Sunday, December 27, 2015

حکوومەت گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ



عەبباس وەلی: حکوومەت گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێ

نازان ئوێزجان

ڕۆژنامەی ئاگوس ،  ٢٥ . ١٢. ٢٠١٥

لە پڕۆفسۆر دوکتور عەبباس وەلی کە لە بەشی کۆمەڵناسی زانکۆی بۆغازئیچی  کار دەکا و لە ناسنامەی نەتەوەیی ، مۆدێرنیتە و نەتەوەی بێ دەوڵەت ، تێگەیشتنی مۆدێڕنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، کۆمەڵناسیی مێژوویی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکۆڵێتەوە  پرسیارمان کرد لەمەو دواوە چ ڕو دەدا؟
لە باشووری ڕۆژهەڵات دا شەڕێک هەیە. نەشمانەوێ بزانین هەموو ڕۆژێ [ لەوێ]  منداڵان، ژنان و خەڵکی مەدەنی دەمرن. دە هەزار عەسکەر ، خەندەکەکان، ئەو ئینسانەنانە لە زێد و واری خۆیان دەر دەکەون. چ ڕوودەدا ؟ ئەوانەمان لە  نووسەری کتێبێ  وەک ' ئێرانی بەر لە کاپیتالیسم ' ، " ڕەچەڵەکی ناسیۆنالیسمی کورد"  پرسی کە چوار ساڵ بەڕێوەبەری زانکۆی [کوردستان ] بووە لە هەوڵیر  و لە سەر ناسێنەی نەتەوەیی، مۆدێڕنیتە و نەتەوە بێ دەوڵەتەکان، تێگەیشتنی مۆدێڕنی سیاسی و کۆمەڵایەتی ، کۆمەڵناسیی مێژوویی و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لێکۆڵینەوەی کردووە پڕۆفێسۆر دوکتور عەبباس وەلی لە بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆی بۆغازیچی  کار دەکا


حکوومەت بە ١٠ هەزار عەسکەرەوە هێرشی کردووەتە سەر ناوچەکە، پێکهەڵپڕژانەکان و مردنەکان زۆر جیدین . چ دەقەومی؟

بە بۆچوونی من چەندین پێڤاژۆ لە پڕ وەڕێکەوتوون و هەمووشیان هۆی جیاوازیان هەیە. هۆی یەکەم ئەوەیە ، ئەم حکوومەتە لە باشووری ڕۆژهەڵات دیسان پەنای بردووەتەوە بەر سیاسەتی هێمنی و ئیستیقرار. یانی حکوومەت بە کارتی ناسیۆنالیسمی نەریتی کایە دەکا و ئەگەر لە پێناو گۆڕینی قانوونی بنچینەیی و سیستمی سەرۆکایەتی دا نەخشەی ئەوەی هەبێ خۆی ئامادە بکا بۆ ڕێفڕاندۆم ، ئەو پشتیوانییە ناسیۆنالیستییە بۆ  حکوومەت گرینگییەکی زۆری هەیە. لە ڕوانگەیەکی دیکەشەوە بە بۆچوونی من حکوومەتی ئاکەپە ، بە شێوەیەکی زۆر ئاشکرا، ئینسانەکان لە باشووری ڕۆژهەڵات سزا دەدا هەر لە بەر ئەوەی لە هەڵبژاردن دا دەنگیان داوە بە هەدەپە. ئەو توندوتیژییەی ئێستا دەوڵەت بەکاری دەهێنێ، رووی لەو شارانەیە کە تا ئاستێکی بەرز دەنگیان دا بە هەدەپە، وکوو جزیرێ، دیاربەکر و نوسەیبین.  هۆیەکی دیکەی ئەو توند و تیژییەی دەوڵەتیش ، ستراتێکی ناسەرکەوتووی حکوومەت لە سوورییە یان بی ستراتێژی بوونی لەوێندەرێ یە. بوونی حکوومەت لە سنووری سوورییە زۆرە لاوازە. بەدوای هاتنی ڕووسەکان بۆ سوورییە  گشت پلانەکانی تورکییە  لە ناوچە سەر وبن بوو. بۆ وێنە فکری ساز کردنی ناوچەی تامپۆن بە تەواوی بەلاوە نرا و لە سەر مێز لاچوو. بە تایبەتی لەو شوێنانەی دا لە لە ژێر کۆنتڕۆڵی پەیەدە دان، ئێمکانی ئەوەی کە تورکییە بتوانێ ڕاستەوڕاست شوێنیان لە سەر دابنێ ، بە کاریان بهێنێ یان کۆنتڕۆڵیان بکا لە گۆڕی دا نەماوە. جا لە بەر ئەوە دەیانەوێ لە باشووری ڕۆژهەڵات، تەنانەت کەمترین بیر و کەمترین حەولدان  بۆ دروستبوونی  پێکهاتەیەکی شێوەی ئەوەی لە سوورییە ساز بووە بکووژن. دەیانەوێ مل بە خەڵک کەج کەن. تورکییە بۆ ئەوەی بتوانێ سوورییە کۆنتڕۆڵ بکا هیچ شانسێکی نەماوە. لە لایەکی دیکەوە ئەگەر ئۆپێڕاسیۆنی  ئازاد کردنی مووسڵ دەست پێ بکا  و پ.ک.ک و پەیەدە لێرە دا دەورێک بگێڕن ، پێوەندیی گرتن لەگەڵ باکوور یانی کوردەکانی تورکییە زۆر هاسان و گرینگ دەبێ. بەتایبەتی ئەوەی کە ئەمریکا و ئوڕووپاش لەو حیسابە دا هەن. لە لایەکی دیکەشەوە لە هێندێک چاپەمەنی لیبێڕاڵ دا خوێندمەوە کە حکوومەتیش بە شێوەیەکی ویستی ئەوەی بووە ئەم شەڕە دەست پێ بکا. ئاشکرایە پ.ک.ک، ش دەوری هەیە لەو شەڕ دەست پێکردنە دا. یانی بە پێی حکوومەت جووڵانەوە و وەک حکوومەت دەیەویست هەلسوکەوتیان کرد و بوون بە پارچەیەک لەو شەڕە. بەڵام ئەم شەڕەی ئەم جارە شەڕێکی زۆر جیاوازە.

ئی وا هەن  بەساڵانی ١٩٩٠کانی دەشوبهێنن و ئی واش هەن دەڵێن لەو دەمیش خراپترە. ئێوە چۆنی دەبینن؟

نەخێر وەک ساڵانی ٩٠ کان ناچێ، تەنانەت وە شەڕەکانی دوو ساڵ لەمەوبەریش ناچێ. لە شەڕی سەروبەندی بەر لە ئێستا دا ، شێوەی شەڕ کردنی دوو هێز لە بەرانبەر یەکتری دا بوو. بەڵام ئێستا ئامانجی تایبەتی لە گۆڕێ دان. پ.ک.ک ئەم جارە لە سەر بنەمای فکری خۆسەری ڕا هاتە نێو شەڕ. حکوومەتیش بە دژی ڕاگەیاندنی خۆسەری زۆر بێ بەزەییانە هێرشی کرد. چونکە ڕاگەیاندنی خۆسەری بە مانایەک بریتی دەبوو لە دووپاتە کردنەوەی سەرکەوتنی پەیەدە لە سوورییە ، دیارە ئەگەر سەربکەوێ. لە سوورییە هیچ دەوڵەت نییە، بەڵام لە تورکییە دەوڵەت هەیە. دواجار  وەدیهاتنی شێوەیەکی دیکە لە بەڕێوەبەریی لە بەشێکی دیکە لە ووڵات دا بە هیچجۆر قەبووڵ ناکا. لە بەر ئەوە حکوومەت گەڕاوە سەر ، سیاسەتە ئەمنییەتییەکانی ، یەک دەوڵەت ، یەک زمان  و یەکێتیی نەتەوە.  یانی ئەوە شەڕی دامەزراندن یان دانەمەزراندنی شێوەیەک لە بەڕێوەبەریی نوێ یە. لە هەمان کات دا ئەوە شەڕی ئەوەیە کە کێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا تەئسیری دەبێ و کێ نایبێ. جا بە باوەڕی من لە بەر ئەو هۆیانە  ئەو شەڕە  شێوەی شەڕێکی نێوخۆی و بەدژی خەڵکی مەدنی  بەخۆیەوە گرت. یانی ئەو شتەی کە ئێستا  لە شارە کوردەکان دا هەیە. حکوومەت تەنێ ئەوانە سزا نادا کە لەوێن ، لە هەمان کاتدا  دەیەوێ لەوێ  ئەگەری وەدیهاتنی هەرجۆرە شێوەی بەڕێوەبەریش لە ڕیشە دەربکێشێ. 
ئایا دەکرێ ئەوە شەڕێک بێ کە لایەک بیباتەوە ؟

لە کورت خایەن دا  حکوومەت وێدەچێ بیباتەوە. چونکە ئیدی دەستیان کرد بە بەکارهێنانی چەکی قورس. ئینسانەکان لە شارەکان دەردەپەڕێنن. ئەوە سیاسەتی  بێ ئینسان کردنی ناوچەکەیە. بەو شێوەیەش  لەوێ ئەگەری هەرجۆرە خۆسەرییەک لەناو دەبەن. حکوومەت پێی وایە لە کورتخایەن دا  دەتوانێ بە بەکار هێنانی ئەوپەڕی هێز سەر بە ئینسانەکان دانەوێنێ و ئەگەری ساز بوونی خۆسەری لە ناوبەرێ بەڵام لە درێژخایەن دا گۆڕی خۆی هەڵدەکۆڵێ.  جا لەبەر ئەوە حکوومەت دەبێ جارێکی دیکە ڕوو لە دیالۆگ بکاتەوە لەگەڵ کوردەکان.

هەموو کەس بانگەوازی دەکا بۆ گەڕانەوە بۆ دەوری مێز بەڵام ئایا دیسان گەڕانەوە بۆ دەوری مێز ، کردنەوەی لاپەڕەیەکی نوێ مومکینە"
ڕۆژی جومعە سەرۆک کۆمار ئەردۆغان، لە قسەکانی دا  گوتی: " هەتا خەندەکەکان پڕ نەکرێنەوە  هیچ چاوپێکەوتنێک ناکرێ" . ئەوە، بە باوەڕی من پەیامێکە بۆ پ.ک.ک. ناردراوە. چونکە هیچ نییەتی چاوپێکەوتن و موزاکەرە لە قسەکانی پێشووتریەوە نەدەخوێندرایەوە.  ئەوە یانی ئەگەر دەست لەو خۆسەرییە هەڵبگرن دیسان ئەگەری دەستپێکردنەوەی چاوپێکەوتنەکان ساز دەبێ. چونکە حکوومەت دەرفەتێکی زۆری نییە بۆ ئەوەی بتوانێ درێژە بەو بارو دۆخە بدا. چونکە ئیدی بارودۆخەکە وەک ساڵانی ٩٠ کان نییە. لە ٩٠ کاندا  دۆزی کورد  تەنێ کێشەی تورکییە بوو ، بەڵام ئێستا ئیدی خەسڵەتێکی هەرێمی پەیدا کردووە. تەنانەت ئەگەر هێندێک پێشتریش بچین ، لە هێندێک ڕووەوە دۆزێکی نێونەتەوەیی یە. یانی هەڵوێستی تورکییە لە سەر دۆزی کورد کاردانەوەی دەبێ لە سەر هەڵوێستی سوورییە، عێڕاق ، ئێران تەنانەت ڕووسییەش. ئەگەر تورکییە بییەوێ ببێ بە ئاکتۆرێک لەو هەرێمە دا ، بەر لە هەموو شت دەبێ وەزعی باشووری ڕۆژهەڵات ئارام کاتەوە.
باشە ئەگەر لە لایەنی کوردانەوە تەماشای بکەن چ دەبینن؟

ئەو خۆسەرییەی باسی لێوە دەکەن ئەگەر هاوکات با لە گەڵ سەرهەڵدان و بەشداریی هەموو خەڵک  دەیتوانی وەدی بێ . لە بار و دۆخی ئێستا دا بۆیەیە حکوومەت هێرشێکی ئاوا جیدی دەکاتە سەر ئینسانەکان. حکوومەت لە جێدا ئەگەری سەرهەڵدانێکی ئەوتۆ لە ناو دەبا. خۆ ئینسانەکانیش ئەو ناوچانە بەجێ دەهێڵن.
لە نوسەیبین  ٢٠ هەزار ، لە سوور زیاتر لە ١٠ هەزار کەس  ئەو شوێنانەیان بە جێ هێشت.  پێشتر، عەسکەر کۆچی بە ئینسانەکان دەکرد لە زێد و واری خۆیان، ئێستا بۆ خۆیان دەڕۆن . بە باوەڕی ئیوە ئەوە مانای چییە؟

بە باوەڕی من لەدرێژ خایەن دا ، لە ئینسان بەتاڵ کردنی کوردستان، ئینسانەکان لە شوێنی خۆیان دەرپەڕاندن ، بۆ سیاسەتی کورد، ئابووری کورد و کولتووری کورد زۆر خراپ دەبێ. قەرەبووکردنەوەی ئەوانە ساڵانی زۆری پێ دەوێ. پێشتریش گوتم: بە مەحو کردن و لەناوبردنی هەموو شت دێمۆکڕاسی دانامەزرێ.  بە باوەڕی من ، ئێستا دەبێ پ.ک.ک. دیسان چاو بە ستڕاتێژی خەندەک لێدان دا بخشێنێتەوە. چونکە، بۆ سەرکەوتنی ستڕاتێژییەکی ئەوتۆ  پێویستی بە سەرهەڵدانێکی جیدیی و چالاکی گەل هەیە، دەکرێ ئینسانەکان لە دڵی خۆیان دا پشتیوانی لە ستڕاتێژییەکی ئەوتۆ بکەن بەڵام لە بەر هۆی ژیانیان یانی بەڵکوو لە بەر منداڵەکانیان، خێزانەکانیان، ماڵ و موڵکیان یان لە بەر ژیانیان ناچار بن  ئەو ناوچانەی لێیان دەژین بە جێ بهێڵن.  چونکە دەزانن کە، حکوومەت بێ ئەوەی کەس هەڵئاوێرێ  هەموان لە نێو دەبا. تەماشایەکی ئەو دیمەنانە بکەن کە لەو ڕۆژانەی دوایی دا لە ناوچەوە دێن. جیاوازییەکی ئەوتۆیان لەگەڵ ئی غەززە نییە. هەر وەک ئەو هێرشانەی ئیسرائیل دەچن کە دوو پاییز لەوە بەر لە غەززە کردی.  ئەوە لە ڕووی تیۆریشەوە ، بارو دۆخێکی لەبار نییە بۆ ئەوەی بکرێ خۆسەری تێدا ڕابگەیێنن. هیوا دارم کەسێک لەو ڕووەوە هوشداری بدا.
" خۆسەری، یان بە ڕێگای موزاکەرەوە وەدیهێنانی پێواژۆیەکی دێمۆکڕاتیکە یان بە ڕێگای سەرهەڵانێک دایە کە گەڵ ڕێبەری بکا و ببێتە ئاکامی موزاکەرەیەکی سیاسی. بەڵام ئەمن  لە حاڵی حازر دا  ئەو دوو بارو دۆخە نابینم.  ئەگەر دەتانەوێ لە نێو حاکمییەتی تورکییە دا خۆسەرییەکی ناوچەیی  دابمەزرێنن ، ناتوانن ئەوە بە ڕێگای تێکهەڵچوونی چەکداری لەگەڵ حکوومەت دابمەزرێنن. "


کێ دەبێ دەنگ بەرز بکاتەوە ؟

بە باوەڕی من، ئەو دەنگەی کە نییە، دەنگی عەبدوڵا ئوێجاڵانە. عەبدوڵا ئوێجاڵان، دەتوانێ تێخوێندنەوەی جیاواز لە مەڕ فکری خۆسەری کە بۆ خۆی دایڕشتووە باس بکا. یانی تا ئێستا هاتن  و ئەوەی ڕوویدا ڕوویدا بەڵام پ.ک.ک ش و حکوومەتیش دەبێ چاو  بە ستڕاتێژییەکانیان دا بخشێننەوە. و گشت چەمکی خۆسەری کە لە ناو حاکمییەتی سیاسی تورکییە دا دادەمەزرێ پێویستیی بە دێمۆکڕاسییەکی گەل هەیە. شەرتێکی دیکەی ئەوەش ئەوەیە دەبێ لە ئانکارا حکوومەتێکی دێمۆکڕاتیک هەبێ ، کە حاڵی حازر شتێکی ئاوا نییە. پێوانەیەکی دیکەش هەبوونی پشتیوانییەکی جیدی کۆمەڵە، کە لە حاڵی حازر دا ئەو گەلە لە لایەن حکوومەتەوە لە ناو دەبردرێ.  لە لایەکی دیکەوە بە باوەڕی من خۆسەری  یان ئۆتۆنۆمی دێمۆکڕاتیک ، یان پێواژۆیەکی دێمۆکڕاتیکە کە بە ڕێگای موزاکەرەوە  وەدی دێ یان دەبێ ئاکامی سەرهەڵدانێکی گەڵ بێ بە دوای موزاکەرەی سیاسی دا. بەڵام ئەمن لە حاڵی ئێستا دا هیچکام لەو دوو بارودۆخە نابینم.  ئەگەر لە نێو حاکمییەتی تورکییە دا دەتانەوێ خۆسەرییەکی ناوچەیی دابمەزرێنن، ناکرێ ئەوە بە ڕێگای تێکهەڵجوونی چەکداری لەگەڵ حکوومەت دابمەزرێنن. ئەمن حورمەتم بێ سنوورە بۆ گشت ئەوانەی لەو خەباتە دا ژیانیان لە دەست داوە ، ماڵ و حالیان لێ تێک چووە ، بەڵام دەبێ دیسان چاو بەو ستڕاتێژیانە دا بخشێندرێتەوە. ئێستا پێویست بەوە دەکا  و زەمانی ئەوەیە کە ڕوو لە بواری سیاسی بکرێتەوە. چاوپێداخشاندنەوە بە ستراتێژی ئەو جۆرە پێکهاتە سیاسییانە و  بۆ دیسان ڕێکخستنەوەی هێزەکان لە جێدا  پێویستیی بە نەرمیی ستراتێژی هەیە. لە جێدا بە چاو لێکردنی تێخوێندنەوەکانی ئوێجاڵان دەبینین کە هەبوونی خۆسەری بە ئاکامی دێمۆکڕاسی دەزانێ.

بەڵام لە هەر دووک لاوە هیچ ڕوونکرنەوەی ئەرێنی نابیستین ، باشە چۆن دەکرێ بە دەوری مێزەوە دابنیشن؟

بە پەژارەوە دەمەوێ شتێک بڵێم. ئەم بار ودۆخە ، زەرەری هەرە جیدی و هەرە زۆر بە هەدەپە دەگەیێنێ. لەو بوارە دا  ئەو تاکتیکەش کە حکوومەت بە کاری دەهێنێ وێدەچێ بە قازانجی هەڵسووڕێ. سەرکەوتنەکەشی لەوە دایە : جارێکی دیکە هەدەبە بخاتەوە ناو چواردیواری ئێتنیکی. چونکە هەدەپە دەستی کرد بوو بە تورکییەیی بوون ، لە جەغزی پارتییەکی ئێتنیک  هاتبووە دەرێ. و ئەوەش حکوومەتی زیاتر لە هەموو شتێک دەترساند. بە باوەڕی من حکوومەت  لە بە تورکییەیی بوونی هەدەپە زیاتر دەترسا تا لە قەندیل .
بۆ؟

چونکە بە ڕێگای دێمۆکڕاتیک دا بە دژی هێزێک خەبات کردن زۆر زەحمەتترە. یەک لە ئامانجەکانی ئەو شەڕەی  ئێستاش جارێکی دیکە  پاڵ پێوەنانی هەدەپەیە بۆ ناو چواردیواری کوردی. و بە باوەڕی من ئەوە ئێستا  دەکرێ. چونکە ئەو شەڕە هەموو شەرتە نەریتییەکانی شەڕێکی ناوخۆیی پێوە دیارە . ئەوە تەنێ حکوومەت نییە  کە ئەو شەڕە پێش دەخا ، لە هەمان کاتدا کۆمەڵگەشی بە شێوەی جیدی جەمسەر بەندی کرد. ئەو شتانەی لە ڕۆژهەڵات ڕوودەدەن، لەگەڵ ئەوانەی لە ڕٶژئاوای [ تورکییە] ڕوودەدەن زۆر جیاوازن. ئەو ئینسانانەی لە ڕۆژئاوای تورکییە دەژین، تەنانەت هەست ناکەن بەو شتانەش کە لە ڕۆژهەڵات ڕوو دەدەن. لەوانەیە  دەنگوباسەکان بخوێننەوە بەڵام  هەست بە بۆمبەکان، شەڕ، مردنەکان ،  تێکڕووخاندنی خانوو و ماڵەکان ناکەن و هەست پێ ناکەن  دانانی تەرمی منداڵان دە سەلاجان دا چییە. بە باوەڕی من ئەو جەمسەر بەندییە ، لە درێژخایەن دا، زەرەرێکی زۆر لە ستراتێژی کوردەکان بۆ دەرکەوتن لە چواردیواری ئێتنیکی و بە تورکییەیی بوون دەدا،

ئەم شەڕە تا کاتی ڕێفراندۆم بەردەوام دەبێ
گوتتان  ئاکەپە، دەیەوێ  هەدەپە  لە مەیدانی سیاسی دەرپەڕێنێ، ئەگەر وابێ  لە دۆخێکی ئاوا دا لەگەڵ کێ بۆ چارەسەر کردنی دۆزی کورد کار دەکا ، لەگەڵ کێ قسە دەکا؟

ڕاستە بە شێوەی ئاسایی ، دەبێ هێزێک هەبێ کە حکوومەت بتوانێ قسەی لەگەڵ بکا. ئەوە چۆن دەبێ نازانم بەڵام دەبێ ڕاستەوخۆ لەگەڵ پ.ک.ک. قسە بکەن. وەک ڕابردوو. دەنا درێژە دەدرێ بە شەڕ . و ئەو شەڕە  تا کوو ئێستا  لەوانەی کە بووە لە هەموان بە مەترسیترە. چونکە ئەم شەڕە  تەنێ شەڕی ڕووخاندنی ماڵەکان و خانووەکان نییە، بەڵکوو دیسان دەبێتە هۆی زیندوو بوونەوەی  کولتوورێکی زۆر ڕەگەز پەرستانە.  تەماشایەکی ئەو شتانە بکەن کە هێزە تایبەتییەکان ، عەسکەرەکان لە سەر دیوارەکانی دیاربەکر یان شارەکانی دیکە دا دەیاننووسن.  " ئەگەر تورکی فەخر بکە ، ئەگەر نی ئیتاعەت بکە! " ئەوە دۆخێکی زۆر بە مەترسییە. ڕاستە شەڕ  وا وێناچێ لە ماوەیەکی کورت دا تەواو بێ. نە ئەوە مومکین کە خەندەکەکان بە ڕۆژێک پڕ بکرێنەوە  و نە هێرشەکانی حکوومەت بە ڕۆژێک تەواو دەبن. لە بەر ئەوە هەر نەبێ دەبێ نییەتێکی سیاسی هەبێ بۆ ئەوەی قسە بکرێ و بۆ کۆتایی پێ دانی. بەڵام بۆ ئەوەش هەر دووک لا پێویستە لە یەک ئان دا ڕابوەستن.
ئایا هیچ نییەتێک دەبینن بۆ کۆتایی هێنان بەو وەزعە؟
نەخێر نییە، بۆیەش شەڕ  بۆ ماوەیەکی دیکەش  بەردەوام دەبێ. چونکە حکوومەت بۆ  سیستمی سەرۆکایەتی و ڕێفڕاندۆم لە مەڕ قانوونی بنچینەیی حەوجێی بە ئەو پشتیوانی ناسیۆنالیستییە هەیە .
یانی دەتانەوێ بڵێن  هەر نەبێ تا کاتی ڕێفراندۆم  ئەو شەڕە بەردەوام دەبێ

بە بۆچوونی من  ئەو هەڵوێستە توندەی حکوومەت ،تا ئەو کاتەی چلۆنایەتی سیستمی سیاسی ڕوون دەبێتەوە و بڕیاری لە سەر دەدرێ  یانی داخودا سیستمی سەرۆکایەتی دەبێ یان سیستمی پارڵمانی بەردەوام دەبێ. وا دەردەکەوێ ، ڕەوت بەرەو گۆڕینی سیستمی سیاسی بێ، بۆ بە زیندووی ڕاگرتنی پشتیوانیی ناسیۆنالیستەکان  حکوومەت پێویستی بە درێژە دانی شەڕە  بە دژی کوردەکان. لەوانەیە شەڕی گەرم ڕابوەستێ  بەڵام لە ڕووی وێژیاکەوە تا ئەو جێگایەی بییەوێ درێژە دەدا بە بەردەوامی ووتەی دژی کورد.

ئەوان ئەوەی دەیانەوێ وەدەستی دەهێنن بەڵام ئینسانەکان  زۆر شتی خراپ تەجرووبە دەکەن. لە ساڵی ٢٠١٥  ئەوەی ئینسانەکان لێیان قەدەغە بکرێ لە ماڵی دەرکەون عەقڵ نایبڕێ.

ئەم سیاسەتەی ئێستا حکوومەت پێڕەوی لێ دەکا  زۆر سێکتاریستی یە. واتە یان لەگەڵ منی یان بە دژی منی. ئێستا ئەوانەی بە دژ دەبیندرێن  کوردەکانن. بەڵام ئیدی دەبێ لەوە تێبگەیشترێ : دۆزی کورد ، لە جێدا مەسەلەیەکی ستڕاتێژیکی دەوڵەتی تورک ە. مەسەلەیەکی تاکتیکی حکوومەتی تورک نییە. جا بۆیە دەوڵەتی تورک ، دەبێ حەول بدا بۆ چارەسەری مەسەلەی کورد. چونکە ئەو دۆزە لە خۆیەوە لە ناو ناچێ. حکوومەتەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام مەسەلە ستراتێژیکەکانی دەوڵەت هەمیشە دەمێننەوە .                                                                                                                                                                             وێنە: بێرژێ ئارابییان
وەرگێڕان لە تورکییەوە : حەسەن قازی  

Thursday, December 24, 2015

داڕێژەری تورکیی نوێ ئەرمەنی بوو

داڕێژەری  تورکیی نوێ ئەرمەنی بوو
ئاگۆپ دیل ئاچار
ئاگۆپ دیل ئاچار ( مارتایان )  ( ٢٢ ی مەی ١٨٩٥ – ١٢ی سێپتامبری ١٩٧٩) زمانناسێکی ئەرمەنیی تورکییەیە   و کەسێکە لە بواری زمان دا گەیوەتە ئاستی پسپۆڕایەتی. یەکەم سکرێتێری گشتی کۆمەڵەی زمانی تورکی بوو. لە بەر ئەو لێکۆڵینەوانەی لە سەر زمانی تورکی کرد بووی ئاتاتورک پاشناوی " دیل ئاچار "  / کلیلی زمان / ی پێ بەخشی. جگە لە زمانی ئەرمەنی و تورکی ، زمانگەلی ئینگلیسی ، یۆنانی ، ئێسپانیایی، لاتینی ، ئەڵمانی ، ڕووسی و بوڵغاری دەزانی. وەک ئەفسەری ئیحتیات خزمەتی نیزامی کرد. لە ساڵی ١٩١٩ لە کالیجی ڕۆبێرت وەک مامۆستای زمانی ئینگلیسی دەستی بەکار کرد. دیل ئاچار ئەو کەسەیە پێشنیاری کرد بە مەجلیسی گەورەی تورکییە  کە پاشناوی " ئاتاتورک " بۆ مستەفا کەماڵ پەسند بکا.
کارەکانی   
   لە دوای شەڕ ، لە بەیڕووت بوو بە بەڕێوەبەری مەدرەسەی ئەرمەنی و بەرپرسیارەتی بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆژنامەی  لوویس  ( ڕووناهی) وە ئەستۆ گرت کە لە بەیڕووت بە زمانی ئەرمەنی دەردەچوو. بە هاوکاری هاوسەرەکەی مێلین  دوای گوێستنەوە بۆ شاری سۆفیا دەستی کرد بە گوتنەوەی دەرسی تورکیی کۆن و تورکیی ئویغووریی کۆن و لەوێ یەکەم کتێبی خۆی بڵاو کردەوە. لە ٢٢ی سێپتامبری ١٩٣٢  لە گەڵ ئیستێپان گوردیکیان و کەڤۆڕک سیمکەشیان  وەک پسپۆڕی زمان بانگهێشتن کران بۆ کۆنفڕانسی زمانی تورکی کە لە سەرای دۆڵمە باغچە لە ژێر سەرۆکایەتی مستەفا کەماڵ ئاتاتورک بەڕێوە چوو. دواتر ئاگۆپ مارتایان بوو بە سەر پسپۆڕ و یەکەم سکرتێری گشتی کۆمەڵەی زمانی تورکی کە تازە بە مەبەستی کار کردن و لێکۆڵینەوە لە سەر ئەو زمانە دامەزرابوو، لەبەر قانوونی پاشناو کە لە ساڵی ١٩٣٤ دا پەسند کرا لە بەر ئەو حەولانەی کە دابووی بۆ پێشخستنی زمانی تورکی پێشنیازی ئاتاتورکی قەبووڵ کرد پاشناوی خۆی بکا بە" دیل ئاچار " ( کلیلی زمان). ئەو بە کارەکانی  " تێزی مێژووی تورک " و " تێوری زمانی ڕۆژ" ، سەبارەت بە نەتەوەی تورک و ڕیشەکانی زمانی تورکی 'بەڵگە' ی زۆر گرینگی بە دەستەوە دا.  لە نێوان ساڵانی  ١٩٣٦ – ١٩٥١ لە زانکۆی ئانکارا دەرسی مێژووی زمان و تورکۆلۆژی گوتەوە و کاری گرینگی کرد لە سەر زمانی تورکی. بەشدارێکی چالاکانەی هەبوو لە داڕشتنی پیتی لاتینی و ئامادە کردنی ئەلفوپێتکەی تازەی تورکی دا.  لە نێوان ساڵانی ١٩٤٢ – ١٩٦٠  دا ڕاوێژکاری سەرەکی ئامادە کردنی ئەنسێکلۆپێدیای تورکی بوو. ئەو تا کاتی سەرنانەوەی لە ساڵی ١٩٧٩  درێژەی دا بە ئەرکی خۆی لە کۆمەڵەی زمانی تورکی و کارەکانی لە بواری زمان دا.
تەڕەتە خەبەری مردنەکەی بە هەڵە وەک مردنی عادل ئاچار ڕاگەیاند و دواتریش بۆ ئەوەی ناوە پچووکەکەی وەک ئاگۆپ نەگوترێ بە شێوەی  ئا. دیل ئاچار ناوی ڕاگەیاند بوو.
 کتێبەکانی:

ڕیشە دەروونییەکانی تیۆریی زمانی ڕۆژ  ( بە زمانی فەڕانسەیی ١٩٣٦)
تورکیی ئازەری (١٩٥٠)
تورکیی  ڕۆژئاوایی (١٩٥٣)
شێوەی نووسینەوەی لەهجەکان
مەسەلەی دەستەبەندی کردنی زمان و لەهجە تورکییەکان ( ١٩٥٤)
تورکی وەک زمانی دەوڵەت ( ١٩٦٢)
هەڵبژاردنی نووسینەکانی ویلهێم تۆمسن و ئۆرهۆن (١٩٦٣)
ئاوڕێکی گشتی لە زمانی تورکی (١٩٦٤)
پەتی کردنی زمان لە تورکییە ( ١٩٦٥)
زمان ، زمانەکان و لێکۆڵینەوەی زمانی ( ١٩٦٨)
تاوتوێ کردنی کوتادگو بیلیگ  (١٩٧٢)
رێنسیپەکانی زمانی دایکی و بەکارهێنانی لە دەرەوەی تورکییە
١٩٧٨)
*تێبینی  ئەو  بابەتە لە  ڤێرسیۆنی تورکی ئەنسیکلۆپێدیای ڤیکیپێدیا  وەرگیراوە و وەرگێڕدراوە. سپاس بۆ زانا ئازادی کە سەرنجی منی ڕاکێشا لەمەڕ "دیل ئاچار " . سەرباسەکە ئی وەرگێڕە.
لە تورکییەوە: حەسەن قازی