Sunday, December 10, 2017

دەوری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و ناونەتەوەیی لە پێناوی چارەسەرییەکی ئاشتییانە و بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەی بێلژیک سەبارەت بە بزووتنەوەی کورد

چاردەهەمین کۆنفڕانسی ناونەتەوەیی ' یەکەتی ئوڕووپا، تورکیا،ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردەکان'
بەدیلی دێمۆکڕاتیک بۆ دیکتاتۆری و ئاڵۆزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا – ڤیزیۆن و ستڕاتێژی کوردی – ٦و ٧ ی دیسامبری ٢٠١٧ ، برووکسێل

ووتاری ژان فێرمۆن ، پارێزەر و سکرتێری گشتی کۆمەڵەی ناونەتەوەیی پارێزەرانی دێمۆکڕاتیک، بێلژیک

دەوری کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایی و ناونەتەوەیی لە پێناوی چارەسەرییەکی ئاشتییانە و بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەی بێلژیک سەبارەت بە بزووتنەوەی کورد

ئەمن بە دڵنیاییەوە نایەڵم قسەکانم لە ١٠ دەقیقەی تێ پەڕێنێ. یایان و کاکانی بەڕێز، ئەمن لە لایەن رێکخەرانی ئەو کۆنفڕانسەوە داوام لێکراوە بە کورتی لێکدانەوەی خۆم باس بکەم سەبارەت بە بڕیاری دادگەی پێداچوونەوەی بلێژیک کە لە    ١٤ی سێپتامبری ٢٠١٧ دەری کرد، بڕیارێک کە ئەمن پێم وایە بۆ هەموو ئەو کەسانە گرینگە کە هەستی هاوپێوەندییان هەیە لەگەڵ گەلی کورد. یەکێک لە پرسیارەکانی کە لە دانیشتنی دانی بەیانی ئەمڕۆ دا هاتە گۆڕێ ئەوە بوو کە ئێمە چ دەتوانین بکەین بۆ ئەوەی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر بهێندرێتە دەرێ و دیارە بە دوای ئەوە دا مۆری تاوانکاری لە سەر کوردان
هەڵبگیرێ وئەمن پێم وایە دەرهێنانی پ.ک.ک لە لیستی تێڕۆر هەنگاوێکە لەو بارەیە دا.

دادگەی بێلژیک لە بڕیاری خۆیدا هەنگاوێکی زۆر چکۆڵەی هاویشت بەرەو ڕووبەڕوو بوونەوە لە گەڵ پێواژۆی بە تاوانکار کردن دا. لە ڕاستییدا ٤٠ کەس و دوو شەریکە کە لە لایەن دۆزگەری فێدێڕاڵی بێلژیکەوە ڕاوەدوو نرا بوون وەک ڕێبەران یان ئەندامانی ڕێکخستنی تێڕۆریستی بە تاوانی گرێدراوبوون بە پارتیا کارکەرێن کوردستان، پ.ک.ک وە. کەیسی تاوان وەپاڵدانەکە بریتی بوو لە ڕێبەرایەتی گرووپێکی تێڕۆریستی یان هەر جۆرە یارمەتیدانێکی گرووپێکی ئەوتۆ. هیچکام لە تاوانبارکراوەکان بە هیچ جۆر لە هیچ کردەوەیەکی توندو تیژی دا بەشداریان نەکردبوو و لە ڕاستیدا هێندێک لە تاوانبارکراوەکان نوێنەرایەتی دیپڵۆماتیکی بزووتنەوەی کوردیان دەکرد لە پارڵمانی ئوڕووپا، رێبەرانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بوون ، نوێنەری پارتیی یەکێتیی دێمۆکڕاتیک لە برووکسێل، کوردی ئاوای کە چالاکیان هەبوو لە تێلێڤیزۆنی کوردی دا و هەر وەها جگە لەو ٤٠ کەسە دوو شەریکەش ، دوو شەریکەی میدیایی ، یان دوو خانووی بەرهەمهێنان کە سەر بە تێلێڤیزیۆنی کوردی بوون کە لە بێلژیک دامەزراون. ڕەنگە پێویست بکا ئەمن بە چەند ووشە بڵێم کە ئەو کەیسە چۆن چووە بەرەوە  [ ئەوە دەڵێن لە بەر وەرگێڕان هێندێک بە کاوەخۆتر قسە بکەم].


ئەو لێکۆڵینەوەیە لە ساڵی ٢٠٠٧ دا دەستی پێکرد؛ ئەوەیکە ئەو دەمی ڕوویدا ئەوە بوو کاربەدەستانی تورک بە توندی فشاریان خستە سەر حکوومەتی بێلژیک و کاربەدستانی بێلژیک کە هەموو داو دەستگا کوردییەکان لە برووکسێل دابخەن و ڕاوەدووی گشت ئەو کەسانە بنێن کە چالاک بوون وەکوو نوێنەرانی کوردەکان لە ووڵاتی بێلژیک دا . دەسەڵاتدارە بێلژیکییەکان لە چەند دەرفەت دا بە تورکەکان و بە سەفاڕەتخانەی تورکیایان ڕاگەیاند ئەو سەنەد و بەڵگانەی ئەوان داویانە بە کاربەدەستانی بێلژیک  زیاتر وە نامیلکەی پڕۆپاگاندا دەچن هەتا ئەوەی کە پەروەندەی تاوانکاری بن و لە سەر ئەو بنەمایە، لە سەر بنەمای ئەو شتانەی کە تورکیا داویەتی ناکرێ پێواژۆی ڕاوەدوو نان وەگەڕ بخرێ لە بێلژیک. تورکیا دوای ئەوە ڕووی لە برا گەورەی خۆی کرد واتە سەفاڕەتخانەی ئەمریکا. سەفاڕەتخانەی ئەمریکا دەستی کرد بە ڕێکخستنی  چاوپێکەوتن و دیدار کە تێیاندا سەفاڕەتخانەی تورکیا  بانگهێشتن کرا و لە هەمان کاتدا وەزاڕەتی کاروباری دەرەوەی بێلژیک و دۆزگەری فێدێڕاڵی بێلژیک بانگ کران بۆ ئەو دیدارە. ئامانجی ئەو دیدارانە ئەوە بوو فشار بخرێتە سەر دەسەلاتدارانی بێلژیکی بۆ ئەوەی بە دژی پ.ک.ک یان گۆیا نوێنەرایەتی پ.ک.ک لە برووکسێل بجووڵێنەوە. ئەو دیدارانە نزیکەی ساڵ و نیوێک بەردەوام بوون تا ئەوەی دواجار دۆزگەری فێدێڕاڵی بێلژیک کەپێم وایە لە مانگی ژانڤییەی ساڵی ٢٠٠٧ بانگهێشتن کرا بوو بۆ سەردانی تورکیا، و دوای ئەوەی گەڕاوە بیلژیک لە مانگی مارسی ساڵی ٢٠٠٧ دۆزێکی کردەوە نەک لە سەر بنەمای ئەو پەروەندەی کە تورکەکان دابوویان، چونکە ئەوان وەک هەمیشە پڕ بوون لە شاپەوگاپەی پڕۆپاگاندەیی، بەڵکوو لە سەر بنەمای هەموو جۆرە پەروەندەی پچووک لە بێلژیک کە بە جۆرێک پای کوردەکانی دەگرتەوە. شەڕ لە کۆمەڵەیەکی کوردی دا، گیرانی کوردێک بە هێندێک پارەوە، ڕێکخستنی کەمپێکی گەنجان لە شوێنێکی بێلژیک. دۆزگەر ئەو هەموو پەروەندە قۆڕانەی کۆ کردەوە سەر یەک  و ڕایگەیاند ئەوە چالاکی تۆڕی پ.ک.ک یە لە بێلژیک، جا بۆیە ئەمن ڕاوەدووی ئەوانە دەنێنم کە لە سەرەوەی ئەو تۆڕە دان. هەموو چیرۆکەکە ئاوا دەستی پێکرد و ئێمە سەبارەت بەو هەموو دیدارانە و ئەوەی ڕوویاندا ئاگادار بووین. لە بەر ئەو هۆیە سادەیە کە گشت پێوەندییەکان و ڕاپۆرتەکانی سەبارەت بەو دیدارانە  لە
ویکی لیکس دا بڵاو کرانەوە.

لە ڕاستیدا ئێمە توانیمان مێژووی لە دایکبوونی ئەو دۆزە  لە ویکی لیکس دا بخوێنینەوە. کاتێک کە لێکۆڵینەوەکە تەواو بوو، بە پێی قانوونی بێلژیک دادگەیەک بڕیار دەدا داخودا ئەو پەروەندەیە بچیتە بەر دەم دادگەیەک یان نا؟ جا ئەوە بەستراوەتەوە بە بڕیاری قازییەک گەلۆ دۆزەکە بەردەوام بێ یان نا؟ کاتێک ئێمە گەیشتینە ئەو خاڵە، ئارگومێنتێک/ ئیحتیجاجێکمان لەگەڵ قازی دا هێنا گۆڕێ، کە ئێمە لە قانوونی بێلژیکمان وەرگرت، بەڵام ئارگومێنتێکە لە چوارچێوەی بڕیاری ئوڕووپاییش دا هەیە سەبارەت بە تێڕۆریزم. و ئەوە ئارگومێنتێکە یان مادەیەکە کە مرۆڤ لەهەموو پەیماننامە ناونەتەوەییەکانی لەمەڕ تێرۆریزم دا دەکرێ بیبینێ. ئەو ئارگومێنتە دەڵێ: ئەو هێزانەی کە لە کێشەیەکی چەکدارانەوە گلاون ، بەو شێوەیەی لە قانوونی ناونەتەوەییدا دیاری کراوە، ناکرێ بە تێرۆریست دابندرێن، بەڵکوو دەبێ وەک هێزێکی چەکدار چاو لێ بکرێن لە کێشەیەک دا و دەبێ لە چوارچێوەی قانوونی شەر دا لێیان بڕاوندرێ، واتە قانوونی ناونەتەوەیی ئینسانی دا. جا بۆیە ئەو مادەیە زەمینەی ئەوە دێنێتە گۆڕێ کە قانوونی دژی تێڕۆریزم ناکرێ پای ئەو هێزانە بگرێتەوە.
جا بۆیە لە دادگە دا ئارگومێنتی ئێمە ئەوە بوو کە کێشەی نێوان پ.ک.ک و هەڵبەت هەپەگە، گریلای کورد و دەوڵەتی تورک کێشەیەکی نا ناونەتەوەییە بەو جۆرەی کە لە قانوونی ناونەتەوەیی دا دیاری کراوە. دوو پێوانە هەیە بۆ لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی توندو تیژی لە نێوان ئاکتۆری دەوڵەتی و ئاکتۆری نادەوڵەتی دا. کێشەی چەکدارانە یەکێک لەوانە. ئەو کێشەیە دەبێ بە قەدرایی کافی گرژ بێ، گرژێتی لە بەرچاو دەگیرێ و دووهەم ئاستی ڕێکخستنی ئاکتۆری نا دەوڵەتی گرینگە. ئاکتۆری نا دەوڵەتی لەو کەیسە دا دەبێ گریلا بێ، دەبێ بە شێوەیەکی ئاوا ڕێک خرابێ کە هێزێکی چەکدار و لە ڕاستیدا وەک ئەڕتەشێک بێ. ئێمە لە دادگە دا گوتمان کە کێشەی نێوان تورکیا و کوردەکان بۆ ماوەیەکی درێژە لە گۆڕێ دایە، کێشەیەکی زۆر گرژ و بەربڵاو بووە و دووهەم هەپەگە ، هێزی گریلای کورد لە بەر ئاستی ڕێکخراویی خۆی دەبێ وەکوو ئەڕتەشێک چاو لێ بکرێ. و لە ڕاستیدا دادگە هەڵوێستی ئێمەی لەو بارەیەوە پەسند کرد و بڕیاری دا کە گۆیا ئەندامانی پ.ک.ک ناکرێ لە بێلژیک ڕاوەدوو بنرێن لە سەر بنەمای قانوونەکانی دژی تێڕۆریزم چونکە پ.ک.ک دەبێ وەکوو لایەنێک چاو لێ بکرێ کە لە کێشەیەکی چەکدارانە دایە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا و بۆیە دەبێ لە بەڕ ڕووناکایی قانوونێ شەڕ و قانوونی ناونەتەوەیی ئینسانی دا مامڵەی لەگەڵ بکرێ.

با بەکورتی بڵێم، ئەوە زۆر بڕیارێکی گرینگە لە بەر چەند هۆ. یەکەم ئەوەیکە بڕیارێکە لەگەڵ قانوونی ناونەتەوەیی یەک دەگرێتەوە. ئەمن پێم وایە ئەوە زۆر نوختەیەکی گرینگە، ئەوە تەنێ بڕیارێکی سەیری قازییەکی بێلژیکی نییە، بەڵکوو بڕیارێکە بە تەواوی لەگەڵ قانوونی ناونەتەوەیی یەک دەگرێتەوە و بە تەواوی یەک دەگرێتەوە لە گەڵ مەبەستی جیا کردنەوەی بارودۆخی کێشەی چەکدارانە و بارودۆخی دیکەی توند و تیژی. هەڵبەت ئەگەر مرۆڤ ڕاوەدووی لایەنێکی نادەوڵەتی بنێ وەکوو تێڕۆریست کە لە کێشەیەکی چەکدارانەوە گلاوە ئەودەمی هیچ دنەیەک نییە بۆ ئەو لایەنە کە ئامانجی ڕەوای نیزامی و ئامانجی سیڤیل/ مەدەنی لێک جیا بکاتەوە. بەڵام ئەگەر بە پێی قانوونی شەڕ لەگەڵی بجووڵێیەوە ئەو دەمی دنەیەکی زۆر بەهێز لە گٶڕێ دا دەبێ بۆ گشت لایەنەکان کە لە کێشە دا ڕێز لە کەسانی مەدەنی بگرن و تەنێ تەرکیز لە سەر ئامانجی نیزامی بکەن. ئەوە خاڵی یەکەمە و بە گردبڕی لەگەڵ قانوونی ناونەتەوەیی یەک دەگرێتەوە و دووهەم ئەوە بارودۆخێکە کە کوردەکان بە هاسانی دەتوانن کەلکی لێ وەربگرن سەبارەت بە ئازادیی بەیان. چونکە ئەگەر نەکرێ مرۆڤ ڕاوەدوو بنرێ لە بەر دەربڕینی سەمپاتی لە ئاست پ.ک.ک، یان دەربڕینی فکرێک سەبارەت بە پ.ک.ک و دەوری پ.ک.ک لە کێشەی نێوان تورک – کورد دا، ئەو دەمی هەڵبەت ئەوە هەلومەرجی باشتر دەئافرێنێ بۆ گەنگەشەی ئازاد و ئازادیی ڕادەربڕین. و خاڵی سێهەم کە ڕەنگە خاڵی هەرە گرینگ بێ ئەوەیەکە ئەوە هەلومەجێکی باشتر دەخولقێنێ بۆ چارەسەرییەک لە سەر بنەمای وتووێژ، چونکە ئەگەر مرۆڤ گیروگرفتەکە وەک تیڕۆریزم بەناو بکا و ئاوای دیاری بکا، دەبێ هەتا دواییی تاڵ شەڕی بکا چونکە مرۆڤ ناتوانێ لەگەڵ تێڕۆریزم سازشت بکا، مرۆڤ دەبێ شەڕی دیاردەی تێڕۆریزم بکا. ئەگەر مرۆڤ هەلومەرجێک وەکوو کێشە دیاری بکا، مرۆڤ دەبێ بە دووی چارەسەرییەکدا بگەڕێ بۆ ئەو کێشەیە. کە ئەوە بە تەواوی بۆچوونێکی جیاوازە. دەبێ شەڕی تێرۆریزم بکری و دەبێ کێشە چارەسەر بکرێن. ئەمن پێم وایە ئەو بڕیارە کە هەڵبەت تنۆکێکە لە دەریا دا ، هیوادارم دینامیکێک ساز کا لە ووڵاتانی دی و لە ئاستی یەکەتی ئوڕووپا دا بۆ ئەوەی بە بڕیاری خۆیاندا بچنەوە لە مەر بە تاوانکار کردنی کوردەکان و پ.ک.ک . ئەگەر ئەو بڕیارە لە لایەن دادگەی ووڵاتانی دیکەش دا لە دووی بدرێ و دواجار ڕەنگە لە لایەن یەکەتی ئوڕووپاوە سەبارەت بە گەنگەشەی لە مەڕ لە لیستە دەرهاویشتن ئەو دەمی هەلومەرجێکی ئاوا دەخولقێ کە ئێمە دەتوانین یارمەتی واقعی بکەین بە چارەسەرییەکی سیاسی لە  کێشەی نێوان تورکیا و کوردەکان دا لە جیات ئەوەی ئاوری سەرکوتکردنی زاڵمانەی تورکیا دەرحەق بە گەلی کورد خۆش کەین.
زۆر سپاس
وەرگێڕان لە ئینگلیسییەوە: حەسەن قازی 




No comments: