Saturday, July 18, 2015

قسەکانی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەرنامەی " تەکەتەک" ی تێلێڤیزیۆنی هابەر تورک، سێشەمە شەو ١٤ی ژووییەی ٢٠١٥ ، مۆدێراتۆر: فاتیح ئاڵتایلی


قسەکانی بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش لە بەرنامەی  " تەکەتەک" ی  تێلێڤیزیۆنی هابەر تورک، سێشەمە
شەو ١٤ی ژووییەی ٢٠١٥ ، مۆدێراتۆر: فاتیح ئاڵتایلی
وەرگێڕان لە تورکییەوە: حەسەن قازی

فاتیح ئاڵتایلی : ئێوارەتان باش بینەرانی بەڕێز. ئەم  ئێوارەیە  " تەکە تەك " لە ئانکاراوە بڵاو دەکەینەوە. دیسان تەواو لە دڵ و هەناوی سیاسەت داین. ئەمڕۆ قسە و ڕاوێژەکان سەبارەت بە کوالیسیۆن بەردەوام بوو ، دیدارێک هەبوو لە نێوان مەهەپە و پارتیی داد و گەشە پێدان ، ئەو ئاکامەی چاوەڕوان دەکرا دەرکەوت ، یان دەکرێ بڵێم دەر نەکەوت. مەهەپە پۆزیسیۆنی خۆی هێنا گۆڕێ و ڕایگەیاند نایەوێ لە حکوومەت دا جێ بگرێ . لە بارودۆخێکی ئاوا دا تا دەچێ بژاردەکان لە مەڕ کوالیسیۆن کەمتر دەبن.بە دەرکەوتنی تابڵۆکان تەنیا پارتییەک واتە مەهەپە دەبینین کە هەڵوێستێکی دوورەپەڕیزی لە پارتییەکانی دی هەبێ. پارتیی حەرەکەتی میللی ، مەهەپە بە بەردەوامی لە سەر دژایەتی هەدەپە سیاسەت دەکا. بە ئیحتیمالی زۆر پێی وایە بەو کارە دەنگی زیاتر بە دەست دێنێ و ئەم ئێوارەیە لە دوای هەڵبژاردنەکان بۆ جاری یەکەم  لە بەرنامەیەکی تێلێڤیزۆنی دا سەرۆکی گشتی هەدەپە بەڕێز سەلاحەدین دەمیر تاش ووڵامی پرسیارەکانمان دەداتەوە و لەم بەرنامەیە دا نرخاندنێکی بەربڵاو دەکەین و دەگەڕێینەوە  سەر ڕابردوو و هێندێکیش سەردمی پێش هەڵبژاردن. سەلاحەدین بەگ  بەخێر بێن.
دەمیرتاش: سپاستان دەکەم، دەبوو گوتباتان هاوسەرۆکی گشتی !
ئاڵتایلی: ڕاستە ئێوە هاوسەرۆکن. مرۆڤ خوویەکی بە چل ساڵان گرتبێتی بە هاسانی لە دەستی نادا. بەڕێز سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی گشتی  هەدەپە دروستە! یەکسەر دەمەوێ بگەڕێمەوە سەر هەڵبژاردن! لە  ڕەوتی هەڵبژاردن دا دەگوترا گەلۆ هەدەپە لە بەندی هەڵبژاردنی تێ دەپەڕێنی یان تێ ناپەڕێنێ ، ئاکام ئەوە بوو هەدەپە ٨٠ نوێنەری وەدەست هێنا ئەوەش تەواو بەقەدەر ژمارەی کورسییەکانی مەهەپە، ئەگەرچی ڕێژەی دەنگی ئەوان زیاتریش بووبێ. هەرچۆنێک بێ لە بەندی تێپەڕاند، تەخمینەکان ١١ لە سەد ، ١٢ لە سەد بوو. هێندێکان دەیانگوت هەدەپە  ٩ لە سەد تا دە لە سەدی دەنگان دەهێنێتەوە. دەگوترا هەدەپە بۆ ئەوەی لە بەندی تێ پەڕێنێ حەوجێی بە میلیۆنێک و چوارسەد هەزار دەنگ هەیە بەڵام ئێوە نیزیکەی ٣ میلیۆن دەنگتان لە سەرەوەی بەندی هەڵبژاردن وەدەست هێنا و لە پڕ بوون بە یەکێک لە دوو پارتیی سەرەکی ئۆپۆزیسیۆن. ئایا چاوەڕوانی ئەوەتان دەکرد؟ کێ دەنگی دا بە ئێوە؟ دوای هەڵبژاردن هەم ئێوە و هەم سڕی سورەیا ئوێندەر گوتتان ئێمە هەست دەکەین بەو دەنگانەی کە بە ئەمانەت بە ئێمە دراون . مەبەستتان لەوە چ بوو؟ ئەو دەنگانەی بە ئەمانەت پێتان درا کامانەن؟ زنجیرەیەک لێکدانەوە دەکرێ هێندێکان دەڵێن لاوان دەنگیان پێ داون، هێندێکی دەڵێن ئەو دەنگانە لە دەنگدەرانی جەهەپەوە هاتن. نا ئەوە کوردەکان بوون دەنگیان دانێ ، یان ئەو موسوڵمانانەی لە ئاکەپە تووڕە بوون دەنگیان دا بە ئێوە. زۆرشت دەگوترێ. ئەو دەنگانە لە کوێوە هاتن؟ ىە چ شێوەیەک لە بەندی هەڵبژاردن تێپەڕین؟ چاوەڕێی ئەوەتان دەکرد؟ ئایا پێتان وایە دەبوو کەمتر یان زیاتر دەنگ وەدەست بهێنن و بەو دەنگەی وەدەستتان هێنا گەلۆ واقتان ووڕ ما؟ و بەر لە هەڵبژاردن کەنگێ هەستتان کرد لە بەندێ تێدەپەڕن؟
سەلاحەدین دەمیرتاش: سپاستان دەکەم فاتیح بەگ. بەر لەهەموو شتێک شەوباش دەڵێم بە هەموو ئەوانەی ئێستا ئەم بەرنامەیە تەماشا دەکەن. با بە لێبڕاوی ئەوە بڵێم ئێمە وەک پارتیی هەدەپە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠١٥ ئامانجی وەدەست هێنانی لە سەدا ١٥ی دەنگانمان لە بەر خۆ ڕۆنابوو. دەتوانم بڵێم لەو ڕێژەیەیەی لە بەرچاومان گرتبوو کەمترمان بەدەست هێنا. یانی ئێمە دەنگێکی ئەوەندە زۆرمان وەدەست نەهێنا کە ببێتە هۆی واق ووڕمانمان. ئێمە پێشبینیمان دەکرد لە سەدا ١٥ی دەنگان بەدەست بخەین و چالاکییەکانمان بەو پێیە ڕێک خستبوو، بەڵام  لە ڕوانگەی ئێمەوە لە بەندی هەڵبژاردن تێپەڕین و چوونە نێو پاڕلمان زۆر گرینگ بوو. جا بۆیە ئەو ئاکامەی وەدست هات واتە لە سەدا ١٣ی دەنگان زۆر بە قیمەتە، زۆر بە نرخە. لە مێژووی سیاسی تورکییە دا زۆر کەم هەڵکەتووە لە هەڵبژاردنێک دا  پارسەنگی دەنگان ئاوا بگۆڕدرێ. ئەو هۆکارەی ئەو باڵانسەی تێک دا هەڵوێستی هەدەپە بوو و ئەوە باش بوو کە ئەو گۆڕانە پێک هات. ئێستا بابێینە سەر ئەوە کە ١٣،١ لە سەدی دەنگ کێ دای بە ئێمە؟ ئێمە ئەو دەنگانەمان لە تورکییە وەرگرت. یانی لە تورکییە دا هەرچییەکی و هەر کەسی هەبێ . ڕەنگە جیاوازییەکان ،   ناسنامە جیاوازییەکان ، دەنگە جیاوازییەکان ، شێوە ژیانە جیاوازەکان ، هەڵگرانی باوەڕی جیاواز، کۆمەڵگەیەکی ئاوا هەمە ڕەنگ و پلوڕالیستی لە دەورو بەری هەدەپە کۆ بوونەوە و بەیەک گەیشتن . جا بۆیە ناکرێ بڵێین  ئەوانەی هەدەپەیان گەیاندە پارڵمان تەنێ فڵان و فیسارن. تورکییە خۆیەتی. ئێمەش بەو ئیدیعایەوە هاتبووینە مەیدانێ. دروشمی سەرەکی هەڵمەتی هەڵبژاردنمان " ژیانی نوێ " بوو . ژیانی نوێ دروشمێک نەبوو کە لە سەر کۆمەڵگەیەکی نوێ داندرابێ، بەڵکوو لە سەر بنەمای ئەو کۆمەڵگە پلورالیستیەی بوو کە هەیە و هێنانە بەرچاوی ئەو کۆمەڵگەیە بوو. واتە ساز کردنی ژیانێکی نوێ لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە پلوورالیستییە ، کۆمەڵگەیەکی کە لەگەڵ یەک لە ئاشتەوایی دایە، لەگەڵ ناسنامەی خۆی لە ئاشتی دایە و لەگەڵ ناسنامەی ئەویدیش . کە لە ناسنامەی خۆی شەرم ناکا و بە سووکی چاو لە ناسنامە، باوەر و شێوەی ژیانی ئەویدی ناکا. ئامانجی نییە ئەویدی قەدەغە بکا، سنوورد داری بکا و بە ئەویدی دابنێ و پێداویستمان بە ژیانێکی نوێی ئاوا هەیە. حەوجێ بە  حقووقێکی نوێ لە نێوانمان دا هەیە. و لە درێژایی هەڵبژاردن دا حەولمان دا بۆ ڕوون کردنەوەی ئەو بۆچوونە. گوتمان ئێمە لە هەموو ڕوویەکەوە ووڵاتێکی دەوڵەمەندین. ئەو سەرزەوینانە زۆر ژیاری و شارستانییەتی لە باوەشی خۆی دا پەروەراندووە و ئێمە لە جوغرافیایەک  دا دەژین کە ئەوانەی بە میرات پێ بڕاوە. جۆغرافیاکەمان دەوڵەمەندە، سەرچاوەکانی بن زەوی و سەر زەوییەکەی دەوڵەمەندن . کوڵتورەکەمان دەوڵەمەندە، شارستانییەتەکەمان دەوڵەمەندە . توانایی هەبوونی کۆمەڵگەیەکی پلوورالیستیمان هەیە و ئەوە دەست دەدا. بەڵام لە نێو گشت ئەو دەوڵەمەندییانە دا هەژارین. لە ڕوی ناسنامەوە هەژارین، لە ڕووی باوەڕییەوە هەژارین، عەرزی ئاغای خۆم بکەم لە ڕووی ئابوورییەوە هەژارین، کارمان نییە. گشت ئەو هەژاری و نەدارییانە قەدەر و چارەنووسی ئێمە نییە ،و ناچار نین تەحەمولی کەین.  گوتمان دە با ژیانێکی نوێ دامەزرێنین ، حقووقێکی نوێ دابنێین. لەگەڵ یەکتری ئاشت بینەوە و گەردنی یەکتری ئازاد بکەین، لە یەکتری نەترسێین  و حەولمان دا ئەوانە شی بکەینەوە. شتێکی تازەمان دانەهێنا بەڵکوو ئەوەی لە  هەندەسەی کۆمەل دا هەیە حەولمان دا وەڕووی بخەین. ئەوەی لە خەیاڵی ئینسانەکان دایە، لە جێ دا لە دنیای دەروونی دا هەیە ؛ باشە بۆ ئێمە کەوتووینە ئەو دۆخەوە ئەوەندە نەفرەت لە یەکتری بکەین؟ بۆچی کەوتووینە ئەو وەزعەی لە یەکتری بترسێین؟ بۆ چی دەستمان بەوە کرد یەکتری بە هەڕەشەیەک لە سەر خۆمان بزانین؟ ئەوەی کە دەڵێ ئێمە ئەوە نین و نابێ ئاوا بین ، ئەوانەی بەوە پەژارە دایاندەگرێ و حەسرەت دایاندەگرێ و دەڵێن ئەوە لە ئێمە ناوەشێتەوە و نابێ ووڵاتی ئێمە ئاوا بێ بانگەوازمان لە هەموویان کرد . هەڵبەت ئەوانەی بە دەنگ ئەو بانگەوازەوە هاتن و پەسندیان کرد و وەخۆیان کرد و لە بەر زۆر هۆیان دەنگیان دا بە پارتییەکەمان بە میلیۆنان بوون ، بەڵام ئەگەر هەر لە بەر هۆیەکیش بووبێ – بێ ئەوەی مرۆڤ دە هۆ بە دووی یەک دا باس بکا -  کە بەڵێ ئەمن دەنگ دەدەم بەو پارتییە چونکە دەمەوێ لە بالانسە سیاسییەکان دا هەڵوێستێکی تازە دامەزرێنم. دەی با ئەو پارتییە لە بەندی هەڵبژاردنی تێپەڕێنی و ئاکەپە بە سەری خۆی نەبێتە دەستەڵاتی تاقانە و سیستمی سەرۆکایەتی نەیە و لە بەر ئەو هۆیە دەنگ دەدەم بە هەدەپە. ئێ واش هەبوون دەیانگوت هەدەپە پارتییەکی خراپ نییە بەڵام پارتی من نییە. جا ئێمە شەوی هەڵبژاردن کە ئاکامی دەنگدان دەرکەوت و لە کاتی دەربڕینی سپاسی خۆمان لەو دەنگدەرانەی کە دەنگیان پێ دابووین یەک بە یەک باسمان کردن و حەولمان دا کەس لە بیر نەکەین. هەر لایەنەی کە تەنانەت دەنگێکیشی دابووبێ ویستمان سپاسیان بکەین. نازانم چەند کەسن؟ ژمارەکەیان نازانم بەڵام ئەگەر هەبن کە بە ئەمانەت دەنگیان بە ئێمە دابێ دیارە ئەوە گشت لە سەدا ١٣کە نین.  ئەو دەنگانە ئەوە نین  توانایی تێپەربوون لە بەند ی هەڵبژاردن بووبن.
ئاڵتایلی: بەڵکوو لە سەدا یەک بێ!
دەمیرتاش: نازانین! تەنانەت کەسێکیش دەنگی بە ئێمە دابێ دەنگەکەی بە قیمەتە و بە سپاسەوە ویستمان دەروونی ئاسوودە بێ ، سپاسی ئەویش دەکەین، تەریقی ناکەینەوە و گوتمان حەول دەدەین بیکەین بە دەنگدەری بەردەوامی هەدەپە. بەڵام دەنا ئەوەی کە ئەو دەنگانەی وەدەستمان هێنان هەموویان دەنگی ئەمانەتی بووبن و کاتی بووبن و ئێمە ئێستا کە لە بەند پەڕیوینەتەوە ئیتر هەموو شت تەواو بوو بێ ئێمە بۆچوونێکی ئاوامان نییە کە میسیۆنمان تەواو بووبێ. دیارە ئەوانەی دەنگیان داوە بە ئێمە، هەدەپە ئاوا نابینن ، ئەوان بە پارتییەک  بە حەڕەکەتێکی  ئاوری بن کای نابینن، چونکە ئەو ئیدیعایەی کە دەیهێنینە مەیدانێ لە ڕاستیدا زۆر زۆر لەوەی تێ دەپەڕێنێ  کە تەنێ لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا پارتییەک دەری ببرێ. ئیدیعایەکەمان ڤیزیۆنی پێشە ڕۆژە. ئەوەش ڤیزیۆنێکی پێشەڕۆژ نییە کە هەر لە مەڕ هەدەپە بێ و هەر هەدەپە خۆی لێ بکاتە ساحێب. لە تورکییەیەک دا کە جەهەننەمی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی بە تەنیشتەوەیە و لە ناو خۆی دا بوونی توانایەکی پێک هەڵپڕژان، جەمسەربەندی و ڕێزبەندیی  بەردەوامی هەیە  و کۆمەڵگەیەک کە لە گرژیی دا خنکاوە حەوجێی بە ڤیزیۆنێکی ئاوا هەیە و ئەمە زۆر لە بەرنامەی سیاسیی پارتیی هەدەپە بەو لاوەترە ، ئەوە زۆر بەوڵاوەترە لە بەڵێنی دان لە هەڵمەتی هەڵبژاردن دا  و ئەوە شوێنی  لە سەر  هەموومان هەبوو  و لە سەر منیش بە شەخسە وەکوو هاوسەرۆکی هەدەپە و هەبوونی ئەو دیسکۆرسە  پێداویستییەک بوو بۆ من و حەولم دا بۆ ڕوون کردنەوەی . ئەو ئیدیعایە پشتی بە واقع دەبەست، حەقیقی بوو ، یانی ئەوە لە سەر خاپاندن و خەیاڵی خاو دانەندرابوو . جا بۆیە ئینسانەکان ئەو حەقیقەتەیان دیت و دە نێو ئەو  حەقیقەتە دا بە ساڵانە ، دەکرێ بڵێین سەد ساڵە، تەنانەت بەر لە دامەزراندنی دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییە کە لە ئاخروئۆخرەکانی سەردەمی عوسمانییەوە دەستی پێکردووە لە تورکییە پرسی کورد بووە بە پرسی بناغەیی و ئەو دیسکۆرسەی  ئێمە هەڵگری چارەسەری پرسی کوردیش بوو دە خۆی دا. یانی ژیانی هێمنانە بەیەکەوە. یانی لە تورکییە ک دا کە  نە تورکەکان لە کوردەکان بترسێن و نە تورکییەک کە تێیدا کوردەکان لە تورکەکان بترسێن ، نە ترسی دابەشبوون لە گۆڕێ دا دەبێ ، بە ئاغای خۆم بڵێم نە دەست لە ئازادییەکانمان هەڵدەگرین، نە دەست لە مافەکانمان هەڵدەگرین و نە ترسی ئەوەمان دەبێ دەست لە زمانمان و لە ناسێنەمان هەڵگرین .  کارێکی ئاواش بکەین ووزەی ئەوە هەبێ  گشت ئەو ترسانە بڕەوێنەوە ، و بەرنامەیەکمان هێنا گۆڕێ لە سەربنەمای ژیانی هاوبەش وبە پێی پڕینسیپە جیهانییەکان. لەوەش دا سەرکەوتین لە دیاری کردنی کاندیداکانمان دا ڕوانگەی پلوڕالیستی وەدی بهێنین لە زۆر ڕووەوە. چونکە تورکییە تەنێ لە زمانێک پێک نەهاتووە، تەنێ لە باوەڕێک، تەنێ لە مەزهەبێک ، تەنێ لە شێوەیەکی ژیان پێک نەهاتووە.  بچنە هەر شارێکی کە دەتانەوێ، هەر قەسەبەیەک لەوێ کۆمەڵگەکە دە نێو خۆیدا جیاوازییەکانی حاواندووەتەوە.
ئاڵتایلی: مەزەبی جیاوازیان هەیە، باوەری جیاوازیان هەیە...
دەمیرتاش: دیارە هەن. باشە ئێمە لە ئاست گشت ئەوانە چ دەکەین. بۆچوونی سەرەتایی یەک کردن بوو؛ هەموومان تورکین، هەموومان بە تورکی قسە دەکەین، هەموومان دەبین بە تاکە میللەت  و ئەو میللەتە لە سەر بناخەی ئێتنیسیتی 
هەڵدەنێین 



ئاڵتایلی : هەموومان دەبینە سوننی ..
دەمیرتاش : بەڵێ هەموومان دەبینە سوننی و بەو شێوەیە هەمووشت تاک دەکەین و ئەو تاکێتییە دەکەینە سوپاپی هێمنیی بەیەکەوە ژیان. ئەمن مەشڕووعییەتی دیتنێکی ئاوا دەخەمە لایەکەوە با بزانین ئەوە سەرکەوتوو بووە یان سەرنەکەوتوو.
ئاڵتایڵی: سەر نەکەوت
دەمیرتاش: سەر نەکەوت، کە وابوو دەبێ ڕێگایەکی دیکە ببینینەوە، ئایا ئێمە ئەستان و ناوچەکانی تورکییە بە پێی مەزهەبەکان و ناسنامەکان جوێ دەکەینەوە ، هەر کەس بچیتە گەڕەک و تاخی خۆی بژی و هەر کەس دەیەوێ لەگەڵ یەکی دی ببێ  بە برا و هەر کەس خۆی لەویدی بە نیزیک هەست پێ بکا و هەر کەس لە جێیەک کۆبێتەوە و تورکییە پاڕچە پارچە و لەتوکوت بێ و هەر کەس لە دوڕگەی جیاواز بژی، ئەوەش مومکین نییە. پێویستە فۆرموولێکی دیکە ببینینەوە یانی هەڵبەت کە بەیەکەوە دەژین ، هەڵبەت کە ووڵاتەکەمان بەش نابێ ، بەڵام حەولی تاکێتیش وەکوو چارەسەری نابینین. با ڕزگاری ووڵات لە دێمۆکڕاسی پلوورالیستی دا ببینین.  یانی میللەتی تورک هەیە ئەوە واقعییەتێکە، لە ئاسیای نێوەڕاستەوە مێژوویەکی هەیە، کولتووریکی هەیە ، زمانی هەیە، شارستانییەتی هەیە، وەتەنی هەیە. ئەوە واقعییەتێکە کە نکووڵی لێ ناکرێ. بەڵام، ئەوانەی دیکەی کە دەمێننەوە، یانی ئەوانەی کە هەست ناکەن سەر بە نەتەوەی تورک بن و هەست ناکەن سەر بە ناسنامە، باوەڕی ، شێوەی ژیان یان مێژووی   نەتەوەی تورک بن بەڵام هاووڵاتی جمهوورییەتی تورکییەن چییان بەسەر دێ؟  داخودا ئێمە وەکوو داو و دەستگا ڕەسمییەکانی تورکییە وەکوو حکوومەت و  پارڵمانی تورکییە  بەردەوام دەبین  لە سەر ئەوەی بە داری زۆری بیانتوێنینەوە؟ یا ئەگەر ئەو ئینسانانە ملیان بۆ ئەوە ڕانەکێشا قەتڵی عامیان دەکەین؟ ىە زۆرە ملی ڕایاندەگوێزین؟ یان پێیان دەڵێن یا حەزی لێ بکە یان بە جێی بێڵە! چ دەکەین؟ دەبێ شتێک بدۆزینەوە. دەبێ لە دەرەوەی  یەکتری قەسابی کردن ، نەفرەت لە یەکتری کردن، یەکتری کوشتن و یەکتری نەهێشتن دەبێ شتێک هەبێ. یانی ئەو شتەی کە ئێمە هێناومانەتە گۆڕێ لە نێو ئەو هەموو بێ چارەییانە دا یەکەم ئومێدی ئینسانی یە واتە نرخە ئینسانییە جیهانییەکان. یانی لەو جێیەی هەی  بێ  ئەوەی سووکایەتی بکەی سەبارەت بە باوەرێ ئەویدیکە، بە مافی وی بە حقووقی وی ، کولتووری وی، شێوەی ژیانی وی،و پەڕینەوە لە سنوورەکانی و پێشێل کردنی ئازادییەکانی، بۆ خۆت بە بێ ترس لە ئازادی دا بژی . بێ ئەوەی لە دەوڵەت بترسی، بێ ئەوەی لە ئیدارە بترسی، بێ ئەوەی لە قانوون بترسی، بێ ئەوەی لە قانوونی بنچینەیی بترسی، بێ ئەوەی لە پۆلیس بترسی ، عەرزی ئاغای خۆم بکەم بێ ئەوەی لە گوشاری گەڕەک بترسی ، یانی ژیانی بێ ترس. یانی لەو دەوڵەتەی کە هاووڵاتی ئەوی و لە سەر لاقت ڕاگرتووە  و ماڵیاتی پێ دەدەی بە بێ ئەوەی لێی بترسێی بتوانی  تێێدا بژی. بەیەکەوە هاوبەش بوون لە گەڕەکێک دا، بەیەکەوە هاوبەشبوون لە هەمان شار دا، لە هەمان وەتەن دا، بە بێ ترسان  لە گەلان، لە گرووپان ، لە  ناسنامان ، یانی  دەبێ بەکار هێنانی فۆرموولەکانی لە ئارامی و لە ئەمنییەت دا ژیان فێر ببین. لەمێژ بوو هەدەپە لە نێو خۆی دا ئەو گەنگەشەیەی دەکرد و لە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری دا دەرفەتێکمان هێنا تا ئەو جێگای زمانمان دەگەڕا بۆ دەربڕینی ئەوە تێکۆشاین و لەم هەڵبژاردنەش دا وەکوو پارتییەک، لە ڕووی ڕێکخراوەیی ئیدی حەولمان دا تورکییە بەدێلیکی شێوەی سیاسەت ، ڕێبازی سیاسەت و ڕەوتی سیاست بە دەست بهێنێ . زۆر هێرشمان کرا سەری، ووتاری ئاواش هەیە کە نایانەوێ لەوە تێبگەن و دەیانەوێ مەسەلەکە ببنە بواری دیکەوە . هەر وەک لە سەرەتا دا ئاماژەتان پێ کرد ووتاری میللی حەرەکەت پارتیسی ( مەهەبە) ش لە گۆڕێ یە. ئەمن بەڕاستی بیری لێ دەکەمەوە چۆن دەکرێ یەکێک ناسیۆنالیستێکی ووڵاتێک بێ  و نەفرەت لە پارتییەکی  وەک ئێمە بکا  کە ئەو بیرانەی باسم کردن دەهێنێتە گۆڕێ.قسەی وەکوو ئەوەی با ئەوانە لە دەرەوەی پاڕڵمان مابانەوە، ئەوانە شیاوی قسە لەگەڵ کردن نین  و بۆ ئەوە نابن تەنانەت مرۆڤ لە تەنیشتیشیان دانیشێ، باشە ناسیۆنالیستی ئەم ووڵاتە دەکرێ قسەی ئاوا بکا؟ ئەگەر ئەمن ناسیۆنالیستی تورکی ئەم ووڵاتە بووبام و کەسێک بایەم لە نێو ڕیزەکانی مەهەپە دا کاری سیاسیم کردبایە بە  هەدەپەم لە باوەش  دەگرت. دەم گوت ئەوەیە نموونە. بڕوانە ئێستا لە سوورییە ئینسانەکان ئیتر ناتوانن بەیەکەوە لە گەڕەكێک دا بژین. بۆ چێ چونکە وەزعی بەدەرەوەیە، چونکە لەوێ گۆیا " هەدەپە" یەکی نییە. پارتییەکی کە دەڵێ با  بە کوردەکان، تورکەکان، عەلەوییەکان ، ئێزدییەکان، سوریانییەکانییەوە  با ئیتر یەکتری قەسابی نەکەن. وەرن وەک برا بەیەکەوە بژین ، قانوونێکی بنچینەیی  تازە ساز کەین، ئازادییەکانمان پەرە پێ بدەین، دەکرێ ئەوانەی کە ووڵاتەکەیان خۆش دەوێ  لەبەر ئەوە بە خۆیان دەڵێن ناسیۆنالیست ئەوەندە سووکایەتی پێ بکەن ، ئەوەندە بیکەنە ئەویدی؟ دیارە لێرە دا بێ سیاسەتییەک هەیە، شێوەیەکی هەڵسوکەوتی هەرزان لە گۆڕێ دایە. هێرش بکە سەر هەدەپە و لە سەر بنەمای ئەوە لافی ناسیۆنالیزمێکی ویشک لێ دە. ئایا ئەوە دەکرێ ناسیۆنالیزم بێ؟ ئەوە شتێکی زۆر هەڵەیە. ڕاستە هەدەپە پارتییەکی ناسیۆنالیست نییە، نە ناسیۆنالیستی کوردە و نە ناسیۆنالیستی تورک، بەڵام هەدەپە بە چاوی دۆژمنایەتی تەماشای ئەوانەی کە ئەو جۆرە ناسیۆنالیزمەش دەکەن ناکا. ئەوان بۆچوونی خۆیان هەیە. ئێمە داوای دەنگمان لە کۆڕ و کۆمەڵی ناسیۆنالیستیش کرد ، هەم لە ناسیۆنالیستی کورد و هەم لە ناسیۆنالیستی تورک داوای دەنگمان کرد چونکە فەرق بەو ڕاستییەش دەکەین ئینسانە ناسیۆنالیستەکانیش واقعییەتێکی ئەم ووڵاتەن. یانی ئێمە لە کاتێک دا دەڵێین با لە نێوان تورک، کورد، عەلەوی، سونی، سۆسیالیست، عەرزی ئاغای خۆم بکەم بێ ئەوەی تەماشای پارەی گیرفانی کەس بکرێ  لە بەر دین و باوەڕی خۆی، با هاووڵاتێتێکی یەکسانیان لێ ساز بکەین، با بوارێکی ئازادی دابمەزرێنین . لێرە دا بە دە پەراوێز  خستن و  دەرهاویشتنی ناسیۆنالیست، کەماڵیست ، نەتەوە پەرست و ئیسلامیستەکەی ووڵات ئەوەمان بۆ ساز ناکرێ. دەبێ هەرکەس بتوانێ حەق و حقووق و بۆچوونی سیاسی خۆی بپارێزێ و لە ژیان دا پێکیان بهێنێ و لە نێو سنوورەکانی  دێمۆکراسییەکی بە دەزگایی کراو دا کە گەیشتبێتە ستانداردێکی بەرز ئەو مافانەیان پارێراو بێ، ئێمە بەرگری لە دۆخێکی ئاوا دەکەین. بڕوانە  بەڕێز ئایتایلی  ئێمە هەدەپەمان ئاوا ناساندووە وای دابنێن کە بەفرێکی زۆر باریوە و ڕێگاکان گیراون ، هەموو ڕێگاکان گیراون، یانی بە میتران بەفر باریوە، ڕێگاتان لێ گیراوە ناتوانن بچنە هیچ کوێ، نە بۆ لای ڕاست و نە بۆ لای چەپ. ئێوە لە فەزایەکی ئاوا دا گوشارتان بۆ هاتووە و ماونەتەوە، باشە لە جێیەکی ئاوا دا چەپگر بن چ دەبێ، ڕاستگر بن چ دەبێ ؟ ناسیۆنالیست بن چ دەبێ؟ ڕێگا کردنەوەیەک، ڕێگا دەرکردنێک پێویستە ، لابردنی ئەو گوشارە مێژوییە و نەهێشتنی ئەو چەق بەستنە پێویستە. لێرە دا ماشێنێکی بەفر ماشتن دێ و رێگاکە دەکاتەوە. جا هەدەپە ئەرکی ئەو ماشێنی بەفر ماشتنە دەگێڕێ، ڕێگا دەکاتەوە. لە سیاسەتی چەق بەستوو دا، لە بێ سیاسەتی دا حەول دەدا بۆ ساز کردنی سیاسەتێکی نوێ. جا دوای ئەوەی ئێمە بەو ماشێنی بەفر ماشتنەی هەدەپە ئەو بەفرەمان ڕا دا، تورکییە ئاهێکی دێتەوە بەر خۆی کە لەم هەڵبژاردنە دا یەکەم ئاهی هاتەوە بەر. ئینسانەکان گوتیان ئۆخەیش. بڕوانە کەسی ئاوای کە لە ڕابردوو دا دەنگیان داوە بە ئاکەپە، ئینسانی ئاوای کە لە ئاکەپە دا دەوری بەڕێوەبەرییان هەبووە ئاهیان هاتەوە بەر، گوتیان ئۆخەیش ، چونگە پێشوەچوونەکان پێشوەچوونی باش نەبوون. تورکییە لە ماوەی ١٣ ساڵ دەستەڵاتداریی ئاکەپە دا هەم شتی باشی دی و هەم شتی زۆر هەڵەشی بینی، ئیدی لەو دواییانە دا گەیشتە ئەو خاڵەی کە بگوترێ ئەمن تاقە خاوەنی ئەم ووڵاتەم  و ئەوانەی وەکوو ئێمە بیر ناکەنەوە و تەنانەت ئەوانەی ڕەخنە لە من بگرن وەک خائین بە نیشتمان ڕادەگەیێنم و ئەوانە مەترسین بۆ ووڵات، تێگەیشتنێکی ئاوا توانیبای بەسەری خۆی دەستەڵاتێکی تاقانە وەدەست بێنێ ئیدی کۆمڵگە نەیدەتوانی هەست بە ئەمنییەت بکا. بە تێپەڕاندنی بەندی هەڵبژاردن لە لایەن هەدپەوە، هەموو کەس لە دڵی دا هەستی پێکرد ، چ ئەوانەی دەنگیان دابوویە و چ ئەوانەی دەنگیان نەدابوویە ، هەموو کەس ئەوەی دی کە لەم ووڵاتە دا کاتێک هەڕەشەیەکی گەوەرە خەریکی ساز بوون بێ  ئیدی دەکرێ لە چوارچێوەی ئەو دێمۆکڕاسییە ناتەواوەشمان دا چارەیەک بدۆزرێتەوە. لەو ئینسانانە دا هەستێکی هێمنی پێک هات . ئێمە دەتوانین، یانی وەک تورکییە ئێمە هەر چەند لەگەڵ هەڕەشەی گەورەش ڕووبەڕوو ببینەوە لە نێو خۆمان دا ڕوحی هاوپێوەندی لە دەست نادەین و دەڵێین ئەوە مەترسییە. بڕوانە لێرە دا مەبەستم لە شەخس نییە ، مەبەستم لە بەڕێز سەرۆک کۆمار یان قسە بێژانی ئاکەپە نییە ، ئەمن باسی  تێگەیشتنێک دەکەم. ئەو تێگەیشتنە مەترسییەکە ، ئەو  تێگەیشتنەی تاک تاکییە، و خۆ بە هەموو شت زانینە و هەر من هەم و کەسی دی نییە ، ئەو زیهنییەتە بۆ هەموومان مەترسی یە. پێویستە پێشی پێ بگرین. دەبێ دەرسێکی بدەینێ کە عەقڵی بێتەوە بەر خۆی و ئەوەش خەڵک سەرەڕای فەزای نا دێمۆکڕاتیکی هەڵبژاردن تێیدا سەرکەوت . ئەوە پێشهاتێکی زۆر بە قیمەت و بە نرخە. ئاکەپە و هەموو کەس دەبێ ئاوای بخوێنێتەوە، ئەوە لە سەر بنەمای دوژمنایەتی لەگەڵ ئاکەپە یان کاکە و براڵەی هێزی نێونەتەوەیی نییە . ئەوە شتێکە کە کۆمەلی تورکییە لە وێژدانی خۆی دا هەستی پێ دەکا، لە دەوری هەدەپە کۆ دەبێتەوە و  ئەوە بۆخۆی ویستی دامەزراندنی سیاسەتێکی نوێ یە. ئەوە هێزی خەڵک بۆخۆیەتی. دەبێ ئاوا بخوێندرێتەوە...
ئاڵتایلی: قسە بێژانی ئاک پارتی لە مەڕ ئێوە دەڵێن باسی ئازادی و دێمۆکڕاسی دەکا،بەڵام  لە ناوچە
 [ مەبەست هەرێمی باکووری کوردستان ە. وەرگێڕ]  گوشارێکی یەگجار زۆریان هێنا بۆ سەر خەڵک ، دەنا لە ناوچە ئەوەندە دەنگەیان وەدەست نەدەهێنا و دەڵێین ئەگەر وا نەبا  لە دێیەک سەد دەنگ هەمووی بۆ هەدەپە نەدەدرا.
سەلاحەدین دەمیرتاش: ئەگەر هەڵە نەبم، ڕەقەمەکانم دەکرێ بە ووردی لە بیر نەبێ، بەڵام ئەگەر دوایە پێویست بێ ڕەقەمەکان ڕاست دەکەمەوە. دەکرێ سێ و پێنج هەڵە بم و  لە بیرم نەبێ . بەڵام با بڵێین لە ٢٨٥ سندووق دا بە تەواوی وەک هەدەپە دەنگمان وەرگرتووە. ئاکەپەش لە ١٧٥ سندووق دا بە تەواوی دەنگی وەرگرتووە بۆ نموونە. باشە! و ئەو دەنگانە هەموویان، یانی بە تەواوی ئەو دەنگانەی لە سندووقەکان دەرکەوتوون ٥٠٠٠٠ هەزار دەنگن  و زۆربەی ئەوانەش ئی ناوچەی دەرەوەی شاران نین یانی ئەوەی کە لە شوێنێک سندووقێک بە سەری خۆی داندرابێ.
ئاڵتایلی: لە مووچە و مەزرا و جێی وا ؟
دەمیرتاش: نا، لەو جێگایانەش کە ئاکەپە دەنگی هێناوەتەوە، ئێمە لە دێیەکەی تەنیشتی دەنگمان هێناوەتەوە . لەو جێگایانەی کە  دەنگی هەموو سندووقەکە ئی ئێمە بووە لە دێیەکەی دراوسێی ئاکەپە دەنگی تەواوی بە دەست هێناوە. واتە ئەو جۆرە هەڵوێستانە و بردنە ژێر پرسیاری مەشڕووعییەتی ئیرادەی دەنگدەران کارێکی دروست نییە  و ڕاست نییە. بڕوانە ئەمن گوتم ئەگەر ئینسانەکان لە ترسان و لە حاڵەتی نیگەرانی دا دەنگ بدەن بە پارتییەک ئەوە ناحەقییەکی زۆر گەورەیە. ئەگەر دەنگێکی ئاوا بە ئێمەش درابێ ئەوە دەنگێکی حەڵاڵ نییە. ئەگەر دەنگێکی ئاوا بە پارتییەکی دیکەش درا بێ ئەوە دەنگێکی حەڵاڵ نییە. بە داری زۆری کارتێکەری لە سەر ئیرادەی دەنگدەران و ناچار کردنیان لێبڕاوانە کارێکی دروست نییە. بەڵام، کەسانێکی کە ئەوە دەڵێن، کەسانێکی کە ئیدیعایەکی ئاوا دەکەن  با دەستیان لە سەر ویژدانی خۆیان دانێن. قائیممەقامەکان، والییەکان و لە هێندێک ناوچە و ئەستانەکان هێندێک  لە بەڕێوەبەرانی ئەمنییەت دێ بە دێ گەڕان گوتیان ئەگەر دەنگ نەدەن بە ئاکەپە چ خزمەتێک بە شوێنەکانتان ناکرێ. داخودا ئەوە هەڕەشەیەک نییە؟ ئایا ئەوە شتێکی زۆر ئاساییە؟ یانی ئەوانەی ئەوەیان کردووە قایممەقام و والییەکانی ئێمە بوون؟ یانی بەو شێوەیەی کە گەورە دەکرێتەوە لە بناوانەوە شتی وا نەبووە ، بەڵام لە هەر کوێیەک هەرچییەک کرا بێ و تەنانەت تاقە ئینسانیکیش ئاوا ناچار کرا بێ بۆ دەنگدان بە پارتییەک، بە پارتی ئێمە یان پارتییەکی دیکە، ئێمە تەنێ دەتوانین داوای لێ بوردن لەو جۆرە ئینسانانە بکەین. برا کەم لێم ببوورە، کەسانێک ڕەنگە تۆیان ترساندبێ و ناچار بووبی بە پارتی من یان پارتییەکی دیکە دەنگ بدەی ئەوە ناحەقییەکە لە تۆ کراوە، بریا ئێمە شەرتومەرجێک مان پێک هێنابا کە ئەتۆ بۆخۆت دەنگت دابا بە هەر پارتییەکی کە خۆت پێت خۆش با. ئاشکرایە ئێمە بەوە شادمان نین  بەڵام،  گوتنی ئەوەی کە لە ١٣،١ لە سەدی دەنگان بەشێکی زۆری گویا بە زۆری و بە فشار و بە ترساندن وەدەست کەتووە سووکایەتی کردنە بە ئیرادەی دەنگدەر. سووکایەتی کردنە بەو ئینسانانەی لە دڵەوە دەنگیان داوە بە ئێمە. چ خودا بەردارە بۆچی ئێمە تەنێ هەر لە ڕۆژهەڵاتی تورکییە دەنگمان هێناوەتەوە؟ ئێمە لە ئەستەنبووڵ پارتیی سێیەمین. یانی ئەو کەسانەی بە ئێمە دەڵێن بە داری زۆرێ دەنگمان وەدەست هێناوە. ئەگەر لە ئەستەنبوولیش توانیبێتمان کارێکی ئاوا بکەین ئەوە مانای ئەوەیە کە ئێوە دەوڵەت ، حکوومەت و فڵان نین. ئێوە دەبێ تەواو بوو بن. بە ڕاستی عەیبە، کاتێک ئێوە قسەی ئاوا دەکەن فەرق بەوە ناکەن کە  ئۆتۆریتە و ئیرادەی خۆتان و باڵادەستی خۆتان بە هیچ دادەنێن؟ شتێکی ئاوا دەبێ؟ ئێمە لە کادی کوێی [ گەڕەکێکی ئەستەنبووڵ، وەرگێڕ] یش دەنگمان هێناوە لە یوکسەکۆ وا ش دەنگمان بە دەست خست. لە دوڕگەکان [ ی ئەستەنبوولیش ] دەنگمان وەرگرت لە ئاردەهانیش هەر وەتر. لە ئارتڤین و ترابزۆنیش ئینسانەکان دەنگیان داینێ. جا ئێستا بێ و بەو ئینسانە بگوترێ ئەتۆ لە ترسان دەنگت داوە جگە لە سووکایەتی پێ کردنیان نەبێ شتێک نییە. ئینسانەکان دەنگیان دا و مەشرووعییەتی ئەو ئاکامانەی وەدەست هاتن دەبێ هەموو کەس بتوانێ هەزمی بکا فاتیح بەگ!
ئاڵتایلی: باشە، لە دوای هەڵبژاردن، ئەوانەی کە دەنگیان دا بە ئێوە ، ئەوانەی کە مەبەستتان بوو بە ئەمانەت دەنگیان داوە بە ئێوە لە ئاست ئێوە و بە دژی ئێوە چ کاردانەوەیەکیان نەبوو، تەواو بە پێچەوانە بەشێکی زۆریان گوتیان کارێکی باشمان کردووە کە دەنگمان پێ داون بەڵام، دوو ڕوداو یەک بە دوای یەک دا قەومان. ئەو دوو ڕوداوانە هەم لای ئەوان و هەم لای بەشی دیکەش لە خەڵک بە لێبڕاوی نیشانەی پرسیاری هێنا گۆڕێ. بەتایبەتی ئەوە تۆمەتبارکردنێکی بەحەق یان ناحەقی ئێوەیە . ئەو کاتەی کە سڕی سووریا ئوێندەریش  پازدە ڕۆژ لەوە پێش میوانی ئەم بەرنامەیە بوو ئەوە هاتە گۆرێ. ئەویش بریتی یە لەوەی کە لە قەندیلەوە ڕوونکردنەوەیەک هات. سڕی گوتی  نە قەندیل دەتوانێ ئیرادەی ئێمە بە بارمتە بگرێ نە ئیمراڵی. ئێمە ئیرادەی خۆمان هەیە، ئێمە سەربەخۆین. ئەوانە بۆیان نییە ئەمر بە ئێمە بکەن شتێکی ئاوای گوت. لە ئێوەش داوا دەکرێ بڵێن دەی با دەست لە چەکەکانیان هەڵگرن، با خۆیان بە دەستەو بدەن، دەی بابچنە دەرەوەی ووڵات لە ووڵامی ئەوە دا قەندیل ڕوونکردنەوەی بڵاو کردەوە. لە دوای ئەوەش دا چەند ڕۆژ لەوە پێش " ک.ج.ك " یەک بە دوای یەک دا چەند ڕوونکردنەوەی دا و ئەوە بووە هۆی وورووژانی نیگەرانی یانی ك.ج.ك. جارێکی دیکە دەست بە کردەوە دەکا، جارێکی دیکە دەچینەوە نێو فەزای سەردەمی شەڕ و شتی ئاوا لە ڕوونکردنەوەکان دەخوێندرانەوە. هەرکە ئەوانە گوتران، هێندێکان گوتیان ئەوە هەدەپە هەر دەڵێ پێواژۆی ئاشتی چی بە سەر دێ؟ هێشتا حکوومەت پێک نەهاتووە ئەو نیگەرانییە ساز بووە. ئایا لە پشت ئەو بۆچوونەی ک.ج.ک. چ هەیە؟ بۆچی ویستیان هەڵوێستێکی ئاوا بگرن؟ داخودا تورکییە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو تێڕۆڕ؟
دەمیرتاش: دیارە لەبەر چ هۆیەک بە پێویستیان زانیوە ڕوونکردنەوەیەکی ئاوا  بدەن و لە پشت ئەو هەڵوێستە چ هۆکارگەلێک هەن ئەمن لە هەڵوێستێکی ئاوا دانیم ڕوونی کەمەوە . بەڵام وەکوو پارتیی دێموکڕاتیکی گەلان کە سیاسەتی تورکییە و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بەیەکەوە دەخوێنینەوە فکر لەوە دەکەینەوە کە گشت ئەو گرژیانە چۆن دەکرێ بەرەو ئاڕاستەی ئاشتی بەرین و لە نێو خۆشمان دا قسەی لێوە دەکەین. ئێستا با بە خێرایی باسێکی کرۆنۆلۆژی بە بیر بهێنینەوە. لە ٢٨ی شوبات ئەوەی کە پێی دەڵێن ڕێکەوتنامەی دۆڵمە باغچە لە لایەن هەئیەتی ئێمە و هەئیەتی حکوومەت را لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەش دا ڕاگەیێندرا. لە دەقی ئەو ڕێکەوتنامەیە دا ١٠ مادە هاتووە کە موزاکەرەیان لە سەر بکرێ و بیرو ڕای گشتی تورکییە دەزانێ لەو ١٠ مادەیە دا هیچ شتێک نییە کە بە دژی بەرژەوەندی تورکییە بێ. ئەوەش دیارە تەسپیتێکی تەواو دروست بووە. هەڵبەت کە ئەوە خزمەت دەکا بە  دێمۆکڕاتیک کردنی تورکییە و بەو ڕێگایە دا چارەسەر کردنی پرسی کوردیش هاسانتر دەکا. ئەو ماددانە سەرباس بوون بۆ موزاکەرە و گەنگەشە. لەگەڵ ئەوە پێواژۆیەکی بێ چەکی دەست پێ دەکا و هاوکات گشت ئەوانە دەگاتە چارەسەرییەک  لە ٢٨ی شوبات بەر لە دەستپێکردنی چوونە ناو ئاتمۆسفێری هەڵبژاردن. هەر ڕاست بە دوای ئەوە دا، چەند ڕۆژ دواتر سەرۆک کۆماری ووڵات دەستی بە دەربڕینی ئەوە کرد کە ڕێکەوتنەکەی دۆڵمەباغچە هەڵەیە ، هیچ ڕێکەوتنێک لە ئارا دا نییە ، هیچ کورسییەک لە نێوان دا نییە لە دەوری دابنیشترێ، هیچ موزاکەرەیەک لە گۆرێ دا نییە. هیچ لایەنێک نییە، هەر شتێک نییە بە نێوی پرسی کورد. چتان کەمە براکانمان ، ووتارێکی ئاوای دا و ئەوەی دووپاتە کردەوە و پێکێشی لە سەر کرد. لە باڵی حکوومەتییشەوە یانی ئەوانەی لە سەر کورسی دەوری مێزەکە  دادەنیشتن، ئەوانەی کە ڕێکەوتنامەکەیان ڕاگەیاند و گوتیان ڕێک کەوتووین هیچ دەنگیان لێوە نەهات. یانی لە بەرامبەر بەڕێز سەرۆک کۆمار دا . یانی بەڕێز سەرۆک کۆمار باشە ڕاستە ئێوە وا بیر دەکەنەوە بەڵام  ئێمە لەوێ بووین زەحمەتمان کێشا . نزیکەی دو ساڵ، نزیکەی دوو ساڵ و نیو کارمان کرد و هێنامانە ئەو نوختەیە، چاک یان خراپ. دەکرێ ڕەخنەتان هەبێ، دەکرێ لە ناوەرۆکی دا هەڵە ببیننەوە بەڵام، ئەوەی کە بڵێن هیچ لە گۆڕێ دا نییە ، هیچیان پێیان نەگوت ئەوە ناحەقییە لە ئاست زەحمەت و ئەمەگی ئێمە. ئێمە ئەوەمان گوت گوتمان بڕوانن بە هاتنی هەڵبژاردن واز لەو پێواژۆیە مەهێنن، چونکە ئەوە پرسێکە کە سەد ساڵە لە لاق و لەتەری هەموومان هاڵاوە ، ئەو نوختەیە ئیدی دوایین نوختەی چارەسەرکردنی پرسەکە بوو. تکایە لە بەر هەڵبژاردن وازی لێ مەهێنن. دەکرێ هەڵ بپەسێردرێ ، دەکرێ بەر لە هەڵبژاردن هەنگاو هەڵنەگیرێن ، مرۆڤ لەوەش تێ دەگا. بەڵام گوتنی ئەوەی کە تەواو بوو، نابێ و ئەو کارانە هەڵەن مەڵێن چونکە هەڵبژارنێک دێ و دەروا ، یا دەیبەینەوە یان نایبەینەوە بەڵام  ئەم ووڵاتە حەوجێی بە ئاشتی یە . ئەم ووڵاتە دەتوانێ حەوجێی بە ئاکە پە و هەدەپە و ئەمە و ئەوە نەبێ بەڵام حەوجێی بە ئاشتی یە. با واز لە ئاشتی نەهێنین. ئێستا دوای بە دوا داچوونی گشت ئەو زنجیرە کڕۆنۆلۆژییە ئەو نوختەیەی کە پێی گەیشتووین ئەوەیە: هەڵبەت نابێ بە هەڵپە و بەپەلە کار بکرێ. ئەمن لە ڕوونکردنەوەی ئەمڕۆشم دا ڕامگەیاند: یانی لێبڕاوانە  ' ک.ج.ک' لە هەلومەرجی ئاوا دا دەبێ زۆر لە سەرەخۆتر و بە سەبرتر هەڵسوکەوت بکا. چونکە ئێستا قۆناخی دامەزراندنی حکوومەتە. یانێ ئەوەی کە چارەنووسی پێواژۆی چارەسەری چی بە سەر دێ؟ گشت ئەوانە ئەو حکوومەتەی کە تازە پێک دێ، تەنانەت ئەگەر پێکیش نەیە کە هەڵبژاردنی پێش وەخت دەکرێ، چارەنووسی پێواژۆیەکە تەنێ دوای ئەوە دەتوانین ببینین. ئێمە وەک هەدەپە ئەنجامدانی شتەکە بە دروست دەزانین. حکوومەتی ئاکەپە سەرەڕای هەموو ئەو ڕەخنانەی لێمان هەیە لە سەر بابەتی دیکە،  بە ئەنجامدانی ئەو کارە دەڵێین کارێکی باشی کرد . بەیەکەوە قسە کردن هەڵوێستێکی تەڕدەستانە و وەستایانەیە، لێبڕاوانە لە شەڕ کردن بە میلۆن قات باشترە . ئاکام وەدەست هێنان، و لە پێوەندی لە گەڵ ئاشتییەکی مانا و سەقامگرتوو دا هەلسوکەوتێکی باشە. هەڵبژاردنی ئەوە خەتای ئاکەپە نییە، کارێکی باشە، نابێ وازی لێ بهێندرێ. جا ئێستا فۆرموولی پێکهاتەی کوالیسیۆن هەرچییەکی دەبێ بڵا ببێ بە باوەڕی ئێمە نەک لەو جیگایەی کە ماوەتەوە بەڵکوو  بە شێوەیەکی زۆر خێراتر و زۆر پیشوەچووتر دەبێ بە خێرایی ترافیکی چاوپێکەوتن دەست پێ بکا و نەتیجە وەدەست بهێندرێ.
 ' ک.ج.ک. ' ش دەبێ دەرفەت بدا بەوە ، یانی گەشاندنەوەی کردەوەی توند و تیژی، پارە لێ سەندن و ڕێگا بڕین، یانی هێنانە بەرچاوی پرسە ئەمنییەتییەکان یارمەتی ناکا بە پێشخستنی ئەم پێواژۆیە بۆ بەرەو پێشەوە چوون. ئەمن ئەوە بە شێوەیەکی کۆنکرێت دەڵێم. لە گشت بەڕێوەچوونی هەڵمەتی هەڵبژاردن دا ئەو  تەسەورەی کە ئینسانەکان لە ئێمەیان دا پێک هێنا ئەوەیە کە لەم ووڵاتە دا ئێمە پێداویستمان بە ئاشتی، ئارامی و نان هەیە و دەبێ ئەوە لە چوار چیوەی عەداڵەت دا وەدی بهێنین. جا لەو ڕووەوە هەم کوردەکان و هەم تورکەکان هەر کەس دەنگیان بە ئێمە دا و ئەرکێکیان خستە سەر ئەستۆمان. کە وابوو بە تێگەیشتن و لە بەر ڕووناکایی ئەو بەرپرسیارییە دا ئەو بانگەوازیانە دەکەین. ئەمن لەو باوەرە دام کە ئەو عەقڵی سەلیمە بەڕێوە دەچێ . ئەو حکوومەتەش کە دادەمەزرێندرێ لە گرینگی ئەوە تێدەگا، بەیانی بەڕێز داوود و ئوغلوو و دەستەی یاوەری سەردانی ئێمە دەکەن ، ئەوانە لەگەڵ بەڕێزیشیان دەهێنینە گۆڕێ . ئێمە وەکوو سیاسی نابێ شەڕی خوێنیمان دە نێو دابێ، و عەرزی ئاغای خۆم بکەم بە یەکتری بڵێین لە هەڵبژاردن دا تۆ ئاوات گوت و من وام گوت و ناکرێ لە سەر ئەو جۆرە شتانە داهاتوو هەڵبنێین. چونکە داهاتووی کۆمەڵگە ناکرێ بکرێتە قوربانی کێشەی شەخسی ئێمە یان حەز کردنمان لە کورسی دەستەڵات یان حەز کردن لە پلە وپایە. ئێمە بەو بەرپرسیارییەوە سیاستەکەمان دەکەین و دیدارەکانمان دەکەین و بانگەوازیەکانمان دەکەین . حکوومەتیش لە حاڵی حازر دا...
ئاڵتایڵی : ' ک.ج.ک.' لەمەڕ ئەو هەڵوێستەی ئێوە کە دەڵێن بە سەبر بن پشتیوانیتان لێ دەکەن!
دەمیرتاش: هەڵبەت دەبێ بیکەن . ئەمن پێشبینی دەکەم بیکەن . حکوومەتیش لەو بارەیەوە دەبێ بە پێی عەقڵی سەلیم بجووڵێتەوە. حکوومەتێکی کاتی یە، وەک چۆن ئەوەی کە خەڵکێکی زۆری دەبەرکار ناوە، لە سیاسەتی دەرەوەیش دا بەرەو بەشداری لە شەڕی سوورییە دا هەنگاو هەڵدەهێنێتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەمڕۆ لە چاپەمەنی دا ڕەنگی دابووەوە کاروانێکی سەد ماشێنەی نیزامی ناردراوە بۆ شرنەخ. لە شرنەخ چ هەیە؟ ئەگەر دەتەوێ تەگبیری هێمنی لەبەر چاو بگری ڕێگای هەرە کاریگەری قسە کردنە، قسە کردن. بە ناردنی کاروانێکی سەد ماشێنەی عەسکەری دانی پەیامی ئەوەی کە ئەمنیش ئامادەم بۆ پێک هەڵپڕژان، ئەمنیش ئامادەم بۆ شەڕ پێویست ناکا. یانی لە جیاتی شیر لێ هەڵکێشان ئەو دەوڵەتە گەورەیەی باسی دەکەی ئەو دەوڵەتەیە کە باوەڕی بە خۆی بێ . حکوومەتی جیدی ئەو حکوومەتەیە کە باوەڕی بە خۆیەتی، ئەو حکوومەتەیە کە لە قسە لەگەڵ کردن ناترسێ. ئەو شتەی کە وەک چەمک پێی دەڵێن موزاکەرە بۆچی کۆڕوکۆمەڵی حکوومەت و لایەنگرانی حکوومەت ئەوەندە  نیگەران دەکا؟ ڕاستت بوێ لەوە سەردەر ناهێنم بەڕێز ئالتایلی. هەر وەختێک ئیمە دەڵێین فەرموون با موزاکەرە بکەین. دەڵێن موزاکەرە ناکرێ. خێرە بۆ ؟ دەڵێن لە بەر ئەوەی لە موزاکەرە دا لایەنەکان هەن . باشە چۆن لایەن نییە؟ مێز نییە؟ هەیە! هەبوونی مێز خۆ شەرم نییە، شتێکی وەستایانەیە. بڕوانە حکوومەتەکەی ئێمە دەڵێ وەرن سیاسەت بکەن. حکوومەتی ئاکەپە دەزانی چی کردووە؟ لە فیلیپین ڕێکخراوێک هەیە بە ناوی ڕێکخراوی ئیسلامی مۆرۆ کە بە دژی حکوومەتی فیلیپین نزیکەی سی ساڵ چل سال خەباتی کردووە و لە دوای ئەوەش بیست سی ساڵ موزاکەرەیان کردووە و لەو موزاکەرەیە دا لە گەڵ عەڕەبستانی سعوودی دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییە چاوەدێری ڕەسمی یە لە دەوری مێزی موزاکەرە. باشە ئەتۆ  دەگەیە فیلیپین و لەوێ دەبی بە چاوەدێری موزاکەرە عەیب نییە بەڵام، لە ووڵاتی خۆت دا ئەگەر بڵێین  مێزێکی موزاکەرە ساز کەین، چاودێریش  لە دەوری بن، ئەوە چ لایەنێکی نامەشڕووع و ناڕەوایە؟ ئەوە چۆن هەڵەیە و بۆ دەبێتە جیاوازخوازی؟ لەو نێوە دا ئەو حکوومەتەی پێک دێ دەبێ بە شێوەیەکی خێرا ئەو مەسەلەیە لە بەرچاو بگرێ و ئەمن  لەو باوەڕە دام ئەو گرژییەی لە زیاد بوون دایە بە خێرایی دەڕەوێتەوە!
ئاڵتایلی: سەلاحەدین بەگ، جگە لە ڕوونکردنەوەکانی قەندیل، ئی ک.ج.ک.، موشکیلەیەکی دیکەش هەیە؛ دەزانین لە باکووری سوورییە دا فەزاییەک هەیە، لە خەبات و ڕووبەڕوونەوە لەگەڵ داعش دا ئەو پشتیوانییە زۆرە نێونەتەوەییەی کە لە پەیەدە دەکرێ و لەگەڵ پشتیوانی ئەمریکا ، لەوێ ئەو جێیانەی کە پێیان دەگوتری کانتۆنی کورد کەم کەم یەک دەگرنەوە و ئەوەی کە حاڵەتی دەوڵەتێک پەیدا دەکەن بووەتە هۆی نیگەرانی تورکییە. نیزامییەکان لەو بارەیەوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و حکوومەتیش هەر چۆنێک بێ  لە فکری بەڕێوەبردنی ئۆپێراسیۆنێک دایە لەوێندەرێ.  پەیەدە لەوێ دەیەوێ چ بکا ؟  دەیەوێ وەکوو باکووری عێڕاق هەرێمێکی کورد ساز بکا؟ کەم کەم بەرەو حەلەب و لازقییە بچێ و بە گەیشتنی دەریا گەلۆ ئەوە پڕۆژەی دەوڵەتێکی کوردی یە؟ لەوێ چ ڕادەبرێ ؟ بۆچی تورکییە نیگەرانە؟ لە سەر هێندێک بابەت تورکییە چاوی بە ساڵح موسلیم دەکەوت  و دیالۆگێک لە نێوانیان دا هەبوو ، ئەوەش وێدەچێ هەڵبڕا بێ، چ دەبێ لەوێ ؟
دەمیرتاش: گشت ئەو پێشوەچوونانە لەوێ هەر وەک ماوەیەکی کورت پێش لە ئێستا باسم کرد بابەتی ئەوتۆن بەڕاستیش پێوەندی پەیدا دەکەنەوە بە هەڵسوڕان و هەڵنەسووڕانی پێواژۆی چارەسەری لە تورکییە.  بڕوانن و بیری لێ بکەنەوە ئەوە ئێستا نیزیکەی ٣ ساڵە لە سوورییە دا فەزایەکی وەحشت لە گۆڕێ دایە، پێشتریش لە سوورییە وەزع باش نەبوو بەڵام بە لانی کەمەوە شەڕی نێوخۆیی لە ئارا دا نەبوو. یانی ئێمە ناکرێ باسی هەبوونی سوورییەیەکی دێمۆکڕاتیک بکەین بە پێی وەزعی ٣ ساڵ لەمەو بەری، بەڵام  ئێستا زیاتر لە سێ ساڵە بە سەدان هەزار کەس کووژراون و بە میلیۆنان ئینسان زێد و واری خۆیان بە جێ هێشتووە و لەوێ هەم شەڕێکی نێوخۆیی هەیە و هەمیش لەوێ بە پێی فیتی دەرەوە شەڕێکی بە وەکالەت دەکرێ. یانی دەوڵەتە گەورەکان لە وێ لە جێدا شەڕێکی جیهانی دەکەن. جا ئێستا لە نێو ئەو هەنگامە و کارەساتە دا، لە  نێو دیمەنی قەتل و عامەکان دا، لە هەڕەشەی قەتلی عام و بەڕێوە بردنی قەتڵی عام دا،  ئەو کوردانەی لەوێ دەژین خۆیان دەپارێزن ، لە سەر زەوییەکانی خۆیان، لە زێدی خۆیان، لە وەتەنی خۆیاندا ، لە دێیەکانی خۆیاندا خۆیان دەپارێزن . پەیەدە بزووتنەوەیەکی ئاوا نییە لەوێ وەک کارگ هەڵتۆقابێ ، بەرهەمی ئەو خاک و ئاوەی ئەوێ یە و پارێزگاری لە خەڵک دەکا بەتایبەتی دە بەرانبەر داعش دا، بزووتنەوەیەکە کە بەرگری لە نیشتمانی خۆی دەکا. باشە لێرە دا گیرو گرفت چییە؟ داخودا گرفت ئەوەیە کە ئەوانە کوردن؟ ئەگەر دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییە لەوێ لە هەبوونی ئیدێئۆلۆژیکیی پەیەدە بترسێ یان لە ناسنامە ی ئێتنیکی وی بترسێ گشت ئەو ترسانە هەموویان پارانۆیان . ئەتۆ لە ووڵاتی خۆت دا دەڵێی کوردەکان برامن و دەڵێی پێوەندیمان وەک گۆشت و نینۆکە ، هەر لە تەنیشتە خۆت ئەو ئینسانانەی کە بە دژی دڕەندەیەتی داعش بەرخوە دەدەن وەک ڕێکخراوی تێڕۆریستی بە نێو دەکەی و دەڵێی هەڕەشەی هەرە گەورە ئەوە تەنانەت لە داعش یش زۆر بە مەترسیترە. ئەوانە گشتیان سیاسەتی هەڵەن. ئاو دەڕوا و بەستێنی خۆی دەبینێتەوە، بڕوانە مێژوو ئاڵوگۆڕ لە بەستێن دا پێک دێنێ دەیگۆڕێ. پەیمانی سایکس – پیکۆ بە زۆری سنووری  تازەی بۆ هەرێمەکە کێشا، لە سەرو بەندێک دا کە ئیمپراتۆری عوسمانی پارچە دەبوو سایکس – پیکۆ ڕێکەوتنامەی هەرە گرینگ بوو بۆ لە سەر ڕا گەڵاڵە کردنەوەی هەرێمەکە. هەر وەک چۆن خەتی چوارخشتەکی دەکێشرێتەوە هەر ئاواش خەتی سنوور داندرا و تا ڕادەیەکی زۆر پیادە کرا. دیارە ئەوە وەک رێکەتنامەیەکی نهێنی جێ بە جێ کرا. بەڵام ئەو سنوورانە کە بە زۆری خەڵکیان لە یەک دابڕی هیچکامیان نەیانتوانی دۆخێکی داییمی پەیدا بکەن. کۆمەڵگە بۆ بەیەکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە حەق و حقووقی یەکتری  لە جێدا خاوەنی هەست و نەستی خۆیەتی و گەلانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست سەد ساڵ لەوە پێش ئەو سنوورانەی کە هێزە ئیمپریالەکان بە سەریان دا سەپاندن قەبووڵیان نەکرد و ئێستاش ئەم داسەپاندنە قەبووڵ ناکەن. باشە لێرە دا ئەو کارەی کە تورکییە دەبێ بیکا چییە؟ داخودا سیاسەتێکی ئەمپریال  لە گۆڕێ دایە؟ بەڵێ لە گۆڕێ دایە . ئەوە بە تەواوی بەدەرەوەیە یانی هەموو هێزە گەورەکانی نێونەتەوەیی دەیانەوێ لە گەڵاڵە کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا دەور بگێڕن. ئەوە چەند هۆی هەیە و هۆی هەرە ئاشکرای پەیدا کردنی بازارە بۆ خۆ. بە قیمەتی مردن، قەتڵی عام و جێنۆساید، ئەوە  دەکرێ بە مەبەستی ساز کردنی هێژێمۆنی ئابووریی خۆ بێ لە هەرێم دا. ئەوانە کە لە ڕوانگەی خۆیانەوە هیچ مەشڕووعییەتیان نییە داسەپاندنن. جا لێرە دا تورکییە ئەگەر بییەوێ لایەنی لایەک بگرێ ، ئەگەر لە ئاست ئەو سیاسەتە ئەمپریالانە ووڵام بداتەوە و لێیان ناڕازی بێ ، لەوێدا دەبێ پارێزگاری لە حەقی خەڵکی خۆ جێیی بکا ، ئەو گەلەی کە لەوێدا دەژی و بە پاڵپشتی هێزی خۆی لەوێ دەژی یان ئەوەی کە دەبێ وەزعی ئەوانە ڕابگرێ کە لە دەرەوە ڕا هاتوون و ئینسانەکان قەتڵ و بڕ دەکەن وەک داعش و ڕێکخستنە هاو شوبارەکانی . واتە ئەو ڕێکخستنانەی کە بوونەتە مقاشی دەستی هێزە ئەمپریالەکان . تورکییە هەر لە سەرەتاوە لایەنێکی هەڵەی هەڵبژاردووە. واتە ئەو سیاسەتە نێوخۆییەی کە لە سەر بنەمای تەکێتی و مەزەبییایەتی داندراوە لە سیاسەتی دەرەوەش دا ڕەنگی ڕاستەقینەی خۆی دایەوە. ڤیزیۆنی خۆی لە سەر مەزەب داناوە، بەڕێز داود ئۆغلوو هەر چەندی دەیەوێ با حاشا لەوە بکا، بەڵام لەو سەروبەندە دا کە وەزیری کار و باری دەرەوە بوو دەیگوت عەرزی ئاغای خۆم بکەم ئێمە هیچ فەرق ناخەینە ناو هیچ ناسنامە و مەزەبێک ، ئەگەرچی ئەوەش بڵێ لە سیاسەتی دەرەوە دا بە ڕێگای داسەپاندنی ئەو تەکێتییانە خەڵک هەستی پێ کرد، بە چاوی خۆی دیتی. ئەوە کردەوەیەکی هەڵە بوو . حکوومەت دەبوو واز لەوە بێنێ . جا ئێستا لەوەی دواوە وازی لێ دێنێ یان نا با بزانین چۆن دەبێ دەیبینین. ئەو حکوومەتەی کە پێک دێ بە گەڵاڵە کردنی سیاسەت لە نێوخۆ و لە دەرەوە گەلۆ سیاسەتێکی تازە دادەنێ یان نا ئەوە دەبینین. بەگردبڕی دەبێ واز لە سیاسەتی تەکێتیی و مەزەبییانە بهێندرێ ، دووهەمیش ئەوەیە دەبێ واز لە ترس و فۆبی کورد بهێندرێ. یانی کوردەکان ئەگەر لە قوتبەکانیش دەوڵەتێک بۆ خۆیان دامەزرێنن حالەتێکی ڕووحی ئاوا هەیە کە تورکییە بچێ و پێشی پێ بگرێ و موداخەلەی تێدا بکا. بزانە ئەوە چەند شتێکی هەڵەیە. یانی سەرزەوییەکانی باکووری سوورییە خاک و کەوشەنی ئەو گەلانەیە کە لە کۆنەوە لەوێ ژیاون. ماڵی تاپۆ کراوی تورکییە نییە. خۆ تورکییەیان داگیر نەکردووە، ئەو ترس و پانیکە بۆ؟ ئەو دۆخی خەتی سوور کێشانە چییە؟ جووڵە کردن بە ئەڕتەش و ناردنی بەرەو سنوور بۆ؟ لە جیاتی ئەوە، لە وێ فۆرماسیۆنێک هەیە ئەمریکاییەکان پشتیوانی لێ دەکەن ، ئەگەر ئەتۆ لەوە نارازی بۆ خۆت پشتیوانی لێ بکە. وەکوو تورکییە ئەتۆ پشتیوانی لێ بکە. زیاتر لەوان دەستی بگرە . لە دەرەوەی گوتنی ئەوەی کە ئێمە شۆرباومان دانێ، یارمەتیمان کردن و  سنوورەکانمان بە ڕوو دا کردەوە، کارێک بکە. لە کاتێکدا ئەوێ لە ژێر هەڕەشەی داعش دا خەریک بوو دا دەتەپی ، گوترا بەڵێ ئێمە کامیۆنەکانمان بۆ تورکومانەکان دەنارد بەکەس چی!هەر وەک  ئەوە گوت بشڵێ ئەمن کامیۆنان  بۆ کۆبانیش دەنێرم. ئەگەر وا بێ ئەو دەمی ترسەکان دەڕەوێنییەوە، دەستی دەگری و دەستی دەنێیە ناو دەستت. وەک گوتم ئاو دەڕوا و بەستێنی خۆی دەبینێتەوە. سەردەمایەک بوو تورکییە بۆ هەرێمی فێدێڕاڵی کوردستانی عێڕاقیش خەتی سووری هەبوو و لە بەر تەسەوری ئەوەی کە بە هەڕەشەیەکی دادەنا لە سەر خۆی کاتێکی زۆری بە فێرۆ دا. بزانە ئەوە چ خەتایەکی گەورە بوو، ئەوانە هەموویان شتی هەڵەن. ئێمە وەکوو شارومەندانی جمهووری تورکییە دەڵێین لەم ووڵاتە دا زیاتر لە بیست میلیۆن کورد دەژین ، بەڵام سەبارەت بە کوردەکانی تەنیشتمان لە گەڵالە کردنی سیاسەت دا بە هیچ شێوەیەک گوێ نادەینە حەساسییەتەکان و لە بەر چاویان ناگرین . باشە ئەوە کاری کرانە؟ دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییە ئیتر دەبێ بە لەبەر چاوگرتنی سەد ساڵی ڕابردوو بە ڤیزیۆنێکی گەورەوە سیاستگەلی نوێ گەڵاڵە بکا و لەوێ نەترسێ..
ئاڵتایلی: لێرە دا مەبەستتان ئەوەیە کە تورکییە ئەگەر باوەش لە کوردەکانی ئەوێش وەربێنێ بەڵکوو ئەوێش ببێتە پارچەیەک لە تورکییەی گەورە؟
دەمیرتاش: ئەمن ناڵێم ببێتە پارچەیەک لە تورکییەی گەورە، بەڵام ئەو فۆڕماسیۆنەی لەوێ هەیە هەرچییەکی دەبێ ببێ قەت نابێ بە دوژمنی تورکییە. نابێ بە هەڕەشەیەک لە سەر تورکییە. ئێستا تورکییە لەگەڵ هەڕێمی فێدێڕاڵی کوردستان ، ئەو هەرێمە فێدێڕاڵەی کوردستان کە لە عێڕاق دایە بازرگانییەکی ١٠ میلیارد دۆڵاری یەک لایەنەی هەیە. لە دونیا دا ووڵاتێکی دیکە نییە کە بازرگانییەکی ئەوتۆی لەگەڵ هەبێ. لەگەڵ چین ٣٠ میلیار دۆڵارە، بەڵام ٢٧میلیارد دۆڵاری ئەمە لە چینەوە دێ. لێم تێ دەگەی؟ یانی پۆتاسییلەکی بارستاییەکی ئەوتۆ لە بازرگانی هەیە ، دوایە دانوستاندنی کولتووری، دانوستاندنی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی کۆمەڵایەتی  بە تایبەتی لە ڕووی ساز کردنی باڵانس لە ناوچەکە دا. دەزانی کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران ڕێکەوتن کرا. ئیتر تورکییە دەبێ ئەوانە ببینێ. کوردەکان دوژمنی تورکییە نین ، نە ئەو کوردانەی دە تورکییە دا دەژین و نە ئەو کوردانەی لە دەرەوەی تورکییەن.دوژمنی تورکییە نین. پێویستیی بە ستراتێژییەک هەیە بۆ تێگەیشتنێکی نوێی هاوکاری ، لەیەکتری نەترسان و تووشی پارانۆیا نەبوون لەئاست یەکتری. پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک ( پەیەدە ) دەیەوێ چ بکا بۆخۆیان بە ڕوونی باسی دەکەن. یانی ئەوەی کە هەرێمی کوردستانی عێڕاق بە کوردستانی ئەوێوە بلکێنن و تا لازقییە بچن و بەرەو دەریای سپی ڕێ دەر کەن، سیاسەتی ئەمپریالی ئاوا لە گۆڕێ دا نییە. یانی ئەوەی کە خاکی یەکی دی داگیر بکەن، حەڵەب و لازقییە و ئێر و ئەوێ بگرن و داگیر بکەن تێگەیشتنێکی ئاوایان نییە. ئەوە خۆیان دەریدەبڕن. ئەوان خۆیان ڕوونی دەکەنەوە. دەڵێن بۆخۆمان دەمانەوێ خۆمان بپارێزین ، دەڵێن لێرە دا دەمانەوێ ئیدارەی خۆمان دامەزرێنین.
ئاڵتایلی: بەڵام ئیدیعای ئەوە هەیە لەوێ تورکومانەکان، گرووپە تورکومانەکان، عەشێرەتە تورکومانەکانیان لە جێی خۆیان هەڵقەندووە و دەریان کردوون و یاککردنەوی ئێتنیکییان ئەنجام داوە.
دەمیرتاش: ئیدیعای پاککردنەوەی ئێتنیکی ئیدیعایەکی زۆر قورسە. لێبڕاوانە ئەوە ئیدیعایەکە پێویستی بە ئیسپات کردن هەیە . بەڵام لە هەر جێیەک ئینسانەکان لە بەر ناسنامە ئێتنیکی خۆیان ناچار بکرێن زێد و خاکی خۆیان بە جێ بهێڵن ، هەر کەس کارێکی ئاوا بکا هەڵەیە. ئەمن بە گشتی ئەوە دەڵێم. هەر کەس  بیکا ، هەڵەیە و نابێ کارێکی ئاوا بکرێ بەڵام، لە دامەزراندنی کانتۆنەکان دا، من بۆ خۆشم چووم و سەردانی ئەوێم کرد، کانتۆنی جزیرێ، کانتۆنی کۆبانێ، عەفرینم نەدی بەڵام، لەوێ لەو مەجلیسانەی دا کە پێکیان هێناون ئینسانی سەر بە هەموو ناسنامە ئێتنیکییەکان جێیان تێدا گرتوون. بەیەکەوە ئیدارەیان دەکەن.
ئاڵتایلی: باشە پێشنیازێکتان نابێ بۆ ئەوەی مەجلیس هەئیەتێک بنێرە بۆ ئەوێ بزانێ شتێکی وا هەیە یان نا؟
دەمیرتاش: ئەوە دەستپێشخەرییەکی باشە . با حکوومەت پێک بێ و پارڵمان دەست بەکار بکا یەک لە پێشنیازەکانمان ئەوە دەبێ. ئەمن ئەوەم گوت، لەجیاتی ناردنی ئەڕتەش بۆ ئەوێ با هەیئەتێکی سیاسی بنێرینە ئەوێ بۆ ئەوەی بزانین چ دەبێ چ نابێ. لەو هەیئەتە دا نوێنەرانی جەهەپە، مەهەپە،ئاکەپە لەپاڕڵمان هەبن لەوێ بە چاوی خۆمان بە شێوەیەکی ئۆبژێکتیڤ ببینین ، بێ گوێدانە خەبەری ئەم کاناڵ و ئەو کاناڵ ، هەموو کاناڵە خەبەرییەکان دەکرێ لایەنگر بن. ئێمە با بچین ببینین، چاومان بە کاربەدەستانی پەیەدە بکەوێ، عەرزی ئاغای خۆم بکەم ئەمریکاییەکان لەو سەری دنیاوە هاتوون یارمەتی دەکەن و قسەیان لەگەڵ دەکەن ، تورکییەی تەنیشتی بۆ قسەیان لەگەڵ ناکا. بۆ خۆی لە قسە کردن و دیالۆگ کردن دەدزێتەوە؟ با دیالۆگ ساز کەین. لە تورکییە هەدەپە شانسێکی گەورەیە بۆ کردنەوەی کاناڵەکانی دیالۆگ و ئەگەر پەیەدە هەڵەی هەبێ ڕەخنەیان لێ بکەین. لە گەڵ تورکییە پێوەندیەکی دروست و بەکەلک دامەزرێنین و ئەگەر خەتایان هەبێ بەیەکەوە ڕەخنەیان لێ بگرین و پێیان بڵێین وا مەکەن و پێشنیازیان پێ بکەین ئەگەر وا بکەن زۆر دروستتر دەبێ، ئەگەر تورکییەش هەڵەی هەبێ ئەو هەڵانە بەیەکەوە ڕاست بکەینەوە و ستراتێژییەکی ئاوا بخەینە بەرچاو کە لە یەکتری نەترسێین ، نەک بۆ ئەم مانگە، بۆ ئەم حەوتووە ، هاوکارییەکی تاکتیکی نەبێ، بە مەبەستی بە خراپ لەیەک کەلک وەرگرتن نەبێ، بەڕاستیش لە ڕووی ستراتێژیکییەوە ئیتر ئێمە بە یەکەوە هێزێکین ، نەک بۆ سەرکوتی ئەویدی ، نەک بۆ دژایەتی ئەوانیدی، نەک بە دژی عەڕەبان، تورکان و تورکومانان، بەڵکوو  پێویستی بە ستڕاتێژییەکی ڕێکەوتن و یەکگرتنی  کورد – تورک هەیە کە ئەوانیش نەترسێنێ و لە زێد و خاكی خۆیان نەیانڕەتێنێ . ئەمن ئەوانە لە دەرەوەی سنوورەکان و سەربەخۆ لە سنوورەکان باس دەکەم.مەبەستم ئەوە نییە بڵێم ئەو هەرێمە وەسەر تورکییە بخرێ. لە داهاتوو دا ئەگەر ئەو ئینسانانە ئیرادەیەکی ئەوتۆیان هەبێ ، ئەگەر لە ڕاستیدا شتێکی ئاوا پێک بێ ئێمە بۆ لە دژی هەڵوێست بگرین بەڵام، ئەگەر ئەو ئینسانانە ئیرادەیەکی ئاوایان  نەبێ ناکرێ پێیان بڵێین نەخێر ئیلا و بیلا ئێوە وەسەر تورکییە دەکەونەوە یان پەیوستی نابن یان لەوێ بۆتان نییە ئیدارەیەکی جیا دامەزرێنن. ئەوە لە تورکییە ناوەشێتەوە. تورکییە نابێ لەوە بترسێ ، ئەمنییەتی سنورەکان لە هاوکاری لەگەڵ پەیەدە دا دەکەوێتە دۆخێکی زۆر مومکینترەوە. یانی تورکییەیەکی کە لەگەڵ پەیەدە بووەتە دۆست ، ئەوە هەم لە بەرژەوەندی پەیەدە دایە و هەم بە قازانجی تورکییەیە. بڕوانە پەیەدەش دەبێ ئەمە ببینێ بە بێ تورکییە ئەو کارە سەر ناگرێ ، یانی تورکییە بە لێبڕاوی ووڵاتێکە کە دەبێ سەرکەوێ، هەم بە لەبەرچاوگرتنی پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکەی، هەم گرینگی ستراتێژیکی و هەم پێکهاتە مێژووییەکەی. ئەو ئیدارانەی لەوێ دادەمەزرێن بە لێبڕاوانە دەبێ لەگەڵ تورکییە پێوەندیی باش و تێکەڵی دروست  پێش خەن و ڕێگای ئەوە ببیننەوە. بەڕێز ساڵح موسلیم هاوسەرۆکی پەیەدە جار جار سەری تورکییە دەدا و هێندێک دیداری هەبوون بەڵام، تا ئەو جێگایەی ئەمن دەزانم ماوەیەکی درێژە ئەو هاتو چوویە ڕاگیراوە. ئەو پێوەندییە دەبێ دیسان دامەزرێندرێتەوە، نابێ ترسیان لێ هەبێ. بڕاونە ئیتر نابێ یەکتری تاوانبار بکەین، سووچ بخەینە سەر ملی یەکتر و لە حەقیقەت دا دەناو بازنەیەکی نەزۆک دا بێین و بچین. بەڵام خەڵکی دی، مەبەستم ئەوانەیە کە هیچ حەق و حقووقێکیان بە سەر ئەم خاکانەوە نییە بە هاسانی گەمە ساز دەکەن و ووڵاتێکی گەورەی وەک تورکییە تەنێ تەماشای ئەم گەمەیە دەکا.
ئاڵتایلی: تەماشای دەکا و بەرتەک نیشان دەدا.
دەمیرتاش: تەنێ بەرتەک نیشان دەدا، ئاوا نابێ، تورکییە دەبێ لە قاوغی هەڵوێستی خۆپارێزییەوە بێتە دەرێ. ئەوەش تەنێ بە ڕێگای دیالۆگ و پێوەندیی دروستەوە مەیسەر دەبێ. لە جیاتی ئەوەی بە شێوەی عەسکەری موداخەلە بکرێ و بگوترێ ئەوێ خەتی سووری منە و بێ ئەملاو ئەولا ئیزن نادەم ، براکەم ئەگەر دەکرێ با بە یەکەوە بیکەین، بە قسە کردن و بە هەبوونی باوەر بە یەکتری و بە پاڵپشتی باوەڕی بیکەین. ئەو چارەسەرییەی کە ئەتۆ دەیهێنییە گۆڕێ و ئەو چارەسەرییەی کە پەیەدە دەیهێنێتە گۆڕێ با ببێتە هۆی ڕاگرتنی ئەو خوێنەی لە سوورییە دەخوشێ. ببێتە هۆیەک بۆ ئاشتی لە سوورییە . هەم تورکییە بە هێز ببێ، هەم کوردەکانی ئەوێ بەهێز ببن ، هەم تورکومانەکان بەهێز ببن بەڵام، خزمەتیش بکا بە دامەزراندنی سوورییەکی نوێش. فۆرموولەکانی ئەوانە زۆر هاسانە بڕوانە!
ئاڵتایلی: مەبەستت لە سوورییەکی نوێ چییە؟

دەمیرتاش: یانی سوورییەی ئێستا بەو حاڵەی ئێستایەوە ئێتر نامێنێ، نامێنێ. یانی حەوجێ هەیە بە قانوونێکی بنچینەیی نوێ، پێویستی هەیە بە بەش کردنی دەستەڵات لەوێ . یانی ئێتر ئەوەی کە پارتیی بەعس بە تێگەیشتنی تەکێتیی خۆیەوە ئەوێ بەڕیوە بەرێ و خۆی بە سەر ئەوێ دابسەپێنێ گەلانی وێندەرێ قەبووڵی ناکەن. دیارە ئەوە خواستی ئێمە نییە. بەڵام ئەو خەڵکەی لەوێ دەژین ئەوەیان ناوێ و ئەوە تێخوێندنەوەی ئێمەیە. خەڵکی ئەوێ ئیتر نایانەوێ لە سوورییەیەکی وەک ڕابردوو دا بژین. سوورییەیەکیان دەوێ ئازاد بێ، دێمۆکڕاتیک بێ، قانوونی بنچینەییەکی نوێی گەڵاڵە کرد بێ و هەر وەک ئەوەی باسم کرد ئەو شتانەی بۆ چارەسەری لە تورکییە هێنامە گۆڕێ هاوشێوەی ئەوە دەکرێ بۆ سوورییەش قسەی لێوە بکرێ. ئەوێش حەوجێی بە قانوونێکی بنچینەیی تازە هەیە. ئێمە هێشتا بە پێی قانوونی بنچینەیی سەروبەندی کودەتا ئیدارە دەکرێین. ڕاستە زۆر شوکر وەک سوورییە نین ، یەکتری قەسابی ناکەین ، بەڵام هەموو ڕۆژێ نیگەرانین، هەموو ڕۆژێ پەرۆشین . عەرزی ئاغای خۆم بکەم تووڕەیی دەکەوێتە سەر یەک ، دەستە بەندی و پۆلاریزاسیۆن هەموو ڕۆژێ زیاد دەکا. گشت ئەوانە ئەگەر تورکییە دە ناو خۆی دا پێواژۆی چارەسەری هەڵسووڕێنێ ، بە خێرایی هەڵی سووڕێنێ لێبڕاوانە لەو ڕووەوە دەوری عەبدوڵا ئوێجاڵان، دەوری بەڕێز ئوێجاڵان لە ئیمراڵی زۆر بڕیاردەر دەبێ. یانی تورکییە لە جیاتی ئەوەی لە پەیەدە بترسێ پێویستە لەگەڵ ئیمڕاڵی پێوەندی بکا بۆ دیتنەوەی ڕێگا چارەیەکیش بۆ سوورییە.

ئاڵتایلی: چما پەیەدە لە کۆنتڕۆڵی ئوێجالان دایە ؟

دەمیرتاش: پێم وایە ئەگەر بانگەوازێک بدا بە قسەی دەکەن. ئەو بۆخۆی لەو ڕووەوە پێشەڕۆژێ دەبینێ، چونکە لەماوەی دیدارەکانی لەگەڵ هەیئەتەکانی ئێمە لەمەڕ پێواژۆی چارەسەری، لەو هەیئەتەی کە منیشی تێدا بووم هەمیشە گوتوویە لە کاتێکدا ئێمە بە دووی چارەسەرییەک دا دەگەڕێین بۆ پرسی کورد لە تورکییە ، ناتوانین مەسەلەی کورد لە سوورییە بەلاوە بنێین، ئەوانە پێوەندییان بە یەکەوە هەیە. تورکییە لەو بارەیەوە نابێ بترسێ و منیش پێم خۆشە لەو ڕووەوە دەور بگێڕم و یارمەتیدەر بم. سوورییەش باش دە ناسم ، بە ساڵانی درێژ لەوێ ژیاوم دەبێ لەو ئەزموونانەی من کەلک وەربگیرێ ئەو بانگەوازانەی کە دەیان دەم ، ئەو پێشنیازانەی کە دەیان کەم گرینگن.جا بۆیە تورکییە لە جیات هەڵسوکەوتی ترسەنۆکانە و پارانۆیایی بە باوەڕی بەخۆ هەڵسوکەوت بکا با ئێمەش یارمەتیدەر بین و بەیەکەوە ئەو موشکیلانە چارەسەر بکەین ، بۆچوونێکی ئاوای هەبوو. 

ئاڵتایلی: تا ئەو جێگای من دەزانم نیگەرانی تورکییە لە سەر ئەم بنەمایەیە: ئەوەی لە ناوچەکە دروست دەکرێ پەیەدە دەیکا و هەموو کەس دەزانێ ئەو پەیەدەیەی لە سوورییەیە باڵێکی پ.ک.ک. یە، و ئەوە پێکهاتەیەکی سیاسی یە لەوێ کە هاوتەریبی پ.ک.ک. دەجووڵێتەوە.
دەمیرتاش : ئەوان خۆیان ئاوا ناناسێنن.
ئاڵتایلی: ئاواش خۆیان نەناسێنن، تەسەوری تورکییە لە مەڕ ئەوان بەو ئاڕاستەیە دایە. ئەوە سبەی بێ دوو سبەی بێ لە تورکییە دەبێتە هۆی هەستانێکی تازەی کورد و ئەو شوێنە دەبێتە باغچەی پشتەوەی سەردەمی شەڕ و وەک ناوەندێک بەکاردەهێندرێ بۆ لەت کردنی بەشێک لە تورکییە . لە تورکییە  ترس و نیگەرانییەکی ئەوتۆ هەیە و ئێوە دەڵێن ئەوە بێ بنەمایە و پارانۆیایەکە.
دەمیرتاش : بڕاونە دەوڵەتێک دەبێ گشت ئەم ڕیسکانە لە بەر چاو بگرێ.ئەمن نالێم ئەم  ڕێسکە لەبەر چاو نەگرێ. ئەمن ساویلکە بوون پێشنیاز ناکەم بە حکوومەت. لێم تێدەگەی؟ عەرزی ئاغای خۆم بکەم ئێوە ساویلکە بن و کوردەکانیش زۆر ووشیارن و ڕۆژەڤێکی شاراوە بەڕێوە دەبەن و ئێمەش دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییە فریو دەدەین تا ئەوەی کارەکە یەکلا دەبێتەوە و جێ بە جێ دەبێ. ئەمن وا ناڵێم. ئەمن باسی پێواژۆیەکی واقعی و شیاوی باوەر پێ کردن دەکەم. ئەمن باسی ڕێگای ڕەوینەوە و نەهێشتنی ئەو ترسە دەکەم. ئەم ترسە لە ڕوانگەی دەوڵەتەوە دەکرێ ترسێکی ڕاستەقینە بێ لە سەر ئەرزی واقع، لەوە تێدەگەم. بۆچی؟ چونکە پرسی کوردی خۆی جێ بە جێ نەکردووە. ئەگەر کارەکە، پرسەکە هەر ئاوا بمێنێتەوە و لە ناو خاکی خۆت دا کێشەکەت چارەسەر نەکردبێ تەبیعییە لایەنێکی کە ئەتۆ بە تێڕۆریستی دەبینی و هێشتا لە گەڵی نەگەیشتوویە چارەسەری ، هێشتا ئاشتیت لەگەڵ نەکردووە ، ڕێکخراوەیەک کە باغچەی پشتەوەی لەوێ ساز دەبێ و ئاوای تەماشای بکەی کە دەبێتە دەوڵەت دەرحاڵ دەترسێی. ئەوە هەتا بڵێی ئاسایی یە. جا ئێستا دوو ڕێگا هەیە بۆ نەهیشتن و ڕەواندنەوەی ئەو ترسە. یەکەمیان ئەو شێوەیەی کە ئێستا سەرەتی پێدراوە کە بەهیچجۆر ڕێگە نادەین و ئەوە ئەڕتەشمان ناردووە و پێویست بکا دەچینە ناوەوە  و خاكیان بە توورەکە دەکێشین. ڕێگای دووەمیش ئەوەیە بە لە بەرچاوگرتنی قازانج و بەرژەوەندی خۆ ئەو ترسە بە شێوەی دەوڵەتی گەورە  و دیالۆگ چارەسەر بکرێ. ئەوە هەم بە قازانجی کوردە، هەم بە قازانجی تورک و دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییەیە. ئێمە پێشنیازی ئەم شێوەیە دەکەین. ڕەفتارەکەی دیکە شێوەیەکی باش نییە و شێوازێک نییە کە ئاکامی باشی لێ بکەوێتەوە. بڕوانە بەڕێز ئایتایلی سەد ساڵ لەمەو بەر بەشی هەرە زۆری کوردەکان لە ئیمپراتۆری عوسمانی دا دەژیان. لە ئاکامی ڕێکەوتنی "قەسری شێرن" بەشێک لە جوغرافیای کوردستان بە دەوڵەتی سەفەوی ئێران بڕا و ئەو بەشە لە سەرزەوییەکانی کە مابووەوە بەشی زۆری لە حیمایەتی دەوڵەتی عوسمانی دا بوو. و خۆسەری درابوو بە کوردەکان. کوردستان ئەیالەتگەلکی هەبوو . وەک دەزانن ئێستا لە ئێران ئەیالەتێکی ڕەسمی کوردستان هەیە. دوای شەڕی جیهانی یەکەم و هەڵوەشانی عوسمانی و پارچە بوونی و پەیدا بوونی دەوڵەتی وەک عێڕاق و سوورییە ئەو جوغرافیایەی کە کوردەکان تێیدا دەژیان  واتە کوردستان،باسی دەوڵەت ناکەم، چونکە کوردەکان دەوڵەتیان نییە.  ئەو جوغرافیایە بەشێکی کەوتە عێڕاق، بەشێک سوورییە و بەشێک تورکییە. و ئەو بەشەی ئێرانیش لە جێدا لە سەردەمی ڕێکەوتنی قەسری شیرینەوە لەت بوو. جا ئێستا تورکییە ناکرێ ئاوا بجووڵێتەوە وەک ئەو بیرەوەرییە مێژوییە هەر نەبێ. ئەو بیرەوەری و حافزەیە لای کوردەکان زیندووە، کوردەکان دەڵێن تا سەد ساڵ لەوە پێش لەگەڵ یەکتری دەژیاین. هێندێکان هاتن و لە شەوێک دا سیمی دڕکاوییان لە نێوان دا ڕایەڵ کردین ، عوسمانی پارچە بوو و ئەوە قەبووڵ کرا. بڕوانە ئێستا بە ئێمە دەڵێن لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەو زمانانەی کە لە هەموو زمانی دیکە زیاتر قسەیان پێ بکردرێ چوار زمانن. عەڕەبی، فارسی، تورکی و کوردی. لە ڕووی نفووسیشەوە ئەو گەلانە گەلی هەرە پڕ حەشیمەتن. عەڕەبەکان زیاتر لە ٢٠ دەوڵەتیان هەیە. فارسەکان،ئێران بەر لە هەموویان دەوڵەتێکی بەهێزیان هەیە. تورکەکانیش دەوڵەتێکی بەهێزی وەک دەوڵەتی جمهوورییەتی تورکییەیان هەیە، کوردەکان واتە گەلی چوارەمی هەرە گەورەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست  هیچ دەوڵەتی لەمەڕ خۆیان نەبووە. لەو دەوڵەتانەی دا کە تێیاند ژیاون لەگەڵ زوڵم و زۆرداری جیاواز بەرەوو ڕوو بوون. تورکییەش یەک لەو دەوڵەتانە بوو. چونکە هەموویان لە بەر کوردان ترسیان ڕێ نیشت، سووریەش ترسا، ئێرانیش ترسا، عێڕاقیش ترسا ، تورکییەش ترسا. ئەوەتا کوردەکان گەلێکی پڕ حەشیمەتن ، دەوڵەتی لە مەر خۆیان دانەمەزراند لە دەرفەتی یەکەم دا ئەوانە دەوڵەت دادەمەزرێنن. لە ئاکامدا هەموو گوتیان دەبێ ئەوە سەرکوت بکەن و هەر یەکە شێوازی جۆر بە جۆریان بەکار هێنا. ئەوە گەیشتینە ساڵی ٢٠١٥ ، ئێستا کوردەکان بە بێ ئەوەی کە ئەو بیرەوەی و حافزە مێژووییە لە بیر بکەن – چونکە لە بیریان نەکرد، ئەتۆ هەر چەندی کتێبی مێژووش بگۆڕێ کۆمەڵگە ئەوەی لە بیر نەکرد و لە بیرەوەری خۆی دا بە زیندوویی ڕایگرت . ئێستا هاتووینە ئەو نوختەیەی کە دەبێ چارەسەرییەک بدۆزینەوە. ئەو کوردانەی لە تورکییە دا دەژین ئەوە دەڵێن و لەگەڵ هەدەپە ئەوەیان هێنا مەیدانێ: براکەم ئێمە  باسی دابەشکردن، جیاکردنەوە ، تورکییە پارچە  کردن  و دامەزراندنی  دەوڵەتێکی جیای کورد ناکەین، بەڵام ئەو کردەوە ناحەقانەی کە بە دژی کوردان کراون دەمانەوێ کۆتاییان پێ بهێندرێ. با بەیەکەوە بژین بەڵام، ئازادییەکان پەرە پێ بدەین، دێمۆکڕاسییەکەمان  پەرە پێ بدەین. قانوونێکی بنچینەیی نوێ ئامادە بکەین ، خۆمان لە کۆڵ تەکێتی بکەیینەوە لە دێمۆکڕاسییەکی پلوورالیستی دا ژیانێکی نوێ دامەزرێنین. یانی بۆ چارەسەری پرسی کورد لە تورکییە  بە شێوەی گشتی پرێنسیپەکەمان ئەمەیە! سەبارەت بەو کوردانەی لە سوورییە دەژین ئەوان هاوکات لەگەڵ هەلئایسانی شەڕی نێوخۆ لە سوورییە ویستیان ئیدارەی لە مەڕ خۆیان دامەزرێنن. لەوێش ئێستا ئەو شتەی کە پەیەدە دەیڵێ ئەمەیە: ئەمن دەوڵەتێکی سەربەخۆی جیاوازم ناوێ لێرە دا خۆسەریم دەوێ، پێکهاتەی ئۆتۆنۆم لێرە پێک دەهێنم...
ئاڵتایلی: وەکوو عێڕاق
دەمیرتاش: عێڕاق پێکهاتەیەکی فێدراتیڤ ە، با بڵێین شتێک نزیک لەو. لە عێڕاقیش وەک دەزانن بە پێی قانوونی بنچینەیی بە ڕەسمی هەرێمێکی فێدێڕاڵی کوردستان هەیە. ئەوانیش باسی سەربەخۆیی دەکەین، باسی دیکەش لە گۆڕێ دایە نازانین بەرەو کوێ دەچێ. بەڵام هەر ووڵاتەی ، هەر ئەو چوار ووڵاتە لە دڵی خۆیدا باسی چارەسەری لەمەر خۆی دەکا. جا ئێستا تورکییە لە کاتێک دا پرسی کوردی خۆی جێ بە جێ نەکردووە دەبێتە ئاستەنگ لە پێش جێ بەجێ بوونی پرسی کورد لە ووڵاتانی دیکە. ئەوە خەتایەکی گەورەیە. وەک گوتم ئاو دەڕوا و بەستێنی خۆی دەبینێتەوە ، ئەوە مافی کوردانە. مافە ماف. هەر بە قەد عەڕەبان، هەر بە قەد فارسان، عەڕەبەکان ٢٢ دەوڵەتیان هەیە. بە قەد تورکەکان، بە قەد ئێرانییەکان، کوردەکانیش حەقی ئیدارە کردنی خۆیان هەیە. ئەو ئینسانانە لە نیشتمانی دایکی خۆیان دا دەژین.تورکییە نابێ لەو ئینسانانە بترسێ، دەبێ دەستی کوردی سوورییە بگرێ و پێی بڵێ براکەم سەد ساڵ لەوە پێش مافی تۆ پێشێل کرا، ئەتۆ سەد ساڵە لە سوورییەش لە نێو زوڵمێکی گەورە دا دەژی. هەڵبەت ئێمە وەک تورکییە خەتامان هەبوو بەڵام لە سوورییە ش زوڵمی گەورە کران. ئێستا لەوێ دەمانەوێ ئیدارەیەک ساز کەین،  پێویستە بڵێ ئەمن کێشەی کوردی نێو ووڵاتی خۆم لە چوارچێوەی دێمۆکڕاسی دا جێ بە جێ دەکەم پشتیوانی لە تۆش دەکەم . ئەمن لێت ناترسێم، ئەتۆش  لە من مەترسێ . یانی تورکییە بۆ وەدەست هێنانی ئەو حەقەی کوردەکانی سوورییە لە جیات ئەوەی بڵی نزیکن لە پ.ک.ک. بۆیە لێیان دەترسم ،کە وابوو با پ.ک.ک. لە حاڵەتی هەڕەشەکردن دەرخەین. ڕێگای ئەوەش موزاکەرەیە، با بەرەو ئاشتی بەرین. پ.ک.ک. لە دژی تورکییە دەست لە چەکانی هەڵگرێ ، لە حاڵەتی هەڕەشە لە سەر تورکییە بێتە دەرێ، تا دوایی با بزانیین کە..

ئاڵتایلی: هەموو کەس ئەو پرسیارەی هەیە بۆچی پ.ک.ک. چەکەکانی دانانی؟
دەمیرتاش: ڕێگای ئەوە قسە کردن و موزاکەرەیە. ئەو ڕۆژانە بەڕێز سەرۆک کۆمار، سەرۆک وەزیر دەڵێن هەدەپە بۆچی بانگەوازێکی ئەوتۆ ناکا؟ ئەگەر کارەکە لە بەر بانگەوازی ئێمە پەکی کەوتبێ ، ئەوەندە هاسان بێ، لە بەری بەیانی ڕا کە هەستاین تا ئێوارێ بانگەوازی دەدەین. لەوە دا هیچ جیدییەتێک نییە. کارێک نییە بە بانگەواز دان جێ بە جێ بکرێ. دەزانن ئەو بانگەازییانەی کە پارتییەکان دەیانکەن چن؟ بە مەبەستی ئارامکردنەوەی ویژدانانە، بۆ فریو دانی کۆمەڵگەیە شتێکی دیکە نییە. ئەمن لێرە دا بە هۆی ئێوەوە بانگەوازی دەکەم. ئەمن هاوسەرۆکی پارتییەکی سیاسیم . نوێنەرێکی پارڵمانم کە بە ڕێگای هەڵبژاردن دا هاتوومە سەر کار، لە پارڵمانی جمهوورییەت دا ئەرکی خۆم بە جێ دەگەیێنم. سەرۆک گرووپی فراکسیۆنێکی ٨٠ کەسی نوێنەرانم. لێرەوە بانگەوازی دەکەم بە لێبڕاوانە پ.ک.ک. دەبێ بە دژی تورکییە دەست لە چەک بەردا ، ئەوە لە ڕوی باوەرییەوە و لە دڵەوە دەڵێم . شەڕ دەبێ کۆتایی پێ بهێندرێ. ئەم بانگەوازە لێرە دا لە دڵەوە دووپاتە دەکەمەوە، هەر ئەوە نییە کە قسەیەکم کرد بێ. خۆزگە ئەوە واقعی بایە و دەستبەجێ گوتبایان سەلاحەدین دەمیرتاش ئەو بانگەوازەی لێ کردین با سبەینێ کۆبینەوە، قسەکانی هەڵسەنگێنین و دەست لە چەک هەڵگرین ، بەڵام لە خشتە بردنی کۆمەڵگە مانای نییە. دەمیرتاش کە ئەو بانگەوازەی کرد بۆ سبەینێ ڕا کاربەدەستانی ک.ج.ک. لە قەندیل دەستەبەجێ کۆ نابنەوە و دەستبەجێ سەبارەت بە دەست لە چەک بەردان موناقەشە ناکەن. کێ بانگەوازێکی ئاوا بکا موناقەشەی لە سەر دەکەن؟ عەبدوڵا ئوێجاڵان. ئەویش ڕایگەیاند کە دە چ شەرتومەرجێک دا ئەو کارە دەکا. ڕێکەوتنامەی " دۆڵمە باغچە " بۆ ئەوە بوو.  ک.ج.ک. لە دوایین ڕوونکردنەوەی خۆی دا ئەوە باس دەکا، لە دۆڵمە باغچە ڕێک کەوتن و بڕیار بوو بانگەوازی لە ئێمە بکەن ، ئێمە لە کاتێک دا چاوەڕێی بیستنی ئەو بانگەوازە بووین ، ئێوە دەرەکەوتن و گوتتان  ئیدی پرسی کورد نییە  و ئیتر چتان دەوێ؟ گوتتان مێز نییە، موزاکەرە نییە، لایەن نییە. گوتی لە شەرتومەخێکی ئاوا دا ئەمن هیچ بانگەوازێک قەبووڵ ناکەم . لێم تێ دەگەی؟
ئالتایلی: هەر کەس ئەو بانگەوازە دەکا با بیکا!
دەمیرتاش: بەڵێ کێ دەیکا با بیکا. گوتی لە هەلومەرجێکی ئاوا دا ئەمن بانگەواز دان قەبووڵ ناکەم. هەر لە هەدەپە گەڕێن، گوتی  تەنانەت عەبدوڵا ئوێجاڵان کە ڕێبەریشمانە بانگەواز بدا ، ئێمە لەو شەرتومەرجە دا سەرنج نادەینە بانگەوازەکەی. دەبێ لە سەر ڕا دەست بکرێتەوە بە هەلومەرجی موزاکەرە بە شێوەیەکی ڕوون و لە هەلومەرجی ئازاد دا بەڕێوە بچێ . ک.ج.ک. ئەوەی گوت. یانی لە بەرانبەر ڕێکخستنێک دا کە ڕوونکرنەوەیەکی ئاوای داوە ، لە جیاتی ناردنی کاروانی عەسکەری بۆ بەرەو ڕوو بوونەوەی، ڕێکخستنێک گەیشتبێتە نوختەیەکی ئاوا ، دەڵێین با هەموو بە یەکەوە هەڵی سەنگێنین. با لە قسە کردن نەترسێین، لە موزاکەرە نەترسێین و بۆ ئەوەی بکرێ ئەو بانگەوازە وەدی بهێندرێ با شەرتو مەرجەکانی  بەیەکەوە ئامادە بکەین. بەڵام لە دەلینگی هەدەپە ڕۆ هاتن کە دەبێ بانگەواز بدەی خۆشیان دەزانن هەدەپە بانگەوازیش بدا هیچ ناگۆڕێ، داخودا بەرپرسیارەتی خستە سەر شانی هەدەپە چ مانایەکی هەیە ؟ هەدەپە پارتییەکە کە لەپێناو ئاشتی دا گڕ دەگرێ و دەسووتێ. هەموومان ئاواین . ئێوەمانانیش هەر ئاوان دەزانم. [ ڕووی لە ئاڵتایلی یە، وەڕگێڕ] هەموو کۆمەڵ ئاشتی دەوێ. ک.ج.ک. ش دەڵێ بۆ ئەوە ئامادەیە بەڵام، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست واقعییەتێکی هەیە ، سیاسەت ریالیتەی لەمەڕ خۆی هەیە. ئەگەر ئێمە سەرنج نەدەینە سەر ئەوانە هەر بە بانگەوازی ئیشک و برینگ ئەو کارانەمان بۆ جێ بە جێ ناکرێ. بە حەماسەت ناکرێ ئەو کارانە چارەسەر بکەین . سبەینێ بەڕێز داوود ئۆغلوو و هەیئەتی یاوەری دێ  [ مەبەست لە سەردانی ئاکەپەیە لە هەدەپە لە چوارشەمە ١٥ی ژووییە ، وەرگێر] ئێمە لە سەر ئەو مەسەلانە بە ڕوونی و لە دڵەوە قسەیان لەگەڵ دەکەین.پێمان وایە ئەو هەنگاوانە لە بەرژەوەندی تورکییە دایە. ئەو هەنگاوانە پێویستە دەستبەجێ هەڵبهێندرێنەوە. ئێمە حەوجێمان بە دۆستایەتی تورکییە یە کە شارومەندی ئەوین نەک ئەمریکا. هەموو کوردەکانی ناوچەش ئەوە دەزانن. تورکییە لەو ڕووەوە دەبێ زۆر ئازایانەتر هەڵسووڕێ ، دەبێ زۆر لە ئەمریکا ئازایانەتر بجووڵێتەوە. دەبێ زۆر دلێرانەتر بجووڵێتەوە.
ئاڵتایڵی: یانی مەبەستت ئەوەیە کە تورکییە براگەورەی کوردەکان بێ نەک ئەمریکا ؟
دەمیرتاش: نا، برا گەورە نا، دەبێ خۆی  وەکوویەک ببینێ. کەس پێویست ناکا عەرزی ئاغای خۆم بکەم باوەشی بکاتەوە و بلێ ئەمن حامی تۆم ، ئابی تۆم [ پشتیوانی تۆم، برا گەورەی تۆم] .  دەبێ پەیامی ئەوە بدرێ یەکسانین برام مەترسێ! بڕوانە، ئەگەر تورکییە بتوانێ ئەوە بکا بە شێوەیەکی باوەر پێ نەکراو پێشی دەکرێتەوە. لە هەمان کات دا هەم لە نێوخۆی تورکییە و هەم لە دەرەوەی هەوایەکی جیاواز پەیدا دەبێ . ئەمن ناڵێم تورکییە بچێتە ئەوێ، بیچەوسێنێتەوە یان تورکییە لەوێ سەرمایە وەکار بخا ، بەڵام لە جیاتی دوژمن داتاشین ، ئەگەر لەوێ فۆرماسیۆنێک هەبێ ناچارە وەکوو دۆستێکی تورکییە شکڵ بگرێ. واقعییەتە سیاسییەکان ئەوەمان بە سەردا دەسەپێنێ. ئەو فۆرماسیۆنە لە سەر بنەمای دوژمنایەتی دانامەزرێندرێ، بە دوای ئەوە دا هیچکام لە ئێمە ناتوانین لەم ووڵاتە  لە ئارامی دا بژین. شتی ئاوا نەبێ، نە ئەو کوردەی لە سوورییەیە ئارامیی دەبێ ، نە ئەوەی لە عێڕاقە و نە ئەوەی لە تورکییەیە . نە ئەو تورکەی لە تورکییەیە ئارامیی دەبێ. چارەنووسی هەموومان بە یەکترییەوە بەستراوەتەوە و بە لەبیر نەکردنی ئەوە دەبێ چارەسەری واقعی گەڵاڵە بکەین.
ئاڵتایلی:  ئێستا شتێک بە زەینم دا ڕابرد . تەواو  بەر لە هەڵبژاردنەکان ، یەكێک لە هاوڕێیەکانم لە کوردستانی عێڕاق لە میوانییەک دا چاوی بە یەکێک لە سیاسەتمەدارانی گرینگی کوردستانی عێڕاق کەوتبوو، تەنانەت لە دەوری مێزەکە  ئی واشی لێ بوون کە ناوی بنەماڵەیی  سەرۆک دەوڵەتی ئەوێیان هەبووە. ئەو دەڵێ سبەی ، دووی بێ  دەچمە تورکییە، دەڵێ خێرە؟ دەڵی دەچم بۆ دەنگ دان . لێی دەپرسێ بە کێ دەنگ دەدەی، ئەوەی کە دەپرسێ پاشناوەکەی بارزانی دەبێ ، برادەرەکەم دەڵێ دەنگ دەدەم بە هەدەپە. پێی دەڵێ بۆ دەنگ دەدی بە وان دەنگ بدە بە ئاکەپە. یانی کێشەیەکی ئاوا هەیە لە گەڵ هەدەپە، لە نێوان سیاسەتی کوردیی ئەم لایە دا لە گەڵ باشوور؟
دەمیرتاش: ئەوە قەراری خۆیانە، ئێمە لەو بارەیەوە هیچ ناڵێین. ئێمە وەکوو پارتیی دێمۆکڕاتیکی گەلان ناکرێ لە گەڵ پارتییەکانی هەرێمی کوردستان، لە سوورییە یان عێڕاق چ کێشە یان دوژمنایەتییەکمان هەبێ. هەڵبەتە بەشیوەی دوولایەنە دەکرێ ڕەخنەمان  لە یەکتری هەبێ. دەکرێ بۆچوونی جیاوازی ئیدێئۆلۆژیکمان هەبێ، دەکرێ تێگەیشتنی جیاوازمان هەبێ لەمەڕ چارەسەری. بەڵام ، تەنانەت ئەگەر بشزانین پشتیوانی لە ئاکەپە دەکەن ئەوە لە ڕوانگەی ئێمەوە هۆیەک نییە بۆ دوژمنایەتی. چونکە بابەتەکە کێشەیەک نییە لە نێوان پارتییەکان دا، بەڵکوو کێشەیەکی مێژوویی یە. ئێمە باسی کێشەیەکی مێژوویی دەکەین کە زۆر لەدەرەوەی پارتییەکان، بنەماڵەکان و کەسەکانە. ئێمە ئاوا تەماشای ئەو مەسەلەیە دەکەین. یانی  لە ڕوانگەی ئێمەوە داهاتووی ئەو گەلانەی لەوێ دەژین گرینگە، ئەوە داهاتووی پارتییەکان و تاکەکان نییە ،داهاتووی ڕێبەرەکان نییە، داهاتووی گەلەکان زۆر گرینگە، ئەو گەلەی کە لەوێ لە هەرێمی کوردستان دەژی، دەبێ بتوانێ لە ئازادی دا بژی، لە سوورییە و لە تورکییەش ئینسانەکان دەبێ بە ئازادی بگەن ، و ڕێگا و شێوازی ئەوە بریتی یە لە موزاکەرە بە پاڵپشتی باوەڕی. موزاکەرەیەکی کراوە و شەفاف . لە دەرەوەی ئەو شێوەیە، تاقیکردنەوەی هەر شتێکی دی زەرەر لە هەموومان دەدا. کێ تاقی دەکاتەوە بیکاتەوە زەرەر لە هەموومان دەدا. ئەو جێگایەی کە دەسووڕێینەوە و دەگەڕێینەوە سەری دیسان ئێرە دەبێ. مەتەڵێک هەیە دەڵێ " ڕێوی دەڕوا و دەسووڕیتەوە و ئاخرەکەی دێتەوە دووکانی کەوڵفرۆش". یانی ک.ج.ک. ، پ.ک.ک. و دەوڵەتیش  تەنانەت ئەگەر ٥٠ ساڵی دیکەش بە یەک هەڵپڕژێن و شەڕی یەکتری بکەن  دوا جار ئەو جێیەی کە دەبێ ئاوڕی لێ بدەینەوە مێزی موزاکەرە یە. بۆچی وەدەرنگی بخەین؟ بۆچی خەساری گیانی بەردەوام بێ ، بۆچی خوێنی زیادتر بڕژێ؟ چ پێویستییەک بەوە هەیە؟
ئاڵتایلی: بەڵام لە تورکییە لەو ڕووەوە تەوافوقێکی بەربڵاو هەیە.
دەمیرتاش: بەڵێ هەیە،بەشێکی زۆری کۆمەڵگە هاوار دەکا بۆ ئەوە. سیاسییەکانیش دەبێ هەموو شت ببینن. هێندێک لە پارتییەکان تەواو بوون و ڕاگرتنی پێواژۆ [ی چارەسەری] بە شەرتی بەشداری لە کوالیسیۆن دا دەنێن. ئاخر باشە چۆن شتێکی ئاوا دەبێ؟! ئەگەر پێواژۆ تەواو بێ چ دەبێ؟ کە وایە بەدیلی خۆتان بهێننە گۆڕێ. بڵێن کە پێواژۆ دەبێ تەواو بێ و لە جیات ئەو کارەکە ئاوا چارەسەر دەکەین. ئەوە بڵێن باشە با پێواژۆ تەواو بێ. بەڵام کەس نابێ بەدیلەکەی شەڕ بێ. بەدیلەکەی ئەوە نەبێ کە لە سەڕ ڕا تێکهەڵچوون دەست پێ بکاتەوە. ئەوانەی کە لە موزاکەرە ناڕەحەتن...
ئاڵتایلی: بەدیلەکەیان شەڕە؟
دەمیرتاش: ئەگەر شتێکی دیکە دەڵێن نازانین. دەمانەوێ بزانین دەڵێن چی؟ باشە با پێواژۆ تەواو بێ ، ئەگەر پێی ناڕەحەتن، دەڵێن نەبێ ، عەرزی ئاغای خۆم بکەم دەڵێن ئەوە خییانەتە بە نیشتمان . باشە با خییانەت بە نێشتمان نەبێ بەڵام دە ناوەرۆکی دا شەڕیش نەشاردرابێتەوە شتێکی دیکە بڵێن. شتێک بڵێن بزانین دەڵێن چی!

ئاڵتایلی : یانی مەبەستت ئەوەیە بڵێن بەو شێوەیە نەکرێ بەشێوەیەکی دی بکرێ؟ 



دەمیرتاش: هەڵبەت. بۆ نموونە  پارتیی جمهوورییەتی گەل. جەهەپە شتێک دەهێنێتە مەیدانێ دەڵێ پێواژۆ ئاوا نا و ئاوا 
بەڕێوە بچێ. بەڵام ناڵێ پێواژۆ تەواو بێ و موزاکەرە تەواو بێ. فۆرموولاسیۆنێکی دیکە پێشنیاز دەکا. ئەمن حورمەتم هەیە بۆ بۆچوونێکی ئاوا، چونکە بەدیلەکەی بە چەک دانانێ. بزانە ئێمەش وەک هەدەپە ئاڵترناتیڤ بە چەک نازانین. سەبارەت بە ناوەرۆک و شێوەی بەڕێوەچوونی موزاکەرەکە ڕەخنەمان هەیە ، بەڵام ناڵێین واز لە موزاکەرە بهێندرێ، ناڵێین خەڵک لە دەوری مێز هەستن و بڕۆن. ئەوانەی کە دەڵێن هەستن لە دەوری مێز و بڕۆن، ئەوانەی کە دەڵێن چ مێزێک نییە با بەدێلێک بهێننە گۆڕێ کە لە دەرەوەی شەڕ بێ. با بەدیلی خۆیان بهێننە گۆرێ کە ئەو کێشە لەگەڵ کێی دی و چۆن جێ بە جێ دەکەن؟ ئەو ئینسانانەی لە چیاکانن چۆنیان دەهێننە خوارێ؟ قانوونی بنچینەیی نوێ چلۆن ئامادە دەکەن؟ حەقی کورد چۆن دەدەن با باسی بکەن! بەڵام ئەوە بە سەر ئێمە دا نەسەپێنن عەرزی ئاغای خۆم بکەم پێمان بڵێن هەموو کەس دەبێ  خۆی لە گەڵ یەکێتیی نەتەوەیی ئێمە بە پاڵپشتی دیتنی تەکێتیی مان بسازێنێ! نەخێر شتی وا نییە بۆ مەجبوورین  بیپەژرێنین؟ یانی لە بەر ئیدێئۆلۆژی تۆ ئەمن بۆچی دەبێ  لە ناسنامەی مێژوویی خۆم، لە کولتورم، لە زمانم واز بهێنم ؟ ئێمە فۆرموولی بە زیندوویی ڕاگرتنی ناسنامە، کولتوور و زمانی خۆمان لە ژیانێکی هاوبەش دا و لە دابەشنەبوون دا پێشنیاز دەکەین. ئێمە دەمانەوێ هەموو کەس دە ئارامی و خۆشی دا بژی، پاڵپشتی ئێمە ژیانێکە بە شانازی، ئێوەش ژیانێکی بێ کەڕامەت بە سەر هەموو ئینسانەکان دا دەسەپێنن. ئیلا دەبێ ئەو ناسنامەیە قەبووڵ کەی! ئیلا دەبێ ئەم زمانە قەبووڵ کەی! پێ قەبووڵاندنی بەزۆری کوا دەبێ بە چارەسەری؟ لەو بارەیە سیاسەت کاری وێران و جەسارەتە، بڕوانە ئێمە، یانی ئەو ئینسانانەی لە  هەدەپە دا دڵمان داوە بە سیاسەت ، بیر لە بەرژەوەندی سبەینێی خۆمان ناکەینەوە، یانی بیر لەوە ناکەینەوە کە سبەینێ چمان بە سەر دێ. داخوا سبەینێ دەژین ناژین نازانین! ئەوە ئەمری خودایە! بەڵام ئێمە بە لەبەرچاوگرتنی قازانجی تاکە کەسی و بنەماڵەییش سیاسەت ناکەین . لەگوێن چارەنووسی خۆمان مێژوو ئەم ئەرکەی پێ ئەسپاردووین، مادام کە لێرەین دەمانەوێ بۆ جێ بەجێ کردنی ئەو کێشە مێژووییە یارمەتیدەر بین. ئێمە تەنانەت ڕۆژێکیش لە سیاسەت دا بمێنینەوە دەڵێین  بۆ وەدەستهێنانی ئەو ئاشتییە با بە دڵ و گیان تێ بکۆشین. هیچ دڵمەشغوولی دیکەمان نییە و هیچ پۆزیسیۆنێکی دیکەشمان نییە. ئەگەر ئاوا لە هەڵکەوتی هەدەپە تێ بگەیشترێ و لەو بارەیەوە هەموو کەس ئاوا لە سەمیمییەتی ئێمە تێ بگا هەدەپە دەتوانێ کاری زۆر بەکەلک بۆ ئەم ووڵاتە بکا.
ئاڵتایلی: ئێستا  دوایین ناوبڕ دەدەین دوایە دەمەوێ لە سەر مەسەلەی کوالیسیۆن بدوێین. بۆ لەگەڵ ئیتیلاف کەوتن هەم گوتتان ئا و هەم نا، هەڵویستی مەهەپە هەیە، دوێنێ لەگەڵ جەهەپە دیداری گەرم هەبوون. دوای ناوبڕێکی کورت لە سەر ئەوانە قسە دەکەین.
بەڕێز دەمیر تاش ئەگەر تەماشای پێشوەچوونەکانی سیاسی ئەو دواییانەی تورکییە بکەین لە پێوەندی لەگەڵ پێک هێنانی حکوومەت تەخمینی ئێوە چییە؟ پێتان وایە حکوومەت پێک دێ یان دیسان هەڵبژاردن دەکرێتەوە؟
دەمیرتاش: ڕاستەکەی سبەینێ بە دیداری ئاکەپە و دەهەپە، یەکەم خولی دیدار لەگەڵ پارتییەکان بۆ پێک هێنانی حکوومەت تەواو دەبێ و دەتوانین بڵێین ئیدی ووردە ووردە تابڵۆکە شکڵ پەیدا دەکا. ئەمڕۆ پارتیی حەڕەکەتی میللی، مەهەپە هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند وەک دەزانی لە زمان بەڕێز داود ئۆغلووەوە بیستمان کە گوتوویانە حکوومەت پێک ناهێنن و دە نێو حکوومەت دا نابن. بە بۆچوونی ئێمە تورکییە دەبێ حکوومەتێک پێک بهێنێ ، یانی لەو هەڵبژاردنە دا ئینسانەکان  دەنگی هەڵە و فڵانیان بەکار نەهێنا. ئیرادەیان چەواشە نەکرا. چاک یان خراپ، لەگەڵ ئەوەش دا کە ئێمە تووشی گوشارێکی زۆر هاتین بەڵام، حەولمان دا بۆ هێنانە گۆری ئیرادەی هەڵبژێرەران و تا ڕادەیەکی زۆریش سەرکەوتین. پارتییەکانی دیکەش دەنگی خۆیان وەرگرت و لەو هەلومەرجەی دا کە هەیە  ئیدی کۆمەڵگە هەبوونی کوالیسیۆنێک دەپەژرێنێ و پەسندی دەکا. مانای ئەوە ئەمەیە. دەزانی جاری وا هەیە ئەو کوالیسیۆنەی کە لە سیاسەت دا هەیە ڕێخۆش دەکا بۆ کوالیسیۆنی کۆمەڵایەتیش و دەرفەتی بۆ پێک دەهینێ. یانی  کولتووریی کاری سیاسی بەیەکەوە کردن و لە نوختەیەک دا بەیەکەوە بوون دەتوانێ دەستەبەندی و قوتب بەندیش هەڵوەشێنێ. ئەوە لە جێدا دەرفەتێکە ، یانی ئەگەر [ پارتییەک] هەر بە سەری خۆی دەستەڵات بە دەستەوە بگرێ جار جار باشە ، بەڵام لە هەڵکەوتی ئاوا دا ، بە تایبەتی بە لەبەر چاو گرتنی دەستەبەندی و قوتب بەندی،  کوالیسیۆن دەتوانێ ببێتە هۆی ئاسوودیی ووڵات. کوالیسیون ووڵات ئاسوودە دەکا. تێگەیشتنێکی دروست سەبارەت بە کوالیسیۆن، کۆبوونەوە لە دەوری پرێنسیپەکان، دەتوانێ کۆمەڵگە ئاسوودە بکا و گرێکان بکاتەوە و هێندێک کاری باشیش کردن بەیەکەوە ریسک خستنە سەر خۆ لەگەڵ خۆی دەهێنێ و ئەوەش دەبێتە بەش کردنی ریسک. وەک ئەو کومپانییانەی کە خاوەنەکانیان فرە شەریکن . لە سیاسەت دا پێویستە ڕیسکەکان دابەش بکرێن. پێشتر حەولم دا لە دوو بەش دا  باسی ڤیزیۆنی پارتییەکەم بکەم لە سەر تورکییە و ناوچە و بۆچوونی لەمەڕ کێشە و پرسەکان. ئێمە ئەوانە لەگەڵ بەڕێز داوود ئۆغڵوو باس دەکەین چونکە ئەرکی پێک هێنانی حکوومەت بەو ئەسپێردراوە . ئێمە سێ پڕێنسیپی سەرەکیمان هەیە سبەینێ ئەوانە لە گەڵ هەئیەت دەهێنینە گۆڕێ : دێمۆکڕاسی ، عەداڵەت و پڕێنسیپەکانی ئاشتی. ئێمە ناوەرۆکی ئەو سێ سەردێڕە پڕ دەکەینەوە، داخودا چۆن دەتوانین دێمۆکڕاسی دابمەزرێنین، چۆن دەتوانین عەداڵەت وەدی بهێنین و بە چ شێوەیەک دەکرێ ئاشتی ساز بکەین؟ تا ئەو جێگایەی کە زمانمان بگەڕێ حەول دەدەین بۆ ڕوونکردنەوەی ئەو پرێنسیپانە. و ئەگەر لە تورکییە حکومەتێک پێک بهێندرێ دەمانەوێ تا ڕادەیەکی زۆر لە تەک ئەو پرێنسیپانە دا سازگار بێ. ئەگەر ئێستا ساز بوونی کوالیسیۆن لە  نێوان ئاکەپە و جەهەپە بە ئیحتیماڵیکی گەورە دەبیندرێ ، ئاکەپە و جەهەپە کوالیسیۆنێک پێک دەهێنن و هەدەپەش بەو پرێنسیپانەی کە هێناویەتە مەیدانێ ، و کەمتا زۆر بەرنامەیەکی حکوومەت ڕابگەیەنین کە لەگەڵ ئەو پرێنسیپانە یەک بگرنەوە ، ئێمە کاروباری حکوومەتێکی ئاوا هاسانتر دەکەین،  یانی لە پارڵمان دا لە جیات ئەوەی موخالەفەتیکی توندیان بکەین ، ئەگەر ئەو حکوومەتە قانوونی چاک دەستبەجێ دەر بخا، و بۆ ئامادە کردنی قانوونی بنچینەیی تازە...

ئاڵتایلی : دەڵیی دەستەڵات ٤٧٠ نوێنەری دەبێ
دەمیرتاش: با وا تێبگەیشرێ! بڕوانە مەسەلە تەنێ دەستهەڵینان نییە! بۆ حکوومەتێکی ئاوا، یانی حکوومەتی ئاکەپە – جەهەپە گوتنی ئەوەی کە هەدەپە دەورێکی هاسانکاری بۆیان دەبێ مانای ئەوەیە لە کۆمەڵگە دا لەهەڤهاتنێکی باوەر پێنەکراو هاتووەتە گۆڕێ.
ئاڵتایلی: حکوومەتێکی گەورە بۆ ئامادە کردنی قانوونێکی بنچینەیی نوێ ئاوانتاژێکی گەورەیە؟
دەمیرتاش: تەبعەن وایە، بە تەنیا هەر لە تورکییە دا  نا، بەڵکوو لە ناوچەش دا چارەسەر کردنی زۆر کێشان هاسانتر دەکا. پشتیوانی هەدەپە هەر بە ڕێگای ڕەقەمان دا شڕۆڤە کردن بەس نییە. ئەو پشتیوانیەی دەکا مانایەکی گەورەی سیاسی هەیە. هیوادارم لە نرخی ئەوە تێدەگەیشترێ. ئێمە بەڕاستیش دەمانەوێ پشتیوانییەکی ئاوا بکەین . ئێمە لە بەرنامەیەک کە حەول بدا بۆ جێ بە جێ کردنی ئەو پرێنسیپانە پشتیوانی دەکەین. نامانەوێ پاڵ بەکەسەوە نێین!
ئاڵتایڵی: پێ گەیشتنی تێگەیشتنێکی نوێ  لە سیاسەتی دەرەوەیی دا و بە تایبەتی لە تورکییە دا لە مەڕ حقووق تێگەیشتنێکی نوێ .وا وێدەچێ ئەو دوانە دوو پرێنسیپی سەرەکی جەهەپە بن بۆ بەشداری لە کوالیسیۆن دا!
دەمیرتاش: جارێ  نازانین باسی چ دەکرێ و چ دەردەکەوێتە مەیدانێ، ئەوانە دەبینین. بەڵام بۆچوونە پرێنسیپییەکانی پارتییەکەمان ئەوانە بوو کە باسم کرد. هیوا دارم جەهەپە و ئاکەپەش فەرق بە چەندە بەنرخ بوونی گشت ئەو بۆچوونە پڕێنسیپییانە بکەن . دیارە ئەوانیش پرێنسیپی خۆیان هەیە، ناڵێین  وازیان لێ بێنن. بەڵام، هەموو ئەو بۆچوونە پرێنسیپییانەی خۆمان ناچارین لە یەکتریان نزیک کەینەوە. شتێکی ئاوا نییە کە ئیلا ئەوەی هەدەپە دەیڵێ دەبێ وا بێ، ئەوە نابێ بە تێگەیشتن لەمەڕ کوالیسیۆن، لەمەڕ جەهەپە و ئاکەپەش هەر وا. هەر کەس لەو جێیەی ڕاوەستاوە هەنگاوێک بەرەو دواوە هەڵدەگرێ ، بەڵام هیچ کەس مەجبوور نییە پرێنسیپەکانی خۆی پێشێل بکا. ئەوەی کە پێی دەڵێین عەدالەت بە پێی تۆ و بە پێی من ناگۆڕدرێ.عەداڵەت عەداڵەتە. تەسەوری کۆمەڵگە لەمەڕ عەداڵەت سەدەمەی وێکەوتووە . دادمەندیی سەربەخۆ نییە، مێدیای سەربەخۆ نییە، عەرزی ئاغای خۆم بکەم زانکۆی سەربەخۆ نییە . هێزی سەربەخۆی ئینتیزامی نییە. یانی حاڵی حازر سووچی ئاوا کراوە کە سزایان بۆ نەبڕدراوەتەوە.لە دزییەوە بگرە تا دەگاتە بەرتیل وەرگرتن و ڕۆبۆسکی و گەزی. لە کۆمەڵگە دا هەستی پێشێلکرانی عەداڵەت هەیە کە دەبێ قەرەبوو بکڕێتەوە. بۆ لەکۆڵ خۆ کردنەوەی ئەوانە دەبێ هێندێک شت بکەین، دەبێ چارەسەری واقعییان بۆ ببینینەوە. لە سەر مەسەلەی دێمۆکڕاسی پێویستە قانوونێکی بنچینەیی نوێ گەڵاڵە بکەین . دەبێ چاو بە قانوونەکاندا بخشێنینەوە. لە قانوونەکانماندا پێویستی بە ڕێفۆرمێکی دێمۆکڕاتیک هەیە. دەبێ ئەوانە بە نێوی دێمۆکڕاتیک کردن بە لێبڕاوانە ئەنجام بدەین. ئەو پرێنسیپەی ئاشتی کە باسی دەکەین هەم لە ناوخۆ ، هەم لە دەرەوە، پێواژۆی چارەسەری و پێوەندیی دروست ساز کردن لەگەڵ سوورییە و عێڕاق، دەبێ دەستبەجێ بە ئاشتی  بگەین هەم  لەناو خۆ و هەم لە ناوچە. یانی حکوومەتێک کە بڵێ ئەوانە دەکەم ، دەکرێ حکوومەتی ئاکەپە – جەهەپە بێ، یان حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپە ، بڕوانە  ئەگەر ئەوان بە ئاشکرایی بڵێن  ئەو پرێنسیپانە باشن ، دروستن ، ئەو پرێنسیپانەی کە هەدەپە باسیان دەکا زۆر بەنرخن، ئێمە هەموو ئەوانەش نەبێ، بەشی گرینگیان بە پڕێنسیپی جێی ڕێز دەبینین، ئەگەر هەدەپە لە پشت ئەوانە بێ ، بڵێن ئێمە ڕێزی دەگرین ، ئەو دەمی ئێمە هاسانکاری دەکەین بۆ ئەرکی حکوومەتیکی ئاوا.
ئاڵتایلی: یانی لەگەڵ مەهەپەش!   
دەمیرتاش: بەڵێ دەڵێم ئاکەپە – مەهەبەش . چونکە ئێمە بە دوای دوژمنایەتییەوە نین و بە دوای توورە بوون لە یەکدی نین و مافی خستنە ژێر پرسیاری مەشڕوعییەتی یەکتریمان نییە . کۆمەڵگە چاوڕێی چارەسەری لە ئێمە دەکا. داخودا مەهەپە دەتوانێ ئەوە بکا یان نا ئەوە مەسەلەیەکی دیکەیە. بەڵام ئەمن بۆ هێنانە گۆڕی ئیدیعاکەمان ئەم قسانە دەکەم. ئەگەر شکلگرتنی کوالیسیۆنێکی ئاوا هەبێ هەدەپە بۆ ڕزگار بوون لەو دژوارییانە دەستبەجێ لە پارڵمان دا دەوڕێکی چالاکانەی پۆزیتڤی هاسانکاری  دەگێڕێ و موخالەفەتێکی ئافرێنەرانە دەکا.
ئاڵتایلی: پێرێ هاوڕێی نووچەگەیانمان ماهیر قلیچ پرسیارێکی لە ئێوە کرد و ئێوەش ووڵامێکی ویتان دایەوە. هاوکارانمان کلیپێکیان ئامادە کردووە سەبارەت بەو هەڵوێستەی کە ماهیر بە هێنانە گۆڕی ئەو پرسە تووشی هات  با بەیەکەوە بیبینین پرسیارەکەم بڕێک پێوەندی بەو پەیدا دەکاتەوە. ئێستا دەچین بزانین وەزعی ماهیر چۆنە؟
[ گرتەی ڤیدێئۆیی پرسیاری ماهیر قلیچ لە سەلاحەدین دەمیرتاش ] ماهیر قلیچ : بۆ وێنە بەردەوامبوونی پێواژۆی چارەسەری ، قانوونێکی تازەی بنچینەیی مەدەنی، یان گۆڕانی قانوونی هەڵبژاردن و بێتوو شەرتەکانتان قەبووڵ بکرێ لە دەرەوە ڕا پشتیوانی لە بەرنامەی کوالیسیۆنێکی ئاوا دەکەن؟
دەمیرتاش: ئێمە باسی ئەو شەرتانەمان نەکردووە، ئەوشەرتانە ئەتۆ باسیان دەکەی، ئەتۆ باسیان دەکەی .
[ نیشان دانی وێنەی ماهیر قلیچ کە چووە دەفکرەوە و لە زەمینە دا بڕگەیەک لە گۆرانییەکی ئەحمەد کەیا بڵاو دەکرێتەوە، وەرگێڕ ]
هەر دووکیان پێ دەکەن.
ئاڵتایلی: دوای وەرگرتنی ئەو وولامە لە ئێوە حاڵی ماهیر شپرزەیە، چونکە هەموو میدیای ئانکارای وەپێکەنین خست.
دەمیرتاش : ئەگەر خەتایەک بووە ماهیری برا دەبێ بمبوورێ 
---
ئاڵتایلی: ئێستا ئەوەندەی من لێی تێدەگەم ئەوەیە: مەسەلەی شەرت و مەرت بەو لاوە. ئێوە بەر لە هەڵبژاردن ڕاگەیاندنێکی زۆر گرینگتان هەبوو، لە کۆبوونەوەی پارتییەکەتان لە پاڕڵمان دا دەرتان بڕی ئەویش تاقە ڕستەیەک بوو :  " ناتکەین بە سەرۆک " و لە ڕاستیدا ئێوە لەوێ بەو دەربڕینە ڕێبازی دیاریی خۆتان وەڕوو خست. واتە دژایەتی خۆتان لە گەڵ سیستمی سەرۆکایەتی ڕاگەیاند  و ئیدیعاتان کرد ڕەجەب تەییب ئەردۆغان بۆی نییە لە سیستمی سەرۆکایەتی دا سەرۆک کۆمارێتی بکا و لەو ئیدیعایەشتان دا قسەکەتان ڕاست دەرچوو و لەو هەڵبژاردنە دا بوون بە بەرهەڵستی هەرە گرینگ لە پێش ئەوە دا . بەڵام لە هیچ کوێیەک ، لە دوای هەڵبژاردن ڕوونکردنەوەیەکی کورتتان دا، ئەمن لەمەر چوون یان نەچوونە نێو کوالیسیۆن چ هەڵوێستێکی قەتعی ئێوەم بەدی نەکرد. تەنێ لە دوای هەڵبژاردن ڕستەیەکی ئاواتان دەربڕی کە مانای نەچوونە نێو کوالیسیۆنی لێ دەخوێندرایەوە. لە پێوەندی لە گەڵ ئەو پرێنسیپانەی باستان کرد بابڵێین ئەگەر هاتوو ئاکەپە لەگەڵ جەهەپە کوالیسیۆنی پێک نەهێنا – چونکە هەر دووک لا جۆرە نیگەرانییەکیان لە ئاست یەکتری هەیە - ، لایەنی جەهەپە دەڵێ قەسری جمهووری هەڵبژاردنی تازەی دەوێ، بۆیە تەنانەت ئەگەر ئێمە لەگەڵ ئاکەپە بشسازێین، قەسر ڕێگا بەوە نادا، جەهەپە ئاوای دەبینێ.  لایەنی ئاک پارتیش دەڵێ بەڵێ ئێمە دەکرێ لەگەڵ جەهەپە کوالیسیۆن ساز کەین بەڵام، لە نێوخۆی جەهەپە دا زۆر دەنگی دژ هەیە  بۆ  ئەو کوالیسیۆنە و سەرۆکی گشتی جەهەپەش لە وانەیە نەتوانێ  وەزعەکە کۆنتڕۆڵ کا و ئەوە دەبێتە کوالیسیۆنێکی زۆر پڕ لە گێرەو کێشە، هەر دوک لاش لە ڕوانگەی خۆیانەوە هۆکاری بەحەقیان هەیە بۆ ئەو بۆچوونە. لە جێدا ئەمڕۆ مەهەپە هەلوێستی خۆی دیار کرد؛ ئێوە لە نێو کوالیسیۆنێک دا  بە پاڵپشتی پڕێنسیپەکانتان دەکرێ لەگەڵ ئاکەپە بجووڵێن، شتی وا دەکەن؟
دەمیرتاش: بڕوانە  فاتیح بەگ ، " ناتکەین بە سەرۆک " هەڵوێستێکی شەخسی نەبوو، یانی بەدژی بەڕێز ئەردۆغان، بەدژی ڕەجەب تەییپ ئەردۆغان شتێک نەبوو لە سەر بنەمای نەیارێتێکی شەخسی. ئێمە شانمان دا بەر خستنە ژێر پرسیاری سیستمێک و ئەوەمان لە بێژەیەک دا کورت کردەوە. کاتێک قسەی لێوە کرا ئەوەم باس کرد. دە ڕاستییدا ئەم ڕستەیە گەلێک پەیامی دەخۆیدا حاواندووەتەوە. ئێمە دوژمنایەتییەکی شەخسیمان نییە. ئەو بووە بە سەرۆک کۆماری ووڵات ، گوتمان ڕێزمان هەیە. هەڵبژێردرا،  چۆن هەڵبژێردرا، ڕکەبەرایەتیمان لەگەڵ کرد، دەنگی هێناوە، سوێندی خوارد  و دەست بەکار بوو. ئەو سەرۆک کۆمارێکە بەپێی قانوونێکی بنچینەیی هەڵبژێردراوە کە هیچمان پەسندی ناکەین. لە قانوونی نوێی بنچینەیی دا دەبێ بەرپرسیارییەکانی سەرۆک کۆمار کەمتر بکرێتەوە. ئێمە بەرگری لەم بۆچوونە دەکەین. بەڵام  بە دژی مۆدێلێک کە پشت دەبەستێ بە تەکێتیی، پشت دەبەستێ بە ئۆتۆریتاریانیزم ، پشت دەبەستێ بە بەڕێوەبەریی تاکە بەنی ئادەمێک ئێمە حەولمان دا دژایەتی خۆمان لە ڕوانگەیەی پلوورالیستی لە ڕستەیەک دا کورت بکەینەوە. دەنا، وەک شتێکی شەخسی کە ئێمە تەنێ ئەتۆ ناکەین بە سەرۆک  نەبوو و هەڵوێستێکی وامان نییە کە یەکی دی ببێ بە سەرۆک لە سیستمێکی سەرۆکایەتی دا. ئێمە گوتمان ئێمە دژی ئەو تێگەیشتنە ، دژی ئەو زێهنییەتەین. و وەدیهاتنی فکرێکی ئەوتۆ لە ڕوانگەی بەرژەوەندیی تورکییەوە بە مەترسی دەزانین. پێویستە واز لەوە بهێندرێ . ئەگەر وازی لێ بهێندرێ باش دەبێ.
ئاڵتایلی : ئەی ئەگەر ئوێجاڵان ببێ بە سەرۆک؟
دەمیر تاش: نا، ئێمە لەو سیستمە دا باسی نێوی کەسان ناکەین. ئێمە دژی ئەو زێهنییەتەین . یانی ئەگەر پارتییەکەم هەستێ و ئەمن بکاتە سەرۆک ئەویش هەڵەیە. حەولمان دا ئەوە دەرببڕین. یانی ئێستا ئەگەر ئاکەپە، پارتییەک کە ٤١ لە سەدی دەنگی وەرگرتووە لەگەڵ سێ پارتییەکەی دیکە لەمەڕ ساز کردنی کوالیسیۆن ئەوەندە بە نیگەرانی و ووروژانەوە بجووڵێتەوە ئاکەپە دەبێ خۆی لە خۆی پرسیار بکا. دەبێ لە خۆی پرسیار بکا ئەمن لە کوێ هەڵەم کرد. ٤١ لە سەدی دەنگانم هێناوە. چ جۆرە بارێکم لە سەر شانە، کە پارتییەکانی دیکە بۆ هەڵگرتنی ئەو بارە لەگەڵم دەترسێن و دەکشێنەوە. ئەو پرسیارە  ئاکەپە بێ ئەوەی بترسێ دەبێ بە سەمیمییەتەوە لە خۆی بکا. بڕوانە ئەو پارتییە ئێستا ٤١ لە سەدی دەنگی هێناوەتەوە و لەگەڵ پارتییەکانی دیکە کوالیسیۆن پێک بێنێ پێک نەهێنێ ئاوا بە دوودڵییەوە دەجووڵێتەوە. ئەو پارتییە لە ساڵی ٢٠٠٢ وەوە تورکییە ئیدارە دەکا، کاری باش و دروستیشی کردووە. کردوویانە ئەوانە نکووڵییان لێ ناکرێ. ئەوە نییە دەڵێن " خراپەی دەڵێی چاکەشی بڵێ". ئێستا لەو سەردەمانەی دا کە کاری چاکتان کردووە ئینسانەکان لەبەر هەرچییەکی بێ پشتیوانیان لێ کردوون ، لەو کاتانەش کە کاری خراپتان کردووە ئینسانەکان ڕەخنەتان لێ دەگرن. هەڵبژێرەران سزاتان دەدەن. پێویستە بە نیشاندانی حورمەت بۆ ئەو بۆچوونانە بە خۆتان دا بێنەوە. پێویستە دیسکۆرس و سیاسەتی خۆتان بگۆڕن. بە خێرایی ش ئەوە بکەن. خێر ئێمە ٤١ لە سەدی دەنگمان وەرگرت و تەواو، ئەوە نابێ . دەبێ ئەوە بزانن ئیدی ناتوانن درێژە بە سیاسەتەکانی پێشووتان بدەن. لە جێگایەک هەڵەتان کردبێ خەڵک دیتووە و ئەوەی لای خۆی نووسیوە. لە دۆخێکی ئاوا دا پێویستە چاوێک بە خۆتان دا بخشێننەوە و خۆتان بگۆڕن . بڕوانە، کارە خراپەکانتان بریتییە لە سیستمی سەرۆکایەتی ، داسەپاندنی تەکێتی، وەدەرەنگی کەوتنتان بۆ هەنگاونەوە و ئەو هەڵمەتانەی کە ووڵات بەرەو دێمۆکڕاسی و ئاشتی دەبەن.  کۆمەڵ گشت ئەوانەی دیت ، ئەو بەڵێنانەی دابووتان پێکتان نەهێنان: پرسی عەلەوی ، پرسی کورد ، مەسەلەی قیبرس، مەسەلەی ئەرمەنی، یەکێتیی ئوڕووپا، هەر چییەکی کە بڵێی. بێ چارەسەری ماوەتەوە. بڕوانە ١٣ ساڵ بە سەری خۆتان دەستەڵاتی ئیدارەی ئەم ووڵاتەتان هەبوو، گوتتان قانوونێکی بنچینەیی نوێ ئامادە دەکەین،ئەوە ١٣ ساڵە نەتان کردووە. ئەو سەردەمانەی کە هێزیشتان هەبوو  و دەنگیشتان تێری ئەوەی دەکرد نەتان کرد. دوا جار ئەگەر وەک پارتییەک لەوانە دەرسی دروست وەربگرن، لەجیات ئەوەی بە تووڕەییەوە چاو لە پارتییەکانی دیکە بکەن و عەرزی ئاغای خۆم بکەم بڵێن هەدەپە بە تێپەڕین لە بەندی هەڵبژاردن بووە هۆی ئەوەی ئێمە دەستەڵات لە دەست بدەین و ئەگەر بەچاوی دوژمن چاو لە هەدەپە بکەن مانای ئەوەیە کە دەرسی دروستتان لە هەڵبژاردن وەرنەگرتووە. ئەگەر ئاکامی دروست وەربگرن ، بە بێ کۆمپلێکس و گرێ و بە بێ پێشداوەری و دەمار گرژی گشت ئەو بابەتانە بهێننە سەر مێز، هەدەپە پێش کەرەوە دەبێ. هەدەپە بۆ سزا دانی هێندێکان نەچووە هەڵبژاردنەوە. یانی بۆ سزا دانی ئاکەپە، بۆ سزا دانی تورکییە، بۆ بێ حکوومەت هێشتەوەی ووڵات نەچووە هەڵبژاردنەوە. ئێمە تێگەیشتنێکمان هەیە لە سەر ژیانێکی نوێ. ئێمە هەتا دوایی بەرگری لەوە دەکەین. ئەگەر بە ڕاستی ئاکەپە ڕێز و حورمەتی لە بەر بێ بۆ ئەو شتانەی کە ئێمە دەیانپارێزین ، لە جیاتی ئەوەی پڕێنسیپەکانی خۆی بە سەر ئێمە دا بسەپێنێ، لەو جێگایەی ڕاوەستاوە هەنگاوێک بەرەو دواوە هەڵێنێتەوە و تەماشای خۆی بکا و لە خۆی پرسێ باشە من لە کوێ هەڵەم کرد، ئەو هەڵانە چۆن دەتوانم تێ هەڵبهێنمەوە و لەو قسانەش کە هەدەپە دەیان کا شتی ڕاستیش هەیە با تەماشایەکی ئەوانیش بکەم ، ئەگەر ئەوە بکا ئەوە زۆر ئافرێنەرانە دەبێ و ئێمە ناکرێ هەڵوێستێکی ئاوا وەدوایە دەینەوە.


ئاڵتایلی: باشە، بەرهەڵستی سەر ڕێی ئاکەپە چییە کە ئەوە ناکا؟
دەمیرتاش: نازانم ، کێشەکانی ناوخۆیی خۆیانە. یانی بۆ دیتنەوەی چارەسەری ئەوە ئێمە هیچ ئەرکێکمان لە سەر شان نییە. ئاکەپە پارتییەکە بەڕێوەبەرایەتی هەیە، یا ئەو چارەسەرییە دەدۆزنەوە یان ئەوەی ووڵات دەبەن بەرەو هەڵبژاردنێکی ناکاو  و لەو هەڵبژاردنە پێشوەختە دا کۆمەڵگەی تورکییە دەکرێ لە هەڵبژاردن دا بە جۆرێکی دیکە دەنگ بدا . ئاکەپەیەکی کە خۆی نەبردووەتە ژێر پرسیار، ئاکەپەیەکی کە لە ئاکامی هەڵبژاردنی ٧-ی حوزەیران دەرسی وەرنەگرتووە دەکرێ هەڵوێستێکی دیکەی نیشان بدرێ لە لایەن دەنگدەرانەوە . ئەو دەمی ئێمە وەک هەدەپە  ئامادەیی خۆمان ڕادەگەیێنین بۆ وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارەتی زۆر جیدیتر و بەڵێن لە هەموو تورکییە وەردەگرین و دەڵێین لە ڕێژەی ١٣ لە سەد زیاتر دەنگ بدەن بە ئێمە بۆ ئەوەی ئەم ووڵاتە ئیدارە بکەین. ئێمە ئامادە بوونی خۆمان بۆ وەئەستۆ گرتنی بەرپرسیارەتییەکی ئەوتۆ ڕادەگەیێنین. بەڵام ئەگەر ئێستا لە ڕاستییدا ئاکاپە نەیەوێ هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێ و بەڕێز داوود ئۆغڵوو  و  ئیدارەکەی بڵێن نەخێر هەڵبژاردنی پێشوەخت ناکەین و لەو هەڵبژاردنەی کراوە دەرس وەردەگرین وەرن با بەیەکەوە لە سەر ڕا تورکییە سازکەینەوە . ئەوەی کە ئێوە پێی دەڵێن قوناغی تازە و ئەوەی ئاکەپە پێی دەڵێ  تورکییەی نوێ و ئەوەی جەهەپە پێی دەڵێ تورکییەی سەر زیندوو . لەو شتانە ڕا دەست پێ بکەین کە دەتوانین لە سەریان هاوبەش بین و توركییەی نوێ بەیەکەوە دامەزرێنین.

ئالتایلی: یانی ئێوە دەرگا لە سەر بەشداری لە کوالیسیۆن دا ناخەن؟
دەمیرتاش: نەخێر دای ناخەین، دای ناخەین! با بە ئاشکرا و کۆنکرێت بڵێم. ئێمە لە سەر بنەمای پڕێنسیپ دەجووڵێینەوە. نە لەگەڵ بەڕێز داوود ئۆغلوو و نە لەگەڵ کەسێکی دی نە لە سەر کورسی چەنە لێ دەدین ، و نە سەر وەگرتنی وەزارەت چەنە لێ دەدەین و نە لەسەر لە ژێر پێ دابوونی ئوتۆمبیلی پڵاک سوور چەنە لێ دەدەین. ئەوەتا ئەم پرێنسیپانە هەن. لە سەر ئەم پرێنسیپانە دەڵێن چی ؟ ئەگەر دروستن فەرموون ئەنجامیان بدەن. دەتوانن بە بێ ئێمەش وەدییان بهێنن . لەگەڵ جەهەپەش دەتوانن ئەنجامیان بدەن. ئەگەر ئێوە بڵێن بەڵی ئێمە ئامادەین بۆ  وەدیهێنانی ئەوانە چونکە بەڕێز سەرکۆمار لە پێشدا ئەرکی حکوومەت پێکهێنانی بە ئێوە ئەسپاردووە...
ئاڵتایلی : یانی ئەگەر پێویست بێ لە دەرەوەش ڕا دەتوانن پشتیوانی بکەن ؟
دەمیر تاش : دەڵێم ئیدی،  بۆ وەدیهاتنی پڕێنسیپەکانمان  تەنانەت  ئەگەر حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپەش بێ ئێمە ئامادەین بۆ هاسانکاری . مەبەستمان ترێ خواردنە ، بەڵام ترێکە کۆمەڵی تورکییە دەیخوا نەک هەدەپە. هەموومان بە یەکەوە ئەو ترێیە دەخۆین. بۆ خۆمان بە شتی تاڵ و تفتەوە خەریک بکەین. بەڵام ئەگەر بگوترێ لەو هەڵبژاردنە دا کۆمەڵگە تەرجیحەکەی هەڵە بوو ، عەرزی ئاغای خۆم بکەم بگوترێ کۆمەڵگە دەنگی هەڵەی دا...
ئاڵتایلی : قسەی ئاواش هەیە!
دەمیرتاش: و دوا جار بڵێن دیسان هەڵبژاردن بکڕیتەوە ئێمە بەسەری خۆمان دەستەڵات بەدەستەوە دەگرین و ئەگەر لە هەڵبژاردنی ٧-ی حوزەیران دەرستان وەر نەگرتبێ ئەوە ئەرز و ئەوە گەز . دەستبەجێ دوای چاوپێکەتنی سبەینێ [ مەبەست دیداری هەیئەتی ئاکەپە و هەدەپە یە ] و تەواو بوونی یەکەم خولی دیدار لە گەڵ پارتییەکان  وەرن با بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختیش بدەین . دیارە ئەوە زوڵمە لە کۆمەڵگەی تورکییە بەڵام، دیارە لە دۆخێکی ئاوا دا نین کە خۆمانی لێ بدزینەوە. ئەو دەمی دیسان هەر کەسەی بە پرێنسیپەکانییەوە دێتەوە مەیدان و ئەمن لەوە دڵنیام  کۆمەڵگە بڕیارێکی عادڵانە دەدا و زۆر باشتر ڕوون دەبێتەوە کە کێ  بەرگری لە ڕاستی و دروستی کردووە  و کێ بەرژەوەندییەکانی ووڵاتی ڕەچاو کردووە و کێ نەی کردووە. ئێمە لەو باوەڕە داین کە لەو هەڵبژاردنە دا ئێمە ئاکامی زۆر باشتر بە دەست دەهێنین. بەڵام دیسانیش ئێمە دەڵێین حکوومەت دەبێ پێک بێ. هەڵبژاردنی پێشوخت حاڵی حازر تەنیا بژاردە نییە لە بەر دەستمان دا. بێ چارە نین، بژارەکانی کوالیسیۆن دەکرێ پەیتا پەیتا لە بەر چاو بگیرێن!
ئاڵتایلی : یانی پێتان وایە بژاردەی ئیدێئال کۆالیسیۆنی ئاکە پە – جەهەپە یە چونکە  دەتوانێ بارودۆخی کۆمەڵگە هێندێک نەرم بکا و هەر نەبێ لە ڕوانگەی جەهەپە دا لە ئاست پێواژۆی چارەسەری مەعقوولییەتێک هەیە و بە شێوەیەک درێژە دەدەن بە پێواژۆی چارەسەری.
دەمیر تاش : کوالیسیۆنێکی ئاوا، ئەگەر خۆی لەو پرێنسیپانە گێل نەکا  کە هەدەپە هێناویەتە مەیدانێ زۆر بەکەلک دەبێ.
ئاڵتایلی: لە دەرەوەی ئەوە ئێمەش ئەگەر پێویست بکا وەک شەریکێکی کوالیسیۆن و ئەگەر پێویست بکا لە دەرەوەی کوالیسیۆن پشتیوانی لە بەرنامەیەک دەکەین کە پرێنسیپەکانی ئێمەشی ڕەچاو کرد بێ.
دەمیرتاش : بەڵێ ئەگەر بژاردەکان بێنە بەردەستمان، هەڵیان دەسەنگێنین.
ئاڵتایلیی:  ئێوە دەڵێن تەنانەت دەکرێ پشتیوانی لە حکوومەتی ئاکەپە – مەهەپەش بکەین  ئەگەر هەر نەبێ خۆ لە بەشێکی گەورە لە پرێنسیپەکانی ئێمە بکەنە ساحێب. بەڵام بێتوو هەڵبژاردنی پێشوەخت بکرێ بۆ ئەویش ئامادەین. باشە لە ڕوانگەی ئاکەپەوە چۆن دەبێ ؟
دەمیرتاش: ئێمە لەوە ناترسێین لە حکوومەتیش دابین . لە بەرپرسیاری وەئەستۆ گرتنیش ناترسێین. با خەڵکی دیکە بەرپرسیارەتی وەئەستۆ بگرن ، با بار لە سەر شانی ئەوان بێ، بەرپرسیاری لە سەر ئەستۆی ئەوان بێ ئێمە لە دەرەوە ڕا هاسانکاری بکەین لە بەر ئەوەش هەڵنایەین. مەسەلەی کتوپڕ هەن کە دەبێ جێ بە جێ بکرێن. با بێینە دەوری مێزێک کۆبینەوە بدوێین. ئەگەر پێویست بێ ، بڕوانە بەڕێز داوود ئۆغلوو ئەرکی درایە ، یەک بە یەک دیدار دەکا لە گەڵ پارتییەکان . ئەمن پێشنیازی ئەوەی پێ دەکەم : فەرموون با خولی دووەمی دیدارکان هاوکات ئەنجام بدەین. چوار پارتیی لە هەمان کات دا بەدەوری مێزێکەوە دانیشین و هەموو بەیەکەوە قسە و ڕاوێژ بکەین. ئەگەر ئاکامی جیاوازی لێ دەرنەکەوێ لە هەمان کات دا سەبارەت بەو بارو دۆخەی کە ووڵاتی تێدایە بۆچوونەکانم چییە؟ لە چیدا یەک دەگرینەوە و لە سەر چی یەک ناگرین ئەوانە بزانین چن و لە هەمان کات دا بیانهێنینە سەر مێز ، ئەگەر کرا بەرپرسیارەتییەکەمان بەیەکەوە وەدی دێنین  و لە دیوەکە بە مزگێنییەکەوە دەر دەکەوین. با بڵێین ئێمە پارتیی جیاواز جیاوازین بەڵام،دوا جار  بیر لە بەرژەوەندی کۆمەڵگە دەکەینەوە ، براکەم ئەم ووڵاتەش حەوجێی بە ئاشتی یە ، پێداویستی بە ئازادی و بە نانیش هەیە. هەڵە و خەتا کراون، ئێمەش هەڵە و خەتامان هەبووە ، ئی جەهەپە، ئاکەپە و مەهەپەش هەبووە. ئێمە ئەو هەڵانەی خۆمان دی لە دەوری مێزێک کۆ بووینەوە.

ئاڵتایلی:  بۆ وێنە خەتاکانی ئێوە چ بوون ؟
دەمیرتاش: ئێمە بۆ گەورە بوونەوە خاوەنی پۆتانسییەلێکی زۆر زیادتر بووین نەمان توانی بە دروستی بەکاری بهێنین. لە نێو خۆمان دا سنووری خۆمان بەرتەنگ کرد. یانی جار جار بووینە پارتییەک کە دەرگای لە سەر خۆی داخستووە .
لە بەر چاوگرتنی هەموو پرسەکانی تورکییە و ڕێگا چارە دۆزینەوەیان...
ئاڵتایلی: یانی بە دوای کۆبانی دا ئەو بانگەوازەی کە کردتان و ئەو ڕووداوانەی لە باشووری ڕۆژهەلات قەومان ئەوانە بە خەتای خۆتان دەبینن ؟ زۆر باسی ئەوە دەکرێ!
دەمیرتاش: ڕووداوەکان خۆیان هەڵە بوون بەڵام، بانگەوازەکە خۆی ئەمن بە هەڵەی دانانێم. بەڵام ئەو شتانەی ڕوویاندا پڕۆڤاکاسێۆن و خەتای گەورە بوون. ٥٢ ئینسان مردن، کە ٤٤ کەسیان سەر بە هەدەپە بوون. زۆربەی ئەوانەی لەوێ مردن سەر بە پارتییەکەی من بوون. ئەمن لێکیان جیا ناکەمەوە، بەڵام وەک ئەوەی گۆیا ئێمە ٥٢ ئینسانمان کوشتبێ دێن هەدەپە تاوانبار دەکەن. ئێمە ناحەقیش قەبوڵ ناکەین. لایەنی هەڵەی ئەو ڕووداوانە توند و تێژی و زەبر و زەنگ بوو. بەڵام  بۆ ڕزگار کردنی کۆبانێ لەو تەنگە بەرییەی تێی کەوتبوو ، بۆ ڕزگار کردنی لە وەحشت، دەستدرێژی و بەربەرییەتی داعش پێویست بوو دەنگی کۆمەڵگە بەرزتر بکرێتەوە . خۆزگە توانیبامان هەموو بەیەکەوە بە ڕێگای دێمۆکڕاتیک و  ئاشتییانە ئەوە بکەین . لێرە دا بەرپرسیارەتی بە دەرەجەی یەکەم لە سەر ئەستووی  پارتیی حکوومەتە. هێشتا بەرپرسیارییەکە ڕوون نەکراوەتەوە. ئەمن تاوانبار دەکەن وەک ئەوەی وەزاڕەتی کارو باری نێو خۆ  بەمنەوە گرێ درابێ!
ئاڵتایڵی: ئاکامی لێکۆڵینەوە لەو بۆمبەی لە دیار بەکر تەقێندراوە بە کوێ گەیشت؟
دەمیرتاش: هێشتا ئاکامێکی ئەوتۆی لێ دەرنەکەوتووە. کەسێک گیراوە ، کێی لە پشتن هێشتا ئەوانە نەگیراون.
ئاڵتایلی : دەڵێن یەک گیراوە و بەردراوە
دەمیرتاش: بەڵێ ئەو کەسەی کە بە دووی دا دەگەڕان. حکوومەت نابێ بەرپرسیاریی ئەوشتانە لە ئەستۆی خۆی داماڵێ. دەبێ بە دڵی سافەوە قسە بکەین . ئەگەر کەمایەسییەکی ئێمە هەبێ. لە گوتنی ئەوە و لە دەربڕینی ئەوە و لە ڕەخنەگرتن لە خۆ، خۆمان نادزینەوە. داوای لێبوردن لە کۆمەڵگەکەمان دەکەین . ئێمە کێین کە خۆمان لە سەرەوەی کۆمەڵگە ببینین؟ ئاکەپەش دەبێ خۆی وا ببینێ. ئەگەر خەتای کردووە دەبێ ڕوو لە خەڵکەکەمان بکەین و داوای لێ بوردنیان لێ بکەین. چونکە بەرپرسیارەتییەکتان بە ئێمە دا، وەکاڵەتێکتان داوە بە ئێمە، ئەومان بەکەموکورتییەوە، بە هەڵە بەکار هێنا. پێویستە داوای لێ بوردن بکەین. دەبێ ئەو خەسڵەتە لە خۆمانەوە نیشان بدەین بۆ ئەوەی بەو ڕێگایەی دا کە لە پێشمانە و پێی دا دەرۆین هەڵە نەکەین. ئێمە بەم کراوەیی و بەم سەمیمییەتەوە بەرەو پێواژۆ دەچین ئەگەر پارتییەکانی دیکەش خۆیان لە چنگ گشت ئەو ترس و پارانۆیایانە ڕزگار بکەن و عەرزی ئاغای خۆم بکەم لە جیاتی بیرکردنەوە لەوەی ئەگەر هەڵبژاردنێکی پێشوەخت بکرێ من لەو کارە دا بە سپی دەرکەوم و حازرییەکانی بکەم و ئەوەی دەمێنتەوە حەقم بە سەرییەوە نییە، لە پێش دا لەم وەزعەی دا کە ئێستا هەیە هەر کەس بە دوای چارەسەرییەک دا بێ ئەمن پێم وایە کە حکوومەتێکی کوالیسیۆن دا دەمەزرێ.
ئاڵتایلی : باشە، ئەگەر حکوومەتێک پێک نەیە چ دەبێ؟ پازدە ڕۆژ لەمەوبەر سڕی سورەیا ئوێندەر لەم بەرنامەیە دا گوتی ئێمە بۆ هەڵبژاردن ئامادەین ، ئیدیعای ئەوە دەکەین دەتوانین نزیکەی ٢٠ لە سەدی دەنگان وەدەست بێنین!
دەمیرتاش: بەڵی ڕاستە دەتوانین ٢٠ لە سەدی دەنگان بە دەست بێنین. لە هەڵبژاردنی پێشوو دا  ١٥ لە سەدمان پێشبینی کرد بوو .
ئاڵتایلی: یانی ئەو دەمی بە ناوی زۆر سوورپریزەوە دێنە پێش خەڵک ؟
دەمیرتاش: تەنێ لە سەر بنەمای ناوی کەسان نییە! کۆمەڵگەی تورکییە دەزانێ هەدەپە کاری جوانی کردووە و دەبینێ کە سیاسەتی دروست بەڕێوە دەبا. ئەوە سەرکەوتنی شەخسیی من نییە. ئەوە تەنێ هەر سەرکەوتنی شەخسیی بەڕێوەبەرانی پارتییەکەمان نییە. بڕوانە کۆمەڵگەی تورکییە لە ٧ ساڵانەوە تا ٧٠ ساڵان کەمپەنێکی دڵخوازنەی بەڕێوە برد. گەنجان، منداڵان، ژنان. یانی لە تراکیاوە ، لە دەریای ڕەشەوە، چووزانم لە ئێژەوە تا حەکاری بە میلیۆنان ئینسان دڵخوازنە کاریان کرد و ئەو سەرکەوتنەیان خستە ڕوو. ئێمە دەڵێین ئێمە وەک کۆمەڵگەی تورکییە ئیتر باوەڕمان بەوە هێنا؛ بەیەکەوە دەژین، جودا نابینەوە بەڵام بە پەرە پێدانی ئازادییەکانمان دەتوانین لەوە دا سەرکەوین. ئێمە ئەو باڵانسەمان ڕاگرت. لەگەڵ هەدەپە بەیەکەوە ئەو باڵانسەمان باش بەکار هێنا و  کۆمەڵگە لە دڵ و هەناوی خۆی دا هەستی کرد بەو باڵانسە و لای پەسند بوو و لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختی موحتەمەلیش دا ئینسانەکان باوەر بەوە دێنن کە سیاسەتێکی ئاوا دەبێ تورکییە بەڕێوە بەرێ. کادرەکان بۆ ئەوە ئامادەن، بە لێبڕاوانە زیاتر لە ٢٠ لە سەدی دەنگانیش وەدەست دێنین، ئەو دەمی تورکییە هەست بە ئاسوودەیی دەکا.
ئاڵتایلی: باشە،  قسەیەکی ئاوا هەیە لەو هەڵبژاردنە دا  دەنگی ئاک پارتی زیاد دەکا،  جەهەپە دەنگی زیاد دەکا، مەهەپە دەنگی کەم دەبێتەوە بە تایبەتی لە بەر هەڵوێستەکانی ئەو دواییانەی . ئەو دەنگە ئەمانەتانەی کە دراون بە هەدەپە دەگەڕێنەوە سەر جێی خۆیان. پێتان وایە ئەو قسەیە ڕاست بێ ؟
دەمیرتاش: نەخێر! ئانکێتەکانیش لە دووی قسەی ئاوا نادەن و وەڕاستی ناگێڕن. چاوەدێریەکانی سەر باڵی ڕاستیش  ئەو قسەیە پشتراست ناکەنەوە. تەنانەت ئەگەر ئاکامێکی ئاواش دەرکەوێ، ئەگەر هەڵبژاردن بە شێوەیەکی دێمۆکڕاتیک بەڕێوە بچێ ئێمە ڕێز دەگرین لەو بڕیارە. چ دەتوانین بڵێین؟ یانی عەرزی ئاغای خۆم بکەم هەڵدەستین بڵێین کە ئەوە مەشرووع نییە و دەنگی دزێتییە بۆیە وای لێ هات؟ بۆمان نییە ئەوە بڵێین . هەر ئەوەندە بەسە هەڵبژاردن لە هەلومەرجی وەکوویەک بۆ هەموو پارتییەکان بەڕێوە بچێ. چونکە ئێمە لە هەلومەرجی یەکسان دا ڕکەبەریمان نەکرد. فاتیح بەگ ئێمە بێ ئەوەی قرووشێک لە دەوڵەت وەرگرین ، سێ پارتییەکەی دیکە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن ٣٤٥ ترلیۆن لیرەیان لە دەوڵەت وەرگرت و بەو حاڵەوە  ڕکەبەریمان کردن. تەنێ ئەوەش نا لە ١٨٥ جێگا هێرش کرایە سەر پارتییەکەمان. بە بۆمب هێرشمان کرایە سەری ، عەرزی ئاغای خۆم بکەم هێرشی چەکدارانەمان کرا سەری، تا حەول دان  بۆ لەتوپەت کردن و شکاندنی تابڵۆکانی سەر دەرگای بیناکانی پارتییەکەمان. تەنانەت ئەو مێدیایەش کە کاری خۆی دەکرد، و  بە شێوەی ئۆژێکتیڤ کاری دەکرد ، ئەمن ناڵێم پشتیوانیان لە ئێمە دەکرد، لە حەقیقەت دا شتێکی ئاوا نەبوو . ئەوان دەیانەویست کاری خۆیان بکەن. ئێوارەیەک من بانگ کرام بۆ بەرنامەی ئێوە، ئێوارەکەی دی کاندیدای مەهەپە لە سەر شاشە دەرکەوت. نووچەگەیانن هەر لە بەر ئەوەی کاری خۆیان دەکرد وەختا بوو لەتوکوت بکرێن. بە سەدان کانال پڕۆپاگاندای کرد بۆ حکوومەت، لە گەڵ کاناڵەکانی دەوڵەت واتە تەرەتەش. لە رکەبەرییەکی ئاوا بێ عەداڵەتی دا ئێمە ١٣ لە سەدی دەنگمان وەدەست هێنا. ئەو سەرکەوتنە لە جێدا زۆر بەنرخە و لە هەڵبژاردنێکی پێشوەختی موحتەمەل دا ئێمە  باوەرمان بە زیاد کردنی دەنگەکانمان و سەرکەوتنی زیادتر هەیە. سەرەڕای ئەوەی ئێمە عاشقە کورسی نین و ناڵێین ژمارەی کورسییەکانمان زیادتر کەین چونکە بابەت زیاد کردنی کورسی هەدەپە نییە . پرس هەنە بە ٨٠ نوێنەری پاڕلمانەوە ئامادەی چارەسەرکردنیانین، ئامادەین بۆ چارەسەری پشتیوانی بکەین و بۆ ئەوە بۆ چارەسەری پرسەکانی ووڵات ببڕ ببڕ پێویست ناکا دەنگمان بگاتە ڕێژەی ٢٠ لە سەد.
ئەگەر سیاسییەکی عاقڵ بن ، تورکییەتان خۆش بوێ ، کۆمەڵگەی تورکییەتان خۆش بوێ، ئێمەش دەڵێین ئێمەش ئاواین. وەرن دەست بدەینە دەستی یەکتر و گیروگرفتەکانی ووڵاتەکەمان چارەسەر بکەین.
ئاڵتایلی: سەلاحەدین بەگ سپاست دەکەم. لەپڕ شتێکم وەبیر هاتەوە بەر لەوەی بەرنامەکە کۆتایی بێ. ئێوە تویتر بە شێوەیەکی زۆر جوان بەکار دەهێنن ، بەڵام شتێک کە سەرنجی من ڕادەکێشێ ئێوە  ژارگۆنێگی زۆر گەنجانە بەکار دەهێنن . یانی ئێوە ژارگۆنی گەنجانی زانکۆیی بەکار دەهێنن. ئایا بۆخۆت ئەو جریوانە دەنووسی؟

دەمیرتاش: بەڵی من خۆم تویتر بەکار دەهێنم. هاوڕێ ڕاوێژکارەکانم بە کاری ناهێنن ، زۆر بە دوا دا چوون دەکەم، شوێنهەڵگرێکی باشم . لە ڕاستیدا هەر دەرفەتم دەست بکەوێ پێوەی خەریک دەبم ..

ئاڵتایڵی : بەو ژارگۆنەی گەنجان بەکاری دەهێنن جریوە دەکەی
دەمیرتاش: ئەو شتانەی نووسراون دەخوێنمەوە . ئەوێ بەستێنێکی جیاوازە. ئەوێ زمانی لە مەڕ خۆی هەیە. مێدیای کۆمەڵی کولتووری لە مەڕ خۆی هەیە . ئەگەر لە وێدا بنووسن و بتانەوێ بەو ڕێیە دا پەیامی خۆتان بنێرن، لەوێ پێویست بە خۆڕانان نییە، مەیدانێکی ئازادە، ئەوێ بوارێکە کە دەکرێ خۆ ڕانان و ئازادی بە باشی لەیەک بکرێتەوە . نامەوێ جۆرێکی دی خۆم نیشان بدەم، ئەوەم کە هەم،  هەم لە سیاسەت دا، هەم لە میدیای کۆمەڵی دا و هەم لە ژیانی ڕۆژانە دا.  
ئاڵتایلی: باشە، زۆر سپاس

دەمیرتاش : ئەمن سپاستان دەکەم، هەر بژین
ئاڵتایلی : بینەرانی هێژا! سەلاحەدین دەمیر تاشمان میوان بوو . ئەو بانگەوازێکی کرد کە هەموو کەس پێی خۆش بوو گوێی لێ بێ کە دەبێ دەست لە چەک هەڵبگیردرێ، گوتی نابێ لە ژێر سێبەری چەک دابین. گوتی بە خۆشییەوە هەموو ڕۆژێ بانگەوازییەکی ئاوا دەکەم لە بەیانییەوە هەتا شەوێ، بەڵام  تا ئەو کاتەی شەرت و مەرج ئامادە نەکراوە نە بە قسەی من دەکەن و نە بە قسەی یەکی دی. ئەو شەرتانە چۆن پێک دێن بە پێی ڕێکەوتن دەکرێ ، دەبا ئەو شەرتانە پێک بێنین و چەکەکان هەر ئەو ڕۆژە دەستیان لێ هەڵدەگیرێ.  باوەڕی وایە لە کاتێکدا دا کە هێشتا حکومەت پێک نەهاتووە ک.ج.ک. لەسەرەخۆتر دەجووڵێتەوە  و لەو ڕووەوە گوێمان لە بانگەوازکەشی بوو.  مەسەلەی کۆبانێ زۆری قسە لێوە دەکرێ. لە جەرەیانی بەدەنگەوهاتنی کۆبانی دا لە باشووری ڕۆژهەلات ڕووداوی ناخۆش قەومان.  بانگەوازەکەی من سەبارەت بە کۆبانێ هەڵە نەبوو بەڵام، ئەو ڕووداوانەی بە دووی دا هاتن خەتای گەورە بوون بریا وا نەبوو با. لەوانەی مردن ٤٤ کەسیان سەر بە پارتییەکەی من بوون. ئەوە گرینگ نییە کە کووژراوەکان سەر بە کام پارتی بوون هەر چونێک بێ گیانی ئینسانێکیش گرینگە. ئینسانەکانی ئەوێمان ئێمە نەکوشت، بە داخەوە لەو ڕوداوە  تاڵانەدا زۆر شتی ناخۆش قەومان و بانگەوازی من بەو مەبەستە نەبوو. سەبارەت بە دیدارەکانی پێک هێنانی حکوومەت، بەدیلی ئیدێئال حکوومەتی کوالیسیۆنی ئاک پارتی – جەهەپەیە و ئەوە دەتوانێ چارەسەری نەک هەر لە سەر مەسەلەی کورد لە سەر زۆر کێشەی دیکەش لە چوار چێوەی ڕێکەوتنی کۆمەڵایەتی بەربڵاوتر دا مەیسەر بکا و ئەوەش دەبێتە هۆی بەهێزتر بوونی تورکییە و هەدەپەش دەتوانێ لە دەرەوە را پشتیوانی لە کوالیسیۆنێکی ئەوتۆ بکا ، تەنانەت دەتوانن پشتیوانی لە کوالیسیۆنی ئاک پارتی – مەهەپەش بکەن بە مەرجی قەبووڵی پرێنسیپەکانیان. و ئەگەر نزیکی پێک بێ و لە ئەگەری هەنگاو بەرەو دوانانی ئاک پارتی و خۆیان  گوتی دەرگایان بۆ  بژاری بەشداری لە کوالیسیۆن دا دانەخراوە. ئەوە هەڵێنجاوەی قسەکان بوو.
تا حەوتووی دابێ و دیدارێکی دی هەر بە خۆشی دانیشن.