Monday, November 6, 2017

بارودۆخی باشوور، وتووێژی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن لەگەڵ پرۆفێسۆر عەبباس وەلی

بەشداری تێلێفۆنی پرۆفێسۆر عەبباس وەلی لە بەرنامەی ئاکتوێل – سۆرانی تێلێڤیزیۆنی ئاریەن
دوای نیوەڕۆی یەکشەمە، ٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٧

بارودۆخی باشوور

پێشکێشکاری بەرنامە سامان شەهابی: عەبباس وەلی لێکۆلەرەوەی سیاسی هەر وەک لە سەرەتای بەرنامەکە دا گوتمان لە تورکییەوە بە تەلەفون لە گەڵماندایە، بەڕێز عەبباس ئەم کاتەت باس.

وەلی: ئەم کاتەت باش

شەهابی: بەڕێز وەلی ئەگەر ئێمەپرسیاری ئەوە بکەین ئەوەی لە باشووری کوردستان ڕوویدا و هاتە ئاراوە لە ١٦ ی مانگ[ی ئۆکتۆبر] بەم لایەوە، دەرەنجامی چ سیاسەتێک بوو؟

وەلی: بە باوەڕەی من ئەوە دەبێ لە پلەی ئەوەلدا دەرەنجامی نەبوونی سەرۆکایەتیی ژیر و لێهاتوو بێ. ئەوەی کە عەقڵی سیاسی هەبێ، ئەوەی کە فکری سیاسی هەبێ، ئەوەی کە بتوانێ پڕۆژەیەکی سیاسی بۆ ئەوڕۆ و بۆ داهاتوو بخوێنێتەوە و بە ئەنجامی بگەیێنێ. بە باوەڕی من سەرۆکایەتی سیاسی هەرێمی، نە فەقەت ئی لای پارتی، بەڵکوو لای یەکەتیش کە هەتا ملان دەستی لەگەڵ پارتی دا هەبوو لە مەئموورییەتی مێژوویی خۆیدا شکستێکی گرینگی خواردووە و ئێستاش کە هاتوون دیسان سەرۆکایەتی ئەو وەزعەیان داوەتەوە بە وانە، بە باوەڕی من ئەو وەزعە شێواوتر دەبێ و باشتر نابێ.
لە دەرەجەی دووەم دا بە باوەڕی من ئەوەیە کە هەرێم دەو شەش مانگ و یەک ساڵەی دا واریدی وەزعێکی سیاسی دە ناوچەی دا بوو کە سەرۆکایەتی هەرێمی و ڕاوێژکارەکانی فکری سەرۆکایەتی هەرێمی نەیانتوانی ئەو وەزعی ناوچەیەی بە تایبەتی تەعادولی قودرەت بەینی ئێران و ئەمریکایێ لە عێڕاقێ دا ببینن و بتوانن بنەما و دەرەنجامی ئەو تەعادولی قودرەتەی ، ئەو بالانسی قودرەتەی کە لەوێ هەبوو، پێداویستییەکانی وەی  بۆ گۆڕانکاری لە باڵانسی قودرەتێ دا بە هیچ جۆر  نەیانتوانی بیبینن. ئەوە بە باوەڕی من شکستێکی موفتەزەحانە بوو بۆ سەرۆکایەتی هەرێمێ، بە باوەڕی من ئەگەر ئەوە لە هەر ووڵاتێکی دێمۆکڕاتیک بایە، ئەو ئیفتیزاحە ، ئەو فاجیعەیە بە سەر خەڵکی هاتبایە، ئەو سەرۆکایەتییەیان دێنا لە دادگای خەڵکی محاکەمەیان دەکرد. ئەلئانەکە ئەو وەزعە لە کوردستانێ نییە و ئەو وەزعە بەردەوامە. ئەوەیکە لە کوردستانێ بە سەر خەڵکی هاتووە بە باوەڕی من لە فاجیعەیەکی مێژوویی زۆر گەورە کەمتر نییە و نەتایەجی وەی بۆ دە ساڵی داهاتووش لەوێ هەر بەردەوام دەبێ.

شەهابی: ئەمریکا بەردەوام لەم دواییانە خۆی وا نیشان دەدا بەرەنگاری سیاسەتەکانی ئێران دەبێتەوە و گەمارۆی ئابووری لە سەر زیاد دەکا. بابەتی لیستی ڕەشی سپای پاسداران لە گۆڕێ دایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەمڕیکا لە ئاست ئەو هێرشانە و ئەو دەستێوەردانانەی ئێران لە ناوچەکەدا بێدەنگی هەڵبژارد. ئایا ئەم بێدەنگییانەی ئەمریکا شتێکی پارادۆکس نییە لە بارو دۆخی ئێستە دا؟

وەلی: نا، بە باوەڕی من ئەو خوێندنەوەیەکی دروست نییە لە سیاسەتی ئەمریکایە. ئەمریکا دەگەڵ ئێرانێ لە سەر یەک خاڵ، یەک نوختەی ئەساسی دەگەڵ ئێرانێ تەوافوقی هەبوو، ئەویش ئەوە بوو، کە دەبێ یەکگرتوویی  خاکی و سەرزەمینی ، تیریتۆریاڵ ئینتێگریتی یان تەمامییەتی ئەرزی عێڕاقێ بپارێزدرێ. ئەوە یەکێک لە هەدەفە سەرەکییەکانی سیاسەتی ئەمریکایە بوو ، هەدەفە ستڕاتێژیکەکانی ئەمرێکا لەگەڵ ئێرانێ لەو بەشەی یەک بوو. بە باوەڕی من سەرۆکایەتی هەرێمێ ئەو نوختەی نەدی. ئەو وەیزانی، ئەوان وەیان زانی وەختێکی کە ئەمریکا  دەبێ هەڵبژێرێ لە نێوان حکوومەتێک لە عێڕاقێ کە دەیەوێ خۆی تەسبیت بکا لە سەر بنەمای کۆمەگ و پشتیوانی ئێرانێ و حکوومەتی هەرێمێ کە دەیەوێ  سەربەخۆ بێ و لەگەڵ ئەمریکایێ بمێنێتەوە و نەیەڵێ ئەو تەسبیتی سیاسییەی کە لە سەر بنەمای دەسەڵاتی ئێرانێ داندراوە پێک بێ، پێیان وا بوو ئەمرێکا کوردەکان هەڵدەبژێرێ. بە باوەڕی من ئەوە لێکدانەوەیەکی زۆر هەڵە بوو. ئەگەر گوێ بدەنە قسەکانی وەزیری کارو باری دەرەوەی ئینگلیستانێ کە لە کۆمیتەی کاروباری دەرەوەی پارڵمانێ لە ڕۆژی چوارشەمە ١-ی نۆڤامبر کردی کە باسی بۆ دەکردن چ قەوما لە عێڕاقێ دەقیقەن ئێشارە بەو مەسەلەی دەکا کە سەرۆکایەتی هەرێمێ ئیشتیبایەکی ستڕاتێژیکی ئەساسی کرد ، نەیتوانی ئەو بنەما و تایبەتمەندییەکانی باڵانسی قودرەتێ، باڵانسی دەسەڵات لە عێڕاقێ بخوێنێتەوە لە دەرەجەی ئەوەڵدا. لە دوایەش پێی وا بوو، فکرێکی غەڵەت؛ کە ئەمریکا ئەگەر بێ و هەڵبژێرێ و بێ قەرار بدا کە لە نێوان عێڕاقێکی یەکگرتوو کە پشتی بە ئێرانەوەیە و کوردستانێکی سەربەخۆی کە پشتی بە ئەمریکاوەیە، کێهەیان هەڵدەبژێرێ ، کوردستانێکی سەربەخۆ کە پشتی بە ئەمریکاوەیە هەڵدەبژێرێ. ئەو مەسەلەش بە ڕوونی لە نامەکەیدا کە بۆ کاک مەسعوودی بارزانی ناردرابوو، لەوێدا گوتبوویان کە مەسەلەی سەرەکی ستراتێژی ئەمریکایە حیفزی یەکگرتوویی ئەرزیی عێڕاقێ یە. بە باوەڕی من  ئەو کەسانەی کە دەیانەوێ ئەو موسیبەتەی کە بە سەر کوردی هاتووە لە باشووری، ئەوەی بە سەر ئەمریکایێ دا بێنن ئەوە فەقەت و فەقەت لە بەر وەیە کە یا لە وەزعی ستراتێژیکی مەنتەقەی تێ ناگەن یان ئەوەی کە دە حەقیقەتدا دەیانەوێ سەرکردایەتی کوردی لەو فاجیعەی کە بە وجوودی هێناوە بپەڕێننەوە. لە سیاسەتێ دا مەسەلەیەک هەیە ئێمە دەبێ دیقەتی لێ بکەین. لە سیاسەتێ دا هیچ وەختێکی دوژمن و ڕەفیق نییە. دوژمن ئەو کەسە نییە کە ئەمن ناخۆشم دەوێ، دوژمن ئەو کەسەیە کە من ئیختیلافی مەنافیعم لەگەڵی هەیە؛ ئیختیلافی بەرژەوەندیم هەیە. دۆست ئەو کەسەیە کە ئەمن ئیشتراکی بەرژەوەندیم لەگەڵی هەیە. مەسەلە بەرژەوەندییە. بەرژەوەندی ئەمریکایێ لێرە لە سەر وەی بوو کە پێدا بگرێ لە سەر ئەوەیکە تەمامییەتی ئەرزی عێڕاقێ حیفز بکرێ. لەبەر وەیە کە تەواوی ستراتێژی شەڕی داعش و ئی سوورییەی و ئی مەنتەقەی لە سەر وەی دامەزراوە کە مێحوەرەکان و موعادەلاتی ئەو سیاسەتەی نەگۆڕدرێ. بە باوەڕی من ئەگەر کەسێکی کە ئەلفبای سیاسەتی تەعادولی قوای لە مەنتەقەی دا زانیبایە ئەوئیشتیبایەی نە دەکرد. مونتەها ئەوانە گوێ نادەن بە کەس ، تووشی غروور هاتبوون، وایان دەزانی کە چون پارەی نەفتیان هەیە، لەبەر ئەوەی داعشیان شکاندووە ، لە شکاندنی داعش دا شیرکەتیان کردووە فەعالی مایەشان و هیچ کەس موشکیلەیان بۆ دروست ناکا. نەتیجە ئەوە بوو کە ئێستا دەیبینن.

شەهابی: بەڕێز عەبباس وەلی، هێزەکانی حەشدی شەعبی ئێوە خوێندنەوەتان لە سەر ئەو هێزانە چییە؟ هەر دەڕوا و لەشکرکێشییەکانی بەرفراوانتر دەکا. لەو چوار چێوەیە دا دوێنێ شاری " قاییم" لەلایەن هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە عێڕاقییەکانەوە کۆنتڕۆڵ کرا. هێندێک لایەن لێکدانەوەی ئەوەی لە سەر دەکەن دەڵێن کارە تەواو نەکراوەکانی داعش تەواو دەکا. ئێوە لێکدانەوەتان چییە لە سەر هێزەکانی حەشدی شەعبی؟ کۆمەڵگای نێو دەوڵەتی ، هێزە نێو دەوڵەتییەکان، ئەمریکا و ووڵاتانی ئوڕووپا چۆن لەو هێزە دەڕوانن؟

وەلی: بە باوەڕی من حەشدی شەعبی باسکی ئیجرائی حکوومەتی ئێرانە کە لەوێ دروستیان کردووە، فاینانسەکەی لەوێڕا هاتووە، ئامووزشی نیزامی و عەسکەرییەکەی لەوێڕا هاتووە، سازمانەکەی لە وێڕا هاتووە. ئەمڕۆش لە خەبەران دا هابوو مێهدی ئەلموهەندیس کە ڕەئیسی بەشێکی گەورەی حەشدی شەعبییە گوتوویەتی کە ئەمن پەیڕەوی سەردار سولەیمانی م . لە ٢٠٠٣وە ئەو هێزەیان بە تەدریج دروست کرد، بە تایبەتی لە زەمانی مالیکی دا، بەڵام وەختێک واریدی عەرسەی سیاسی بووە کە بتوانێ بەرژەوەندی ئێرانێ لەوێ دابین بکا و لەوێ تەئمینی بکا، کردووشێتی. بە باوەڕی من تەواوی حەڕەکەتەکانی حەشدی شەعبی، مەسەلە ئەوە نییە کە وەک داعش یا غەیری داعشن. مەسەلە ئەوە نییە کە ئەوانە خشوونەت و زەختی سیاسی چۆن بەکار دێنن. دەیهێنن، عەینەن وەک داعش بەکاری دەهێنن، ئەوانەش ئینسان دەکووژن، ئەوانەش سەردەبڕن، ئەوانەش تەجاوز بە ماڵ و نامووسی خەڵکی دەکەن. ئەوە دەقیقەن ئەو شتانە داکومێنت کراوە، مەعلوومە لەوێ. مونتەها کەس دەنگێ ناکا لە بەر وەیەکە دەسەلاتەکە لە دەست ئەو کەسانە دایە کە نایڵن کەس دەنگێ بکا بەو شێوەی یا بەو شێوەی وەکوو داعشی دەنگی لە سەر بکرێ. بە باوەڕی من ئەوە هێزێکی نەتەوەیی نییە، ئەوە ئامرازی سیاسەتی ئێرانێ یە و یەکێک لە مەسەلەکانی ئەساسی کە حکوومەتی هەرێمێ نەیتوانی ئەو وەزعەی سیاسی ببینێ لەوێ، لە عێڕاقێ دا ئەوە بوو کە ئەو ڕێفراندامە نەدەبوو ئەو دەمی کرابایە چون ئەلئان کە داعش دێ و خڵاس بێ، حەشدی شەعبی دێ لەوێ قودرەتی دە دەست دەگرێ. ئەوە وەختێک بوو کە ئیختیلافات دە بەرەی سیاسی شیعە دا دەردەکەوت، سەدر خۆی لە سولتەی ئێرانێ دوور دەکردەوە، حەکیم خۆی لە سولتەی ئێرانێ دوور دەکردەوە و خۆیان لە حکوومەتە سوننییەکان نزیک دەکردەوە. دەبوو ڕاوەستابایەن هەتا مەسەلەی داعشی تەواو دەبوو بەرەو ئەوە دەچوون کە لە عێڕاقێ هەڵبژاردن بکرێ، ئەو دەمی کە ئەو ئیختیلافاتەی بەینی شیعەکان ، لە بەرەی شیعە، دە عەینی حاڵدا ئیختیلاف دە بەینی سەرۆکایەتی حەشدی شەعبی بەرز بووباوە و وەدیار کەوتبایە، ئەو دەمی حکوومەتی کوردی  دەیتوانی بە جوورێکی لەو ئیختیلافات و لەو ئیفتیراقانە سوود و کەلک وەربگرێ ، نەک ئەوەی دە وەختێکی دا بێ کارێکی بکا کە ئەوانە یەکتر بگرنەوە . یانی ئێمە کارێکی ستراتێژیکی پێچەوانەی منداڵانەمان کرد کە دە هیچ عەرسەی سیاسەتێ دا نایکەن. ئەتۆ لە پێشدا دەبێ دوژمنی خۆت بناسی یانی ئەو کەسەی کە ئیختیلافی مەنافیعت لەگەڵی هەیە بیناسی و بزانی تا چ ئەندازە ئەو دوژمنە هێزی هەیە و نییە و نوقاتی زەعفی لە کوێیە. ئێمە هەر وا ڕۆیشتین و گوتمان ئەمریکا، ئەمریکا، ئەمریکا. تەوەجوهێ دەکەی، ئەمریکاش بە بێ ئەوەی کە بزانین کە ئەسڵەن دەسەڵاتی ئەمریکایێ، و بەرژەوەندە ستراتێژیکەکانی ئەمریکایێ لە عێڕاقێ چن؟ ئەوە هەر ئەو ئەمریکایەیە کە دە ساڵان لەگەڵ ئێرانێ لە حکوومەتی مالیکی پشتیوانی کرد؛ پێکەوە پشتیوانیان لە حکوومەتی مالیکی کرد بە دژی ئیرهابی. ئێمە دەبوو ئەوەی بزانین کە ئەمریکا و ئێران دروستە کە پێکەوە دوژمنایەتییان هەیە، بەڵام لە عەینی حاڵدا، ئەگەر مەنافعی ستراتێژیکییان ئیجاب بکا دەتوانن پێکەوە هاوکاری بکەن ئێمە لەوە تێنەگەیشتین .

شەهابی: بەڕێز وەلی، وەکوو دوایین پرسیار زۆر بە کورتی باس لە سەر ئەوەیش بکەین کە لەم کاتەدا کە هێرشەکانی، ئاجێندای ئێران بە ڕێگای حەشدی شەعبییەوە جێ بە جێ دەکرێ و کوردستان لە بارو دۆخێکی ئاڵۆز دایە کە باسی لە سەر کرا، هێرشی هێزەکانی تورکییە، بۆمباردومانەکان لە ناوچەکانی هەرێمی پاراستنی مێدیا، تەنانەت لە "ئاسۆس" کە نزیک لە شاری سلێمانی یە لە ئارا دایە. لەم بارودۆخە دا کورد دەبێ چ هەنگاوگەلێک بگرێتە بەر؟ وەک باست لە سەر کرد دە ساڵ بۆ دوایە گەڕایەوە. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر کورد دۆخی خراپتر نەبێ لە باشووری کوردستان ؛ چون کاریگەری لە سەر بەشەکانی دیکەش دەبێ. چ بکرێ باشە لەم کات و ساتە دا؟

وەلی: بە باوەری من موشکیلەیەکی ئەساسی کوردستانێ ئەوەیەکە هێزەکانی سیاسی کوردستانێ، ئەمن ڕێز و ئیحتیرامم هەیە بۆ " گۆڕان" ی و هەر وەها نوێنەری " گۆڕان" کە میوانی بەرنامەکەتانە، بەڵام گۆڕانیشی لەگەڵ دەخەم. ‌هێزەکانی سیاسی کوردستانێ بیلعمووم لە جەماوەر و لە خەڵکی دەترسێن. ئەوانە هیچ وەختێکی ناتوانن و نایانەوێ خەڵکی واریدی پڕۆسەی سیاسی بکەن. بزانن، نەبوونی خەڵکی؛ نەبوونی دەنگی خەڵکی  لە پڕۆسەی سیاسیدا وای لێ هاتووە کە سیاسەتەکە بووەتە فووتباڵ لە نێوان حیزبەکان. ئەوەیە وەختێکی ئەتۆ حیزبت هەیە و ئەوانە ئیدیعای ڕێبەرایەتی خەڵکی دەکەن و لە خەڵکی دەترسێن زۆرتر لە حکوومەتی عێڕاقێ، زۆرتر لە داعشی لە خەڵکی خۆیان دەترسێن ئاوا دەبێ. ئەگەر ئەوانە گەندەڵ نەبن، ئەگەر ئەو وەزعەی ئاوا لێ نەکەن – ئەڵبەت ئەمن لێرەدا نامەوێ ئەوەی بە " گۆڕان" ی بڵێم – بەڵام دەڵێم گۆڕانیش نیشانی دا کە ئەوانیش نایانەوێ خەڵکی واریدی پڕۆسەی سیاسی بکەن. ئەوانیش لە هەستانی خەڵکی دەترسێن، ئەوانیش لەسەرهەڵدانی خەڵکی دەترسێن، ئەوانیش لەوەیکە خەڵک بتوانێ ئومووری دێمۆکڕاتیکی خۆی بە دەستی خۆیەوە بگرێ دەترسێن. و ئەوە مەسەلەیەکی ئەساسی کوردستانێ یە، وەختێکی هێزەکانی دراوسێ ئەوەی دەبینن دەزانن کە چۆن دەتوانن فشار بێننە سەر حکوومەتی کە وەحشەت و ترسی لە خەڵکی خۆیەتی. ئەوەیە ئەو فشارەی دێنن. دەوڵەتی تورکییەی لە پێوەندی لەگەڵ کوردستانی باشوور دا  لەگەڵ ئێڕانێ بەو تەوافوقەی گەیشت کە ڕۆڵی سەرەکی نەبێ، ڕۆڵی دووەم و سێهەمی هەبێ، ئێران ڕۆڵی سەرەکی هەبێ و لەو مەیدانە سیاسییەیدا کە دەیکاتەوە تورکییەش عەمەلییاتێ بکا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی. بۆ تورکییە مەسەلەی ئەساسی ئەوەیە کە حیزبی کرێکارانی کوردستانێ لە مەنتەقەی شەنگالێ دەر بکا  و لە قەندیلیش مەحدوودیان بکا. ئەوە یەک، بەڵام نوختەی دووەم ئەوەیە کە ئەو مەسەلەیەی کە ئەلئان لە کوردستانێ قەوماوە خەتەر و مەترسی ئەو مەسەلەیە بۆ کوردستانی ڕۆژئاوا یە. ئەو جووری کە ئێمە دەیبینین و هەر ئەو جوورەش کە نوێنەرەکانی ئێرانیش دەیڵێن گەورەترین کار و موفەقییەتیان ئەوە بوو کە لە باشوورێ ئەو وەزعەیان بە سەر کوردان دا داسەپاند و ئەلئان نۆبەی ئەوەیە ئەو جوورەی کە عەلی ئەکبەری ویلایەتی دەڵێ کە ئێمە لە هەولێر ئاوامان کرد ئەلئان نۆبەی ئەوەیە کە ڕەقا ئازاد بکەین، چون دەڵێ ڕەقا ئازاد نەکراوە و ڕەقا جێگایەکە کە فەقەت یەک هێزی تێڕۆریستی دەر کراوە بە دەست هێزێکی تێرۆریستی دیکە. ئەو هیزە تێرۆریستی یە ئەلئان لەوێیە ئێمە دەبێ ئەو هێزە تێڕۆریستییەی دەر بکەین. ئەوە عەینەن پڕۆژەی تورکییەیە. بزانە کە ئەو وەزعەیکە لە باشووری هاتە پێشێ لە سەر بنەمای تەوافوقی ئێران و تورکییەی کردی بە تەوافوقێکی ستراتێژیک لە سورییەی. جا بزانن ئەو هەڵەیە هەتا کوێ دەڕوا و هەتا کوێ ڕۆیشتووە. ئەگەر لە ڕۆژئاوای نەتوانن پێشی وەی بگرن ئیمکانی وەی کە ئیفتیزاحێکی گەورە لەوێش بێتە پێشێ و هێزە کوردییەکان لەوێش مەجبوور بن لەوێش پاشە کشەی بکەن. چون لەوێش واقعەن مەعلووم نییە کە ستراتێژی ئەمریکایە هەتا کوێ دەڕوا، جا لە بەر وەیە ئەمن لێرە دەڵێم ئەلئانەکە لە عێڕاقێ دە دەرەجەی ئەوەڵ دا ، ئەوەی کە کوردستانی عێڕاقێ و حکوومەتی هەرێمێ چی بەسەر دێ بەستراوەتەوە بەو گۆڕانکارییەی لە ستراتێژی سیاسەتی ئەمریکایە لە عێڕاقێ دا هەیە چییە و لە پێوەندیی لەگەڵ ئەو گۆڕانکارییەیدا دەوڵەتی ئەمریکایە، حکوومەتی ئەمریکایە چ هەلوێستێکی تازە نیسبەت بە  دەسەڵاتی ئێرانێ لە عێڕاقێ دەگرێ و دوەمیش ئەوەیەکە تا چ ئەندازەیەک ئەمریکا و ڕووسییە دەتوانن لە سوورییە پێک بێن کە بتوانن حکوومەتێکی دابمەزرێنن ، حکوومەتێکی فێدێڕاڵی و پشتیوانی لێ بکەن کە بەرژەوەندیی کوردان لەوێ بپارێزرێ ، کە ئەوانە بتوانن لە هێزەکانی موتەخاسم و دوژمنیی سەرەکیی ئێران و تورکییە بپارێزن. ئەو وەزعەی کە لە کوردستانی باشوور هاتووەتە پێشێ لە دوو سێ مانگی ئایەندە دا نەتیجەی زۆر فەعالی دەبێ.

شەهابی: لێکۆلەری سیاسی بەڕێز عەبباس وەلی سپاس بۆ بەشداریتان لەو بەرنامە ئاکتوێلە دا و ئێوارەتان باش.

وەلی: سپاس  

No comments: