Thursday, November 16, 2017

بە یادی مامۆستا ئەمیر حەسەنپوور، هەڤپەیڤین لەگەڵ دوکتور هاشم ئەحمەدزادە




 بە یادی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور

حەسەن قازی: ئەم کاتەتان باش بینەرانی بەڕێز، لە بەرنامەیەکی دیکەی ڕاوێژ لەگەڵتانین. لەم بەرنامەیە دا لەگەڵ میوانی بەڕێز دوکتور هاشمی ئەحمەد زادە باسی لە دەستدانی زانایەکی لە دەستچوومان، تێکۆشەر و لێکۆلەرێکی بە وەجی کورد دەکەین ، باسی مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور دەکەین. دیارە مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور بۆ زۆرێک لە بینەرانی ئێمە سیمایەکی ناسراوە، هەم بەڕێگای کارەکانی دا و هەم بە ڕێگای ئەو چاوپێکەوتنانەی کە لەم تێلێڤیزیۆنە دا و پێشتر لە تێلێڤیزیۆنەکانی دیکە لە ئورووپا لە گەڵی کراوە، هەرچۆنێک بێ نەمانی بەڕێزیان خەسارەتێکی زۆر گەورەیە و هەڵدەگرێ زۆر بەرنامەی لە سەر بکرێ بە تایبەتی ئەمن وەکوو شاگردێکی بەڕێزی وەکوو کەسێک کە ساڵیانی ساڵ لەگەڵی لە پێوەندی دا بووم ، زۆر بە غەمگینییەوە دەتوانم باسی بکەم. بە داخەوە بەڕێزیان لە ٣ –ی مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٩٦ کە دەکاتە ٢٤-ی ژووەنی ٢٠١٧ یانی نزیکەی ٣ مانگ و شتێک لەوە پێش دوای ماوەیەک نەخۆشی لە نەخۆشخانەیەک لە شاری تۆرۆنتۆ لە کانادا چاوی وێک نا. کاک هاشم دیارە وەکوو گوتم بە حەسرەتەوە دەدوێم، ناتوانم بە ئاسایی قسە بکەم جەنابت پێت وایە چۆناوچۆن بچینە ناو ئەم باسەوە؟

دوکتور هاشم ئەحمەد زادە: بەڵێ کاک حەسەن. بەو پێشەکییەی کە جەنابت باست کرد وەک شتێک برینی منیشت کولاندەوە و ئەساسەن باس کردن لە هەر مەرگێک، کەسانێک کە دەیانناسی ، ئازیزان بە گشتی ناخۆشە بەڵام کە دێتە سەر بە کۆنکرێت مامۆستا ئەمیری حەسەنپوور بۆ جەنابت ڕەنگە زیاتر بە پێی پێشینەی زیاتری ناسینتان ، بەڵام منیش هەر بە راستی بە مانای دروستی کەلیمە وەک کەسێک کە لە کلاسەکانیدا بەشداریم دەکرد وەک کەسێک کە ساڵێک لە خزمەتی دا بووم لە ئووپسالا و دەتوانم بڵێم هەموو ڕۆژێ لە ماڵەکەی ویڕا ئێمە بە پێیان دەچووینە زانکۆی ئووپسالا ، مامۆستای میوان بوو ئەو ساڵی لە زانکۆی ئووپسالا لە ساڵی ٩٣. ئیتر لەو ساڵییەوە و پێشتر ئیتر ئەمن لە نووسینێکیشدا وەکوو شێوەیەکی گێڕانەوە باسم لە ناسینی مامۆستا کرد چۆنم ناسی، چۆن یەکەمجار بینیم ، و چۆن لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە خوێندکار بووم هەم لە ئاندرگراجووەیت و هەم پۆست گراجووەیت ، یانی پێش دوکتوراکەم و دوای دوکتوراکەم  بە بەردەوامی پێوەندیم لەگەڵی هەبوو و یەکێک لەو بوارانەش کە جەنابیشت بەشدار بوو پڕۆژەی ' گۆڤاری گزینگ' بوو.

قازی: زۆر باشە، یەک یەک دەچینە سەریان . ئێستا داوا دەکەم لە هاوکارانم هێندێک وێنەمان هەیە ئەگەر بکرێ ئەوانیش ببینین لە بەکگراوند دا. ئەوە لێرە نامەیەک هەیە کە مامۆستا لە ٨-ی ژانڤییەی ٩٣ لە کانادا را بۆ منی نووسیوە، ئەویش وەختێکە کە فەرهەنگێکی سوێدی- کوردی دەرچوو بوو و ئێمەش نوسخەیەکمان بۆ ناردبوو و داوامان لێ کرد بوو  لەسەر ئەو فەرهەنگە بۆچوونی خۆی بنووسێ و هەر لەم نامەیە دا لە جێگایەکیش باسی بەڕێزتی تێدایە دەڵێ: ' جارێ خەبەری کاک مەمۆم نەبیستووە، - کاک مەمۆش دیارە خاوەنی گەورەترین کتێبخانەی شەخسی کوردییە لە ئوڕووپا – نامەم بۆ نووسیوە. کاک هاشمیش [ جەنابت دوکتور هاشمی ئەحمەدزادە ] کوڕێکی زۆر لێهاتووە، پێویستە یارمەتی بدرێ بۆ زۆرتر فێر بوون و لێکۆڵینەوەی باش. ئێوە لە سوێد کۆڕێکی باشن و دەتوانن لە بواری لێکۆڵینەوە، نووسین و پوخت کردنی زمانی کوردیدا دەستکەوتی زۆر باشتان هەبێ، دەکرێ بڵێم بنکەی ئاکادێمیایەکی زمانی کوردیتان هەیە ، ڕەنگە جیاوازی جوغرافیایی و سیاسی و نەبوونی بەرنامەی هاوکاری و چالاکی نەهێڵێ ئەو هەموو ژێهاتنە سەر هەڵبدا. ' ئەوە کورتەیەک بوو لە نامەکەی کە تێیدا پێخۆشبوونی خۆی دەردەبڕێ بە ناسینی جەنابت . لەو پێوەندییانە دا، لەو کاتەی کە لە سوێد بوو وەکوو مامۆستای میوان وا بزانم لە ماوەی ساڵێکدا، دیارە پێشتریش وێنەی یەکێک لە سێمینارەکانی دەبینین کە ئەو دەمی تێزەکەی کە لێرە دا وەرگێڕانە تورکییەکەی دەبینین ، ئەو دەمی هێشتا وەکوو کتێب بڵاو نەببووەوە کە لە سێمینارێک دا کە لە ١٢-ی سێپتامبری ١٩٩٢ لە ستۆکهۆڵم پێشکێشی کرد و لە ١٣-ی سێپتامبر ڕۆژی دواتر لە ئووپسالا سەبارەت بە کتێبەکەی و ئەوە ئێستا لێرەدا دەیبینین. هەر چۆنێک بێ لەمەڕ ئەو کارانەی کە ئەو دەمی لە ئووپسالا بوو ، دیارە کاک جەعفەری برای کاک ئەمیریش لەوێ بوو و بە شێوەیەکی زۆر چالاکانە لە کارو فەعالییەت دا بوو. وا بزانم بڕیار بوو کاک جەعفەر بە هاوکاری لەگەڵ چەند ئاکادێمیسیەنی دیکەی کورد ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی کوردی دروست بکەن. لە سەر ئەوەش ئەگەر هێندێک بدوێی باش دەبێ.

ئەحمەد زادە: ئەگەر بگەڕێمەوە سەر ئەو پرسی پێشترت کە چۆن و لە چ دەروازەیەکەوە بڕۆینە ناو بۆ ئەوەی باسەکە بکەینەوە، بە باوەڕی من کەسایەتی کاک ئەمیر لە زۆر بوارەوە دەکرێ قسەی لە سەر بکرێ، کاک ئەمیر وەکوو سیاسەتمدار، وەکوو پیاوێکی ئیدێئۆلۆژیک، وەکوو پیاوێکی چالاک، وەکوو فێمینیست ، وەکوو ئاکادێمی، بەڵام بە باوەڕی من، لە چوارچێوەی ناسینی من بۆ جەنابیان و بڵێین بیرەوەری هاوبەشماندا پتر لایەنی ئاکادێمیک و دیقەتی ئاکادێمیکی کاک ئەمیری بۆ من سەرمەشق بوو، و لەو پێوەندییە دا نامە و نامە گۆڕینەوە، دیدار، قسە کردن و هۆگری من بۆ خوێندنەوەی کارەکانی بە تایبەتی ئەو کتێبەی جەنابت ئاماژەت پێ کرد : ' زمان و ناسیۆنالیسم '  هەر ئەو ساڵی چاپ بوو بەڵام ئەو دەمی هێشتا کتێبەکەی پێ نەبوو، کتێبەکە لە ساڵی ١٩٩٢ لە میلان ریسرچ چاپی کرد لە ئەمریکا. عەرزت دەکەم بەو پێوەرەی ئەگەر بێین،

قازی: ئەوە بەرگی کتێبەکە هەیە بە ئینگلیسی، زەحمەت نەبێ ئەگەر نیشانی بدەن

ئەحمەد زادە: ئەو شتەی کە ئاماژەتان پێ کرد وەختی خۆی کاک جەعفەری حەسەنپوور، کاک دوکتور جەعفەری حەسەنپوور کە بە شێوەیەک لە شێوەکان زۆر لە ژێر کارتێکەری زمانی ، کاراکتێری و تێئۆریکی کاک ئەمیری دا بوو، تێزی دوکتوراکەشی هەر لە زانکۆی ئووپسالا نووسی، من لەو ساڵانەیدا کە بەشدار بووم لە کۆڕ و کۆمەڵانی بڵێین زانکۆی ئووپسالا، کوردانی دانیشتووی ئووپسالا و ستۆکهۆڵم بە گشتی لەگەڵ کاک جەعفەر پێوەندییەکی زۆر چڕوپڕمان هەبوو. جوان لە بیرمە ئەو پڕۆژەی ' ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی' و ئیبتیکاری دەرکردنی گۆڤارێکی رێفرێنس بە ناوی ' هێرۆ ' ، کە جوان لە بیرمە دەیگوت دەتوانێ هەم مانای گوڵی هێرۆ بدا هەم ' هیرۆ hero ' ی ئینگلیزی بە مانای قارەمان، من لە خودی پڕۆژەکەیدا وەکوو دامەزرێنەران تێدا نەبووم بەڵام دواتر کە هەوڵ دەدرا گەشەی پێ بدرێ  ئەمن یەکێک لە کەسانێک بووم کە هەمیشە قسەمان لە سەر دەکرد. بە داخەوە ئەو پڕۆژەیە هەرگیز سەری نەگرت، هۆکارەکەشی ئەوە بوو ئەوانەی کە لە پرۆژەکەدا ناویان هاتبوو بۆ نموونە دوکتور هێمن ، ئێستا پڕۆفێسۆرە لە جێئۆلۆجی، لە زەویناسی دا کە پیاوێکی زۆر هۆگر بوو بۆ کاروباری کوردی، بەڵام پسپۆرییەکەی شتێکی دیکە بوو و کاری خوێندن و کاری ئاکادێمیک لە زانکۆ ئەو مەجالەی نەدەدا. بەڵام شتێکی زۆر گرینگ ئەوە بوو ئەو دەمی کاک جەعفەر و دوکتور هێمن نامەیەکیان بۆ کاک ئەمیری نووسیبوو و دەویدا پەیڕەو و پڕۆگڕامی کۆمەڵەکە، کۆمەڵە کوردییە ئاکادێمیکەکەیان بۆ باس کرد بوو و کاک ئەمیر دە نامەیەکدا کە جەنابت بە منت نیشان دا. ئەوە یەکێک لە تایبەتمەندییەکان، خەسڵەتە بە قەولی ئینگلیسی تیپیکاڵەکانی کاک ئەمیر بوو، یانی دەکرێ لە سەدان نموونەی دیکە دا ئەمن بە بیرەوەری خۆم ئاماژەی پێ بکەم کە ئەو مرۆڤە چەندە دەقیق بوو. لە نامەیەکی دوو لاپەڕەییدا بە ئینگلیسی زۆر وورد یەک بە یەک خاڵەکان هەڵدەسەنگێنێ ، پێشنیار دەدا، و پێشنیارەکانی ئەگەر بکرێ ئەمن ئاماژە بە یەکێکیان بکەم کە غەمی سەرەکی کاک ئەمیری بوو. یەکەم لەوێدا پێشنیار بە کاک ئەمیری کرا بوو ببێ بە سەرنووسەری گۆڤاری ' هێرۆ'. بە شێوەیەکی زۆر جوان و تێڕادیوانە و ڕاستەوخۆ دەڵێ زۆر سپاستان دەکەم کە واتان دە من ڕابینیوە بەڵام، ئێمە مەودای دووری جوغرافیاییمان لە یەکتری زۆرە، ئەگەرچی ئێستا فاکس و ئی-مەیل دەتوانێ پێوەندییەکە نزیک کاتەوە بەڵام زۆر باشترە کەسێک لە سوێد لەوێ لێتان نزیک بێ ئەو کارەی بکا ئەگەر نەبوو ئەمن دەیکەم. بەڵام لەوەی گرینگتر ئەو غەمی زمانێکەیەتی کە ئەمن مەبەستمە، دەڵێ: ئێوە هەوڵ بدەن یەک لە کارەکانی کە دەیکەن بە ئارشیڤ کردنی هەموو شتێکی کوردی بێ. لێرە زۆر گرینگە یانی کەسێک غەمی زمانی هەبێ، دەکرێ لە سەر ئەوە زۆر بدوێین . 

قازی: بە داخەوە دەبێ کورتی ببڕینەوە چونکە وەکوو پێشتریش باسم کرد  بەڕاستی بە بەرنامەیەک و دوو بەرنامە تێر ناکا، زۆر شت هەیە کاک ئەمیر کردوویە لە ماوەی ژیانی ئەکتیڤی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بەشداریی لە سیاسەت و ڕووناکبیریی دا. دەبێ قسەکانمان هێندێک چر کەینەوە  بۆ ئەوەی بە زۆر شت ڕابگەین . چالاکییەکی دیکەی کە ئێمە هەر سێکمان یانی جەنابت و کاک ئەمیر و منیش تێیدا بەشدار بووین ، ئەویش گۆڤاری ' گزینگ ' بوو لە سوێد کە هەڤاڵێکی دیکەی کۆچکرددومان نەمر سولەیمانی چیرە یان کاک هێرش بە ئینیسیاتیڤی شەخسی خۆی وەڕێی خست بەڵام لە دوای دەرکەوتنی ژمارەی ٣ یان ٤ بوو بۆ ماوەیەک دەستەی نووسەرانێک پێک هات کە بەڕێزت و کاک ئەمیر و بەڕێز دوکتور عەبباس وەلی و خانمی نەزەندی بەگیخانی ش بۆ یەک دوو ژمارەی دواتردەستەی  نووسەران و هەر وەها کاک عەلی کەریمی ش وەکوو ڕاوێژکاری گۆڤارەکە بوو. سەبارەت بە تەجروبەی کار کردن لەو گۆڤارە دا بەتایبەتی  ئەو دەمی کاک ئەمیر لە سوێد نەبوو، دیارە زیاتر هەر بە ڕێگای فاکس و بە ڕیگای نامە دا پێوەندی دەکرا. لەسەر ئەو مەسەلەیەش ئەگەر هێندێک قسە بکەی دوایە بێینە سەر کارەکانی دیکە.

ئەحمەد زادە: کاک ئەمیر لە ئەساسدا هەمیشە لایەنگری گۆڤاری ئامال ئاکادێمی بوو بە واتایەکی تر، بە نووسینیش ئەوەی هەیە دەیکوت کوردان دەبێ هەوڵ بدەن گۆڤاری رێفرێنس بدەنە دەرێ، گۆڤارێک کە لە ڕێفرێنس دا بێ و ووتارەکانی بەشێوەی پییرڕێڤیوو چاپ بکرێ، یانی ووتار دێ بۆ سەرنووسەر یان دەستەی نووسەرانی گۆڤارەکە ئەتۆ ناوی نووسەرەکەی لا دەبەی دەینێری بۆ لانی کەم دوو کەس یان سێ کەسی پسپۆڕ لەو بوارەی دا، بێ ئەوەی ئەوان بزانن کەسەکە کێیە ڕا و بۆچوونیان دەردەبڕن کە ئەو ووتارە چاپ بێ یان چاپ نەبێ. بۆ 'گزینگ' ئەو خەونەمان هەبوو بەڵام بەداخەوە هەرگیز نەدەکرا، لە بەر زۆر هۆکاری جوغرافیایی، تەرکیبەکە، سەردەمەکە و میشن و ویستی گزینگ کە بڵێین گۆڤارێکی پاپوولێری خەڵکی بوو، ئاوا بەرتەسک نەدەکراوە لە ئاستی ئاکادێمیک دا. بەڵام سەرەڕای ئەوە لە چوارچێوەی ئەوەندە ئیمکاناتەی دا کە هەبوو دەستەی نووسەران هەمیشە هەوڵ هەبوو، مەسەلەن جەنابت، من ، کاک ئەمیر بە تایبەتی ووتارەکە بخوێینەوە، ڕایەک دەرببڕدرێ. ئەوەی کە گرینگە ئەگەر لێر و لەوێ لە سەر بوارێک ، لە سەر لایەنێک، لە سەر شتێک بڵێین جۆرێک لە ناهاوفکری هاتبا پێشێ کەسێک کە بە ووردبینی و خاکەڕاییەکی زۆر،

قازی: زۆر زیاتر لە پێویست

ئەحمەد زادە: بە بڕوای من ئەوەندە جوان بوو ، لێی دەوەشاوە، ئۆریجینال بوو.

قازی: با نموونەیەک بۆ جەنابت باس بکەم و بینەرانیش بیزانن ئەویش ئەوەیە سەرنووسەری گۆڤاری گزینگ بە کاک ئەمیری پێشنیار کرد بوو  بە موناسەبەتی پەنجاهەمین ساڵی دامەزرانی کۆماری کوردستان وەکوو سەرنووسەری میوان بەشداری بکا لە گزینگ دا و ئەویش بەو پێیەی گوتت کە دەبوو مەقالەکان زووتر بنێردرێ، دیارە ئەوە هەمووی بەو شێوەیە جێ بەجێ نەکرا ، لەو ژمارە تایبەتییە دا چەند کەس بابەتیان نووسیبوو لەوانە ڕەحمەتی مامۆستا برایم ئەحمەد، و چەند کەسی دیکە و یەک لەوانەش کاک عەبدوڵای مەردووخ بوو، دوکتور عەبدوڵای مەردووخ، ئەمن هێندێک بۆچوونم هەبوو لە سەر یەکێک لەو نووسینانەی کە لەو ژمارەیە دا بڵاو ببووەوە، ئەوەیکە باست کرد، دواتر دەبوو دەستەی نووسەران لەگەڵ یەکتری لە پێوەندی دابن . جا ئەمنیش ئەو جۆرەی کە نامەکەم نووسیبوو بۆ نێوی هەمووان  ناوی فامیلیانم بەکار هێنا بوو  بۆ نمونە نوسیبووم ڕێزدار ئەحمەد زادە.

ئەحمەدزادە: کاک ئەحمەدزادە

قازی: ڕێزدار کاک ئەحمەد زادە، ڕێزدار کاک حەسەنپوورر، ڕێزدار کاک چیرە، ڕێزدار کاک وەلی. جا کاک ئەمیر لە یەکێک لە نامەکانی دا کە ئێستاش ماوە باسی ئەوە دەکا کە بۆ کاک؟ بەڕێزت دەکرێ زیاتری شی کەیەوە.

ئەحمەد زادە: بەڵێ ئەوە نموونەیەکی جوانە جەنابت وەبیر منیشت هێناوە، ئەویش ئەوەیە نووسیبووی: برالە کاک حەسەن، لە کوردیدا پێشگری کاک لەگەڵ ناوی پچووک دێ ئەتۆ بۆ لە سەر پاشناوی ئێمەت داناوە؟ مەسەلەن ڕەنگە زۆر پێی وا بێ توورە بووە ، پێی وا بووە کە ووریامان دەکاتەوە. من لەو هەموو ساڵانەی دا  کە دیتم ئەو ' برالە کاک حەسەن ' ە شایەد شێوەیەک لە پڕۆتێستۆ بێ کە ئەو شتەی قەبووڵ نەبووە. کە لەو قسەیە دا دنیایەک خۆشەویستی و دۆستایەتی و خاکەڕایی و جوانی شاردراوەتەوە.

قازی: دیارە ئەوەش زیاد بکەین کە دوایە گۆڤاری گزینگ ئەو دەستەی نووسەرانەی نەما، بەڵام کاک سولەیمان چیرە، واتە ڕەحمەتی هێرش بە توانایی و بە هێز و باهۆی خۆی بەردەوام بوو تا ٤٠ ژمارەی لێ بڵاو کردەوە و دواتریش لە سەر تۆڕی ئینترنێت بەردەوامی دا بە نووسینەکانی تا ئەوەی کە لە ساڵی ٢٠١٣ بە جێی هێشتین. باشە لە پێوەندیی دیکە دا، یانی ئەو دەمەی کە لە ئووپسالا بوو دەزانم  جەنابیشت ئەو دەمی لە ئووپسالا دەژیای، کاک ئەمیر لەوێ بوو پێوەندییەکی چر و پڕی هەبوو لەگەڵ جەنابت. چیدیکەت لە بیرە؟ ئەمن بۆ خۆم لە کاتی بوونی کاک ئەمیر لە ئووپسالا گەڕام وێنەکانم بۆ نەبیندراوە، ئەو دەمی ئەمن جگەرەم دەکێشا ئەو عادەتە خراپەم هەبوو ، دیارە کاک ئەمیر زۆر دژی جگەر کێشان بوو.

ئەحمەدزادە: ئەمیش هەر دەم کێشا

قازی: وێنەیەک هەیە کە ئەمن جگەرەم بە دەستەوەیە و کاک ئەمیریش نیشانەی مەنعی تەدخین ی بەدەستەوەیە. چیدیکەت لە بیرە لەو ساڵەی کە کاک ئەمیر لەوێ بوو؟

ئەحمەدزادە: بەڕاستی من زۆر شتم لە بیرە. یانی یەک شت کە لە بیرمە لە پێوەندی لەگەڵ خۆمدا، چونکە ئێمە کە باسی بیرەوەری دەکەین دروستە ئەلئان بیانوویەکە مامۆستا ئەمیرە بەڵام جۆرێک لە خۆ گێڕانەوەش لە بیرەوەری دا هەیە، بۆ نموونە بەیانان کە ئێمە دەڕۆیشتین بۆ زانکۆ زۆر جار بە پیادە، من زۆر جار چونکە هۆگرییەکی زمانناسیانەم  بە تواناییەکانی کاک ئەمیر هەبوو دوایە ئەگەر بچینە سەر کتێبەکەی ، ئەو تیوریانەی ئەو باسی کرد بوو و ئەو سێمینارانەی کە دەیدا من زۆر پرسیارم دەکرد، جار جاریش وەکوو ئینگلیسی گوتەنی دایلەمایەکم هەبوو تۆ بڵێی بەو بەیانییە زووەی ئەو کابرایەی ئەزییەت نەکەم، ئەو دەمی کاک ئەمیر تەمەنی دروست پەنجا ساڵ بوو. پەنجا ساڵە بوو بەڵام، ڕاستییەکەی ئەو دەمیش لە پەنجا زیاتر دیاری دەکرد بۆ من، یانی حاڵەتێکی زەینی و سابجێکتیڤە چونکە زۆر تێۆری و شتی دەزانی ئەمن پێم وابوو ئەو دەبێ زۆر بە عومر بێ. خۆزگە هەزار ساڵ دەژیا. کە دەڕۆیشتین پرسیارم دەکرد ئەو ماندوو نەدەبوو لە ووڵامدانەوەی من. هەرگیز ماندوو نەدەبوو، بەردەوام رێفرێنسی دەدا بە من و تەنانەت کاتێک کە چووەوە کانادا کتێبی بۆ دەناردم، ڕێفرێنسی بۆ دەناردم یا ئەگەر دەهاتەوە سەرەڕای ئەوەی کە باری زۆر پێ بوو، خزم و دۆست و ڕەفیقی زۆر بوو لە ئووپسالا و پیاوێک بوو کە زۆر بڵێین تێکەڵاوێک لە مۆدێرنی ئەو سەردەمە و لە پاراستنی نەریتەکان تا ئەو جێیەی کە دەگەڕێتەوە سەر ڕێز دانان و ئیحتیرام و خۆشەویستی و سەمیمییەتی زۆر تێدا بوو، کادۆی دێنا. ئەلئان ئەمن لانی کەم دوو کتێبی کادۆی ویم هەیە لە بواری زمانناسی دا کە بۆ منی هێناوە. ئەو کتێبەکان بە سیرفی کتێب نا بەڵام ئەتۆ لە کانادا ڕا بیانهێنی ، بە زەحمەت و دە بار و ئەولاوئەلا دا بۆ من زۆر گرینگ بوو. دوایە چەند جاران ئێمە دەچووینە سێمیناران لانی کەم لە زانکۆی ئووپسالا نەریتێکی هەر دوو حەفتە جارێک لە ئەنیستیتووەکەی ئێمە سێمینار هەبوو،

قازی: ئەنیستیتووی؟

ئەحمەدزادە: ئەنیستیتووی ئەو دەمی پێیان دەگوت: " ئەنیستیتووی زمانانی ئەفریقایی – ئاسیایی " ، ئێستا ناوی گۆڕاوە بە " ئەنیستیتووی زمان و زمانناسی"، ئەو دەمی پڕۆفێسۆر بوو ئووتاس کە پڕۆفێسۆری من بوو لەوێ بوو، کاک ئەمیریش لەوێ مامۆستای میوان بوو جوان لە بیرمە لە سەر

قازی: دوکتور جیهانی ش  لەوێ بوو ئەو دەمی؟

ئەحمەدزادە: بەڵێ ئەلئان پڕۆفێسۆرە ئەلئانیش هەر لەوێیە. جا پرۆفێسۆر جیهانی تێزی دوکتوراکەی لە سەر ستاندارد بوونی زمانی بەلووچی بوو و لەو پێوەندییەیدا بڵێین جۆرێک لە هاوبەشی فیکری دەنێو واندا هەبوو، بە چ مانا؟ بەو مانایەی کە ڕەوتی ستاندارد بوونی زمانی کوردی چۆن بووە و ئی بەلووچستان چۆن بووە؟ ئەگەر ڕەوتی ستاندارد بوونی زمانی کوردی لەو کتێبەی کاک ئەمیریدا بە ووردی باسی کراوە، کە ئەگەر بتەوێ چەند نموونە وەکوو شا تیورییەکانی ئەو کتێبە باس بکەین، چونکە ئەوە بە باوەڕی من شاکتێبی، ماسترپیسی کاک ئەمیر یە، ئەڵبەتە ئەوە تورکییەکەیەتی کە جەنابت نیشانی دەدەی.

قازی: ئێستا باسی دەکەین.

ئەحمەدزادە: جا لە سەر ئەوەی کاک ئەمیر و کارینا جیهانی هەمیشە باسیان هەبوو، تێزەکەی کاریناش ئەو دەمی چاپ ببوو، هێندێک وێک چوویی هەبوو بڵێین لە بواری جوغرافیایی و سیاسی لە نێوان بەلووچ و کوردان دا. بۆ نموونە ئەگەر کوردان بە سەر چوار ووڵاتان دا دابەش بوون، بەلوچان بە سەر سێ ووڵاتاندا دابەش بوون لە هەر سێکی ئەوانە دا جیاوازی ئۆرتۆگرافی، جیاوازی زاراوەیی هەبووە ، لە بەلوچستان و کوردستان ئەوانە چۆن ستاندارد بکرێن


قازی: ئەگەر ئێستا بێینە سەر کتێبەکە. دەقی کتێبەکە وەک دەیبینن لە شاشە دا تێزی دوکتورای کاک ئەمیر بووە بەڵام ئەو دەمی کە هات لە ستۆکهۆڵم و ئووپسالا ناساندی لە سێپتامبری ١٩٩٢ دا ناوی "فاکتۆری زمان لە بەرەوپێشجوونی نەتەوەییدا: ستاندارد کردنی زمانی کوردی" بوو و وەک کتێب بە نێوی " ناسیۆنالیسم و زمان لە کوردستان، لە ساڵی ١٩١٨ هەتا ساڵی ١٩٨٥ " دەرکەوت . برادەرێک لە زیندان چەند فەسڵێکی لەو کتێبە تەرجومە کرد بوو و وەک نامیلکەیەک لە دەرێ چاپ کرا بوو و هەر لە سەر ئەو تەرجومەیە ئەو کەسە لە تورکییە دیسان مەحکەمە کرا و کاک ئەمیریش بە ڕێگای پارێزەرەکەیدا شەهادەتی نارد بۆ دادگە. هەرچۆنێک بێ ئەو کتێبە لەگەڵ ئەوەشدا کە هێشتا بە کوردی بە تەواوی نییە لەوانەیە چەند فەسڵێکی تەرجومە کرا بێ، بەڵام بە شێوەی کامیل ئاوا بە زمانی تورکی چاپ کرا و ئەو کتێبە لە ڕاستیدا تەئسیرێکی زۆری هەبووە لە چێکردنی بۆچوونیی زانستی بۆ  بواری زمان و تاریخی زمانی کوردی بە تایبەتی لە باکووری کوردستاندا و دیارە ئەو زەمانەش کە لە ساڵی ٢٠٠٨ را ئەو مەسەلەی " سۆرانی فرست " یانی سۆرانی یەکەم  و شتی ئاوا هاتە گۆڕێ ، دیارە زۆر کەس ئاگادار نەبوو لەوەی ئەو کتێبە لە سەر پڕۆسەی ، پێڤاژۆی ستاندارد بوونی سۆرانی لە سلێمانی یە یانی لەهجەی بابانی کە چۆن ستاندارد بووە ئەساسی ئەو باسەیە. ئێستا ئەگەر لە سەر ئەو کتێبە هێندێک زیاتر ئاگاداری بدەی، بەڵام بە داخەوە دەبێ زۆر کورت و موختەسەر بێ چونکە شتی دیکەش ، کتێبەکانی دیکەشی دەبێ بناسێنین.
  
ئەحمەدزادە:  ئەوەڵەن ئەو کتێبە گرینگییەکی تایبەتی هەیە، کاک ئەمیر چەند جار بۆخۆی بۆی گێڕامەوە کە ئەم کتێبە لانی کەم سێ جار تایپ کراوەتەوە. ئەو دەمی کامپیوتر بە کار نەدەهات ، تایپ دەکرا.

قازی: جەنابت نوسخە ئینگلیسێکەیت  هەیە؟

ئەحمەدزادە: بەڵێ، بۆخۆی دای بە من .

قازی: غەیری ئەوە کۆپییەکت دەست کەوتووە کە لە لای مام جەلال ی بووە، شتێکی وام بیستووە.

ئەحمەد زادە: ئەوە شتێکی دیکەیە. ئەوە لە کتێبخانەی لە کوردستان لە شوێنێک هەبووە، مام جەلال ویستوویەتی لە کتێبخانەکەیدا هەبێ داویە بە کەسێک هەمووی پەڕ بە پەڕ وێنەی لێ هەڵگرتووە، تەنانەت ڕەنگە ئەو دەمی ئیمکاناتیان نەبووبێ زیراکسی بکەن یان چی بکەن دەستی ئەو کەسەش هەیە کە پەڕەکانی ڕاگرتووە. ئەوە من لە برادەرێکم وەرگرت، بە داخەوە ئێستا پێم نییە دەنا لە سەر کامپیوتێرەکەم هەمە. لە هەموو کتێبەکە عەکس هەڵگیراوە.
وەک لە ناوی کتێبەکەی، ناوە چاپکراوەکەی کە ' لەنگوێج ئەند نەشنالیزم ' ە، ڕەنگە یەکێک لە هەستیارترین بوارەکانی وەکوو تایتل هەڵبژاردبێ یا هەڵبژێردرابێ دواتر، ئەویش ئەوەیە کە هەم زمان و هەم ناسیۆنالیزم  دوو بواری یەکجار سەرەکییە لە چەند دەییەی ڕابردوو کە بە تایبەتی لە کۆڕ و کۆمەڵی ئاکادێمیک دا هەن. پێوەندی ئەو دوانە لە کۆنتێکستی جیاواز دا ، لە بەستێنی جیاواز دا چۆنە؟ ڕاستییەکەی ئەوەیە هەر لەو کتێبەیدا ٨٠ – ٩٠ لاپەڕەی جۆرێک لە پێشەکییە کە تێیدا کاک ئەمیر باسی  دابەشبوونی کوردستان، ١٥١٤، دابەشبوونی دووەم ١٩١٨ دوای ئەوەی کە ئینگلیسییەکان دێن و ویلایەتی مووسڵ دەگرن سێڤر و لۆزان و ٢٠  و ٢٣ و ئەوانە هەمووی تێدا و ئەوە لە دەرەوەی باسێکی سیرفەن زمانی یە چونکە ئەوە پێشەکییە. و بۆچوونی لە سەر ناسیۆنالیزمی کوردی تێدا لە زەمانێکدا کە هەتا ئەو دەم لە  ڕوانگەی ئاکادێمی کوردییەوە، ئاکادێمییە کوردەکان کەس باسی ناسیۆنالیزمی کوردی بە شێوەی تیوریک نەکرد بوو. و دەتوانم بڵێم کاک ئەمیر پێشەنگ بوو لەو بوارەی دا. جا هەر لە بەر ئەوەش زەمینەی باسێکی ساز کرد کە دوایە لە لایەن هێندێک لێکۆلەرەوەی تری کورد را قۆستراوە، هێندێک ڕەتیان کردەوە

قازی: وەکوو کاک عەبباسی وەلی و دیارە کاک ئەمیریش دوایە بۆچوونەکەی کاک عەبباسی قەبووڵ کرد تا ڕادەیەک . فەرموو بەردەوام بە.

ئەحمەد زادە: دەتوانم بڵێم تا ڕادەیەک قەبووڵی کرد بەڵام دەتوانم بڵێم ئاخرین ووتاری کاک ئەمیری لە کتێبێک دا کە کاک عەبباس بۆخۆی ئێدیتی کردووە: " دی ئۆریجن ئاف کوردیش نەشنالیزم " یا  'بنەماکانی ناسیۆنالیزمی کوردی' بۆچوونەکەی هەر ئاوایە بەڵام بڕێک تیفتیفە  و ووردتر کراوەتەوە.

قازی: یانی ئەوەی قەبووڵ کردووە کە زەمانی ئەحمەدی خانی ناسیۆنالیسم نەبووە بەو شێوەیە .

ئەحمەدزادە: بەڵام، دە هەمان کاتدا پێی وایە و هەر ئەو نییە ، ئیدێئۆلۆگی دیکەی تیوری ناسیۆنالیزم هەن دروستە ناسیۆنالیزم بە شتێکی کانستراکتڤیست دادەنێن بەڵام هێندێک بنەما و ڕەگ و ڕیشەی ئێتنیکی و کولتووری بۆ دادەنێن.

قازی: با ئێستا بگەڕێینەوە سەر ناوەرۆکی کتێبەکە

ئەحمەدزادە: لەو کتێبەیدا کاک ئەمیر دیسان ئەو خەسلەتەی، ئەو تایبەتمەندییەی عەرزم کردی، ئەو دیقەتە ئاکادێمییە ووردە، بە بەڵگەییە، ئارشیڤییە  جوان جوان دەو کتێبەی دا دەبیندرێ یانی هاتووە هەر دووک زاراوە سەرەکییەکانی کوردی هەم کورمانجی سەروو و کورمانجی ناوەڕاست بە ووردەکاری لە ڕەوتێکدا چۆن هاتوون، یەکەم کتێب، یەکەم ڕۆژنامەو، یەکەم ڕادیۆ، یەکەم فیلم، هەر یەکەم هەمووی دۆزیونەتەوە، بە بەڵگەوە تەنانەت ڕەسمەکانیشی داناوە. تەنانەت ئەمن دەبینم لە جێیەکی ئافیشێکی داناوە لەو ئافیشەی دا کە مەسەلەن کوردی چۆن نووسراوە، دوایە هاتووە ووردی کردووەتەوە بوارەکە. زمان لە ئاستی ووشە دا، زمان لە ئاستی ئۆرتۆگڕافی نووسین دا چۆن نووسراوە، ڕێنووس و چۆن لە ناو زاراوەکان ، ئەوەی باست کرد، بۆ نموونە زاراوەی سولەیمانی بووەتە بەیس و ئەوەش هاتووە لە ئاستی بڵێین هەوڵەکانی ستاندارد بوونی زمان کە لە لایەن زمانناسێکی کە لە چوارچێوەی تیۆریکی کتێبەکەیدا وەدوای کەوتووە و شوێپاندوویەتی ئاینار هاوگن ە.

قازی: بە ڕەچەڵەک نۆڕوێژی بووە

ئەحمەد زادە: هەر ئەوە زۆر زۆر گرینگە ئەو نۆروێژەی کە باست کرد، بووەتە هۆی ئەوەی کە کاک ئەمیر لە ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەیدا و ئەو ڕەوتە دیسکریپتیڤ ە، باس کردنە،  وەسف کردنە بێ ئەوەی کە پرێسکتیڤ بێ، بێ ئەوەی کە بێ ئەوەی بڵێ ئەوە نۆڕمە، سۆرانی دەبێ وابێ، کورمانجی دەبێ وا بێ، ئەسڵەن کاری بەوانە نەبووە بەڵام  دەگاتە ئەنجامێکی زۆر زۆر باڵکێش کە لە بواری سیاسی و پڕاکتیکییەوە دوو دەیە دواتر بوو بە باسی ناوەکی ئێستاش هەیە، ئەوەیکە ئێمە دەسەڵاتمان پەیدا کرد بە شێوەیەک لە شێوەکان لە باشووری کوردستان زمانی ستانداردی کوردی چ بێ؟ چونکە دیدێکی ئەوەی کە بڵێین جۆرێک لە  ساویلکەیی زمانی تێدا بوو کە ئەوە سۆرانی ئەو هەموو ساڵە پێی نووسراوە و زمانێکی دەوڵەمەندە و کورد لە ماڵێ هەرچی قسە دەکەن بکەن بەڵام زمانێکی نووسراوەییان دەوێ ئەویش حەتمەن دەبێ سۆرانی بێ. ئەو دەمی بێ ئەوەی کە ئەو باسە بەوشێوەی مەتڕەح بێ کاک ئەمیر تەنانەت  لە دەرەوەی باس و خواستی سیاسییەکەی پڕاکتیکی و سیاسییەکەیدا بەوەی گەیشتبوو  کە ئەو زمانە دروست وەک ئەو زمانەی کە بڵێین هاوگن زمانێک سەرچاوەی لێ گرتبوو، یان وەکوو ووڵاتێکی وەک ئاڵبانی و نوروێژ ، ئەوانە ووڵاتانێک بوون کە سەرەڕای ئەوەی کە ووڵات بوون، ساڤرنیتی، بڵێین سەروەری سیاسییان هەبوو، بەڵام لە باری زمانییەوە دوو ستانداردە بوون و بای- ستاندارد لەنگوێج  زاراوەیەک بوو کە دەکارهێنانەکەی لە لایەن کاک ئەمیریەوە بوو لەمەڕ زمانی کوردی. بەڵام لە بیرمان بێ، من لە دانیشتنەکانیشدا، لە قسەکانی کاک ئەمیریدا هەمیشە کۆمەڵێک تێرمم دەبیست کە ئەم تێرمانە یەکجار گرینگ بوون لە پێوەندی لە گەڵ تڕاژێدیای کورد بوون دا مەسەلەن ' لینگویساید' / زمان بڕین  تیرمێک بوو کە من یەکەم جار لەویم بیست . 'ئێتنیساید ' /  کورد قڕان . ئەوانە لە ڕووی  ' جێنۆساید ' ێوە ساز کراون. ئەوانەی هەمیشە بە کار دەبردن و ئەوە نیشانی دەدا کە ئەو بە هەموو تایبەتمەندییە فکری و ئیدێئۆلۆژییەکانەوە بە باوەڕی من لە سەمیمانەترین پارێزەرانی زمانی کوردی بوو. یانی حەزی لەو زمانە دەکرد، خۆشی دەویست.


قازی: دیارە ئێمە لێرە دا دەبێ لە سەر ئەو مەسئەلەیەش تەئکید بکەین کاک ئەمیر بە بیروباوەڕ مارکسیست بوو، لێنینیست بوو و لە نووسینی خۆیدا باس لەوە دەکا کە لە پێشدا بە ناسیۆنالیسم دەستی پێ کردووە، هەستێکی ناسیۆنالیستی کوردی هەبووە و پاشان بەوە گەیشتووە ناسیۆنالیسم ڕێگاچارە نییە ، بە مارکسیزم گەیشتووە و دوایە کە لە سەرەتاکانی ١٩٧٠ کاندا هاتووەتە دەرەوەی ووڵات لە ئەمرێکا لەگەڵ بزووتنەوەی خوێندکارانی ئێرانی لە نزیکەوە فەعالییەت و چالاکی هەبووە. دواتر دا لە ساڵانی ١٩٧٦- ٧٧ ١٩ دا لە پێوەندی لەگەڵ ' کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات ' کە پێک هات کاک ئەمیر بەشداری تێدا کرد و دەورێکی باڵای هەبوو  لە نووسینی پەیڕەو و پڕۆگرامی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات دا و دیارە ئەو فەعالییەتە  ماوەیەک درێژەی هەبوو، لە ئەمریکا حەولی ئەوە درا  لقی ' کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات ' ئاکسا، دابمەزرێ، ئێستا نامەکانی کاک ئەمیر ماوە، لە یەکێک لە نامەکانی لەو سەروبەندە دا باسی ئەوە دەکا بەو نەتیجەیە گەیشتووە پێویست دەکا کە کوردەکانی هەر بەشەی کوردستان لەگەڵ ئەو خەڵکانەی کە لەگەڵیان دەژین هاوکاریان هەبێ و خوێندکاری هەر بەشەی کوردستانیش دەبێ لەگەڵ خوێندکارانی هەر یەک لەو ووڵاتانە یەکبگرن. دیارە دواتر کاک ئەمیر لەگەڵ هاوژینی دوکتور شەهرزادی موجاب چوونەوە کوردستان و لە کوردستانیش وەکوو ئێستا دەردەکەوێ لە چالاکییەکانی ئەو کۆمەڵانەی کە لە شارەکانی کوردستان کە لە کاتی هەستانەوە بە دژی جمهووری ئیسلامی پێک هاتن بە تایبەتی لە سنە و لە ئۆرگانیزە کردنی چوونی خەڵکی سنە بەرەو مەریوان بۆ هاوپشتی لەگەڵ مەریوان بەشداری فەعالی هەبووە. دواتر لە چوار چێوەی 'اتحادیەء کمونیستهای ایران ' دا خەباتی کردووە. دوایە کاک ئەمیر لە ساڵی ١٩٨٣- ١٩٨٤ دێتەوە دەرەوەی ووڵات لە پێشدا لە پاریس بوون و لەوێوە چوونەوە ئەمریکا و لەوێوە دوای ماوەیەک چوونە کانادا ، لە بەر ئەوەی هەر دووکیان هەم بۆخۆی و هەم هاوژینی شەهرزادی موجاب لەوێ کاریان پەیدا کرد و لە کانادا دەژیان. یەک شتی پێم خۆش بوو لێرە دا باسی بکەین جەنابت حەتمەن ئەو گۆڤارەت دیتووە گۆڤاری ' دەروازە ' ، کاک ئەمیر بێجگەلە ئەو حەولەی کە لە پێوەندی لەگەڵ ئووپسالا باسمان کرد و هەر وەها لە مەڕ گزینگ، پڕۆژەیەکی دیکەشی هەبووە بۆ دەرکردنی گۆڤارێکی زانستی لە فەڕانسە وابزانم بە هاوکاری لەگەڵ بەڕێز دوکتور عەبدوڵای مەردووخ بەڵام، لە نامەیەکی دا بۆ من باسی ئەوە دەکا لە بەر نەبوونی ئیمکاناتی مادی نەیانتوانیوە ئەو گۆڤارە دەر کەن. دیارە ئەو گۆڤاری  'دەروازە' ش  چەند  ئاکادێمیسیەن بە گشتی ، ئاکادێمیکی کوردی خەڵکی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەڕێز دوکتور ئەرگین  ئوێپەنگین و دوکتور فەرەنگیسی قادری ئیدارەی دەکەن.

ئەحمەدزادە: منیش لە دەستەی پشتیوانی ئەو گۆڤارە دا هەم


قازی: کاک ئەمیر قەبووڵی کرد بوو کە سەر ئێدیتۆری ئەو گۆڤارە بێ، و تا ئێستا  هەر ژمارەیەکی لێ  بڵاو بووەتەوە و بەداخەوە ڕەنگە کاک ئەمیر ئەو ژمارەیەی نەدیتبێ، چونکە لە هەڕەتی نەخۆشی کاک ئەمیر دا لە چاپ دەرکەوت. لەو ژمارەیە دا مەقالەیەکی هەیە؛ ئێمە پێشتر باسمان کرد کە دەبێ وەک کاری هەرە گرینگ چاو لەکتێبەکەی کاک ئەمیر بکرێ لەمەر ' زمان و ناسیۆنالیسم' ،  بەڵام کارێکی دیکەش کە لەو ژمارەیەی ' دەروازە؛ دا بە کوردی ناساندوویەتی بریتی یە لە ' بزووتنەوەی وەرزێرانی ناوچەی موکریان ' کە ئەوەش دەگەڕێتەوە ساڵانی ١٩٥٢- ١٩٥٣ لە زەمانی حکوومەتی دوکتور محەمەدی موسەدیق کە حکوومەتێکی بڵیین نیشتمانی بوو و ئەو کاتە قانوونێک پەسند کراوە بۆ بەرتەنگ کردنی دەسەڵاتی خاوەنموڵک و ئاغاوەتان و لەو دەو دوویەی وەریان دەگرت دەبوو بیست لە سەدی بگێڕنەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی لاذێیان، جا ئەوە دەبێتە هەوێنی ڕاپەڕینێک لە ناوچەی موکریان و مەنتەقەی فەیزووڵابەگی و هەر وەها لە ناوچەی شامات و محاڵ وئەوانە؛ دە عەینی حاڵ دا حەڕەکەتێکی نێو شاریش هەبووە لە بۆکانێ بە سەرۆکایەتی حاجی قاسمی کەریمی و عەوڵای ئێرانی لە دژی ئێلخانیزادەکان کە لەوێ خاوەنموڵک بوون. کاک ئەمێر لە سەر ئەوانە بەسەریەکەوە لێکۆڵینەوەیەکی دوور و درێژی کردووە و لەگەڵ زۆرێک لەو کەسانەی کە لە نزیکەوە لەو بزووتنەوەیە دا بەشدار بوون چ بە ڕێگای موکاتەبە بێ، چ بەڕێگای یارمەتی خەڵکی دی بێ پرسیاری بۆ ناردوون و  ئەو کەسانە ووڵامیان داوەتەوە بۆ وێنە یەکێک لەوانە نەمر حەمەدەمین شەشە بوو کە ئەویش پارەکە وەفاتی کرد و یەکێک بوو لە ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەیە. یان کاک ڕەحمانی شێخ ئاغایی کە هاتبووە سوێد سەری خزمانی بدا و بەیەکەوە وتووێژمان لەگەڵ کرد. ئەو لێکۆڵینەوەیە وەکوو کتێب بڕیارە لە ٤ بەرگ دا بە زمانی فارسی بڵاو بکرێتەوە کە بە خۆشییەوە زۆربەی کاک ئەمیر خۆی تەواوی کردووە و بەرگێکیان ماوەتەوە کە هاوژینی مامۆستا، شەهرزاد موجاب تەواوی دەکا. ئەوەش دەبێتە یەکێک لە کارە هەرە گەورەکانی کە کاک ئەمیر کردوویەتی. کتێبێکی دیکەی بە زمانی فارسی بڵاو کراوەتەوە لە ساڵی ٢٠١٧ کە ئانڵاینیش دەست دەکەوێ و حزب کمونیست ایران ( مارکسیست، لنینیست، مائوئیست) بڵاوی کردووەتەوە و ناوەکەی ' بر فراز موج نوین کمونیسم ' ە ، لەو کتێبە دا هێندێک لە نووسینەکانی کە پێشتر لە ویبنووسی ' ڕوانگە' دا لە پێوەندی لەگەڵ دوو نووسینی عەلیڕەزا نابدل  ئەو تێکۆشەرە ئازەربایجانییەی کە زەمانی شا لە ژێر ئەشکەنجە دا کووژرا، شتێکی نووسیوە ' در بارەء احوالات آقای پان ' کاک ئەمیر ئەوانەی زیاتر شی کردووەتەوە. ئەگەر ئەو کتێبەی ' بر فراز موج نوین کمونیسم' ت تەماشا کردووە  پێم خۆشبوو هێندێک زیاتر بناسێنی.

ئەحمەد زادە: ڕاستییەکەی ئەوەیە ئەمن ئەو کتێبەم نەخوویندووەتەوە چاوم لێ کردووە. بەس بەر لەوی لە مەر 'بزووتنەوەی جووتێران' ئەوە شتێک بوو لەو ساڵانەی کە من کاک ئەمیرم دەبینی هەمیشە ئاماژەی پێ دەکرد و هەمیشە خەریک بوو لەگەڵی. یانی دەتوانم بڵێم بەشی زۆری ژیانی کۆکردنەوەی دۆکیومێنت و بەڵگە بوو بۆ ئەو کتێبە.

قازی: بە تایبەتی  دوای ئەوەی کە کاری لە زانکۆ تەواو کرد

ئەحمەد زادە: دانیشتبوو بیاننووسێتەوە لە ڕەوتی ئەو ساڵانە دا.

قازی: بە نەخۆشیش هەر بەردەوام بوو لە سەری.

ئەحمەدزادە: بەداخەوە مەرگ مەجالی نەدا .  یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی تری کاک ئەمیری من تێمدا دەدەی جۆرێک لە سترێس بوو کە زۆر پڕۆژەی هەبوو دەیویست هەموان ئەنجام بدا ، مەسەلەن ئەمن ئێستا نازانم ئاماژە بە وی دەکەی یان نا؟ ئەو کتێبەی کە لە سەر داب و نەریتی فەرهەنگی زارەکی موکریانی نووسراوە کە کاک سەلاحەدینی پایانیانی ئامادەی کردووە، کاک ئەمێر پێشەکییەکی بۆ یەکێک لە بەرگەکانی نووسیوە لە سەر ئەدەبی زارەکی. هەر ئەو ئەدەبی زارەکییە لە زۆر بوار دا کاک ئەمیر پێی وابوو ، بە تایبەتی لە چوارچێوەی کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی هێشتا زارەکی بووە، دۆکیومێنت و نووسین کەم بووە، هەوڵی دەدا کە کۆ بکرێتەوە. مەسەلەن بۆ گۆڤاری ' هێرۆ' ش  وەکوو پێشنیارێک گوتبووی ئەو کوردانەی کە لە ئووپسالا و ستۆکهۆڵم و ئەو جێیانە دەژین و دایوبابیان لە ووڵات ڕا دێن ئێوە دانیشن قسەیان لەگەڵ بکەن و قسەکانیان تۆمار بکەن. لەوێدا زۆر دوور و درێژ، زۆر بە ووردی لە سەر گرینگی پاراستنی زمان بڵێین لە ئاستی بە دۆکیومێنت کردن و تۆمار کردن دا قسە دەکا. لەسەر پڕۆژەی لێکۆڵینەوەی لە سەر وەرزێران ، ئەوە بڵێین هاوخوێنییەک، یان خوێندنەوەیەکی ئیدێئۆلۆژیک و تیوری بوو لەگەڵ باوەڕەکانی خۆی

قازی: وەکوو کۆمۆنیستێک

ئەحمەدزادە: بەڵی وەکوو کۆمۆنیستێک. دیسان یەک لە تایبەتمەندییە جوانەکانی کاک ئەمیری بێ هیچ ئەولائەولا لە دەورانێک دا کە کۆمۆنیست بوون زۆر سەختی لێ هاتبوو ئەو هەر کۆمۆنیست بوو و تاکوو مردیش بەو ڕێگایە وەفادار ما، بەڵام نە کۆمۆنیستێکی موتەعەسیب، کۆمۆنیستێک کە کاری بۆ دەکرد.

قازی: هەر لەو ' بر فراز موج نوین کمونیسم ' دا بە دوور و درێژی ڕەخنەی گرتووە لە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، ئەوانەی کە پەیڕەوی مەنسووری حیکمەت بوون  لە مەڕ ئەوەی کە بۆچوونیان لە سەر مەسەلەی میللی ناتەواوە.

ئەحمەدزادە: ئەوە زۆر زۆر گرینگە یانی کاک ئەمیر دەتوانێ ئۆلگوویەک بێ بۆ ئەوانەی کە ئەندیشەی چەپیان هەیە، کە دەکرێ ئەندیشەی چەپت هەبێ ئەو جوورە وەفادار و شێلگیر بەڵام لە هەمان کاتدا مەسەلەی پاراستنی خوو و خدەی کولتووری زمانێکت زۆر لا گرینگ بێ.

قازی: ئێستا سەبارەت بە کارەکانی دیکەی، وەک گوتت کاک ئەمیر هەم زۆر وورد بوو، هەم  زۆر پر کار بوو، لە ڕاستیدا قەت هەدای نەدەدا بۆ نووسین. بە دەیان نووسینی هەیە لە ئێنسێکلۆپێدیایان دا سەبارەت بە کامیونیکەیشن، سەبارەت بە تێلێڤیزیۆن، سەبارەت بە موسیقی،  سەبارەت بە زمانی تێلێڤیزیۆن. لەو ئێنسێکلۆپێدیای ئێرانیکا دا سەبارەت بە زۆر ناوچەی جوغرافیایی کوردستان. هێندێک لەوانە ئەگەر بتوانی بە کورتی شی بکەیەوە دوایە دێینە سەر  کتێبێکی دیکە.

ئەحمەدزادە: لە ئێنسێکلۆپێدیای ئیرانیکا دا چەند ئینتری هەن و ئەلئان بە ووردی نازانم چەندن و ئەوان ئی کاک ئەمیرین. و لەوێدا دەبێ بە زمانێکی زۆر چڕ و پڕ زۆرترین شت دە کەمترین حەجم دا بڵێی و زۆرتیرن رێفرێنسیش بدەی. کارێکی یەکجار سەختە، یانی شتێکە ڕەنگە بڵێین لە ووتارێکی ٢٠ لاپەڕەییدا، ٦٠٠٠ ووشەییدا  بنووسرێ تۆ دەبێ لەوێ چڕی کەیەوە مەسەلەن بۆ ٨٠٠ ژۆر زۆر ١٠٠٠ ووشە  و لە هەلومەرجێکدا کە سوننەتی ئێنسێکلۆپێدیای کوردی کەمە ، تەنانەت ئۆرتۆگرافی و ترانسکریپشنی ، ترانزیلیەرەیشنی ووشەی کوردیش زەحمەتە، بۆ نموونە لە ئیرانیکای دا تێندێنسی ئەوەیکە ووشەکان وەکوو فارسی ترانزیلیرەیەت بکرێن بە ئەلفووبێی ئینگلیسی یان لاتین، کاک ئەمیر تایبەتمەندی زمانیانە و فۆنۆلۆژیکی زمانی کوردی دەپاراست و چەند جار ئەمن ئاگام لێ بوو نامەی لەگەڵ بەرپرسانی ' ئیرانیکا ' دەگۆڕییەوە، بە منی نیشان دەدا بۆی باس دەکردم پەیگیری دەکرد کاکە بە کوردی ئەوە ئەو جوورە دەنووسرێ.

قازی: مەسەلەیەکی دیکەش کە زۆر زۆر گرینگە و مامۆستا دەوری ئەساسی تێدا بوو ئەویش ئەوەیە لە ساڵی ١٩١٠ تا  ٣٨ – ١٩٣٦ میسیۆنێری دینی لە سابڵاغ و لە ناوچەی موکریان و تەنانەت لە مەنتەقەی نەغەدەش بوون لەوێ کاریان کردووە. کاک ئەمیر کە چووەتە ئەمریکا لەوێ بە ڕێگای دەفتەری تەلەیفوون گەڕاوە و یەکێک لەوانەی دۆزیوەتەوە بە ناوی میس ئاگووستا گودهارت و لە هاوینی ساڵی ١٩٧٧ چووە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کردووە و دوایە نەواری ئەوەی دا بەمن. و دواتر لە گزینگیش دا بە یەکەوە بابەتێکمان لە سەر میسیۆنێرەکان و بەتایبەتی پێوەندی دوکتور مستەفای قازی لەگەڵ ئەوان بڵاو کردەوە. دواتر کاک ئەمیر بە بەخت کردنی کاتێکی زۆر بەشێکی زۆر لە چاپەمەنییەکانی  ئەو میسیۆنە لووتێرییەی کۆپی کرد و بۆی ناردم ، هەر ئەو تەشویقەی کاک ئەمیری بوو بە هۆی ئەوە ئەمن لێکۆڵینەوەیەکی زۆر تێروتەسەلم کرد سەبارەت بەو میسیۆنی لووتێرییە کە لە سابڵاغێ بووە، نەک لە باری مەزهەبییەوە بەڵکوو چالاکییە کۆمەڵایەتییەکانیان لەو ناوچانە. کە ئەوە لە ١٥ ئاڵقە فیلمی بەڵگەیی ٤٥ دەقیقەیی دا سازمان کرد بە هاوکاری بەڕێز سامان مامەخەلانی، کە هەم لە ئەمریکا لە دەستگایەکی تێلێڤیزیۆنی دا نیشان درا و هەم لە باشووری کوردستان. و دیارە لە گۆڤارێکی کوردی دا بەشێک لەو لێکۆڵینەوەیە  بە نووسراو چاپ کرا. کاڕێکی دیکەی کاک ئەمیر کە ئەوە لێرە دا دەیبینن ناوی: ' سەدەیێک خەبات لە پێناوی زمانی کوردیدا: تیۆری، سیاسەت و ئیدەئۆلۆژی ' یە دەگەڕێتەوە سەر چاوپێکەوتنێک کە لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا بۆ لەندەن لە ساڵی ١٩٧٦، کە دوایەش لەوێوە بەیەکەوە چووینە کۆنگرەی کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان لە دەرەوەی ووڵات. لەوماوەیە دا بۆ ئەوەی ماتریال کۆ بکاتەوە بۆ تێزی دوکتورایەکەی لەوێ بە هاوڕێیەتی لەگەڵ بەڕێز دوکتور عەزیز ژیان چاوپێکەوتنێکی دوور و درێژی کرد لەگەڵ نەمر مامۆستا تۆفیق وەهبی بەگ کە دیارە مامۆستا لە کتێبەکەیدا زۆری کەلک وەرگرتووە لەو چاوپێکەوتنە لەمەر مێژووی گەشە کردنی زمانی کوردی، دواتریش کەسێک، برادەرێک کە ویستوویەتی لە سەر تۆفیق وەهبی بەگ کار بکا کاک ئەمیر ئەو نەوارەی لە بەردەست ناوە، ئەویش داوای لە کاک ئەمیر کردووە پێشەکییەک بۆ ئەو کارەی وی بنووسێ، لە بەر دید و ڕوانگەی ڕەخنەگرانەی کاک ئەمیر لەو نووسینە دا، ئەو برادەرە کتێبکەی چاپ کردووە  بێ پێشەکییەکەی کاک ئەمیر و بێ ئەوەی کاک ئەمیر ئاگادار بکاتەوە. دیارە خۆشی زۆر ماندوو کردووە بۆ ' شیکردنەوە' ی چاوپێکەوتنەکە و دۆزینەوەی زانیاری بە ووردەڕیشاڵ لە سەر تۆفیق وەهبی. دیارە دواتر بنکەی ژین لە سلێمانی دەقی چاوپێکەوتنەکە و لێکدانەوەکەی کاک ئەمیری وەک ئەم کتێبە چاپ کرد کە من چەند نوسخەیەکم دەست کەوت و نوسخەیەکیشم بۆ بەڕێزت نارد بۆ یە دەمەوێ هێندێک باسی ناوەرۆکەکەی بکەی.

ئەحمەدزادە: لە سەر ناوەرۆکەکەی ئەمن پێم وایە جودا لە ئەهەمییەتی دیسان ئەوەی کە تۆ لە ٧٠ کاندا بە تەمابی لە ٨٠کاندا تێزەکەت بنووسی و دوایە لە ٨٠کاندا گەڕاوە کاک ئەمیر چوار پێنج ساڵ لە ووڵات بوو ، دوایە دیسان دەستی کردەوە بە نووسینەوەی ، کە گوتم سێ جار تایپی کردووەتەوە، خودی تۆفیق وەهبی وەک یەک لەو کەسانەی کە لە ڕەوتی ستاندارد بوونی زمانی کوردی دەستی هەبووە، دەزانی کە ئەو دیکشنێری مەشهوورەکەی کە لەگەڵ ئێدمۆندز ئامادەی کردووە و لە کارەکەی کاک ئەمیری دا ئەو دیکشنێرییەش زۆر ئاماژەی پێ کراوە. ئەو دەمی ئەتۆ بچی بیبینییەوە، کەسێکی ئەو جوورە و نەوارەکەشی مابێ، بیپارێزی. هەر لێرە دا زۆر باشە وەکوو تایبەتمەندییەکی دیکەی کاک ئەمیری ئاماژە بە ئەهەمییەتی ئارشیڤ بکەین کە هەمیشە بۆخۆی دەیگوت و ئەوەی کە من چووم لە ماڵیان لە کانادا بینیم.

قازی: ساڵی چەند بوو ئەو سەفەرەی کانادا؟

ئەحمەدزادە: من سەفەری کانادایەم دیسامبری ساڵی ٢٠٠٢ بوو. ئەوەش بۆ خۆی بیرەوەرییەکی زۆر خۆشە، چۆن کاک ئەمیرم بینییەوە، چۆن چووم بۆ ماڵێیان، یای شەهرزادە کۆلێکسیۆنی هەموو ووتارەکانی دامێ ئەلئانیش ماومە. و ئەو باسانەی کە ئەوی شەوێ کردمان و چەند میوانی دیکەی کانادایی. هەرچۆنێک بێ، ئەو دەمی بۆ کاک ئەمیر، ئەوە بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە لێکۆڵینەوە دەکەن هەیە، ئەویش ئەوەیە کە زوو بە پەلەپەل بە ئەنجام نەگەن. شتێک کە ئەمن هەمیشە ویستوومە لێی فێر بم ئەوەیە: کەم، پوخت. جەنابت بە پێی تەمەنی کاک ئەمیری و ئەو توانایانەی کە هەیبووە، من بەراوەرد بکەم مەسەلەن لەگەڵ ڕەوتی باوی کوردی کە ٦٠ کتێب و ٧٠ کتێب و ٨٠ کتێب لە باشوور بە تایبەتی زۆرە، مەسەلەن خەڵکمان هەیە هێشتا نەبووەتە ٤٠ ساڵ ٣٠ کتێبی هەیە و دەڵێی پێشبڕكێ هەیە لە ژمارەی کتێبەکاندا. کاک ئەمیر بەو نیسبەتە توانایە و بەو نیسبەتە تەمەنەی کە کردی ئەوەندە کتێبی نییە، بەڵام ئەوەی هەیەتی بۆ هەمیشە، تۆ حەتتا ئەگەر دژی بی هەر بڵێێن ناوەندە. لەو ڕوانگەیەوە ..

قازی: یەکێک لە قورسایی زانستەکەشی ئەو موناقەشەیە بوو کە لە سەر هەڵبژاردنی یەکێک لە شێوەزارەکان وەکوو تاکە ستانداردی کوردی هاتە گۆڕێ. کە دیارە ئەو زۆر بە شێوەیەکی چالاکانە لە کاناداوە بەشداری کرد، یانی لە جنووبی کاناداوە تەئسیری هەبوو لە سەر جنوبی کوردستان ئەوە زۆر ئاشکرایە.

ئەحمەد زادە: بەڵێ بێگومان

قازی: و نەیهێشت دەسەڵاتداران تووشی ئەو هەڵەیە بن

ئەحمەد زادە: تەنانەت ڕوناکبیران

قازی : و شێوەزارێک بە سەر شێوەزارێکی دیکە دا زاڵ بکەن.


ئەحمەد زادە: ئەوە دەگەڕێتەوە تەنیا لایەنی تێئۆریک نا، بڵێین هۆگری بە تێئۆری ماف، لینگویستیک رایتس،تیوری مافی زمانی بۆ وی شتێک بوو نەدەکرا تۆ لێی بوگزەرێی. بۆ نموونە من کوردم ، ئەم زاراوەیەم هەیە، ئەتۆ لە کۆنتێکستێکی گەورەتر دا چاوی لێ کەی، ئێمە هەموو ئێرانینە، لە ماڵە خۆتان قسان بکەن، ئەوە زمانی فارسی هەیە، بۆ بەشێک لە کوردی ئاخێوەران، بۆ زاراوەیەکیش وا بوو. ئەو لەگەڵ ئەوە بەربەرەکانی دەکرد هەم بە پێی تیوری ماف، هەم بە پێی دروست بوونی زمانیانەی کە ئێستا قسە لە سەر چەند زمان دەکرێ، ئەتۆ ئەگەر زمانی خۆت نەزانی ڕۆژی ئەوەل دەچییە مەدرەسەی جوورێکی دیکەت ڕەفتار لەگەڵ بکەن لە ڕوانگەی زمانییەوە چەندە هەڵەیە. لەبەر ئەوە ئاماژە بە مەسەلەی ئارشیڤ، ئەو ئارشیڤەی بۆ خۆی کاک ئەمیر هەیبوو و ئێستاش ماوە کتێبخانەکەی ، ئەو چاوپێکەوتنانەی . ئەو دەمی نامەی ناردووە بەردەوام  بۆ کۆڕی زانیاری لە بەغدایە، مەسەلەن کاک حەمەی مەلا کەریم ئەو دەمی شتی بۆ ناردووە، مامۆستا زەبیحی

قازی: مەسعوود محەمەد

ئەحمەدزادە: بەڵێ، ئەم ووردەکاریانە. تەنانەت مەسعوود محەمەد ئەو کتێبە بە ناوبانگەی

قازی: دیارە ئەو کتێبە دواتر بوو، بەڵام پێش ئەوە ئەو کاتەی کاک ئەمیر ماتریالی کۆ کردووەتەوە بۆ تێزەکەی

ئەحمەزادە: ئەخر ئەو کتێبە لە سەر بنەمای وەیە کە نامەی بۆ ناردووە

قازی: وایە، بەڵام ئەوە نابێ سێبەر بخاتە سەر پێوەندیی پێشوویان.یانی پێوەندییەکانیان کە پچڕاوە پێشتر مەسعوود محەمەد کە لە کۆڕی زانیاری کاری کردووە هەر کتێبێک یان سەرچاوەیەک کە لە پێوەندی کارەکەی کاک ئەمیر دا بووبێ وەک چۆن زەبیحی یارمەتی کردووە بە دوور و درێژ نامەی بۆ نووسیوە ئەویش ئەو کتێبانەی ناردووە بۆ کاک ئەمیر. جا کە مەسعوود محەمەد کتێبەکانی خۆی لە سەر حاجی قادری کۆیی بۆ ناردووە، و کاک ئەمیر نەزری خۆی بۆ نووسیوە، ئەو نامەیە لە دوو توێی کتێبێکدا ماوەتەوە و دواتر مەسعوود محەمەد دیویەتەوە و ووڵامەکەی بووە بە ' بۆ ئەمیر حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت'.  ئیدی بە داخەوە ئێستا وەختمان تەواو بوو.

ئەحمەد زادە: ئاماژەیەکی چکۆڵە زۆر بە کورتی. ئەم دیالۆگەی نێوانیان ، کە لە ژمارە یەکی گزینگ دا چاوپێکەوتنێک هەیە لەگەڵ کاک ئەمیر کە ئەمن کردوومە، چاوپێکەوتنەکە زووتر کراوە و لە یەکەم ژمارەی گزینگ لە ساڵی ١٩٩٣ دا چاپ بووە، لەوێدا ئەو باسە هەیە کە ئەو نامە چۆن بوو. ئاستێکی بەرزی دیالۆگی مەتین لە نێوان هەم مامۆستا مەسعوود محەمەد دا و بڵێین پێرسێپشن و هەڵێنجان و وەرگرتنی لە لایەن مامۆستا ئەمیرەوە هەیە کە دەتوانێ سەرمەشق بێ بۆ هەموان

قازی: زۆر سپاس، وەک لە سەرەتاوە گوتم ئەو کارانەی کاک ئەمیر و ئەو کۆستەی لێمان کەوتووە زۆر زۆر لەوە زیاتری پێ دەوێ، هیوادارم لەو بارەیەوە بکرێ بەرنامەی دیکەشمان هەبێ لەگەڵ هاوڕێیان و تێکۆشەرانی دیکەش کە لە نزیکەوە لەگەڵ کاک ئەمیر کاریان کردووە. زۆر زۆر سپاست دەکەم بۆ بەشداریت لەو بەرنامەیە دا

ئەحمەد زادە: تکایە، سپاس بۆ ئێوە

قازی: بینەرانی خۆشەویست، ئەم ڕاوێژەشمان تەواو دەبێ. تاکوو ڕاوێژێکی دیکە لای ئێوەمان خۆش


تێبینی: ئەو هەڤپەیڤینە لە ڕۆژی جومعە ٩.ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ ئاستە کراوە و یەکشەمە ٥-ی نۆڤامبری ٢٠١٧ لە تێلێڤیزیۆنی ستێرک بڵاو کراوەتەوە.  









No comments: