Wednesday, December 13, 2017

ووتاری بەڕێز یای فۆزا یۆسف هاوسەرۆکی شووڕای بەڕێوەبەری فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا، بە ڕێگای سکایپ

ووتاری بەڕێز فۆزا یۆسف هاوسەرۆکی شووڕای بەڕێوەبەری فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا، بە ڕێگای سکایپ دا

بۆ 
چاردەهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان' بەدیلی دێمۆکڕاتیک بۆ دیکتاتۆری و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ڤیزیۆن و ستڕاتێژی کوردی – ٦و ٧ ی دیسامبری ٢٠١٧ برووکسێل، بێلژیک

لە سەرەتاوە بە ناوی هەموو ژنانی ئازادیخواز ، ژنانی تێکۆشەر لە ڕۆژئاوا، لە باکووری سووریا بە گەرمی سڵاو دەکەم لە هەموو بەشدارانی ئەو کۆنفڕانسە. هەر وەها بە ناوی ئەو ژنە تێکۆشەرانەی کە هەتا ئێستا تێکۆشانێکی دژوار دەکەن بە دژی داعش لە دەیرەزۆر کە ڕەنگە نوێنەرایەتی بابمەزنی لە ئاستێکی هەر بڵیند دا بکا. ئەمڕۆ لە ڕۆژئاوا، لە باکووری سووریا ژنانی کورد، ژنانی عەڕەب و هەر وەها ژنانی سوریانی دەستان داوەتە دەستی یەکتر و لە هەمبەر زۆرداریی داعش  کە لە هەرێمی ئێمە دا کۆیلە کردنی ژنان و کڕین و فرۆشتنی ژنانی بە شێوەیەکی دڕندانە پێش خست ئەمڕۆ تێکۆشانێکی دژوار دەکەن، هەر بۆیە بە ناوی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانە سڵاوتان لێ دەکەم ، و هەر وەها دەستخۆشی دەکەم لە ڕێک خەرانی ئەو کۆنفڕانسە بۆ ساز کردنی ئەو دەرفەتە.
سەبارەت بە وەزعی ژنان، مرۆڤ دەکرێ بڵێ قەتڵی عامێک لە ژنان دەکرێ لە ئاستی جیهانی دا هەرچەند ناویشی لێ نەندرابێ بەڵام وەزع زۆر خراپە. ئاڵۆزی سیستمی بابمەزنی بە شێوەیەکی هەرە خراپ شوێن لە سەر ژن دادەنێ و ئەمڕۆ ئەو پارادیگمەی کە هەم ژنان، و هەم هەموو گەلانی بن دەستی خستووەتە ژێر کاریگەری خۆی ئەوە ئاڵۆزییەکی گەورەی لە هەموو جیهان دا هێناوەتە گۆڕێ و ئەو بارودۆخە لە هەموان زیاتر تەئسیر دەکا لە سەر منداڵان و ژنان. پارادیگمی ڕەگەزپەرستی، دین پەرەستی ، مەزهەب پەرستی و زایەند پەرەستی و ئەو چوار پارادیگمانە تەئسیرێکی زۆر خراپیان لە سەر ژیانی مرۆڤایەتی کردووە و شتێکی زۆر دەستبەجێ کە ئەرک دەخاتە سەر ئەستۆی ئێمە ئەوەیە کە لە بەرانبەر ئەو پارادیگمانە دا پارادیگمێکی نوێ پێش بخەین و لەو بارەیەوە ڕێبەر ئوێجاڵان بە ڕاستی هەنگاوی زۆر بوێرانە و هەنگاوی زۆر ئازایانەی پێش خستووە لە بەرانبەر ڕەگەز پەرستی دا پارادیگمی نەتەوەی دێمۆکڕاتیک، لە هەمبەر زایەند پەرەستیش پارادیگمی ئازادیی ژن و ژنناسی پێش خست. مرۆڤ دەتوانێ بڵێ لە سەدەی بیستەم دا نەتەوە – دەوڵەت  و ڕەگەز پەرستی و لە هەمان کاتدا زایەند پەرستی زۆر خۆی دەرخست،  ڕێبەر ئوێجاڵان لە بەرانبەر ئەوە دا هەنگاوی گرینگی هەڵیناوە، ئەویش هەنگاوی نەتەوەی دێمۆکڕاتیک و ژنناسی بوو .
ئێمەش وەکوو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان و هەر وەها ژنانی باکووری سووریا لە دوای تێکۆشانێکی بیست ساڵە و کاردانەوەی پارادیگمی ڕێبەر ئوێجاڵان مرۆڤ دەتوانێ بڵێ لە ئاڵۆزی سووریا دا هێزی هەرە ئامادە و ڕێکخراو لە ناو ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان دا بوو ، هەر بۆیەش  شۆڕشی ژن و شۆڕشی نەتەوەیی و هەر وەها شۆڕش لە پێناوی دێمۆکڕاسی کە لە سووریا پێش کەوت مرۆڤ دەتوانێ بڵێ هەموویان بەیەکەوە هەڵسووڕان . جیاوازییەکی گەلێک مەزن لە ڕۆژئاوای کوردستان دا ئەوە بوو کە تەنێ بە کێشەی نەتەوەیییەوە نەچاردرا، لە تەنیشت پرسی نەتەوەیی دا ، لە تەنیشت چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی، گیروگرفت و کێشەی دێمۆکڕاسی هەر وەها پرسی ئازادیی ژنیش وەکوو پرسێکی بنەڕەتی هاتە گۆڕێ و لە پێناوی دا خەبات پێش خرا. لەگەڵ کەوتن و هاتنی ژنان بۆ ناو هەموو بوارەکانی ژیان ، لایەنی سیاسی، لایەنی عەسکەری ، لایەنی ئابووری، کولتووری هەر وەها کۆمەڵایەتی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ تەئسیرێکی زۆر گەورەی هەبوو بۆ ئەوەی سیستمی بابمەزنی لاواز بێ و بەو شێوەیە ژن ئەو باوەڕییەی کە لە هەزار ساڵی ڕابردوو دا وونی کرد بوو، بە ڕاستی مرۆڤ دەتوانێ بڵێ جارێکی دیکە بە دەستی هێناوە ، خۆ باوەڕی وەرگرتەوە و ئەوەش بووە هۆکارێکی گەورە لە سەر باوەڕی ژن بە هێزی خۆی.
ئەمن دەتوانم بڵێم لەو شەش ساڵی ڕابردوو دا کە ڕیشەی دەگاتەوە چل ساڵ لە خەباتی بزووتنەوەی ئازادیی کوردستان بە ڕاستی لە ڕۆژئاوای کوردستان و لە هەموو سووریا دا ڕۆنێسانسێکی ژنان لە ژیان دا خۆی نواند، ئێمە زۆر و زەحمەتییەکی زۆرمان بە سەر هات بەڵام هەنگاوی زۆر گەورەش هەڵگیرانەوە .ئەمن بە کورتی دەتوانم ئەوانە بڵێم. چەند کەس لە ئاخاوتوانانیش باسی ئەو بابەتەیان کرد بۆیە من قسەکان دووپاتە ناکەمەوە، بە تایبەتی ئەو قانوونەی لە مەڕ ژنان کە لێرە دەرکەوت تەئسیرێکی زۆر گەورەی کرد لە سەر کۆمەڵ، هەر وەها سیستمی هاوسەرۆکایەتی تەئسیرێکی زۆر گەورەی هەبوو لە سەر ژیانی سیاسی، لە دێمۆکڕاتیزە کردنی ژیانی سیاسی دا دەورێکی زۆر مەزنی گێڕا ئەو سیستمەی هاوسەرۆکایەتی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەڵدەسووڕێ و ئێستاش  لە باکووری سووریا بڵاو دەبێتەوە. هەر وەها مرۆڤ دەتوانێ بڵێ ئەمڕۆ لە سیستمێک دا کە ئێمە پێشی دەخەین سیستمی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا ؛ ئێمە لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دا گەلێک بابەتی بنەڕەتیمان سەبارەت بە ژنان گونجاندووە. لە سیستمی ئێمە دا لە هەموو کاروبارێک دا ژنان بەڕێژەی لە سەدی پەنجا جێ دەگرن و لە ڕیگای ئەو کۆنفڕانسەوە دەمەوێ مزگێنی بدەم بە هەموو ژنان کە ئەمڕۆ لە سیستمی ئێمە دا لە کۆمۆنەوە بگرە هەتا مەجلیسی گەڕەکان ، مەجلیسی شاران و مەجلیسی کانتۆنان ژنان بەڕێژەی پەنجا لە سەد بەشدارن و لە هەڵبژاردنەکانیشدا ئەو ڕێژەیە سەرکەوت. هەر وەها دیسان لە پەیماننامە کۆمەڵایەتی ئێمە دا مادەیەکی ئاوا گونجاوە کە بو نموونە سیستمی ئێمە هەتا کۆنگرەی گەلان لە سەر سیستمی هاوسەرۆکایەتی خۆی دادەمەزرێنێ. لە هەموو کۆمیتەکاندا، لە هەموو میکانیزمەکانی بەڕێوەبەری دا یەکسانی ژن و پیاو بە ئەساس دادەندرێ و ژن و پیاو بە ڕێژەیەکی یەکسان جێ دەگرن. ئەوە مژاری بنەرەتین کە هەر دوو لا جێی تێدا دەگرن. بە پێی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی ژنان مافیان هەیە پارتی سیاسی دامەزرێنن، مافیان هەیە  ڕێکخستنی خۆسەری خۆیان دامەزرێنن، مافیان هەیە مەجلیسی خۆیان ساز کەن و مافیان هەیە لە ناو سیستمی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیک دا سیستمی خۆسەری خۆیان دامەزرێنن. ئەو بابەتە لە ڕووی عەداڵەت و لە ڕووی ئابوورییەوە، لە رووی سیاسی و لە ڕووی کولتوورییەوە یانی مافی ژنان هەیە کە لە هەموو بوارەکانی ژیان دا بە شێوەیەکی خۆسەر و سەربەخۆ کاروباری خۆیان ڕێک بخەن. ئەو هەنگاوانەی کە ئێستا هەڵدەگیرێنەوە هەنگاو بەهەنگاون، ئێمە دەمانەوێ سیستمی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی خۆمان لە سەر بنەمای ئازادیی ژن دابمەزرێنین و ئێمە دەتوانین بڵێین لە پڕێنسیپە سەرەکییەکانی پەیماننامەی کۆمەڵایەتی فێدراسیۆنی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا دا ئازادیی ژن پرێنستپێکی بنەڕەتییە و ئێمە سیستمی خۆسەر دادەمەزرێنین و ئەوە بنەمای ئازادیی کۆمەڵ و بنیچەی عەداڵەتیشە. ئێمە لە پەیماننامەی کۆمەڵایەتی خۆمان دا  بەو شێوەیە ئەو بابەتەمان پێناسە کردووە.


لێرە دا دەمەوێ زۆر بە کورتی باسی ئەو هەڵبژاردنانەی دوایی بکەم. ئێمە لەو سێ مانگەی دواییدا دوو هەڵبژاردنمان بەڕێوە برد. هەڵبژاردنی کۆمۆنان، یانی هەڵبژاردنی مەجلیسی گەڕەکان و گوندان و هەر وەها شەش ڕۆژ لەمەوبەریش  لە یەکی مانگی دیسامبر ئێمە هەڵبژاردنی مەجلیسانمان کرد. بە ڕاستی ڕێژەی بەشداری ژنان هەم لە ڕووی خۆ پاڵاوتن و هەم لە ڕووی دەنگدانەوە هەژمارێکی زۆر گرینگ بوو و ئەوەش هێزێکی گەورەی دا بە ئێمە کە ژنان پشتی ئەو سیستمە دەگرن واتە سیستمی فێدراسیۆن، بە سیستمی خۆیانی دەزانن و مرۆڤ دەتوانێ بڵێ بەو شێوەیە لەو هەڵبژاردنانەش دا دەرکەوت کە سیستمی فێدراسیۆنی دێمۆكراتیکی باکووری سووریا نەک هەر سیستمی دەستەبەرکردنی مافی گەلانە، دەستەبەری مافی باوەڕییانە بەڵکوو  هەر وەها سیستمی دێمۆکڕاتیکی باکووری سووریا سیستمی ژنانیشە. بەو شێوەیە ئێمە نەک هەر تەئسیر دەکەین لە سەر شاری خۆمان، کۆمەڵی خۆمان . ئێستا لە ڕەقاش گەنگەشەیەکی بەگوڕ هەیە کە قانوونی لەمەڕ ژنان چۆن پێش بخرێ. لە مەنبج باسێکی ئاوا هاتووەتە گۆڕێ و من دەتوانم بڵێم ئەو گۆڕانانەی لە هەرێمی ئێمە دا کراون شوێنێکی گەورەی کردووە لە سەر کۆمەڵی عەڕەب . مرۆڤ ڕۆژ بە ڕۆژ ئەوە دەبینێ، لە سەر ژنانی عەڕەب تەئسیرێکی گەورەی کردووە. لە هەڵبژاردنی کۆمۆنان دا ، لەهەموو ئەو گوندانەی کە پێکهاتەی عەڕەب تێیاندا دەژین هاوسەرۆکایەتی ژن ساز بوو. لە ڕەقا ئەمڕۆ سیستمی هاوسەرۆکایەتی پێش کەوتووە، لە مەجلیسی دێرەزۆرێ پێش خرا، لە منبج پێش خرا. یانی ئەو شەپۆلی شۆڕشی ژنان کە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە باکووری سووریا دەستی پێکرد ئەو شەپۆلە ڕۆژ بە ڕۆژ بە شوێنی دیکەی سووریاش دا بڵاو دەبێتەوە و ئەوە هێزێکی مەزن دەدا بە هەموو بزووتنەوەی ژنانی سووریا. یانی لەو دواییانە دا  زۆر مەجلیسی  ژنانی سووریا لە ناوچەی دیکەش پێک هاتوون . دیسان مرۆڤ دەتوانێ بڵێ کە لە هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا تەئسیرێکی گەورەی کردووە. ئەو قانوونەی کە لە سەر خۆسەری دێمۆکڕاتیکی ژنان  دەرچوو شوێنی هەبووە لە سەر باشووری کوردستان، تەنانەت لە سەر بزووتنەوەی ئازادیی تورکیا تەئسیرێکی گەورەی کردووە مرۆڤ دەتوانێ بڵێ بەڕاستی ئەمڕۆ شۆڕشێکی ژنان پێش دەکەوێ . لە ٢٥-ی مانگی نۆڤامبر ژنان لە هەموو باکووری سووریا دا ، لە تەواوی ڕۆژئاوای کوردستان خۆپێشاندانی زۆر گەورەیان کرد . لە کۆبانێ پیاوان لە دژی زەبروزنگ بە دژی ژنان خۆ پیشاندانێکی گەورەیان کرد، یانی نەتەنێ ژن ئازاد دەبن بەڵکوو ڕۆژ بە ڕۆژ لە زێهنییەتی پیاوانیش دا گۆڕان دروست دەبێ. هەر وەها ئیدی ئێمە ئەمڕۆ دەتوانین بڵێین ئەو هەواڵی پیاوی ئێمە کە باوەڕییان بە دێمۆکڕاسی هەیە ، باوەڕیان بە ئازادیی ژنان هەیە ئێمە دەبینین لە سەر جادان و لە هەموو شوێنێک ئەوانیش خۆیان دە چالاکی دان چونکە ئەو سیستمی بابمەزنی یە نەک هەر ژنان دەکاتە کۆیلە، پیاوانیش دەکاتە کۆیلە، سیستمی زەبروزەنگ تەنیا هەر بە دژی ژنان نییە بەڵکوو لە سەر هەموو کەسی بندەست بەڕێوە دەچێ و بووە بە پارادیگمێک و هەموو جیهانی خستووەتە ژێر تەئسیری خۆی، بۆیە پێویستە ئازادیی ژن و پیاو بەیەکەوە ساز بکرێ. ئەگەر ئێمە کۆمەڵی خۆمان وەکوو باڵندەیەک پێناسە بکەین ژن و پیاو وەکوو باڵەکانی ئەو باڵندەیەن و بۆ ئەوەی ئەو تەیرە بە شێوەی ئازاد بفڕێ پێویستە هەر دوو لاباڵەکانی ئازاد بن.



ئێمە بە پێی ئەو پڕێنسیپە دەجووڵێینەوە ، و بۆ ئەو مەبەستە ئاکادێمیمان هەیە، لەو ئاکادێمییانە دا پیاویش پەروەردە دەکەین ، ژنانیش پەروەردە دەکەین بۆ ئەوەی ئەو قانوونانەی کە پەسند کراون لە مەڕ گۆڕان و خۆ تازەکردنەوە نەک هەر لە سەر کاغەز بمێننەوە بەڵکوو ببێ بە کۆلتوورێک لە کۆمەڵ دا و وەکوو ڕێبازێک لە کۆمەڵ دا ، بە ڕاستیش ئەو سیستمە گەلێک تەئسیری هەیە و ئێمە لەو باوەڕە داین ئەو شوێنانە بە ساڵێک دوو ساڵ تێ ناپەڕن و بۆ ئەوە تێکۆشانێکی نەدیتراو پێویستە، تێکۆشانێکی فکری پێویستە، تێکۆشانێکی زانستی پێویستە و هەر وەها تێکۆشانێکی بەردەوام پێویستە. ئێمە ئێستا حەول دەدەین بەرنامەی پەروەردە کردنیش لە سەر بنەمای زێهنییەتێکی ئازادیخوازانە ئامادە بکەین و بە شێوەیە دەمانەوێ ئیدی سیستمی ئازادی ژن بکەینە سیستمێکی کۆمەڵایەتی کە هەموو لایەنەکانی ژیان بخاتە ژێر تەئسیری خۆی.




گونەی ییڵدز، بەڕێوەبەری دانیشتن: زۆر سپاس پێنج دەقیقەمان کات ماوە. ئێوە باسی تەئسیری ئەو سیستمەتان لە سەر ژنانی عەڕەبیش کرد. پرسێکی کورتم هەیە. ڕێژەی بەشداریی ژنی عەڕەب لە هێزی عەسکەری و هێزی مەدەنی دا چەندەیە؟ لەو بارەیەوە چ دەکرێ بڵێن؟

فۆزا یووسف: دیارە جێ لەگەڵ جێ دەگۆڕێ، زۆر جێگا هەن کە ماوەیەکی درێژە ڕزگار بوون وەک حەسەکێ، شەدادێ، تەل ئەبیەز یانی گرێ سپی ئەوانە ماوەیەکی درێژە ڕزگار کراون بۆیە لەواندا ڕێژەی بەشداری ژنان زۆر بەرزە، بۆ وێنە لە کۆمۆنان دا ئەوانیش جێی خۆیان گرتووە.  لەو جێیانەی باسم کرد لە هەموویاندا ڕێژەی بەشداری ژنان لە سەد دا پەنجایە. چ لە مەجلیسان و چ لە کۆمۆنان دا جێیان گرتووە، و ئەوەش ئاستی گۆڕان و گۆڕین کە لە  کۆمەڵی عەڕەبیش دا دروست بووە نیشان دەدا،  بەڵام بۆ نموونە لە  ڕەقا و دێرەزۆر و تەبقا و منبج گٶڕان کەم دەکرێ و مڕۆڤ دەکرێ بڵێ لەو شوێنانە هەڵبژاردنیش نەکراون، واتە لەوێ سیستمی هاوسەرۆکایەتی چووەتە پێشەوە بەڵام لە ڕووی بە کۆمەڵی بوونەوە لە ئاستی دەسپێکی خۆی دایە چونکە ئەو ناوچانە تازە ڕزگار کراون، بەڵام لەو شوێنانەی لە مێژە ڕزگار کراون مرۆڤ دەتوانێ بڵێ لە سەدی شێست، حەفتای ژنان دێنە ناو بزووتنەوە و لە ناو مێکانیزمی فێدراسیۆن دا بواری کورد و عەڕەب وەک یەک وان. ئێستا ڕێژەی ژنان لە سەدی پەنجایە.

گونەی ییڵدز: باشە، ئێوە باوەڕیتان هەیە بە ئیتیلافی ژێر سەرۆکایەتی ئەمریکا؟ ئێوە پێتان وایە ئەو ئیتیلافە بەردەوام بێ لەسەر هاوکاری لەگەڵ ئێوە دا؟

فۆزا یووسف: ئێمە تێکۆشانی خۆمان بەر لە هاتنی کۆوالیسیۆن دەست پێ کردووە. ئێمە بەر لەوەی کە کووالیسیۆن بکەوێتە ناو باکووری سووریا شۆڕشی خۆمان دەستمان پێ کرد بوو. هەر بۆیەیە باوەڕمان بە هێزی خۆمانە، بە پارادیگمی خۆمان و باوەڕیمان بەو تێکۆشانەیە کە هەتا ئێستا هێناومانە . بێگومان ئیتیفاقی ناونەتەوەیی، ئیتیفاقی سیاسی گرینگن بۆ پێش کەوتن، بەڵام ئەگەر ئێمە هێزی خۆسەری خۆمان، هێزی ناوخۆی خۆمان بە شێوەیەکی باش ڕێک نەخەین و ئێمە بەشی خۆمان نەکەین، ئەگەر کووالیسیۆن بشمێنێتەوە ئێمە چ پێشەڕۆژێکمان نییە. بۆیە هیزی ئەساسی ئێمە، هێزی گەلانە، هێزی کۆمەڵی ئێمەیە، هێزی ژنانە و ئێمە پاڵپشتمان دینامیکی ناوخۆییە و لە سەر ئەو باوەڕەین ئەگەر خۆمان باش ڕێک بخەین و تێکۆشانێکی پتەو بکەین هەر وەک لە مەڕ کۆبانێ هەموو کەس خۆی ناچار دی دەنگی خۆی یەک بخا، بە هێزی ناوخۆیی خۆمان ئێمە دەتوانین دۆستی خۆشمان ساز کەین و دەتوانین ئیتیفاقی باشیش پێش خەین.

گونەی ییڵدز: زۆر سپاس بەڕێز یووسف. بە داخەوە کاتمان کەمە، ئەگەر لە ناو ئامادەبووان  دا پرسیارێکی کورت هەبێ دەکرێ ئەویش وەربگرین.ئەگەر پرسیارێکتان هەبێ ئەمن حەولی خۆم دەدەم وەری گێڕم. فەرموو ئاخر پرسیار.


تۆماس شمێدینگر: پرسیارێکی زۆر کورت. زۆر خەڵک لەوە نیگەرانن  کە بۆچی ناوی ' ڕۆژئاوا '  لە  فێدراسیۆنی باکووری سووریا دەرهاوێژرا ؟ ئێوە دەکرێ شی بکەنەوە کە بۆ چی ئەو ناوە گۆڕدرا و ئەوە مانای چییە؟

فۆزا یووسف: لە سەرەتاوە ناو ڕۆژئاوا – باکووری سووریا بوو کاتێک کە سیستمی فێدراسیۆن دا مەزرا، دوایە ئێمە گەنگەشەمان کرد و بەڕاستی دمەتەقەیەکی زۆر کرا کە ئەو سیستمی فێدراسیۆنی ئێمە نەک هەر بۆ گەلی کوردە، نەک هەر بۆ نەتەوەیەکە ، ئێمە ئەوە بۆ هەموو سووریا وەکوو ڕێگای چارەسەرییەک دەبینین و لە حاڵەتێکی ئاوا دا پێویستە ناوێکی گشتی بەکار بهێندرێ کە هەر کەس خۆی تێدا ببینێ. ئێمە لە پێشدا ئەو پڕۆژەیەمان لە مەنتیقەی کوردانەوە دەست پێ کرد، بەڵام دوای ئەوە گەلێک ناوچەی عەڕەبان ڕزگار کران، بەو شێوەیە پێویست بوو ناویش وەکوو ناوەرۆکی خۆی هەموو کەس وەبەر بگرێ و هەموو کەس بکاتە بەردەنگی خۆی بۆیە ئێمە ئەوەمان بە دروستتر زانی کە باکووری سووریا بێ، چونکە لە باکوری سووریا، هەم کورد هەن، هەم عەڕەب هەن و هەم سوریانی هەن و خەڵکی دیکەش. و ئەگەر مرۆڤ ناوی  ڕۆژئاوای کوردستان بەکار بهێنێ ئەو دەمی دەبێ ناوی هەموو هەرێمەکانی دیکەش بەکار بهێندرێ و ئەوە هێندێک زەحمەت بوو بۆیە ئێمە بە باشمان زانی بۆچوونی دروست ئەوەیە ناوێک هەڵبژێرین کە هەموو گەل، هەموو پێکهاتەکان خۆیانی تێدا ببینن و ئەویش بە تەوافوقی  هەموو لایەک لە سەر ناوی ' باکووری سووریا '  ساخ بووینەوە و پەژراندمان. بەڵام ناوی ' ڕۆژئاوای کوردستان' دە پەیماننامە کۆمەڵایەتی دا هەیە و مافی گەلی کورد لە هەموو پەیماننامەی کۆمەڵایەتی دا دەستەبەر کراوە. ئێمە ویستمان ناو و ناوەرۆک لەگەڵ یەک بێنەوە، یانی بەردەنگی هەموو گەلان بێ.

گونەی ییڵدز: پرسیارێکی دیکە هەیە.


ئادەم ئوزوون: بەڵێ، وەزعی تورکیا چۆنە، تورکیا ئێستا دەیەوێ هێرش بکاتە سەر عەفرین. لەوێ ئاڵۆزی پێک بهێنێ، لەگەڵ ئەسەد دانیشێ. وەزعی ئەوان چۆنە؟ ئامادەکاری ئێوە هەیە بۆ دۆخێکی ئەوتۆ؟

فۆزا یووسف: یانی بێگومان تورکیا لە سووریا لە ڕووی ستڕاتێژییەوە دۆڕاندوویە، چونکە تورکیا لە دەسپێکەوە هەتا ئێستا بۆ ئەوەی سووریا بخاتە ناو ئاڵۆزی و ئاوری شەر لە سووریا بگەشێنێتەوە حەولێکی زۆری داوە . لە سەرەتاوە پشتیوانی کرد لە ' جەبهەتولنوسرە' ، پاشان پشتیوانی کرد لە ' جەیشی ئازاد ' و یارمەتییەکی زۆر گەورەی کرد بە ' داعش ' . و ئێستاش لە ئیدلیب ئەوان و جەبهەتولنوسرە کە بەردەوامی ئەلقاعیدەیە ڕێک کەوتوون و ئیدلیبی خستە بن چێژیی کۆلۆنیالی خۆی و ئێستا ڕووی خۆی لە عەفرین کردووە . تورکیا نایەوێ لە سووریا سەبات و ئارامی دامەزرێ، تورکیا نایەوێ چارەسەری  لە سوریا پێک بێ، چونکە  نایەوێ ئەو چارەسەرییانە تەئسیر بکەن لە سەر تورکیاش. ئەمن دەتوانم ئەوە بلێم، ئەوە ساڵێکە گەلەکەمان لە عەفرین لە بن هەڕەشەی تورکیا دایە کە هێرشی بکاتە سەری . گەل لەوێ خەریکی ئامادەکارییەکی گەورەیە و بۆ ئەوەی خۆشی بپارێزێ حازرێتی کراوە و ئێمە دەڵێین ئەگەر لە عەفرین شەڕ بێتە گۆڕێ ئەوە تەنێ بە عەفرینەوە سنووردار نابێ و هەموو سنوورەکانی تورکیا دەخاتە ژێر مەترسی و شەڕ هەموو جێیەک دەگرێتەوە. چونکە ئەگەر بۆمب لە عەفرین بتەقن ، قامشلۆ بێدەنگ نابێ، تل ئەبیەز بێدەنگ نابێ، حەسەکە بێدەنگ نابێ. ئەو کوردانەی لە شام دەژین ، ئەو کوردانەی کە لە حەڵەب دەژین بێدەنگ نابن ، ئەوە مانای ئەوەیە ئەو ئاڵۆزییە بە هەموو سووریا دا بڵاو دەبێتەوە و ئێمە دەمانەوێ بە ڕێگای ئەم کۆنفڕانسەی ئێوە دا وشدارییەکیش بدەین کە ئەگەر بەڕاستی کۆمەڵی ناونەتەوەیی دەیەوێ چارەسەرییەک بۆ دۆخی سووریا بدۆزێتەوە و قەیرانی سووریا بە ڕێگایەکی سیاسی دا چارەسەر بکرێ ئەو دەمی پێویستە هەڵوێستێک لە بەرانبەر تورکیا دا بگرن ، چونکە ئەگەر لە عەفرین شەڕ بقەومێ هەموو ئەو کۆبوونەوانەی کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بۆ قەیرانی سووریا دەکرێن تێک دەچن، هەموو هەوڵدانەکان لە ناو دەچن و ئەگەر لە عەفرین شەڕ هەبێ ئاشتی لە سووریا دانامەزرێ، دەبێ هەموو کەس بەو نزیکبوونەوەیەوە هەڵوێست دەرببڕێ و ئەوە هەڵوێستێکی دروستە. ئێمە دەڵێین عەفرینیش هەر وەک کۆبانێ کە تێیدا بەرخوەدانێکی گەورە کرا، لەوێش بەرخوەدانی سەدە دەکرێ و ئێمە بە هیچجۆر ناهێڵین عەفرین بە دەستی داگیرکەری تورک بکرێتە کۆلۆنی.

گونەی ییڵدز: گەلێک سپاس بەڕێز یووسف بۆ بەشداریتان  




سازاندن لە کورمانجییەوە بۆ سۆرانی: حەسەن قازی                





No comments: