییەک ببووژێنێتەوە و زیندوو کاتەوە و ژیانێکی ڕۆژانە بۆ خەڵک دامەزرێنێتەوە لە سەر ئەرزی واقیع لە جەنگەی ئەو ماڵوێرانییە دا و  لە هەلومەرجێکی ئاوا دا مڕۆ بە پێویستیی بیر لە بیری قووڵ و لە بنەنەهاتوو ناکاتەوە و باسی کێشەی تێپەڕین بەرەو سۆسیالیسم و لەو جۆرە بابەتانە ناکا، چونکە ئەتۆ دەبێ نانی ڕۆژانە بۆ خەڵک پەیدا کەی ، دەبێ ئاویان بۆ دابین بکەی، دەبێ کارەبایان بۆ پەیدا کەی ، بۆ ئەوەی بتوانن بەیەکەوە بوونێکی کۆمەڵایەتی سەرەتاییی دامەزرێنن . بەڵام ڕاست لە چەقی گشت ئەوانە دا ئەتۆ دەتوانی هاوپێوەندی ئەوتۆ ببینی کە  فکری لێ دەکەنەوە هەبوونی ئابوورییەکی بەدیل پێش بخرێ. جا ئەوە چۆن دەکرێ و لەو ڕێبازە دا چ دەکرێ بکرێ ئەوەیە کە خەڵک لە دەرەوە را دەتوانن بۆچوونی خۆیانی لە سەر دەرببڕن و پێشنیازی خۆیان بکەن ، بەڵام دوا جار  ئەو خەڵکەی کە لەوێ دەژین خۆیان دەبێ بڕیار بدەن سەبارەت بەو شتەی کە مانای بۆ ئەوان هەیە.

ئەمن بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە لە ناوخۆ لە خەباتی کۆبانێ و ڕۆژئاوا دا بەشدار بوون کارەکانیان زۆر بە ئیلهامدەر دەبینم . ئەوان زۆر باوەریان بەوە بووە کە کردوویانە و ئەوەی کە بوون. دیسان شتێک کە لە ناو خەبات ڕا سەرهەڵدێنێ ئەوەیە ئەوەی دەبیندرێن دانیشتووانێک نین کە وورەیان بەر دابێ ، بەڵکوو دانیشتووانێکن زێهنییەتێکی ئاگراوییان هەیە ئاگری سیاسی و هەست دەکەن بۆ مافێک بەر خوە دەدەن کە زۆر زۆر گرینگە نەک تەنێ لە پێناو ئەوەی کە لەوێدا ڕوودەدا بەڵکوو بۆ گشت دۆزی کورد و هەر وەها ئەمن پێم وایە بۆ هەموو ئەو گەلانەش کە خەریکی خەباتن لە هەموو شوێنێک.
ئاشکرایە کە خەباتی دەستبەجێ سەرەتی پێ دەردێ بۆ نموونە بەستنی ئەم کۆنفڕانسە . بەڵام پێوەندییەک هەیە لە نێوان ئەو شێوەیەی کە دەستەڵاتی دەوڵەت دەکار دەکردرێ و هەبوونی سیستمی کاپیتالیستی دا. چالنج کردنی ( تەحەدا لە ) دەستەڵاتی دەوڵەت هەر وەها مانای چالنج کردنی ڕێگای کاپیتالیستی یە. جا بۆیە ئەمن پێم وایە سازدانەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی لە ڕۆژئاوا و ئەوانە زیاتر ئەوە دەگرێتەوە. ساز دانەوەی ژیانێک کە بە پێویستیی کاپیتالیستانە نییە، جا بۆیە ئەوە دەرەتانێکە بۆ دیتنی ڕێگای باشی ژیان و هەبوون دەکرێ دابمەزرێتەوە بەبێ گەڕانەوە سەر شێوەی بازرگانی کردنی کاپیتالیستی کە زۆر جار تێکدەرانەیە و پشت بە دەستەڵاتی ملهوڕانەی دەوڵەت دەبەستێ.
لەمەڕ بۆچوونەکانی ئوێجاڵان دەبێ بڵێم؛ تەنێ لەو دواییانە دایە کە بە زمانی ئینگلیسی دەست بە نووسینەکانی ئوێجاڵان ڕادەگا. بۆ نموونە نازانم چەندە لە کارەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانی ئێثپانیایی یان زمانەکانی دیکە. بەڵام دەتوانم بڵێم لەکاتێکدا زۆر لەئێمە بەویمان دەزانی ، بەڵام زۆر لە ئێمە دەرەتانمان نەبوو  نووسینەکانی بخوێنینەوە. ئەوە تەنێ لەو دواییانە دایە کە بۆ نموونە ئەمن هەلی ئەوەم بۆ ڕەخساوە هێندێک لە دەقەکانی وی بخوێنمەوە و پێم وایە بە زیاتر ناسرانی دەقەکانی زیاتر دمەتەقە و قسەیان لێوە دەکردرێ لە مەڕ فکرەکانی سەبارەت بە وەی کە دەکرێ شکڵی ئابوورییەکی بەدیل چۆن بێ؟ کۆنفێدڕالیسمی دێمۆکڕاتیک مانای چییە؟ و بابەتی دیکەی وەک ئەوانە. کە وابوو وێدەچێ مەیلێکی لە زێدە هەبێ بۆ زانینی ئەوەی ئەو چ دەڵێ و چۆنی دەڵێ ، لە هەمان کاتدا مەیلێکی لە زێدەش ساز دەبێ لە مەر ئەو دەقانەی کە ئەو هێندێکیانی وەک ئیلهامدەری خۆی بەکار هێناوە، بە تایبەتی کە ئاماژە دەکا بە کارەکانی ماوری بووکچین . 

دەزانی کە پ.ک.ک ڕیشەی لە لێکدانەوەی مارکسیستی دایە. بەڵام ئەمن پێم وایە بە شێوەی تایبەتی خۆی ئەو لێکدانەوەیەی پێش خستووە کە تا ڕادەیەکی زۆر پەیوەستە بە ئیدەی ئازادی وڕزگارییەوە، کە دیارە ئەوە کاتاگۆرییەکی گرینگی مارکسیستی یە. جا بۆیە ئەمن لە سەر ئەو باوەڕەم بەو شێوەیەی کە ئیدەی ڕزگار بوون  پێش کەوتووە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ  کە لێرە دا داوخوازییەک هەیە بۆ سیاسەتی ڕزگارکەرانە، کە پاشماوەی جیهانیش لە دووی دەدا، جا بۆیە پاشماوەی جیهان دەبێ دۆزی کورد وەکوو حورمەت و کەرامەت ببینێ و مافی دیاریی کردنی چارەنووسی کوردان پەسند بکا ، هەموو ئەو ڕەهەندانە لایەنێکی جیهانییان هەیە  و ئەمن پێم وایە ئەوە ئەرکی خەڵکی کۆبانی و نێۆخۆی ڕۆژئاوا نییە، بەڵکوو ئەوە ئەركێکە لە ئەستۆی ئێمەمانانە کە لە دەرەوەین حەول بدەین و کارێکی ئەوتۆ بکەین پاشماوەی جیهان لەوە تێبگەن کە ئەوە خەباتێکی ڕەوا و هەتا بڵیی ئینسانییە کە کەوتووەتە بەر زۆردارییەکی بەرچاو و پێداویستی بە ڕزگار بوونە و یەکێک لەو کارانەی کە ئێمە دەبێ بیکەین ئەوەیە کە پاڵ بە پاشماوەی جیهانەوە بنێین بۆ ئەوەی ئەو ڕاستییە قەبووڵ بکەن. ئەمن پسپۆڕێک نیم سەبارەت بە نووسینەکانی ئوێجاڵان. وەک پێشتر گوتم نووسینەکانی وی تەنێ لەو دواییانە دا  بە ئینگلیسی کەتوونە بەر دەستان و ئەمن تەنێ بەشێکی کەمم لەوان خوێندووەتەوە و ئەوەش بە شێوەیەکی زۆر بانەکی و چڵ و نیوەچڵ. زۆرم پێخۆشە کە زۆر بە ووردە ڕیشاڵتر ئەوەی کە ئەو دەیڵێ بخوێنمەوە ، بۆچوونەکانی لە سەر ئەو بابەتە پێش وەچوون و ئەمن لەو کۆبفڕانسەش دا هێندێک گێڕانەوەم بیست سەبارەت بە ئیدەکانی کە نازانم دروستن یان نا. بەڵام ئەمن دەمەوێ کارەکانی بخوێنمەوە و بزانم فکرم لە سەریان چییە.
ئەمن پێم وایە ئەوان ئەو قسانەی ئەو دەیانکا لێک دەدەنەوە و نازانم داخودا ئەو لێکدانەوانە ڕاستن یان نا. جا بۆیە ئەوە پرسیاری منە. من دەمەوێ بۆ خۆم بەدووی دا بگەڕێم و بدۆزمەوە کە ئەو چ دەڵێ...

ڕەنگە ئەمن لەگەڵ هێندێک لە بۆچوونەکانی بم و لەگەڵ هێندێک لە قسەکانی ڕێک نەبم ، بەڵام وەک گوتم لەو بارەیەوە ئاشکرایە ئەو بیریارێکی زۆر ئافرێنەرە. و بیرکەرەوەی ئافرێنەر دەگۆڕدرێن و بیریان پێش دەخەن. ئاشکرایە ئەویش ئیدەکانی خۆی پەرە پێداوە بە شێوەگەلی تایبەتی ، دیسان بڵێم ئەمن زۆر بە مرخەوە پێم خۆشە بۆم دەرکەوێ ئەو بیر و ڕای خۆی چۆن پەرە پێداوە و لەوە بکۆڵمەوە بیر وڕاکانی لەو ئاستەی ئێستایەوە چ پەرەیەکی دی بەخۆیەوە دەبینێ.  بەڵام ئەمن دەتوانم هێندێک شت بڵێم. بۆ نموونە  لە مەڕ مەسەلەی ژنان ئەو بەشێوەیەکی لە ڕادەبەدەر پێشکەوتووە و لەو بارەیەوە بیرکردنەوەی مارکسیستی بە شێوەیەکی گرینگ بەرەو ژوور بردووە لە ڕووی دەوری ژنان و جێگای ژنان لە کۆمەڵ دا. و ئەوە تەنێ هەر لە سەر جێگای ژنان لە کۆمەڵی کوردی دا نییە بەڵکوو شتێکی گشتی لە مەڕ هەڵکەوتی ژنان لە ئاستی جیهانی دا. لەو ڕوووە ئەمن دەزانم کە ئەو پەرەی بە بیرو ڕای خۆی داوە کە ئەمن هەتا بڵێی هەستێکی ئەرێیم لەو بارەیەوە تێدا پێک هاتووە.

ئەمن هەر وەها هەستێکی زۆر ئەرێیم هەیە سەبارەت بە ئەوەی کە ئەو ئیدەی ئێکۆلۆژی کۆمەڵایەتی وەخۆ کردووە و هەر وەها بیروڕاکانی لەمەڕ کۆنفێدڕالیزمی دێموکڕاتیک. ئەوانە ئەو جۆرە فکرانەن کە ئەمن بە پاڵپشتی مارکس کارم لە سەر کردوون، بەڵام لەو باوەڕە دام ئەوانە لە مارکسی تێدەپەڕێنن . ئەمن پێم وایە ئەویش لەو بوارانە دا لە مارکسی تێپەڕاندووە و بۆ ئەوەی کردوویە من تەقدیری دەکەم.











Wednesday, April 15, 2015

هاوپرسەکی لە گەڵ عەبدولواحید خەندەڕەش سەبارەت بە ووڵاتی نیو زیلەند

         هاوپرسەکی لە گەڵ عەبدولواحید خەندەڕەش سەبارەت بە ووڵاتی نیو زیلەند
حەسەن قازی
بینەرانی خۆشەویست! بە خێربێنەوە بۆ بەرمایەکی دیکەی " ڕاوێژ". لە بەرنامەی ئەمجارە دا میوانێکمان هەیە کە دەکرێ بڵێین لە بنی دنیایێ ڕا هاتووە ؛ بەڕێز عەبدولواحید خەندەڕەش کە لە زانکۆی وایکاتۆ لە ووڵاتی نیوزیلەند  را تەشریفی هاتووە. دیارە نیوزیلەند ووڵاتێکی ئاوایە کە (هاواڵانمان لە دیوی کۆنتڕۆڵ ئەگەر نەخشەکەی نیشان بدەن باش دەبێ)، ووڵاتێکی ئەوەندە دوورە لە ئێمەوە کە بۆ ئەوەی بەڕێیان بگاتە باکووری ئوڕووپا نزیکەی ٢٩ سەعات لە فڕۆكە دا بە ئاسمانەوە بووە. زۆر زۆر بەخێر بێی!
خەندەڕەش: زۆر زۆر سپاس مامۆستا!
قازی: دیارە دوایە دێینە سەر کاری زانستی و خوێندنتان لە نیوزیلەند، بەڵام لە سەرەتاوە باس بکەن کە چۆن بوو ڕێگاتان بەرەو نیوزیلەند دەر کرد؟
خەندەڕەش: ئەوەی ڕاستی بێ ئەمنیش وەکوو زۆربەی خەڵکی کورد ژیانم لە ئاوارەیی و دەربەدەریدا بە سەر بردووە. منداڵ بووم، تەمەنم ٩ ساڵ، دە ساڵ بوو کە ئاوارە بووین دوای هێرشی ڕێژیمی ئێران بۆ کوردستان ..

قازی: لە ساڵانی ١٩٨٠کان؟
خەندەڕەش: دروست لە ساڵی وەک لە یادم بێ پاییزی ساڵی ١٩٧٩ بوو سەرەتای پاییز بوو ئەگەر هێرش کرا بۆ هێندێک شارەکانی کوردستان و گیرانەوە یەکەم جار، ئێمە هەڵاتین ...

قازی: لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان؟
خەندەڕەش: بەڵی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان . بابم پێشمەرگە بوو ئەو کاتە. ئێمە منداڵ بووین، ئاوارەی ئەو دیوی یانی باشوور بووین ئیتر ئەو ئاوارە بوونەمان درێژەی کێشا و هەتا ئێستاش هەر ئاوارە و دەربەدەرین. نەگەڕاینەوە ووڵات جا ئیتر شاخ و کێو و چووزانم هەتا تەنانەت باشووری عێڕاقیش هەمووی گەڕاین. چەند ساڵ ژیانمان بەو شێوەیە بە سەر برد. نەتیجە لە دوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان ..

قازی: زەحمەت نەبێ ئەگەر لە بیرتە تاریخەکانیش بڵێ..
خەندەڕەش: بەڵی ساڵی ١٩٩١ ڕاپەڕینی باشووری کوردستان کرا، بە حیساب دڵمان خۆش بوو کە پارچێک لە کوردستان ڕزگار بوو کەوتە ژێر دەستەڵاتی کوردییەوە، کورد خۆت حاکمییەتی خۆی دەکا. بەڵام بە داخەوە زۆری نەخایاند ئەوێ بۆ ئێمە بوو بە دۆزەخ. تێڕۆر و کوشتن و ڕفاندن و ئیتر هێرش کردنە سەر و ئەوانە دەستی پێکرد...
قازی: دەکرێ هێندێک شی بکەیەوە، دەو ساڵانە دا مەسەلەی تێڕۆر کردنی خەڵک چۆن بوو، مەبەستت لە کێیە؟
خەندەڕەش: مەسەلە ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩١وە تا یەک دوو ساڵ لەوێ حاکمییەت لە دەست " بەرەی کوردستانی" دا بوو و دوای ئەوەی کە هەڵبژاردن کرا و پارڵمان و حکوومەت دروست بوو، ئیتر دڵمان خۆش بوو کە جەوەکە دەگۆڕێ  و کار دەکەوێتە بن دەسەڵاتی کوردی. بەڵام، بە  پێچەوانەوە بەرە بەرە هەر لە ساڵی ١٩٩٣وە بەرە بەرە دەستیان کرد بە تێڕۆر کردنی ئێمە. جا تێڕۆرەکەش ئەوە نەبوو تەنیا کەسانێکی دیار بگرێتە بەر بڵێین کادرێکە، کابرایەکی  بە جۆرێکە و ئەوانە تێڕۆڕ کەن و تەواو بێ و ببڕێتەوە. شتەکە وا بوو بە تەڕ و ویشکەوە دەسووتا. بۆ نموونە ئێمە لە دیانا دەژیاین لە سۆران. مەلایەکیان تێڕۆڕ کرد. ڕاستە پێشتر پێشمەرگەی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران بوو بەڵام، چەند ساڵ بوو دانیشتبوو مەلایەتی دەکرد لە گوندێکی نیزیک دیانا. کابرایەکی دیکەیان تێڕۆڕ کرد، بڵێم چۆن بوو لاقێکی نەبوو، کابرایەکی پیری، پەککەوتەی بەدبەخت. یانی تیڕۆڕەکان تێڕۆڕی کوێرانە بوون بە ڕاستی.
قازی: جا ئەوانە بوون بە سەبەب کە ئێوە وا هەست بکەن کە ئەمنییەتی ژیانتان نییە ؟
خەندەڕەش: بەڵێ بێگومان . جا کە لە ٩٤ شەڕی نێوخۆیی دەستی پێکرد لە نێوان یەکێتی و پارتی دا ئەوە زیاتر تۆختر بووەوە گەیشتە ئەو ڕادەیەی لە ماڵی خۆمان دا کە شەو دەخەوتین دەبوایە نیگەهبابی و پاسەوانیمان لە خۆمان بکردبایە. باوەڕ بفەرموو تەنانەت پەنجەرەکەشمان ، تەنانەت پەنجەرەی ماڵیشمان بلۆکمان لە پێشی دانا بوو تا وەکوو نەکا بە پەنجەرە دا بێن نارنجۆکێک بخەنە ماڵمانەوە. یانی شتەکە بەو شێوەیە بوو، ئەوە بوو بە هۆی ئەوە  کە ئێمە بەڕاستی بێزار بین لە ژیانی ئەوێ. هەر چەند وەکوو ژیانی  شەخسی کار و کەسابەتمان هەبوو، هیچ عەیبمان نەبوو بەڵام، ئەمنییەت و تەناهی ژیانیمان نەبوو. دیارە ئەو کاتەش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ، ئەو بەشەی کە بە کاروباری پەنابەران ڕادەگا یارمەتی ئێمەی دا. دەیزانی وەزعییەتی ئێمەی دەرک دەکرد . ئیتر خەڵکی بڵاو کردەوە بە ئەملا و ئەولا دا بۆ ووڵاتی سێهەم. ئێمەش لە شانسی خۆمان  ئیدی خۆشبەختی بوو ، بەد بەختی بوو پەڕیوەی ووڵاتی نیو زیلەند بووین.
قازی: لە چ ساڵێک بووە ئەوە؟
خەندەڕش: دروست ساڵی ٢٠٠٠، سەرەتای ٢٠٠١
قازی: ئەو ووڵاتانەی کە لە ژێڕ چاوەدێری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دا پەنابەر وەردەگرن، دیارە هەر ووڵاتەی سیستمی وەرگرتنی پەنابەرانی بە پێی ڕێو شوێنی خۆی هەیە. ئی نیو زیلەند بە چ شێوەیەک بوو؟ یانی نوێنەری ناردبوو  بۆ کوردستان بۆ وەرگرتنی پەنابەر یان چۆناوچۆن بوو؟
خەندەڕەش: نیو زیلەند بە هەموویەوە سێ کاروان پەنابەری لە کوردستانەوە وەرگرت.

قازی: یانی کوردی ڕۆژهەڵات ؟
خەندەڕەش: بەڵێ کوردی ڕۆژهەڵات بە سێ کاروان وەرگیران. یەکەم جار نوێنەرەکەیان هات بۆ هەولێر ، لە گەڵ ئەوانەی کە دیارە پێش ئێمە قەبووڵ کران بۆ نیو زیلەند لە گەڵیان دانیشت بوو، هێندێک تەعریفی ووڵاتەکانی خۆیانی بۆ کردبوون. ووڵاتی ئێمە ئاوا خۆشە و وا بوو و وا چوو ، ئێوەش دێن بۆ ئەوێ و هیوادارین پێتان خۆش بێ. بەڵام ئەو کاتەی کە ئێمە چووین، ئێمە دوو خانەوادە بووین بەیەکەوە ڕۆیشتین بۆ نیو زیلەند، زیاتر ئەوە لە بەر هەوڵی کەسوکارمان بوو لەوێ، کە من بۆخۆم لە پێشدا خوشکم لەوێ بوو. ئەو برادەرەی دیکەش ئەویش هەر خوشکی لەوێ بوو بە هەمان شێوە. ئەوان بەجۆرێک فایلی ئێمەیان وەگەڕ خست. ئێمەش چووین بۆ ئەوێ. ئێمە پێشتر نوێنەری نیو زیلەندمان نەبینی. هەتاوەکوو گەیشتینە خاکی خودی نیو زیلەند.
قازی: ئێوە سەرەتای دامەزراندتان لەوێ چۆن بوو؟ لە ووڵاتێکی ئاوا دوور وەک لە سەرەتا دا گوتم بنی دنیایێ. سەرەتاکان چۆن بوو؟ لە پێش دا لە چی ڕا دەستتان پێکرد؟
خەندە ڕەش: خۆی بە حوکمی دوورییەکەی و دابڕاوییەکەی لە جیهان حکوومەت هێندێک ڕێوشوێنی تایبەتی داناوە. تەنانەت بۆ پێشگیری لە نەخۆشی، هەم نەخۆشی بنیادەم و نەخۆشی ئاژەڵ و نەخۆشی گیا و ئەوانەش. جا بۆیە کاتێک هەر کەسێک دەچێتە ناو ئەو ووڵاتەوە وەکوو پەنابەر، وەکوو ئێمە کە چووین دەبێ بە شێوەی ئیجباری لانی کەم  ٥ حەفتە لە کەمپێک دا بمێنێتەوە، تێکەڵ بە خەڵک نەبێ..
قازی: لە قەرەنتینە دا بێ؟
خەندەڕەش: بەڵێ. هەتا هەموو تێست و هەموو پشکنینێکی پزشکی بۆ ئەنجام دەدەن، تا لەوەی دڵنیا دەبن کە نەخۆشی نییە یان  نەخۆشییەکی هەیە و چارە سەری دەکەن. ئێمە دوای ئەوەی ئەوەمان تێپەڕاند چووین نیشتەجێ بووین لەو شارەی کە ماڵی خوشکمی لێ بوو.
قازی: نێوی چ بوو شارەکە؟ زەحمەت نەبێ هاوکارانمان نەخشەکانیش نیشان بدەن
خەندەڕەش: هامیلتن، هەتا ئێستاش هەر لەوێ دەژین هەر لە هامیلتن ئەوە بۆ ١٤ ساڵ دەچێ.
قازی: لە باکووری ئەوێ یە؟
خەندەڕەش: بەڵێ لە بەشی باکوورە. خۆی نیو زیلەند ٣ جەزیرەیە.
قازی: دێینە سەر ئەو بابەتەش با ئەو بەشە تەواو کەین.چ ماویەکی پێ چوو هەتا دامەزران؟
خەندەڕەش: دروست دوای ئەوەی کە چووین بۆ هامیڵتن ، خانوومان پەیدا کرد و نیشتەجێ بووین. دەستمان کرد بە خوێندن. ئەمن دایکوبابێکی پیرم هەبوو ئەوانە لە تەمەنێکی ئاوا دا بڵێین لە سەرەوەی ٦٠ ئیتر خوێندن بۆ ئەوان زەحمەت بوو. ئەتۆ نەخوێندەواریش بی زەحمەتترە. ژیان بۆ ئەوان زۆر سەخت بوو بە ڕاستی. بۆ ئێمەش سەخت بوو. ئەتۆ  لە ووڵاتێکەوە دەڕۆی و دەچییە جێیەک تەنانەت شەو و ڕۆژەکەشی جیاوازە. لە بەر کاتەوە نیزیکەی ١٢ سەعات جیاوازی هەیە لە گەڵ کوردستان. ئینجا ئاو و هەوای هەموو شتی جیاوازە. سروشتەکەشی بۆت تازەیە. ئێمە کە لێرە ( کوردستان) ڕۆیشتین بەهار بوو سەیرمان کرد لەوێ پاییزە. جا لە حاڵەتێکی ئاوا دا ئاسان نییە تا وەکوو لەشت، تاوەکوو بیر و هۆشیشت ڕادێ لەگەڵ ئەو وەزعە. ماوەیەکی خایاند هەتا دەستمان کرد بە خوێندن. من و براکەم دەستمان کرد بە خوێندن. ئیتر خوێندنی زمان و ئەملاو ئەولا، هەتا وەکوو دوایە گەیشتینە پلەی زانکۆ و ئەوانە.
قازی: چەندی  پێ چوو ئەو خوێندنەی کە پێشتر کردبووتان بگونجێ بۆ ئەوەی بتوانن لە زانکۆ دەست بە خوێندن بکەن؟
خەندەڕەش: بە حوکمی ئەوەی خۆمان لە کوردستان پێشینەیەکمان هەبوو لە خوێندن ، کێشەیەکمان نەبوو بۆ خوێندنی ئینگلیزی. بەڵام خۆت دەزانی لەو ووڵاتانە زمانی ئینگلیزی هێندێک ستانداردی بۆ دیاری کراوە بۆ ئەوەی ئەتۆ بتوانی بچی لە زانکۆ بە زمانی ئینگلیزی بخوێنی  تاقیکردنەوەی تافل و ئادڤانس هەیە دەبێ تۆ بتوانێ لەوێ ڕێژەیەک بە دەست بێنی بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بەخوێندن بدەی لە زانکۆ!
قازی: زۆر باشە، با ئێستا هێندێک بێینە سەر ووڵاتەکە. چونکە ڕەنگە بە ڕاستیش، مەگەر ئەوەی ئینسان بە شێوەیەکی تایبەتی  کەسێک بواری جوغرافیای پێ سەرنجڕاکێش بێ بچێ لێی کۆڵیبێتەوە دەنا بەشێکی زۆر لە بینەرانمان لەوانەیە زانیارییان لە سەر ووڵاتی نیو زیلەند نەبێ. هێندێک ئاوا هێندێک زانیاری گشتی لە سەر نیو زیلەند باس بکە! ووڵاتەکە لە ئوقیانووسی ئارام هەڵکەوتووە، ئەگەر بکرێ هێندێک باس بکەی! دیارە زۆر بە ووردە ڕیشاڵ نا! تەنێ زانیاری زۆر گشتی!

خەندە ڕەش: دروست دەکرێ بڵێین ١٥٠٠ مایلێک دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی ئوسترالیاوە. پێک هاتووە لە ٣ دوڕگە، دووی گەورە و یەکی پچووک. حەشیمەتەکەی نزیکەی چوار میلیۆن و نیوە، رەنگە لەوەش کەمتر بێ.  بەشی زۆری خەڵک لە باکوور نیشتەجێن. بەڵام لە لای خوارەوەی لەوانەیە هەر میلیۆنێک خەڵکی لێ بژی. دوڕگەیەکی پچووکی کە لە هەرە باشوور هەڵکەوتووە، چۆلە و کەسی لێ ناژی. بەڵام لە دەورو بەری ووڵاتەکە هێندێک دوڕگەی دیکەش هەن کە ئەوانەش هەر وەکوو خاکی نیو زیلەند حیسابن . لەوانەیە جۆرێک سەربەخۆییان هەبێ ، بەڵام هەر بە نیو زیلەند حیسابن. ئاو وهەواکەشی ئاو و هەوایەکی خۆشە، زیاتر بەهارییە ..
قازی: باشە ، لە ڕووی مێژووییەوە، کاتێک کە کۆلۆنیالیستی بریتانیایی چوونە ئەوێ و ویستوویانە جێی خەڵکی خۆجێیی بگرنەوە پێش ئەوان میللەتێک هەیە کە وا دیارە ئێستاش ژمارەیەکیان لەوێ هەر ماوە واتە ماورییەکان. ماورییەکان لە کوێوە هاتوون. هەر لە ناوچەی نزیکەوە هاتوون. لە ڕێگای زۆر دوورەوە نەهاتوون وا نییە؟
خەندە ڕەش: خۆی، ئەگەر لێرە ئیشاڕەیەک بەم نەخشەیە بکەم. ئەمە نیو زیلەندە و ئەو خەتەی کە دەیبینین کێشراوە بۆ سەرەوە ئەوێ کۆمەڵێک جزیرە، دوڕگەی لێن بە تایبەتی کۆمەڵێک دوڕگە لە پێیان دەڵێن کووک ئایلەند ، بە گشتی بە هەموویان دەڵێن " پۆلێ نێزیان ". ئەو خەڵکەی ماوریی لەوێوە هاتوون. لەوێوە ڕۆیشتوون گۆیا دەگوترێ هەزار ساڵێک لەمەو بەر یا هەزار و دووسەد ساڵێک لەمەو بەر ئەوانە بە سواری کەشتی گەڕاون. دیارە وەک زانایان جوغرافیا باس دەکەن پێشتە ئەو زانیارییە ئەو زانستە هەبووە کە گوتوویانە ووڵاتێکی ون بوو هەیە ، دیارە ئەوە ئیحتیمالی هەیە، بە ئەگەر دای دەنێن کە بە دوای ئەو ووڵاتە ون بووە دا گەڕاون گەیشتوونەتە نیو زیلەند. لە نیو زیلەند نیشتە جێ بوون. دوایە بەرە بەرە لەوێ بڵاو بوونەتەوە. وەک باس دەکرێ بە یەکجاریش نەچوونە. وەک دەڵێن بە حەوت کاروان ڕۆیشتوون، حەوت کاتی جیاواز لەوانەیە چەند ساڵێک بەینیان بوو بێ. ئیتر ئەوانە تا ئێستاش ماونەتەوە وەکوو حەوت عەشیرەت ماونەتەوە. ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە لە بارەی ئەوانەوە ئەوەیە کە دەڵێن گۆیا پێشریش بەر لەوان ( ماورییەکان) خەڵکێکی تر لەوێ ژیاون. ئەوانە پێیان دەڵێن " مووری مووری " گۆیا ئەو ماورییانە کە چوون بۆ ئەوێ لەگەڵ  " مووری مووریەکان" شەڕ و کێشەیان دە بەین دا پەیدا بووە. ئەمانە بەگێزتر بوونە بەرە بەرە ئەوانیان لە بەین بردووە، فەوتاندوویانن یەک کەسیان نەهێشتووە. تایبەتمەندییەک کە هەیە لە نێو " ماورییەکان" دا کاتی خۆی ئەوان گۆشتی ئینسانیان خواردووە . یانی دوژمەنەکەیان کوشتووە دوایی خواردووشیانە. بۆ نموونە من کاتی خۆی لە زانکۆ مامۆستایەکم هەبوو لە ماورییەکان بوو ، خۆی دیفاعی لە خۆیان دەکرد. پێی وا بوو ئەوە بوختانە پێیان دەکرێ، تۆهمەتە بۆیان هەڵدەبەسترێ، دەیگوت ئینگلیسییەکان ئەو شتانەیان بۆ ئێمە دروست کردووە، بەڵام دۆستێکی نزیکی خۆم کە ماوریی بوو ئەو مەوزووعەم لە گەڵ باس کرد گوتی نا ئەوە هیچ بوختان نییە، گوتی من  نەنکی 
خۆم باپیرمی خواردووە..



قازی: با ئێستا بێینە سەر مەسەلەی ئەوەی کە ئاوەدانکەرەوەکان ، ئینگلیسییەکان کەنگێ هاتوونە ئەوێ تەقریبەن؟
خەندە ڕەش: پێش ئینگلیسییەکان لە ساڵی ١٦٤٠ لەو دەورو بەرە دۆزەرەوەیەکی هۆلەندی  کە دەگەڕێ بە دوای ئەو ووڵاتە ون بووە دا ئەو سەرزەمینە ون بووە دا ڕێگای دەکەوێتە ئەوێ، تەواو دەورو بەری ئەو ووڵاتە دەگەڕێ  بە کەشتی ، لە بەشێک وا بزانم لە دووڕگەی سەروو دادەبەزێ و دەیەوێ بچێتە سەر خاکەکە و کەشفی کا بە جۆرێک. بەڵام، ماورییەکان کە ئاگادار دەبن لەگەڵیان دەکەن بە شەڕ و چەند کەس لە پیاوەکانی ئەو کابرایە دەکووژن. ئەو پیاوە نێوی " ئەبێڵ تاسمان" بووە . ئێستاش ئەو دەریایەی نێوان نیو زیلەند و ئاوسترالییا بە نێوی دەریای  تاسمان ناسراوە. پیاوەکان دەکووژرێن. ئەو کاتە نێوی دەنرێ " نیو زیلەند" ، چونکە زیلەند پێم وایە شارێکە یان ویلایەتێکە لە هۆلەندا م ئەویش ئەوەندی پێ جوان دەبێ دەڵێ لە جوانی دا وەک " زیلەند" وایە. ئیتر سەرەتای دۆزینەوەی نیو زیلەند ئاوا بووە بەڵام، دوای ئەوە نزیکەی سەد ساڵێک دوای ئەوە کاپیتان کووک یەکێک لە فەرماندەکانی ئیمپراتۆری بریتانیا، دەگەڕێ بە دوای ئەو ووڵاتەوە دەیبینێتەوە ، دەچێتە ئەوێ نیشتەجێ دەبێت و بەرە بەرە لەوێ دادەمەزرێن.
قازی: وا دیارە لە سەرەتا دا، بە پێی هێندێک سەرچاوە، ئەو کۆلۆنیالیستانە، ئەو ئاوەدانکەرەوە بریتانییایەکان حەولی ئەوە دەدەن کە بە تەواوی کولتووری خۆجێی بتوێننەوە و لە سەرەتا دا حەول ئەوە بوو کە بە ڕاستی  هەموو کەس دەبوو فێری زمانی ئینگلیسی بن. ئەو مەسەلەیە تاچ ڕادەیەک لە سەروبەندی ئێستا دا کە باسی زیندوو کردنەوە  و پاراستنی کولتووری ماورییەکان دەکرێ چەندە باسی لێوە دەکرێ؟ یانی حەول دان بۆ تواندنەوەیان لە ڕابردوو دا؟
خەندە ڕەش: خۆی لە مەر نیو زیلەند ئینگلیسییەکان وەک ئەوەی لە زۆربەی دنیا دا کردوویانە و ئەوەی بە توند و تیژی بۆیان نەکراوە بە نەرمی کردوویانە تێشیدا سەرکەوتوون. لە نیو زیلەندیش بە هەمان شێوە جووڵاونەتەوە. ماورییەکان بەو ئەخلاقە توندەی کە هەیان بووە زوو دەستەمۆ نەبوون بۆ ئینگلیسییەکان. ئینگلیسییەکان پێشکەوتوو بوون و بۆ نموونە هاتوون پەتوویەکیان داوە بە کابرایەکی ماوری و مەنتەقەیەکیان لێ کڕیوە، بەرە بەرە مەنتەقەیەکی زۆر دەکڕن و دەستیان بە سەر دا دەگرن و فشاریان بۆ ناهێنن، بەڵام کە شتی پێشکەوتوو و سەنعەتی تازەیان دەدەنێ ئەو خاکەیان هەموو لێ دەکڕن، دیارە لە هەمان کاتدا فەڕانسەییەکانیش گەیشتوونەتە ئەوێ فەڕانسەییەکان خەریک دەبن دەست بە سەر ووڵاتەکە دا بگرن بەر لە ئینگلیسییەکان. بەڵام لە ساڵی ١٨٤٠ ە وا بزانم ئەو دەور و بەرە یەکێک لە فەرماندە ئینگلیسییەکان کە حاکمی ئەوێ بووە لە لایەن ئینگلیستانەوە بەوە دەزانێت و خەبەری ئەوە دەزانێت کە فەڕانسەییەکان خەریکن دەست بە سەر مەنتەقەکە دا بگرن دەچێ عەشیرەتە ماورییەکان کۆ دەکاتەوە پەیمانێکیان لە گەڵ ئیمزا دەکا کە بە گوێرەی ئەو پەیمانە دەڵێ ووڵات ووڵاتی خۆتانە، خاک خاکی خۆتانە بەڵام با ئیدارە لە دەست ئێمە دابێت. پێک دێن لە گەڵیان تەواو. هەموو شتێک دەنووسرێ، ئیمزا دەکرێ و نیو زیلەند بە ڕەسمی دەبێ بە یەکێک لە کۆلۆنییەکانی بریتانیا. تا ئەو کاتە دەستیان لێ نادەن و فشارێک نایە بۆ سەر ماورییەکان بەڵام، دوای ئەوە بەرە بەرە تەنگیان پێ هەڵدەچنن. هەتا وەکوو دوای شەڕی دووەمی جیهانی . لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی بە ڕەسمی ئیتر زمانەکەیان قەدەغە دەکرێ، کولتوورەکەیان قەدەغە دەکرێ. تەنانەت چەندین جار قەتڵووعام دەکرێن. خەڵکێکی زۆر زۆریان لێ دەکووژرێ.ئەم سەرکوتکردنە  درێژەی دەبێ تا ساڵانی ٨٠کان، تا ساڵی ١٩٨٧ ئەو کاتە ئیتر بڕیار دەدرێ زمانەکەیان بکرێتە زمانی فەرمی لە پاڵ زمانی ئینگلیسی دا. ووردە ووردە خوێندن و ئەوانە دەکرێتەوە بە زمانی ماوری. ئێستاکەش گرینگییەکی زۆر بە زمانی ماوری دەدرێ. ئەڵبەتە ئێستا بە پێچەوانەی ئەوەی کە لە ڕابردوو دا کردوویانە، جگە لەوەی کە زۆر داوای لێ بوردنیان کردووە زۆری گرینگی پێ دەدەن بەو شێوەیەی کە دەیانەوێ زاراوەی ئینگلیسیی نیو زیلەندی دروست بکەن. بۆ ئەوەش چ دەکەن ووشە و چەمکی ماوری دێنن لەگەڵ زمانی ئینگلیسی تێکەڵی دەکەن.

قازی: باشە ئێستا بە تەخمین چەند لە سەدی ئەو حەشیمەتە ٥ میلیۆنییە بە زمانی ماوریی قسە دەکەن؟
خەندە ڕەش: دوو شت هەیە لێرە دا. یەکەم ئەوەی کە بڵێین ماورییەکان چەندن؟ ماورییەکان دوازدە لە سەدی هەموو حەشیمەتی نئو زیلەند پێک دێنن. بەڵام ئەوانەی کە بە زمانی ماوریی قسە دەکەن ئەوانە ژمارەیان زۆر کەمە. یانی دەکرێ بڵێین لە نێو ماورییەکان  خۆیان ١.٤  لە سەد بە زمانی ماوریی قسە دەکەن.

قازی: دیارە لە نێو ئەوانیشدا زۆربە چوونەتە سەر زمانی ئینگلیسی؟
خەندە ڕەش: زمانی ئینگلیسی وەکوو زمانی دایکییان بە کار دێنن. بە تایبەتی توێژی ئەکادێمی ماوریی ئینگلیسی زمانن خۆیان کەمیان هەیە.
قازی: باشە مەسەلەی زیندوو کردنەوە و بووژاندنەوەی ئەو کولتوورە کە گوتت لە ساڵانی ١٩٨٠ کان بەمڵایەوە پەێڕەو دەکرێ لە بواری گشتی دا؟ یانی بەرنامەی ڕادیۆ تێلێڤیزۆنی بە زمانی ماوریی زۆرترە یان چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: شێوازی ڕەسمی وەرگرتنی، فەرمی وەرگرتنی زمانی ماوریی یی ئەوەیە کە هەر دۆکومێنتێک، هەر بەڵگە نامەیەکی دەوڵەتی  دەنووسرێ ، هەر ئاگادارینامەک شتێک بڵاو دەکرێتەوە لە پاڵ ئینگلیسییەکە دا ماوریی هەیە. یا هەر سیمبولێکی دەوڵەتی بۆ حکوومەت بۆ ئیدارەیەک لەو ووڵاتە ، لەو مونتەقانە دادەندرێ و دروست دەکرێ نیشانەیەکی ماوریی تێدایە. دوو تێلێڤیزیۆنی تایبەت بە زمانی ماوریی هەیە ، ڕادیۆش کە حیسابی ناکرێ و هەر وەها ڕۆژنامە. ئەو پەڕی ئازادیی خۆیان هەیە لەو بارەیەوە. هەتا ئەم ساڵانەی دوایی حەولی ئەوە دەدەن تەنانەت ووشەی " نیو زیلەند" یش لابەرن بیکەن بە ماوریی. و ئاڵاکەش؛ کار بۆ ئەوە دەکەن کە ئاڵاکەش بگۆڕن چیتر ئاڵای بریتانیا نەبێت لە جێگەی ئەو سیمبۆلێکی ماورییەکان هەیە ئەو دابنێن ئەو بکەن بە ئاڵای ووڵاتی بیو زیلەند. ئەوان خۆیان  بە نیو زیلەند دەڵێین " ئاو تیا ڕو وا " بە زمانی خۆیان. "ئاو تیا ڕو وا"  کە وەریدەگێڕنە سەر زمانی تر دەڵێن بە مانای
 " ووڵاتی هەورە سپییە درێژەکان" ە. هەمیشە ئاسمان پڕە لە هەور.
قازی: باشە، لە ڕوانگەی ئابوورییەوە وا بزانم زیاتر ووڵاتێکی کشتوکاڵی یە وا نییە؟

خەندە ڕەش: ووڵاتێکی کشتوکاڵی یە. ووڵاتێکە هەم گرینگی بە کشتوکاڵ دەدا هەم مەڕ و ماڵات و ئاژاڵداری. گۆشت و سپیایی ئەو جۆرە بەرهەمانەی زۆرە.
قازی: ئەی لە باری سەنعەتییەوە؟
خەندە رەش:  لە ڕووی سەنعەتییەوە ناتوانین بڵێین دواکەوتوو ە ، خۆی بە گشتی ووڵاتانی ڕۆژئاوا سەنعەتین  بە سەنعەت پێش کەوتوون بەڵام، نیو زیلەند جیاوازییەکەی لەگەڵ ووڵاتانی ڕۆژئاوا لەوە دایە کە زۆر زۆر گرینگی بە ژینگە دەدات ، یەکجار زۆر. تەنانەت ئەو سەنعەتی کشتوکاڵی کە هەیەتی بۆ وێنە گەشە پێدانی ئاژەڵداری و ئاژەڵ بەخێو کردن تەنانەت لەوەش دا هێندێل لیمیت، هێندێک سنووری داناوە بۆ ئەوەی ڕێگە نەدرێ ژینگە پیس بکرێت. بۆ نموونە  تەنانەت پاشەرۆکی ئاژەل و ئەوانە کە بە جۆرێک گازی نێترۆژینی لێ بڵاو دەبێتەوە ئەوەش باجی لە سەرە، حکوومەت دەڵێ بەوە هەوا پیس دەبێ.

قازی: یانی مەبەستت ئەوەیە بڵێی کە سەرنجێکی زۆر دەدرێتە سەر ژیبگە پارێزی؟ ئەوە لە چی ڕا دێ؟ بە شێوەیەک پێوەندیی هەیە بە کولتوور و نەریتی خۆجێی ئەوێ دا یا چۆناوچۆنە؟   یان ئەوەی کە کۆلۆنیالیستەکان ئەو بۆچوونەیان لەگەڵ خۆیان هێناوە؟

خەندە ڕەش:  خۆی لە لایەکەوە ئاوایە نیو زیلەند بە حوکمی ئەوەی ، ئەگەر ئاگادار بی چەند ساڵێک بوو دەیانگوت چینی " ئۆزۆن " لە لای نیو زیلەند، لە سەر نیو زیلەند تەنک بووە، نەخۆشی پێستی ، سەرەتانی پێستی دروست بووە.نیو زیلەندییەکان ئەوەیان زۆر بە هەند گرتووە، زۆر زۆر گرینگی پێ دەدەن. پێیان وایە کە خۆیان  تاوانبار نین دەوە دا. پێیان وایە ووڵاتە پیشەسازییەکان وەکوو ئەمریکا و ئاوسترالییا ئەوانە تاونباری سەرەکین بەڵام، خۆشیان حەولی ئەوە دەدەن کە هەر چەندی بۆیان بکرێ ئەوە قەرەبوو بکرێتەوە. ئەوە لایەنێکی مەسەلەکەیە، لایەنەکەی دیکەی ئەوەیە لە ڕووی سیاسییەوە حیزبی کار کە کۆنترین حیزبی نیو زیلەندە و زۆرترین دەسەڵاتیشی لەو ووڵاتە دا بە دەست بووە. عادەتەن حیزبی کار چەپە. خۆیان بە چەپ دەزانن چەپیش بە شێوەیەکی نەریتی لایەنگری ژینگە و ژینگەپارێزی و ئەو جۆرە شتانەن. بۆیە ئەو تەئسیری کردووەتە ئەو لایەنەی ژینگە و گرینگی زۆری پێ دەدرێ. تەئسیری کردووەتە سەر  بیری کۆمەڵگاش بە گشتی. ئەگەر لە بیرمان بێ لە ساڵانی جەنگی سارد  بزووتنەوەیەک هەبوو کە ناویان لێ نابوو " پەیمانی کوییتۆ ". نیو زیلەند پێشەنگی ئەو ووڵاتە بوو لە دامەزراندنی " کوییتۆ " کە مەنعی بەکارهێنانی ووزەی ئەتۆمی دەکا. نیو زیلەند ئێستا توانایی ئەوەی هەیە کە کوورەی ئەتۆمی و ئەوانە دابنێ ، لە هەموو بارێکەوە، لە باری زانستییەوە ئەو تواناییەی هەیە بەڵام نایکا. بە گوێرەی ئەو پەیمانەی " کوییتۆ " خاکی ئەو ووڵاتانە، یا بڵێین ئاوی ئەو ووڵاتانەی کە ئەندامی " پەیمانی کوییتۆ" ن  نابێ ڕێگا بە هیچکەسێک بدەن بۆ نموونە کەشتی ئەتۆمی ئەمریکا ؛ هەر چەند ئەمریکا دۆستی نیو زیلەندیشە بەڵام، ڕێگەی پێ نادەن کەشتییەکەی بێت بە ئاوی نیو زیلەند دا تێپەڕێ چونکە بە ئەتۆم کار دەکا.
قازی: باشە، دەزانین کە هەموو ساڵێک تۆۆریستێکی زۆر ڕوو لە نیو زیلەند دەکەن ، توریست ئەتڕاکشنەکەی (سەرنجڕاکێشانی تووریستان بەرەو ئەو ووڵاتە ) لە بەر چییە؟  و زیاتر ئەو خەڵکانەی دێنە ئەوێ لە کوێ ڕا دێن؟ خەڵکی ئوڕووپایین؟ یان چۆنە؟

خەندە ڕەش: بە تایبەتی وەرزی هاوین کە لەوێ هاوین لە مانگی دوازدەوە دەست پێ دەکا. مانگی دوازدە و یەک و دوو بە ساڵی زایینی. ئەو کاتە کە لێرە دەبێ بە زستان لەوێ دەبێ بە هاوین، لەوکاتە دا تووریستێکی زۆر، گەشتیارێکی زۆر ڕوو دەکەنە نیو زیلەند لە ووڵاتەکانی دەور و بەرەوە دێن، ئاوسترالیا کەمتر چونکە هەر وەک ووڵاتی خۆیان وایە. لە لای مالێزی و ئەندۆنێزی و بۆ سەرەوەتر سینگاپوور و هەتا چین و ئەو دەور و بەرە. دیارە لە ئوڕووپاشەوە خەڵک زۆر دێن ، بە تایبەتی ئینگلیسییەکان ، ئەمریکا و کانادا خەڵک زۆر دێن لەو ووڵاتانەوە. ئەوەی جێی سەرنجە لە ڕووی گەشتیارییەوە هێندێک کڕکانی زیندوو لە نیو زیلەند هەیە ئەوە زۆر سەرنجی خەڵک ڕادەکێشێ کە دەچنە سەریان ، هەتتا شوێنی وا هەیە مەکەی تێدا دەکەن . ئەو ئاوە دەکوڵێ خەڵک دەچێ مەلەی تێدا دەکا. ئەو جار دیمەنی زۆر سەرنجڕاکێشی هەیە ، شاخەکانی. زنجیرە شاخێک لە دوڕگەی خوارووی هەیە دروست لە شێوازی ئەو زنجیرە شاخی ئاڵپ ی ئوڕووپایە. ناویشیان لێ ناوە " ئاڵپ ی باشوور " ، هەمووی کەوتووەتە جەمسەری باشووری ئەولای دنیا. شێوازی تۆپۆگڕافییەکەی زۆر جار ئەمن خۆم وەک کوردستان دێتە بەرچاوم. لەگەڵ جیاوازییەکانی.
قازی: باشە. بێجگەلە خەڵکی ئوڕووپایی، یانی ئەو کۆلۆنیالیستانەی کە لە ڕابردوو دا چوونەتە وێندەرێ ئێستا  ئەو گرووپی غەیری بوومی کە لەوێ بن هەژماری کێهەیان لە هەموان زیاترە؟ خەڵکی ئاسیای زیاتر لێیە یان چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: تا ئێستاش ماورییەکان بە دەستەی ئێتنیکی دووەم دێن لە نیو زیلەند. لە دوای ماورییەکان ئاسیاییەکان دێن. ئاسیاییەکانیش بە تایبەتی چینییەکان  ژمارەیان زۆرە، بە دوای ئەواندا هیندی دێن.

قازی: چینی لە کوێ ڕا؟ کام بەشی چین؟
خەندە ڕەش:  کاتی خۆی لە سەردەمی شەڕی سارد دا هاتنی چینییەکان بە بەراورد لەگەڵ هەموو دنیا دا  زۆر زۆر مەحدوود کرا بووەوە. بە حوکمی ئەوەی کە چین ووڵاتێکی کۆمۆنیستی داخراو بوو دەبوایە بە زۆر فیلتێر دا تێپەڕن هەتاکوو بگەنە نیو زیلەند و نیشتەجێ بن لەوێ. دەنا چینی هەیە دووسەد ساڵە لەوێ دەژین. ئەوانە ڕابردوویان کۆنە وەکوو ئینگلیسییەکان. بەڵام، لە بەر ئەوەی کە مەحدوود کراون و فیلتێریان لە سەر ڕێگا بوو ژمارەیان هێشتا ئەوەندە زۆر نییە نەگەیشتووەتە ئاستی ماورییەکان و لەوان سەرەوەتر بەڵام، بەو حاڵەش هێشتا ژمارەیان زۆرە. بەشی زۆریشیان هەر لە خودی چینەوە هاتوون و لە تایوانەوە.

قازی: باشە، ئیمکانات بۆ ئەو کۆچبەرانە و ئەو کەسانەی کە دێن لەوێ دادەنیشن و دەیانەوێ لەوێ بژین چۆنە؟ دەرەتانی ئەوەیان دەدرێتێ کە کولتوور و زمانی خۆیان بپارێزن؟

خەندە رەش: ئەمن وەبیرم دێ یەکەمجار کە چووین بۆ نیو زیلەند چوون بۆ شاری هامیڵتن نیشتەجێ بووین ، چەند کەسێک کە بەرپرسی کاروباری پەنابەران بوون بەر لەهەموو شت دەهاتن بە منیان دەگوت ، ئەو کاتە دوو منداڵم هەبوون، لە هەموو شت گرینگترە ئەو منداڵانە فەرهەنگ و زمانی دایکیان لە بیر نەکەن. هەوڵ بدەن لە بیریان نەچێتەوە. ئەوە یەکەمین قسە بوو بە منیان گوت. ئەوێ ڕينگاوڕينگییەکی جوانی هەیە. زۆر جار بیستوومە خەڵکی خۆمان گلەیی دەکەن لێرە لە ئوڕووپا، گلەیی دەکەن لە وەزعی خۆیان دەڵێن جیاوازی دادەنێن دە بەینمان دا. دەڵێن لێرە پێمان دەڵێن ئەوە مووی زەردە، ئەوە مووی ڕەشە، ئەوە چاو ڕەشە، ئەوە چاو شینە. ئەوە لە لای ئێمە (نیو زیلەند) ناتوانم بڵێم سەداسەد نییە بەڵام خۆم هەستم پێ نەکردووە، ١٤ ساڵە لەوێم هەستم پێ نەکردووە.
قازی: یانی ئیمکاناتی پاراستنی کولتووری خۆیی هەیە بۆ پەنابەران و خەڵکی غەیریی خۆجێیی لەوێ؟


خەندە ڕەش: بەڵێ، بەڵێ بێگومان. حکوومەت ئەو ئیمکاناتەی فەڕاهەم کردووە. دەتوانێ هەرکەس بیهەوێ ، بۆ نموونە ئێمە کە ژمارەشمان زۆر نییە کوردەکانی ئەوێ، ژمارەمان ئەوپەڕەکەی ١٥٠٠ کەس دەبێ بۆ وێنە ماوەی چەند ساڵێک ڕادیۆمان هەبوو.
قازی: باشە ئەو ئیمکاناتە هەیە. با ئێستا بێینە سەر کۆمەڵگەی کوردی لە وێندەرێ. ئەو گرووپی کوردییەی کە لەوێ دەژین. بەر لەوەی کە ئێوە بچن، لە ساڵانی لە ١٩٩٠ یان سەرەتای ٢٠٠٠ کە باست کرد وەک بزانی یەکەم کوردی کە گەیوەتە نیو زیلەند کێ بووە و کەنگێ چووە؟
خەندە ڕەش: وەکوو یەکەم کورد من خۆم زۆر بە دوای دا چووم بەڵام بۆ ساخ نەبووەتەوە یەکەم کورد کێیە.ئەوەی کە لێی دڵنیام لە ساڵی ١٩٩٤ی زایینییەوە یەکەم کوردەکان چوون بۆ ئەوێ. دیارە ئەوانیش بە داخەوە هەر وەکوو من بە پەنابەری چوونە. یانی شێوەیەکی ئاوای بە خۆیەوە نەگرتووە ئێمەش وەکوو خەڵکی دیکە بە دوای خوێندن و شتی دیکە دا بگەڕێین هەر بە پەنابەری گەیشتووینەتە ئەوێ.
قازی: یانی لە ساڵی ١٩٩٤ بەملایەوە کورد چوون. زیاتر کوردەکانی کێهە بەشی کوردستان؟
خەندە ڕەش: بەشی زۆری کوردەکانی ئەوێ کوردی باشوورن. دوای ئەوان کوردی ڕۆژهەڵاتن. دیارە ئی باکوور و ڕۆژئاواشی لێیە بەڵام ژمارەکەیان زۆر نییە.
قازی: ئەوانە هەموویان وەکوو بەشە پەنابەر لە ڕێگای ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکانەوە چوون؟
خەندە ڕەش: بەڵێ.

قازی: یانی ئاوا نەبوو کە یەکێک بە سەری خۆی هەستێ بچێ و بگاتە ئەوێ؟
خەندە ڕەش: چەند کەسێک هاتوون بەو شێوەیە. چەند کەسێکیش بۆ خوێندن هاتوون دواتر لە دوای ساڵی ٢٠٠٠ و ئەوانەوە. بەڵام بەشێوە گشتی زۆربە وەک پەنابەر لەوێن.
قازی: باشە وەزعی ئەو کۆمەڵگەیە کە دەڵێی زیاتر وەک پەنابەر هاتوون چۆنە؟ زیاتر بە چی مەشغووڵن؟ وەچەی جەوان و خوێندنیان، ئەگەر دەکرێ هێندێک باسی ئەو شتانە بکەی! کۆمەڵەی کولتووریان هەیە نییە؟ چالاکی هەیە؟ تەئسیراتی وەزعی کوردستان لە سەر ئەوان چۆنە؟ خەبەر دەگاتە وێ، ناگاتە وێ ئەو شتانە.
خەندە ڕەش: بەشێک لە بەدبەختییەکانی ئێمەی کورد هەر ئەوەیە وەک هیچکام لە کۆمەڵگاکانی دی نەبووین کە چووین بۆ ووڵاتان. نازانم ئیحتیمالی هەیە هەر ڕەنگە لە بەر ئەوە بێ ئێمە زۆر دوا کەوتین لە ڕۆیشتن بۆ ووڵاتان و کۆچبەر بوون و ئەوانە دا. هۆکارێکی دیکەشی ئەوەیە کە ئێمە بەشی زۆرمان لە شاخ بووین. پێشمەرگە بووین . خەڵکی دێهات و ئەملاو و ئەولاین کەممان شارستانین و شار نشین بووینە تاکوو چاومان کراوە بێت و خوێندەوار بین و ئەوانە. بەشی زۆری ئەو کوردانەی ئێمە کە لە نیو زیلەندن یان خوێندەوارییان کەمە یان نییە یان بە جۆرێک زمانیان نەزانیوە کاتێک کە چوون بۆ ئەوێ زۆربەمان تووشی زۆر گیر و گرفت بووین. یەکێک لە گیروگرفتەکان ئەوەیە کە ئایا چۆن کار پەیدا دەکەی؟ چۆن کارێکی باش! چۆن دەتوانی وەکوو ئەو خەڵکەی وێ بیزنسێک دا بنێی؟  وەکوو ئەو خەڵکەی کە هەر یەکەی لە ووڵاتێکەوە هاتووە بە کارێکەوە خۆی مەشغووڵ کردووە ووردە ووردە خۆی پێ گەیاندووە.

قازی: ئێستا بەڕێزت بابەتەکە تەفسیر دەکەی، ئەمن دەمەوێ  تەوسیفی بکەی بڵێی چۆنە؟ نەک ئەوەی بی نرخێنی.
خەندە ڕەش: وەسفەکەی ئەوەیە کە نەمان توانیوە وەک خيلکی تر پێ بگەین.
قازی: باشە، زۆربەی کوردەکان چ دەکەن؟
خەندە ڕەش: هێندێکیان کاری میکانیکی دەکەن. کاری خانووسازی و ئەوانە دەکەن.

قازی: ئەی لە ڕووی کاری کۆمەڵایەتی و کاری کولتووری. بوونی کۆمەڵەی کوردی ئەوانە چۆناوچۆنە؟
خەندە ڕەش: لە سەرەتاوە شتێک بە ناوی کۆمەڵەی کوردی هەبووە لە وێ. چەند کەسێک باش بوو ئەوانە خوێندەوارییان هەبوو پێشتر، زمانیان دەزانی ئەوانە کە گەیشتنە وێ ئەوەیان دروست کرد. ئەو کۆمەڵە کوردییە هەتا ئێستاش بووەتە چەترێک بۆ کوردەکانی ئەوێ. مەراسم و جەژن و ئاهەنگ و شتی وا دەبێ لێکمان کۆ دەکاتەوە یا دەبینی یادئاوەرییەک، بیرەوەرییەک ، ڕۆژێکی تایبەتی هەیە لە کوردستان ، جێژنی نەورۆزە یا خۆ ڕووداوێک ڕوودەدا ، لەوێ ئەو کۆمەڵە کوردییە خەڵکەکە کۆ دەکاتەوە خراپ نییە. بەڵام، بە حکوکمی ئەوەی کە کوردەکان دابەش بوون بە سەر ٣ شار دا ئەوەش..

قازی: لە کوێ دەژین زیاتر؟
خەندە ڕەش: بەشی زۆری کوردەکان لە شاری ئۆکلەندن. ئۆکلەند ئەو گەورە شاری ئەوێ لە بەشی باکوورە.  بەشی زۆریان لەوێن. بەشێکیشیان لە هامیڵتن ن  و بەشەکەی تریش لەو جەزیرەی خوارەوەن. شارێکە بە ناوی " کڕاس چرچ" ئاوا بە گشتی بە سەر ئەو ٣ شارە دا دابەش بوون.
قازی: باشە، پێوەندییان لە گەڵ کوردستانی چۆناوچۆنە؟ دیارە ئێستا بە بەرەکەتی تێکنۆلۆژی ئەو پێوەندییە زۆر زەحمەت نییە. بەڵام ئەو پێوەندییە تا چ ڕادەیەکە؟
خەندە ڕەش: سەرەتا زەحمەت بوو بەڵام ئێستا لەوەتا ئینترنێت و پێوەندییەکانی تێلێفۆنی ئاسان بوونەتەوە بێگومان جیاوازییەکی زۆر هەیە. ئێستا خەڵکەکەش  زیاتر لە جاران هاتووچۆ دەکا. پێشتر زۆر سەخت بوو.حەتتا هاتووچۆی فڕینیش، فڕۆکەش ئاسان نەبوو. یانی بۆ کوردستان زەحمەت بوو. بەڵام ماوەی چەند ساڵێکە لەو ڕووەوە وەزع باشترە وەک پێشوو نەماوە.
قازی: باشە ڕوداوەکانی کوردستان و ئەو بارودۆخەی لە بەشەکانی جۆر بە جۆری کوردستان هەیە هەم لە باکوور، هەم لە باشوور، هەم لە ڕۆژهەڵات و لەو دواییانەشدا بە تایبەتی لە ڕۆژئاوا ئینعیکاسی لە چاپەمەنی و مێدیای نیو زیلەند دا چۆنە؟
خەندە ڕەش: نیو زیلەند بە گشتی بە حوکمی دورییەکەی ، ڕاستە ئەمڕۆ تێکنۆلۆژی ئینکاری ناکرێ کە پێش کەوتووە، بەڵام لە لایەنی خوغرافیاییەوە کە دوور کەوتووەتەوە لە باقی قاڕەکانی دنیا دابڕاوە بە ڕاستی، کۆمەڵگاکەشی دابڕاوە لە خەڵکی تر. زۆر کەس لەو ووڵاتە هەیە ئەسڵەن نازانێ کوردستان چییە . دەزانێ پێرشیا هەیە بەڵام ڕەنگە نەزانێ ئێران چییە. ئەو جۆرە شتە هەیە. جا ڕووداوەکانی کوردستانیش ناڵێم بێ کاریگەرین بەڵام، بە حوکمی ئەوەی کە ئێستا تێکنۆلۆژی پێش کەوتووە خەڵک زووتر شتەکان وەردەگرێ. بە تایبەتی کاتێک کە ڕووداوێکی گەورە ڕودەدا لە ڕۆژنامەکان دا ڕەنگ دەداتەوە. بۆ نموونە ڕووخانی ڕێژیمی عێڕاق ، ڕۆخانی ڕێژیمی عێڕاق کە زۆر شتی بە دوای خۆیدا هێنا، ئەو کاتە مەسەلەی کورد زۆر گەورە بووەوە ناڵێم ڕۆژانە بەڵام، بەردەوام نێو نێوە بابەتی جوان لە سەر کورد، لە سەر کوردستان بڵاو دەبووەوە لە ڕۆژنامەکاندا، لە سایتەکاندا و هەر وەها لەم دواییانەش دا مەسەلەی شەنگار و بە تایبەتی ش کۆبانێ ڕوخسارێکی دیکەی دا بە کورد. دۆستێکی خۆشەویستم هەیە لەوێ  پی ئێچ دی هەیە لە زانستی سیاسی باسی ئەوەی دەکرد لە کاتی کە هێرشەکەی سەر شەنگار کرا دەگوتت بە ڕاستی بە جۆرێک شەرمم دەکرد بچم بۆ زانکۆ، دیارە ئەگەر مرۆڤ لە سەر بابەتی سیاسی کار بکا مەجبوور دەبێ ڕۆژانە لە سەر بدوێ، بەڵام دوای ئەوەی کە مەسەلەی کۆبانێ هاتە پێشێ دەیگوت ئێستا شانازی بە خۆمەوە دەکەم. دەگوت ئێستا بە سەربەرزییەوە دەچم بۆ لایان، ئەوان باسی ئەوێم بۆ دەکەن. ئەوان تەعریفی ئازایەتی کچ و کوڕی کوردم بۆ دەکەن.

قازی: بەڵام ئەو مەسەلەی کە لە باری جوغڕافیاییەوە پەرتە و بە نیسبەتی ئەوەی کە تۆ لە کوێی قسەی لە سەر دەکەی بە دوور دادەندرێ بەڵام ئەوێش لە و چوارچێوە نێونەتەوەییانە دا کە هەیە لە هێندێک جێگاش دەوری هەیە بۆ نموونە وەک یەکەی پاراستنی ئاشتی لە ئەفغانستان ، یانی عەسکەری نیو زیلەندیش لەوێ هەیە یانی ئەوە نییە کە بە تەواوی هیچ تێکەڵی نەبێ. لەو پێوەندییە دا  لە گەڵ مەسەلەی کورد تێکەڵی چۆنە هیچی هەیە؟
خەندە ڕەش: من ناڵێم بە یەکجاری دابڕاوە. من دەڵێم کۆمەڵگاکەی زۆر ئاگادار نییە لە ڕووداوەکانی دەرەوە. دەنا وەکوو دەوڵەت با. پێم وا نییە سەبارەت بە کورد چ تێکەڵی هەبێ. نیو زیلەند ووڵاتێکە زیاتر پابەندی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیەتی ، کەمتر خۆ لە کێشە هەڵدەقوتێنێ. ئەوەی ئەفغابستان ڕاستە لەوێ هێندێک سەربازی هەن . بەڵام سەربازەکانی سەربازی شەڕ نین . زیاتر بە کاری ئەندازیاری و ئەوانەوە خەریک دەبن. حەتتا بۆ عێڕاقیش ئامادە بوو هێدێک هێز بنێرێ. یانی خۆ دەپارێزێ لەوەی کە بە چاوێکی تر سەیر بکرێ لە لایەن خەڵکی ترەوە و بەرژەوەندە سیاسی ئابوورییەکانی تێک بچێ.
قازی: باشە ئێوە خوێندتان لە زانکۆ تا چ دەرەجەیەک تەواو کردووە ئێستا؟
خەندە ڕەش: من تەنیا لیسانسم تەواو کردووە.
قازی: تێزەکەت لە سەر چ بابەتێک نووسیوە؟
خەندە ڕەش: لە سەر پێوەندییە نێونەتەوەییەکان کە بەشێکە لە زانستی سیاسی!
قازی: دەتەوێ بەردەوام بی ؟
خەندە ڕەش: ئەگەر عومر باقی بێ دەمەوێ درێژەی پێ بدەم. 




قازی: وەکوو دیکە، دەزانم کە بەڕێزت خەڵکی ناوچەی " خانێ " ی ، خەڵکی شێن ئاوێ ی. شین ئاوێ ش  لە ماوەی یەک دوو ساڵی ڕابردوو دا بە تایبەتی لە چاپەمەنی ئێران و لە دەرەوەی ووڵات و لە تۆڕە کۆمەڵییەکان دا زۆری باسی لێوە کرا. دوای تراژێدییەک کە لە مەدرەسەیەک قەوما ، وا بزانم کوورەیەک تەقییەوە، ئەوە هیچ ئینعیکاسی هەبوو لە لای ئێوە؟ بە ئیعتیباری ئەوەی کە تۆ خەڵکی ئەوێی و ڕەنگە ئەوەت بیستبێتەوە و پێت ڕاگەیاند بن. لە چاپەمەنی نیو زیلەند دا لە سەر ئەوە هیچ باس کرا؟
خەندە ڕەش: ئەوەی من لە یاد بێ نەخێر شتێکی ئاوا نەبوو بەڵام، بێگومان هەواڵەکە هەواڵێکی ناخۆش بوو بۆ من ، خۆم خەڵکی ئەوێم . دروست نازانم ئەو مەدرەسە هەر ئەوەیە کە خۆم لێم خوێندووە یان نا بەڵام من خۆم یەکەم ساڵی خوێندنم لە شێن ئاوێ دەست پێ کرد لە یادمە. بەڵام، وەکوو پێشتر عەرزم کردی ئەگەر ڕووداوی زۆر گرینگ نەبن زۆر جیهانی نەبن لە نیو زیلەند کەمتر دەبیسترێن. مەگەر کەسێک خۆی بڵاوی کاتەوە بە جۆرێک دەنا زەحمەتە شتی وا.

قازی: باشە، لەم سەفەرەی ئێستا کە بۆ ئوڕووپات کردووە حەول دەدەی سەری باشوور یان باکووری کوردستانیش بدەی؟ یان لە ئێستاوە دڵت تەنگ بووەتەوە بۆ نیو زیلەند لەو  ماوەیەی دا کە هاتوویە ئوڕووپا ؟
خەندە ڕەش: خۆی ئینسان بێ ئەمەگ نەبێ. نیو زیلەند دەرگایەکی باش بوو بۆ من. من توانیم لە نیو زیلەندەوە بە ڕاستی  جیهان بناسم. بە ڕاست من ئێستا زانست و توانای خۆم من هەرچی هەمە لەوێوە دەیزانم. پێش وەی بچم ئەوێ  بە ڕاستی دەتوانم بڵێم هیچم نەدەزانی ، هیچم نەدی بوو دەرگایەکی باش بوو بۆ من. ناتوانم و نامەوێ بێ ئەمەگییەک بکەم  دەربارەی ئەوێ. بەڵام، وەکوو خۆشی، وەکوو دڵ و دەروونی خۆم بە ڕاستی  بێگومان پێم خۆشە بچم بۆ کوردستان و پێم خۆشە لە کوردستان بمرم ، پێم خۆشە لە کوردستان ژیان بە سەر بەرم. ئەگەر بۆم بگونجێ بۆم بلوێ هەر ئێستا بە خۆم و بە ماڵ و منداڵم  دێمەوە بۆ کوردستان بەڵام. مەسەلە ئەوەیە ئایا دەگونجێ یان نا؟ 
قازی: باشە بەڕێز خەندە ڕەش زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لە بەرنامەی ڕاوێژ دا داوای سەرکەوتنت بۆ دەکەم.
خەندە ڕەش: زۆر سپاس مامۆستا گیان، سپاس بۆ ئێوەش.
قازی: بینەرانی خۆشەویست  بەم شێوەیە دەگەینە کۆتایی ئەم بەرنامەی " ڕاوێژ " یش. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش.
===========
تێبینی: ئەو هاوپرسەکییە  لە ئێوارەی یەکشەمە ١٢ی ئاوریلی  ٢٠١٥ لە بەرنامەی ڕاوێژی تێلێڤیزۆنی ستێرکدا بڵاو بووەتەوە. بۆ دیتنی ڤیدێئۆی ئەم بەرنامەیە و بەرنامەکانی پێشوو دەکرێ سەر لە حیسابی " ڕاوێژ " لە تۆڕی کۆمەڵی یووتویووب هەڵێنن .